کۆبانی نەکەوت سلێمانیش ناکەوێت

80
0
هاوبەشی :

 

کۆبانی نەکەوت
سلێمانیش ناکەوێت

نوسینی : عادل عوسمان

دۆزێک لە تورکیا هەیە بەناوی دۆزی کۆبانی. ئەم دۆزە دادگایی کردنی ئەو پەڕلەمانتار و سیاسی و تێکۆشەرانەیە، کە لەسەردەمی شەڕی کۆبانیدا، کە لە ئان و ساتی کەوتندابوو بەهۆی شەڕەکانی داعش و خەلیفە شاراوەکەی ئەردۆغانەوە. دەوڵەتی تورکیا و خودی ئەردۆغان هەموو خەونەکانی لەسەر کەوتنی کۆبانی داڕشتبوو. تەنانەت بەدەم خەویشەوە دەیگوت کۆبانی دەکەوێت وکەوتنی کۆبانی زۆرترین خەوبینینەکانی بوو. چەندین جار ڕایگەیاندوە، کە کۆبانی دەکەوێت. بەڵام شەڕڤانانی گەلی کورد بە جەنگاوەری، بەرخۆدان و گیانفیداییەوە لە دوا مەنزڵی بەرگری و بەرخۆداندا، هێرشەکان و داگیرکاری داعشیان تێکشکاند و خەونەکەی ئەردۆغانیان کردە خەونی چۆلەکە. بۆئەو مەبەستە گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان بۆ پشتیوانی کۆبانی و سەرخستنی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە هەموو گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان پشتگیریان لە شەڕڤانان دەکرد. ڕۆژەڤی هەرە گرنگی مرۆڤایەتی لەو سەردەمدا تێکشکان یان سەرخستنی شەڕی کۆبانی بوو. بۆیە گەل نەک لە باکور، بەڵکو لە باشور، خۆرهەڵات، مەترۆپۆلەکان و گۆڕەپانی نێونەتەوەیی لە مەیداندابوون و بە پشتگیریان بۆ شەڕڤان و تەڤڵی بوونی بەرخۆدان و گۆڕەپانی شەڕ داعشیان تێکشکاند.
لە ڕاستیدا بەتەنیا تێکشکانی داعش نەبوو، وە داعش هیچ نەبوو جگە لە هێزی بەدیهێنەری خەونەکانی ئەردۆغان بۆ جێگرەوەی محەمەد فاتیح و ئەتاتورک. بەزمانێکی دیکە ئەردۆغان ویستی بە گرتنی کۆبانی کۆتایی بەگەلی کورد بێنێت و بۆ هەتا هەتایە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی تورک لە بەڵای گەلی کورد و فۆبیای کورد ڕزگار بکات و تورکەکان بکاتە خاوەنی ڕاستەقینەی درۆینەی خاکی داگیرکراوی کوردستان و بەوە ترسی لێسەندنەوەی خاک و هەڵوەشانەوەی نەتەوەی تورکی دروستکراوی زلهێزانی جیهانی بڕەوێنێتەوە و خۆیشی ببێتە پاڵەوانەکەی. بۆیە خەلیفە یەکەمین گورزی کاریگەری هەڵوەشانەوەی خەونەکەی لە کۆبانیەوە لێزڕێنرا. لەو ڕۆژەوە بەبەردەوام لە هەوڵی تۆڵەیە لەگەلی کورد. نەک لە ڕێگەیی دادگاوە، بەڵکو یەکەمین گۆڕەپانی شەڕەکەی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی قڕکردن ئیمراڵیە. لە ڕێگەی گۆشەگیری بەڕێز ئۆجەلانەوە، گەورەترین شەڕی قڕکردنی کوردان بەڕێوەدەبات. تا بگات بە گۆڕەپانەکانی شارەکان، چیاکان، دبلۆماسی و دەوڵەتانی جیهان و ناوچەکە و بەکرێگیراوانی ناوخۆیی و خێڵ و سیخوڕەکانیەوە. بەڵام لەم شەڕەیدا نەک دەسکەوتی نەبوو، بەڵکو کۆتایی سەربەرەوخواربونەوەی دەسەڵاتی و نزیکبوونەوە لەمەرگی خەونەکانی و سیستەمەکەی دەچنێتەوە.
