هەی ئەحمەق!

424
0
هاوبەشی :

نوسینی: کەژاڵ نوری

پێنج جۆر مرۆڤی ئەحمەق لە دژی دۆزینەوەی کەللەسەرەکەی شانەدەر زێد و بەستنەوەی بە کوردەوە لە سۆشیال- میدیا گڕییان گرتووە و نەیانتوانی رقی ناودڵە رەشەکەیان بشارنەوە:-
١- ئەو کوردانەی کە موسڵمانن و بازرگانی بە دینەوە دەکەن، ئەگەر هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی بەلای ئەوەدا بچێت کە بیەوێ بسەلمێنێت کە مێژوی مرۆڤایەتی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکەی ئادەم و حەواوە دەستپێناکات و پێش ئەو بەروارەی چیرۆکە خەیاڵاوییەکە، مرۆڤ هەبووە، ئەوان بازاڕیی دیندارییان نامێنێت و نەمانی ئەو بازاڕەش واتە نان بڕانی ئەو بازرگانانەی دین. چونکە لەمڕۆدا دین رێگەیەکی ئاڵتوونییە بۆ پەیاکردنی پارە
٢- عەرەب، ئەو میللەتەی ئیسلامیی کرد بە چەکی دەستی بۆ بڵاوکردنەوەی ئیتنیک و زمانی عەرەبی خۆی بە جیهاندا، ئەو عەرەبەی کە بە فتوحات و غەزوەکانی، پەلاماری گەلانی ناوچەکە و جیهانی دا و بە کوشتن و پاکتاوکردن و کردنی ژنانی گەلان بەکەنیزەک و مناڵ لێخستنەوەی، عروبەی بڵاوکردەوەو نیشتمانێکی بیست و دوو دەوڵەتی لەسەر خاکی ئەمازیغی و فینیقی و قیبطی و سۆمەریی و عیبریی و ،،، تادوایی، دروستکرد و ناوی نا نیشتمانی عەرەب و ئوممەی عەرەبیی. ئەم جۆرە لە عەرەب، ئەگەر بە زانست چیرۆکی (ئادەمە قوڕینە و حەوای پەراسووە خوارەکەی ئادەم) رەتکرێتەوە، کە مێژوە درۆینە هەڵبەستراوەکەی بۆ پێنج شەش هەزار ساڵ دەگەڕێنێتەوە و بە عەقڵی بیابانە لماویەکەی ئەو، ژیان و مرۆڤ لەو کاتەوە هاتوونەتە بوون، ئەوا ئەو بازاڕی قورئانە نوسراوەکەی ناو ئەشکەوتی حەڕڕای نامێنێ و قوڕی بۆ ئەگیرێتەوە و نیشتمانی عەرەبیەکەی و زمانی عەرەبیەکەی سواری پشتی وشترێک ئەکرێت و ئەنێردرێتەوە بۆ مەککە بۆی. بۆیە لە پێناوی چیرۆکە خەیاڵیەکەی ناو ئەشکەوتی حەڕڕا، ناچارە دژایەتی پەیکەرە دۆزاوە واقعی و زانستیەکەی ناو ئەشکەوتی شانەدەر بکات.
٣- ئەو عەرەب و تورک و فارسە خوێڕیانەن کە داگیرکەری وڵاتەکەمانن و ئینکاری لە بوونی گەل و نەتەوەیەکی دێرینی وەکو کورد ئەکەن، بە تایبەتی تورک. ئەگەر بسەلمێت کورد یەک رەبتی خوێنی ئەو شانەدەر زێدەی بە رێگەی دی ئێن ئەی هۆمۆ سابیانەوە بۆ گوێزراوەتەوە، ئەوە ئەو دەبێت لەسەر خاکی کوردستان بکشێتەوە، بۆیە نابێ و نابێ ئەو بڕوابکات کە ئەشکەوتی شانەدەر لە سنوری شوێنێکدایە بەناوی کوردستانەوە، بەڵکو هەر دەبێ شیمالی عیراق بێ.
