شەڕی کورد کوژی یان جیاکردنەوەی ھێڵەکان

158
0
هاوبەشی :

Screenshot

نوسینی:هیران هەولێری

ئەم بەیانیە تووشی شۆک بووم، کاتێک چاوم بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خشاند، کە وێنەی ئاڵای تورکیا بە دیواری قەڵای ھەولێری دێرینەوە ڕەنگی دەدایەوە. ئەو ڕەنگە سورەی کە لە دڕندەیی خوێنڕێژی تورکەکاندا بەرامبەر گەلانی ناوچە ئاپۆرەی بەستوە و ڕەنگی مانگی تێدا دەرکەوتوە. ئەوە بۆچی؟ ئەوە پەیامی ھاتنی سەرۆکی فاشستترین مرۆڤی سەردەمە، کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە. سەرۆک کۆماری تورکیا بۆچێ دێتە ئێراق و ھەولێر؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە ھەر مرۆڤێکی کورد، لەخۆی بکات. وە بۆچی ئاڵای تورکیا بەوێنەی پڕۆجکتەرەوە لەسەر قەڵای ھەولێر نیشان دەدرێت. ئەوە چ پەیامێکی تێدایە.
ماوەی ٣٣ساڵە ژەھرێک دەرخواردی مێشکی خەڵک دەدرێت، ئەویش شەڕی براکوژیە! واز لە لایەنی پیاوانەیی ئەم چەمکە بێنە! بەڵام بڵاوکەرەوەی ئەم چەمکە کە پەدەکەیە، خۆی چەندە لە تێکۆشەرانی گەلی کوردی کوشتوە، سوتاندوە، کۆمەڵکوژکردوە و گۆڕبزر و لاشەکەی یان سوتاندوە، یان تەسلیم بە داگیرکەرەکەی کردوەتەوە. ئەویش چۆن بە کوژراوی. یان لە زیندانەکاندا کڵۆکۆیان بە ئاگر دامرکێنراوەتەوە و کۆمەڵکوژ کراون. ئاخر ھێزێکی کوردی، ئەگەر بە ھیچ دەسکەوتێک بۆ گەلی کورد نەگەیشتبێت. ئەم کردەوانە دەکاتە چ واتایەک؟ ھێزێک کە چەمکێک بە ناوی براکوژی دەدات بە گوێدا، دەبێت لە خۆی حەرام بکات کە براکانیشی بکوژێت. ئەوە لە کاتێکدا نەک ھێزەکە، بەڵکو خودی بەڕێوەبەرانی بنەماڵەی ھێزەکە، کە ماڵباتی بارزانین، بکوژ و ببڕ و قەلاچۆکەری ناو ماڵباتی خۆیانن. ئەوان بۆ دەسەڵاتدارەتی خۆیان، کۆیان لە کوشتنی برا خوێنیەکانی خۆیان نەکردوە، چ جای بگات بە برا نەتەوەییەکانیان. لێرەوەیە لە چەمکی براکوژی تێدەگەین، کە واتاکەی چیە؟ مانای ئەوەی من ھەرچی دەکەم ڕەوایە، بەس بۆتۆ نا. کەواتە براکوژی بە واتای من دەکوژم و تۆ بمرە و بێ دەنگیش بە. لە پێناوی چیدا، دەبێت ئەو بکوژێت و ئێمە بێدەنگ بین؟ لە پێناوی خزمەت بە داگیرکاری، لە پێناوی کۆیلەبونێکی گوێ لەمستی داگیرکەر.
ئەگەر لە کۆندا کۆیلەبوون، بەکرێگیراوی و سیخوڕی شەرم و نھێنی بوو. ئەوا ماڵباتی بارزانی نەک بە نھێنییان نەھێشتەوە، ئەوەندە ئاشکرایان کرد، کە ڕەوایەتییان پێدا و بە سیستەم و یاساییان کرد. بۆیە ئەو وێنەیەی سەر قەڵای ھەولێر، ڕێک دێتە واتای بە قوبرس کردنی ھەرێمی کوردستان و تەسلیمکردنی ھەرێمی کوردستان بە داگیرکەری تورک. ئەوەی پەدەکە و ماڵباتی بارزانی بۆ تورکیایان کردوە، خودی تورکیا بۆخۆیی نەکردوە و ناتوانێت بیکات. بۆیە لە ئێستەدا ماڵباتی بارزانی و پەدەکە ھێڵی خۆیان ئاشکرا کردوە و ڕایانگەیاندوە. ئەوان بەشێکی نۆکەرن لە ڕۆژەڤی تورکان و کار بۆ سەرخستنی دەوڵەتی تورک و لە ئێستەدا ئەردۆغان دەکەن.