بۆیە دۆزی دادگای کۆبانی پەیامی بەردەوامی شەڕو هێرشی قڕکردنە. ئەگەر سەیرێکی پانۆڕامای شەڕ بکەین، چ لە گۆڕەپانی گەرم، چ لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی مەدەنی و نێونەتەوەیی و دبلۆماسیدا. ئەوا دەبینین دۆخی دەوڵەتی تورک چەندە شکاو و شێواوە و ئەگەر پەیوەندی بکەینەوە بەناوخۆی تورکیاشەوە ئەوا دەبینین شکستە یەک لە دوای یەکەکانی بە هۆکاری کورد دەبینێت. بۆیە ئەو شەڕە بەگوڕو تاوتر دەکات. کەاسایەتیەکانی باکوری کوردستان نمونەی تێکۆشەران و ئازادیخوازانی سیاسی کۆمەڵگەی مەدەنین کە دەیانەوێت لە ڕێگەی دەستور و یاسا و پەڕلەمانەوە کۆتایی بە کێشەی شەڕ و قڕکردنی کوردان بێنن. دەیانەوێت لە ڕێگەی کۆمار و دەستورێکی دیموکراتیکەوە کۆتای بە باڵادەستی و دەوڵەتی نکوڵیکەر لە فرەیی و پێکەوەیی نەتەوە جیاوازەکانی ناو تورکیا بێنن و تورکیا وەرچەرخێننە سەر تورکیایەکی دیموکراتیک و پێکەوەیی کە مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە جیاوازەکانی تێدا مسۆگەر و بەراوردە کرابێت.
بۆیە ناردنە دەرەوەی کێشە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی سنورەکانی تورکیا، نەک چارەسەری کێشەکانی ناوخۆ ناکات بەڵکو دەبێتە هۆکاری گرژی و پێکدادان و قوڵکردنەوەی قەیرانەکان و پەرەپێدان بە کوشتن و خوێنڕشتن و هەژاری و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ووڵات لە پێناوی شەڕێکی شکست خواردوودا. بۆیە هێرشە ڕاگەیاندنیەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆسەر سلێمانی و دیتنی سلێمانی وەک بەشێک لە تورکیا نەک نیگەرانی بەدوای خۆیدا دێنێت، بەڵکو شکستی زیاتر بەرۆکی تورکیا دەگرێت و گەلی ناوچەکەش ئەو هێرش و داگیرکاریە بە سوکایەتی بۆخۆی دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری دەبێتەوە.
بۆیە واچاکترە دەوڵەتی تورکیا واز لە سیاسەتی شەڕانگێزی و قڕکردنی گەلی کورد بێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕوانگەی هەبوونی کوردانەوە چارەسەری کێشەکانی بکات. وەک چۆن کۆبانی نەکەوت و سەرەتای مەرگی دەوڵەتی شەڕ بوو، ئەوا سلێمانیش دەبێتە کۆتای کۆتایی دەوڵەتی شەڕی تورکان و کۆتایی بە قۆناخی بێ چارەیی و شەڕ دێنێت. بۆ تورکیا گرنگە چاوێک بەناوخۆی خۆیدا بخشێنێت کە لە چ دۆخێکی نەخوازراو و وێرانکەردایە. بۆ ئەوەی بەدۆخی ئیراق و سەرکردەکەشی بە دۆخی سەددامدا نەچێت، ئەوا پێویستە ئەو دەستی ئاشتیەی بۆی درێژکراوە بگرێت و ڕێگەکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بە کۆمار و دەستورێکی دیموکراتیک بگەیەنێت و شەڕ و خوێنڕشتنیش لە ووڵاتانی دراوسێ نەئاڵێنێت. بەوە تورکیا دەبێتە سەرتەقەشکێنی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆ و ناوچەکەدا.

هاوبەشی :