نەوەکانی ئەو خێڵە مەنگۆلیەی لە مەنگۆلیاوە هاتن، لە بەربرسێتی پەلاماریی گەلانیان ئەدا و خاکەکەیان داگیرئەکردن. ئەم خێڵە مەنگۆلیەی ئێستا ناوی تورکە، لەسەر کەلاکی تۆپیوی ئیمارەتی فاتمیەکان و ئەیوبییەکان، پەیکەرێکی قوڕینیان دروستکرد و لەسەر خاکی کورد و ئەرمەن و یۆنان دایان نا و بەرگێکی دینییان کرد بە بەردا و لە فەرهەنگی زمانی ئەم میللەتانە وشەیان دزی و زمانێکی نوێیان دروستکرد بە ئەکسێنتی مەنگۆلیاوەو ناوییان لێنا زمانی تورکی و دەوڵەتی عوسمانی، زیاد لە شەشسەد ساڵ پەلاماری وڵاتانیان دا و گەلانیان جینۆساید و کۆمەڵکوژکرد، بە سەدان هەزار ژنیان فڕاند و کردیانن بە کەنیزەک و وەچەیان لێخستنەوە، هەتا میللەتێکیان بەناوی تورکەوە دروستکرد. دواتر ئینگلیزەکان و فەرەنسییەکان لەسەر کەلاکی تۆپیووی ئەو دەوڵەتە عوسمانییە، ئەم تورکیایەی ئێستای بۆ دروستکردن. ئەم خێڵە مەنگۆلیە داگیرکەرە، ناتوانێ ئەو دۆزینەوەیە قبوڵ بکات و ددانی پێدا بنێ. ئەگەر نا دەبێ خۆی بارگە و بنە بپێچێتەوەو هەر بەو ڕێگەیەدا بچێتەوە بۆ مەنگۆلیا، کە ناو نراوە رێگەی ئاوریشم. یان دەبێ بە هەمان ڕێگەکەی جەنگیزخانی خوێنڕێژ و تەتەردا، بگەڕێتەوە، بۆ ماڵی باپیرە گەورەی.
٤- ئەو دەنگە نەشازە خوێڕی و ئەحمەقە کوردانەن، کە لە رقی دەسەڵاتە تاڵانچیە چەتە رەیعیەکەی باشور، کێشەیان لەگەڵ خودی کوردبووندا هەیە و کوردبوون بە (کەرەکەری کوردایەتی) پێناسە ئەکەن و یەک و دووانیش نین و ژمارەیان زۆرە ، بەڵام لە ئەساسدا حاقد و نەخۆشن و کێشە دەروونیەکەی ئەوان، سنوری رقی ئاسایی تێپەڕاندووەو بووە بە رقی پیرۆز لایان، ئەم رقە پیرۆزەش دەسەڵاتی کوردی تێپەڕاندووەو بووە بە رق لە خودی کوردبوون. ئەمانە کێشەیان لە ناو سنوری یەکێتی و پارتییدا نەماوەتەوەو گەیشتووە بە سنوری کوردبوون، لە هەرکوێ شتێک لەسەر کورد بوترێ، ئەوان یەکسەر گڕییان تێبەر ئەبێت و ئەکەونە وەعز دادان و وتار نوسین و رشانەوە بە خودی کوردبووندا و، کوردبوون مەزەندە ئەکەن بە کەرەکەری کوردایەتی و حەماقەتی کوردایەتی.
٥- ئەوکۆمۆنیستە کوردە فاشیلەی دوای درۆ و دەلەسەی فاشیزمی کۆمۆنیستە عەرەب و تورک و فارسەکان کەوتوون و لاسایی ئەوان دەکەنەوەو خۆیان لێبووە بە مرۆڤی یونیڤێرساڵ و جیهانیی و، گوایا (ناسیۆنالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەریەت)، بە تایبەتی حیکمەتیستەکانیان، کەچی خۆیان هەست بەوە ناکەن کە ڤێرژنی کۆمۆنیزمە عەرەبیی و فارسیی و تورکیەکەش( کە ئەوان ناسیۆنالیزمیان هەیە و ئێمە نا)، نەیتوانیووە ناسیونالیزم تێپەڕێنێت و، بۆ یەکجاریش بزمارێکیان بە تابووتی ناسیۆنالیزمی خۆیاندا دانەکوتیی. کۆمەڵێ ئەحمەقیی کوردی شوێنکەوتەی ئەم مۆدێلە کۆمۆنیزمە فاشییە تورکیی و عەرەبیی و فارسییە، بە تایبەت فارسەکان، لە خودی داگیرکەر زیاتر دژایەتی ناسیۆنالیزمیی کوردی ئەکەن. ئەم کۆمەڵە گەلحۆیە، تەنانەت دژی تیۆرییەکانی گێڵنەریش دەوەستنەوە کە بە باوکی رۆحی ناسیۆنالیزم ناسراوە. بەپێی تیۆرییەکانی گێڵنەر، کورد هێشتا ناسیۆنالیزمی نییە، چونکە ناسیۆنالیزم لە مناڵدانی نەتەوەوە دێتەدەر، نەتەوەش دروست نابێ، هەتا میللەتێک نەبێتە خاوەنی ئەو کیانە سەربەخۆیەی پێی ئەوترێت دەوڵەت-نەتەوە. کورد لەبەرئەوەی دەوڵەتی نیە، کەواتە هێشتا نەتەوە نیە، بەڵکو گەلە، گەلێکی ژێردەستەیە. هەتا ئازاد نەبێ و نەبێتە خاوەنی دەوڵەت نابێ بە نەتەوە، تا نەبێ بە نەتەوەش نابێ بە ناسیۆنالیست، بەڵام تۆ وەرە ئەحمەقێکی کۆمۆنیستی کوردی شوێنکەوتەی مەنسوری بێ حیکمەت تێگەیەنە کە کورد هێشتا ناسیۆنالیزمی نیە! بزانە چۆن وەک زۆمبی قەپاڵت لێ ئەدا.
