لە ستراسبۆرگ بانگەوازکرا: با سی پی تی دەمودەست بچێتە ئیمراڵی
بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی، کوردان و دۆستەکانیان لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ کۆبوونەوە.
گردبوونەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد
گردبوونەوەکە لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد. لە چەندین وڵاتی ئەوروپاوە کوردان و دۆستەکانیان بەشداری گردبوونەوەکە بوون، پانکارت و لافیتەکان بە داخوازی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرانەوە. لەسەر لافیتەکان نووسینی “سی پی تی دەمودەست بچۆ ئیمراڵی” سەرنجی ڕاکێشا. پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتارانی فەرەنسی و ئیرلەندی و پارێزەری دامەزرێنەری ویکلیکس جولیان ئاسانژ بەشداری گردبوونەوەکە بوون.
سەرەتا لەسەر ناوی ڕێکخەران ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، بیرخرایەوە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە.
لەم ڕاگەیاندراوەدا لەسەر ناوی ڕێکخراوە کوردییەکان، گوتراوە: “وەک ڕێکخراوە کوردییەکان بانگەواز دەکەین بۆ دەمودەست وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ”.
لە گردبوونەوەکەدا بەردەوام درووشمی “بێ سەرۆک ژیان نابێ” و “بژی سەرۆک ئاپۆ” بەرزکرایەوە.
کاتی ئازادی جەستەییە
هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی ستراسبۆرگ فیکرەت چەلیک ڕایگەیاند کاتێک باس دێتەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کورد دەرگای یاسا دادەخرێت و گوتی: “ئیتر کاتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە”.
بەناوی هاوسەرۆکایەتی کەجەدەکە-ئە زوبەیدە زومروت گوتی: “هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین تێدەکۆشین، هەڵمەتی “ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ” کە ١٠ ی تشرینی یەکەم دەستی پێ کرد، گەیشتۆتە قۆناغێکی گرنگ، پێویستە ئەم تێکۆشانە دیواری ئیمراڵی بشکێنێت، گەلی کورد گۆشەگیری قبووڵ ناکات”.
لە هاوسەرۆکایەتی کەجەدەکە-ئە ئەنفین سەڤەر هاوکاری سی پی تی و دامەزراوەکانی ئەوروپای شەرمەزار کرد و گوتی: “کەس ناتوانێت لەسەر ژیانی ڕێبەر ئاپۆ حیساباتی قێزەون بکات. ئەم گەلە وەڵامی توند دەداتەوە”.
پاشان هونەرمەند دیار دێرسیم گۆرانی گوت، دواتر دیار دێرسیم ڕایگەیاند ژیانێک بەبێ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قبووڵ ناکەن.
“ڕێبەر ئاپۆ هاوڕێی ژنانە”
لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) کەزبان دۆغان تیشکی خستەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: “ڕێبەر ئاپۆ تەنها کەسێک نییە، شێخ سەعید و سەید ڕەزایە (…) تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانە. هاوڕێی ژنانە”.
پاشان داوای لە کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی کرد ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) زەینەب موراد ڕایگەیاند تا شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.
پاشان هونەرمەند سیدار ئامەد لەنێو درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” چووە سەر سەکۆکە.
دواتر نوێنەرانی پارتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ چوونە سەر سەکۆ پشتیوانیان بۆ تێکۆشانی گەلی کورد دەربڕی.
پەرلەمانتاری ئیرلەندی: بژی سەرۆک ئاپۆ
ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی ئیرلەندا، تۆماس پرینگل ڕایگەیاند سەربەرزە کە لەناو گەلی کورددایە و ئەوان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشن، گوتی: “نزیکایەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر زیندانیانی سیاسی و عەبدوڵا ئۆجالان، ترسی دەوڵەتی تورک نیشان دەدات”، پرینگل وتەکانی بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” کۆتایی پێ هێنا.
عومەر ئۆجالان: پێویستە خاوەندارێتیکردن بەهێزتر بێت
پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان گوتی: “پێویستە خاوەندارێتی بەهێزتر بێت، تا بەدەستهاتنی ئەنجامێک خەبات دەکەین”.
عومەر ئۆجالان بێدەنگی کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی بەرامبەر گۆشەگیری شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند پێویستە هەمووان بۆ شکاندنی گۆشەگیری خەبات بکەن.
پارێزەری ئاسانژ: بوێریتان جۆش و خرۆش دەبەخشێت
پارێزەری دامەزرێنەری ویکلیکس جولیان ئاسانژ خۆشحاڵی دەربڕی بە بەشداربوون و گوتی: “بوێریتان، بوێری دەبەخشێتە مرۆڤانی تریش. جۆش و خرۆشێکی مەزن دەبەخشێت”.
پارێزەرەکە گوتی: “ڕەوشی تورکیا کارەساتبارە، دەبێتە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت”، هەروەها بێدەنگی کۆنسەی ئەوروپای شەرمەزار کرد.
ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا: پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت
پەرلەمانتاری پارتی چەپی فەرەنسی و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئیمانوێل فێرناندێز ڕایگەیاند لە کۆنسەی ئەوروپا ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکاتە ڕۆژەڤ، هەروەها ڕەخنەی لە حکومەتی فەرەنسا گرت سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی کۆچبەرانی کورد بە دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاند ئەمە مایەی شەرمەزارییە. گوتی: “ئێمە ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی دەخوازین”.
پاشان گردبوونەوەکە بە گۆرانیەکانی هونەرمەند کاوە ئورمیە کۆتایی هات.