ھەولێر ناوەندی بەڕێوەبردنی ھێڵی خیانەت و داگیرکاریە و پێشخستنی چەمکی برا کوژی ھەڵە مەزنەکەی کۆیلە کردنی زھنیەتە. بۆیە لە تێکۆشانی گەلی کورددا فرە ڕێباز و ڕێگە ھەیە بۆ تێکۆشان. ھەر کوردێک لەسەر بنچینەی ڕەشکردنی تێکۆشانی ھەر ھەبوویەکی کورد قسەی کرد، سوربزانە ئەوە نە کوردە و نە بۆ ئازادی گەلی کورد تێکۆشان دەکات. بۆیە پێویستە ھێڵی تێکۆشانی ئازادی خۆی پێناسە بکات و بە ئاستی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نەتەوەیی، دیموکراتیک و بەسیستەمبوو بگات. لەو چوارچێوەیەدا ھێزەکانیش و کۆمەڵگەش یەکیەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی خۆیان پێکبێنن و ڕێزداربن، بەرامبەر ڕەنج و تێکۆشانی گەل و پێکھاتەکانی. بۆیە دەرکەوتنی ھێڵە جیاوازەکان و یەکلاکردنەوەی ئامانجە جیاوازەکان نە شەڕی براکوژیە، نە بەپۆلیس کردنی حیزب و ھێزەکانی کوردیە بۆ پاراستنی سنورەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان..
دوو چەمکی “براکوژی و بەکارنەھێنانی سنورەکان بۆ ھێرشی سەر دەوڵەتە دراوسێکان” لەخۆیدا پەرەدانە بە پۆلیسبوون و کۆیلە بوون بۆ پاراستنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو چەمکانە ھێزە کوردیەکانی بەشەکانی تر دەخاتە بەرامبەر یەکدی، وەک چۆن ڕابردوو سەلماندوویەتی.
دوژمن دەوڵەتە داگیرکەرە قڕکەرەکانی کوردستانن، لە بەرامبەر کوشتاری گەلدا ھیچ سنورێک ناناسن، دەیبەزێنن، بنپێی دەخەن و پێکیشەوە ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن، کە ڕەوایەتی بە کۆمەڵکوژی کوردان بدەن. کوردانیش بۆ ئەوە مافی پاراستنی ڕەوا لە نیشتیمانی خۆیاندا بەکاردێنن. بۆیە سنورەکان دەسکردی داگیرکەری قڕکەری دابەشکەرە. کاتێک گەلی کورد نایناسێت، ھێزە سیاسیە جیاوازەکانیشی پێویستە سنورەکان نەناسن. ھەرھێزێکی سیاسی، یان چەکداری بوە پارێزوانی سنورەکان واتە پارێزوانی دابەشکاری، قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلە. بۆیە پێویستە ئەو گەلە ئەو ھێز یان بنەماڵەیە بە نەفرەت بکات و بیخاتە دەرەوەی تێکۆشانە نەتەوەیی دیموکراتیکەکەیەوە. لێرەوەیە پێویستە کۆمەڵگەی ئێمە بە ھێزی سیاسی و بنەماڵەیی پەدەکە بارزانی ھوشیار بێت و بزانێت جگە لە کۆیلەیەک کە ھێڵی تەسلیمیەت پەرەپێدەدات ھیچی تر نیە.

هاوبەشی :