لەو رۆژەوە دەیان وتاری کورت و درێژم خوێندۆتەوە، سەدان کۆمێنتی کوردەکانی ناو ئەو کاتەگۆرییانەی ناوم هێناون، عەرەب و فارس و تورکی فاشیزم، بە زمانەکانی عەرەبیی و ئینگلیزیی و هۆڵەندیی، لەسەر ئەو پۆستانە خوێندۆتەوە کە لە پەیج و ئەکاونتی فەیسبوکی عەرەب و ئەوروپییە ئینگلیزیی و هۆڵەندی زمانەکانەوە، لەسەر شانەدەر زێد کراون. سەرم ئاوساوەو ناتوانم باوەڕ بەم شەپۆلە فاشیزمە دژە کوردە بهێنم.
ئەوەی زۆر ئازاردەرە، کوردە بۆرەی ئەحمەق خۆیەتی کە دژی دۆزینەوەکەیە. هاوڕێیەکم نوسی بووی، تورک شانازی بە دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری پشیلەیەکەوە کرد، کە هی سێسەد ساڵ پێش ئێستابووە، کەچی کورد لە دوژمن خراپتر لە دژی مێژویەکی دۆزراوەی سەر خاکەکەی خۆی وەستاوەتەوە کە حەفتاهەزار ساڵی تێپەڕاندووە.
گەمژە! مەرج نیە تۆی ئەحمەق خوێنی ئەو ژنەت تیابێ، بەڵام ئەو ژنە سەبکێکی مێژویی ئێجگار ئێجگار گرنگی سەلماندنی بوونی مرۆڤە لەسەر خاکەکەی تۆ، کە پێش حەفتا هەزار ساڵ پێش ئێستایە. گەمژە! مێژو ئاوا تۆمار ئەکرێت.
لە وتارێکدا خوێندمەوە، کە لە سەردەمی شای قاجاردا، ئێرانیەکان، نەوەد ملیۆن دۆلارییان بە بنەماڵەی شای بەریتانیا داوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن، مێژویەک بۆ فارس لە ناوچەکەدا تۆماربکەن، ئابەم شێوەیە، ئێرانیەکان، مێژویەکی ساختەیان لەسەر خاکی کورد، بۆ خۆیان تۆمارکرد، کە هەموو مێژوەکەش مێژوی کورد و دەوڵەتی ماد و کەلەپور و کڵتور و شارستانیەتی کورد و کوردستان بوو، کە بە یارمەتیی بەریتانیا خستیە سەرخۆی، (ئەو بەریتانیایەی بە هاوبەشی لە گەڵ فەرەنسادا کوردستانی لە نێو سنوری دەوڵەت نەتەوەی فارس و تورک و عەرەبدا جێگیرکرد)، تۆش دەستت لە بنی هەمانەکەیەوە دەرچوو، ئێستا زانایەکی ئەو بەریتانیایە، وا خەریکە مێژو بۆ تۆش دەگەڕێنێتەوە، کەچی تۆ گاڵتە و قەشمەریات بە دۆزینەوەکە و خودی کەللەسەرەکەش دەکەیت و ناوی لێ ئەنێیت کەللەسەری هندیە سورەکان! دەماری ملی دیندار و بێدینت فڕیووە و بەهەموو لایەکدا سوکایەتی ئەکەیت و جنێو ئەدەیت، کەللەپوت!
