باقرخان: ئەوانەی هەوڵیاندا بە دەستی داعش سیاسەت دابڕێژنەوە، بە دڵنیاییەوە دادگایی دەکرێن

74
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە مەراسیمی یادی کۆمەڵکوژی گار (وێستگەی شەمەندەفەر)ی ئەنقەرەدا وتەی پێشکەش کرد و رایگەیاند، “ئەوانەی دەیانویست لە بە دەستی داعش سیاسەت دابرێژن، بە دڵنیاییەوە رۆژێک دادگایی دەکرێن”.

لە مەراسیمێکدا لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە ئەو شوێنەی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجامدرا، پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) مەراسیمێکی سازکرد و لە مەراسیمەکەدا بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانێ شەرمەزار کران و بێ وچان دروشمی ‘دروشمی کۆبانێ ناکەوێت’ وترایەوە.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە یادەکەدا قسەی کرد و وتی، ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا کوژران لەپێناو پشتیوانی لە کۆبانێ لە دژی داعش هاتنە وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە. وتیشی: “ئێستاش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی دیموکراتیک ساز دەکین ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنی بەدەورمانەوەیە، هەموو شەقام و کۆڵانێک بە کامێرای چاودێری تەنراون. بەڵام چ نهێنیەک هەیە کە داعش لە نێوان ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەمدا لە گار، ئامەد، پرسوس، دیلۆک و رەیحانیە بە بەرچاوی هەموانەوە بە ئاسانی کۆمەڵکوژی کرد. ئەمە گومانی هەموو کەسی زیاد کرد.”

لە درێژەدا باقرخان وتی، ئەوانەی کە بۆ رێگریی لە کۆمەڵکوژیەکان رێوشوێنیان نەگرتووەتەبەر هاوبەشی تاوانن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: “بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژە دێت و ئەوانەی تاوانیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدا و چاویان بەسەردا نوقاند دادگایی دەکرێن. ئەوانەی ئەو کەسانەیان دادگایی کرد کە دژی داعش وەستابوونەوە، ئێستاش چاو لە شانە نوستووەکانی داعش دەپۆشن. تائێستاش لە گەڕەکەکانی ئەنقەرە ژنان وەک جاریە و کەنیزەک و منداڵان وەک کۆیلە دەفرۆشرێن. ئایا کێ لە پشت ئەم رێکخراویە؟ بۆچی نابینرێت و دەستوەردان بەرامبەر ئەنجام نادرێت؟”.

باقرخان باسی لەوەکرد ئەوانەی لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا شکستیان هێنا بە دەستی داعش هەوڵیاندا سیاسەت دابڕێژنەوە و وتی، “دوای ئەو کۆمەڵکوژیانە، یەک لە کاربەدەستانی باڵای حکومەت وتی، ‘دەنگەکانمان هەڵکشان’ بە بێ ئەوەی شەرم بکەن و تەریق ببنەوە وتیان ‘دەنگەکانمان زیادیان کرد’. یاخود ئەو کۆمەڵکوژیە بەکەڵکی هەندێک کەس هات. سێ چوار ئەنجامدەر لە دۆسیەکەدا دادگایی دەکرێن، بەڵام ئەوانەیان لەناودا نییە کە کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامدا. داعش رێکخراوێکی کۆمەڵکوژکار و وەحشییە. ئەو کاتەی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژی دەکرد، ئێمە چۆن بێدەنگ بووینایە؟ رێگری لەو کۆمەڵکوژیە ئەرکی ئێمە بوو.

هەم ژمارەی ئۆتۆمبێل و هەم ناونیشانی ئەو ئامێرانەی داعش کۆمەڵکوژیەکەی پێئەنجامدابوو دەزانرێن. بەڵام کێ دادگایی کرا؟ سیاسەتی دیموکراستیکی کورد. ئەوانەی کۆمەڵکوژیان کرد دادگایی نەکران، هەوڵدرا بێ بەری بکرێن و پاکانەیان بۆکرا. ئەوانەی لە دژی وەحشیگەریی داعش وەستانەوە، دادگایی کران. ئێمە ئەو دادگاییانە بە فەرمی ناناسین و دانی پێدا نانێین. ئەگەر تاوانێک کرابێت ئەوا لەلایەن داعش و ئەوانەی چاویان بەسەر تاوانەکەدا نوقاند کراوە. هەربۆیە ئەو بڕیارانەی دادگا هیچ قورساییەکیان لەلای ئێمە نییە. بە دڵنیاییەوە رۆژێک ئەو دۆسیە هەڵدەوەشێندرێتەوە. ئەوانەی لە رێگەی داعشەوە ویستیان سیاسەتی ناوخۆ دیزاین بکەنەوە، بەدڵنیاییەوە رۆژێک دادگایی دەکرێن”.

باقرخان بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکە بانگەوازی بۆ گفتوگۆ و دانوستان کرد و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: “گرتنی کوردان، شۆڕشگێڕان و دۆستانی کورد هیچ سودێکی بۆ تورکیا نەبووە. لە هەموو شوێنێکی تورکیا باندی مافیایی دروست بوون. تورکیا بووەتە تەکساس. هۆکاری هەموو ئەمانەش چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. هۆکارەکە ئەوەیە کە رێگەی دیالۆگ و دانوستان ناگیرێتەبەر. دۆسیەی کۆبانێ دەتوانرا ببوایە دەرفەتێک، بەڵام بەکارنەهێنرا. بانگەوازمان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە سەد ساڵی دووەمیشدا رێبازە تاریکەکان بەکاربهێنن، ئەمەیە؛ سیاسەتی دیموکراتیک لەسەر پێیە و بە راپێچکردنی هەڤاڵانمان بۆ ناو زیندان کۆتایی پێنایات. بە دڵنیاییەوە ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەو کۆمەڵکوژیانە دادگایی دەکرێن و ئێمە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین”.

هاوبەشی :