پارتی ئیسلامی کوردستان: وەستانەوە بەرامبەر بە داگیرکەری لەسەر هەر کوردێک فەرزە
سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامی کوردستان (پیک) حیکمەت سەربڵند باسی لەوەکرد، کە وەستانەوە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر کوردێک فەرز و ئەرکە.
سەرۆکی گشتیی پیک حیکمەت سەربڵن بە ئاماژەدان بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر مەتینا باسی لەوەکرد، ئەو پارتانەی بەرامبەر بەو هێرشە داگیرکەرییە ناوەستنەوە بەشداری ئەو داگیرکەریە دەکەن لە بەردەم مێژوودا دەکەونە بەر لێپێچینەوە.
سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامی کوردستان (پیک) حیکمەت سەربڵند، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوە کرد ئامانجی سەرەکی پلانی نوێ داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەناوبردنی قەوارەی باشووری کوردستانە. جەختیسی کردەوە کە هەڵوێستێکی هاوبەشی پارتە سیاسیەکان لە دژی داگیرکەری لە ئاستی مێژووییدا گرنگە و وتی، ئەو پارت ولایەنانەی بەرامبەر بەم پلانە ناوەستنەوە و بەشداری تێدا دەکەن، لەبەردەم مێژوودا دەکەونە بەر لێپرسینەوە و دادگایی کردنەوە.
دەیانەوێت قەوارەی کوردەکان لەناو ببەن
سەربڵند رایگەیاند، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بەهۆی شکستی لە هەڵبژردن تەنگەتاو بووە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئەو شکستە پێویستی بە خوڵقاندنی شەپۆلێکی نوێی شۆڤینیەت هەیە و وتی، “لەلایەکی دیکەوە دەستکەوت و سیاسەتی کورد رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت. بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد، دەست لە پیلانگێڕی هەڵناگرن. لەگەڵ زۆر دەوڵەت دیداریان ئەنجامداوە. لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکموەتی فیدراڵی کوردستانیش لەسەر ئەو بنەمایە دیدسر و سات و سەودا دەکەن. گەلی کورد لە دژی ئەوە دەبێت بە هۆشمەندی نەتەوەیی و مسۆگەرکردنی یەکێتی نەتەوەیی بجوڵێتەوە. وەستانەوە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەر و نیشاندانی هەڵوێست لەسەر هەموو کوردێک فەرزە. دەوڵەتی تورک تەنیا هێرش ناکاتە سەر پەکەکە، تەنیا هێرش ناکاتە سەر باشوور. ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی دەستکەوتەکانی باشوورە، لەناوبردنی تەواوی گەلی کوردە. دەیانەوێت قەوارەی باشوور لەناوببەن”.
ئامنجی دەوڵەتی تورک هەموو کوردێکە
سەربڵند ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورک دەستکەوتەکانی کوردان بۆ هەمیشەییبوونی خۆی وەک مەترسی دادەنێت و وتی، “هەربۆیەش هیچ پارت و ناوچەیەک بەلایەوە جیاوازنییە. هێرش دەکاتە سەر هەموو کوردێک. ئەگەر لەبەرامبەر ئەو هێرشانە وەک پارتە کوردیەکان هەڵوێستی هاوبەش نیشان نەدەین ئێمە لەبەردەم مێژوودا دەکەوینە بەر لێپێچینەوەیەکی گەورەوە. پارتە کوردیەکان لە هەرشوێنێکی جیهانن، دەبێت دیپلۆماسیەکی هاوبەش بەڕێوەببەن. ئەو هێرشە داگیرکەرییانە تەنیا لە دژی پەکە نییە، با کەس نەکەوێتە هەڵەوە. ئامانجەکە دەستکەوتەکانی هەموو کوردەکانە. چ هێز و پارتێک لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکەرییەکانە بێدەنگ بێت، لە بەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبێت. گەلی کورد لە سەدەی ٢١دا بە هێز و رێکخراوە. دەوڵەتی تورک باش ئەوە دەزانێت. وەستانەوە و خۆڕاگری بە رۆحی نەتەوەیی، گەلەکەمان دەگەیەنێتە سەرکەوتن”.