دیندارت گڕی گرتووە بۆ ئادەمە قوڕینەکە، بێ دینت گاڵتەی بە دنیاکە دێ و باکی بەهیچ نیە، چونکە خۆی خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نیە و پلانی نیە بۆ داهاتوو، کۆمۆنیستت وا تێگەیشتووە، مەنسوری بێ حیکمەت لە گۆڕەکەشدا لێی عاجز ئەبێ ئەگەر ئەم باوەڕ بەوە بهێنێت کە کورد رەگێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەللەسەرە دۆزراوەیە و، وائەزانێ ئەم دۆزینەوەیە هەر لەئێستاوە پایەی ناسیۆنالیزمی بۆ کورد داناوە، کۆمەڵێ نوسەری حاقدی دەروون نەخۆشیش کە لەرقی چەتەکانی کوردایەتی، توشی نەخۆشی دەروونی هاتوون و کێشەیان لەگەڵ خودی کوردبوونیشدا هەیە و، کورد بوون بە( کەرەکەر) پێناسە ئەکەن، ئەم کاتەگۆرییە پێکەوە نەگونجاو و ناکۆک و لە هەموو شتێکدا دژ بەیەکانە، ئەمڕۆکە بە قودرەتی قادر یەکیان گرتووەو بوون بەهەڵگری یەک گوتار، ئەویش گوتاری ترسناک و هاوبەشی دژبوونە بە هەر پەیوەندییەکی خوێنی ئەو کەللەسەرە تەمەن حەفتا هەزار ساڵەیە، بە کورد و رۆڵە دێرینەکانی سەر ئەو خاکەوە کە ناوی کوردستانە. ئەو میللەتە دێرینەی هەزاران ساڵە خاوەنی ئەو زێدەن و بە عەقڵی پوچی ئەم کاتەگۆرییە دژ بە یەکە یەکگرتووانە، نابێ خاوەنی شانەدر زێد بن!
ئەوەی دوژمن کاری بۆ دەکات و لە توانای ئەودا نیە، گەمژەی کورد وا خەریکی جێبەجێکردنیەتی، ئەو مێژوەی داگیرکەر ئەیەوێ بیسڕێتەوەو بۆی ناچێتەسەر، گەمژەی کورد خۆی خەریکە دەیسڕێتەوە.
ئەم گوتارە دژە سەبکە مێژوییە ئێجگار ئێجگار مەترسیدارە، لە خودی داگیرکارییەکە مەترسیدارترە.
بێگومان نابێ لە بیریشم بچێ کە خۆشبەختانە لێشاوێک رۆڵەی ئەم خاک و نیشتمانەش، لەو رۆژەوە لە ئاهەنگ گێڕان و شانازیی کردندان، بە مێژوی دێرینی ئەم خاکەوە.
مەرج نیە، خاوەنی ئەو کەللەسەرەی دۆزراوەتەوە، کاتی خۆی ناوی کورد بووبێت، مەرج نیە لە بنچینەدا هەر توانای قسەکردنیشی هەبووبێ، دڵنیام جلوبەرگیشی هەر لەبەردا نەبووە، تا گێل گێلە و مەرجانەی ژنە کوردی لەسەردا بووبێ، شوناس و ناوی میللەتان، زمان و جلوبەرگ و کڵتور و کەلەپور، زۆر نوێن، مێژوەکەیان بۆ چەند هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە. هیچ میللەتێکیش لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ خاوەنی هەمان زمانی ئاخاوتن و وشە و کڵانکی زمان و شێوەی جلوبەرگ نەبووە، کورد لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ ناوی کورد نەبووە، کوردستان لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ ناوی کوردستان نەبووە، بەڵام ئەم خاکە هەر ئەو خاکەیە، کە خاوەنەکەی ئەوسا و ئێستای، لەسەری دەژی، ئیدی لە رەوتەکانی مێژودا ناومان چی بووەو و زمانمان چی بووەو و خاکەکەمان ناوی چی بووە، گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ئێمەی گەلی کورد هەزاران هەزار ساڵە خاوەنی ئەو خاکەین کە ئەشکەوتی شانەدر لە سنورەکەیدایە، بۆیە ئێمە خاوەنی ئەشکەوتی شانەدەرین، هەر شتێکیش لەناو شانەدەردا بدۆزرێتەوە، راستەوخۆ ئێمە خاوەنی ئەو شتەین.
لە هەر وڵاتێکدا مناڵێک لە دایک ببێ، ناسنامەی ئەو وڵاتە وەردەگرێت با دایک و باوکیشی لە بێگانەکان بن، لە هەندێ وڵات مناڵ ئەگەر لەناو فڕۆکەیەکدا بەسەر ئاسمانەکەیەوە لە دایک ببێ، هێشتا ناسنامەی پێدەدەن، تۆی گەمژە، کەللەسەرێکی مێژویی تەمەن حەفتاهەزار ساڵە لەناو خۆڵی خاکەکەتدا هێنراوەتە دەرەوەو، بێگانەکان بەنێو تۆڕە جیهانیەکاندا پێت ئەڵێن، ئەم کەللەسەرە لەسەر خاکی تۆوە هێناومانە، کەچی گاڵتەی پێدەکەیت و دژایەتی ئەکەیت و خاوەندارێتی لە مێژوەکەی خۆت ناکەیت؟
بێزەحمەت پێم بێژن، رێگەکانی گەڕانەوە بۆ مێژو لە کوێوەیە، پێوەرەکانی تۆمارکردنی مێژو چیە، هەی ئەحمەق؟!!

هاوبەشی :