گۆڕینی ھاوسەنگیەکان و ڕۆڵی ئێران

118
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

ماوەیەکە دەهۆڵی شەڕی ئێران ـ ئیسرائیل بوەتە ڕۆژرڤی هەرە گەرمی ڕاگەیاندن و ناوەندە جیهانیەکان. تەنانەت بە ئاستی شەڕێکی دەروونی گەورە گەیشتووە. کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە کردوە و هەریەکی بەشێوەیەک نەک شیکردنەوەی حەقیقی، بەڵکو قسەی لەسەر دەکات. ئاخر قسە جیایەو ناسینی ڕەوتی شەڕەکە و ڕوودانی شتێکی ترە.
ئێران، یەکێک لە جەمسەرە کاریگەر و ڕۆڵ بینەکانە لە کایەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەشێکە لە جەمسەری شەڕەکە لە ناو هاوکێشەیەکی شاراوەدا، ھەروەھا ھوشیار و خاوەن بگراوندی مێژووییە. ئەم شەڕە، شەڕی جەمسەرەکانی ناو سیستەمی سەرمایەی مۆدێڕنی قەیراناویە. کە بەرگی کۆنی سیستەمی بنیاتنراوی دەوڵەت نەتەوە تەسکە بۆی و لەگەڵ گەشە و چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سیستەمەکەدا نایەتەوە. دەوڵەت نەتەوە سیستەمی بنیاتنراوی سەردەمی سەرمایەداری پیشەسازی بوو. گەشەی سەرمایەی پیشەسازی هاوکات بوو لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاد و بەو پێیەش بازاڕی فراوانتر و گەورەتری دەویست بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاو بەدەستهێنانی قازانجی زۆرتر. بۆیە نیشتیمانی سیاسی و دەوڵەتی نەتەوە و سنوری فراوانی دەویست. بەگوێرەی ئەوەش ناوەندی هەژمونی سەرمایە، دەوڵەت نەتەوەی وەک سیستەمی هەبوو بەڕاستە و لەسەر مێز و بە قیمەتی خوێنی گەلان نەخشە ڕێژ کرد.
گەشەی ئەم سەرمایەیە و لەقەیران کەوتنی، هەمیشە بیرکەرەوە و بەڕێوەبەرانی سیستەمی بۆ پاراستن، مانەوە و بەردەوامی سیستەمەکەی دەبرد و هەمیشە لە پرسی نوێگەری و نوێبوونەوەدا بووە. بەڵام ئەم نوێبوونەوە، جەوهەرەکەی پاراستنی ناوەرۆکی قازانجپەرستانەی سەرمایەداری بووە. بۆیە هەمیشە لەناو ناکۆکیدا بووە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. سیستەمی سەرمایەداری هەمیشە لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا لە شەڕدابوە. چونکە لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگە، سروشت و دەوروبەردا توانیویەتی سیستەمەکەی بەردەوامی پێبدات. بۆیە شەڕەکانی ناوخۆی سیستەمیش، شەڕی هێزە جیاوازەکانی ناو سیستەمی سەرمایەیە بۆ باڵادەستی و قازانجی زیاتر.
لێرەوە، گەشەی سەرمایەی پیشەسازی و کەڵەکەی سەرمایە، بۆ ئەوێی بردن، کە پارە و دراوو شوێنی زیاتر بۆساغکردنەوەی کاڵا ببێتە سەرچاوەی بەدوادا گەڕان. کەڵەکەی دراو، بازاڕی سەنەدە دارایەکان و دراوی گەشە پێدا. بۆیە بیریان لە بانکەکان و پێدانی قەرز بە ووڵاتانی تر کردەوە. پارە و سەرمایە کە ڕۆحی بەڕێوەبردنی سەرمایەداریە، کەڵەکەبوون و دانانی لە شوێندا زیانە. بۆیە پێدانی قەرز بوە ئەو لایەن و هۆکارەی پارەی بەدەستهاتوو، بکەوێتە گەڕ. بەوە سیستەمە داراییەکان گەشەی کرد و پەرەی پێدرا. شەڕی دراوەکان دەستی پێکرد و بەسیستەم کرا. ناوەندی دارایی دروستکراو و هەرشت بەسترایەوە بە توانای دارایی و جوڵە و پێشینە و پشتیوانیەوە. سەردەمانێک ئاڵتوون و پیشەسازی و نەختینە و سەرچاوەی وزە بوونە پارسەنگی نرخی دراو. ئەوە زیانی بە هاوسەنگی و باڵادەستی دراوی هەندێ ووڵات و ناوەندە شاراوەکانی دراوو بانکی دەدا. بۆیە لە ڕێگەی بانکی فیدراڵی ئەمریکیەوە، دۆلاریان کردە دراوی باوەڕپێکراوی جیهانی و هەموو ئەوانی تر بەدراوەوە بەستراوەوە.
لێرەوە شەڕی نێوان کارتێلە ئابوری دراویەکان گەشەی کردوو پێوستی دەرچون و جوڵەی دراو دەستی پێکرد. بۆیە سەرمایەی فینانس (دراوی) بوە جێگرەوەی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و پێویستبوو، سیستەمی سیاسیش بەگوێرەی سیستەمی هەبوو شێوە بگرێت. لەدوای قەیرانی گەورەی سەرمایە لە ٧٠کانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە. سەرمایەی فینانس لە ڕەوتی چارەسەرکردنی قەیرانی سەرمایەداریدا، بەدوای نوێگەری و چارەسەری سیستەمەکەیدا دەگەڕێت و کاری بۆدەکات. شەڕەکانی ئەم چەند دەیەیە، شەڕەکانی پێکدادانی ناوە جیاوازەکانی ناو سیستەمە. بۆیە تێگەیشتن لەم ڕەوتە بۆ ئەوەمان دەبات بزانین، هێزەکانی ناوی چۆن هەڵسەنگێنین و لە پاڵ ئەم شەڕانەشدا هەڵسەنگاندن بۆ کورد و تێکۆشانە ئازادیەکەی بکەین و بزانین لە ئاڵوگۆڕەکاندا، چۆن دەتوانین بەناسنامەی ئازادی کورد و پێگەی کوردستان بگەین.
کاتێک توانیمان هەڵسەنگاندنی دروست بۆ ڕوداوەکان بکەین، ئیتر ناکەوینە ناو هەڵەوەو ڕەوتی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خۆمان بە باشی بەڕێوەدەبەین.
بۆیە شەڕی ئێران ئیسرائیل، بەشێک لە پێویستیەکانی دەستتێوەردان و بەردەوامی داگیرکاری سەرمایەی فینانسە. بەڵام لەکۆتاییدا، مەرج نیە ئەو ڕژێمەی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕدا بمێنێتەوە. کاتێک ڕۆڵی تەواوبوو، لەوانەیە بەگوێرەی سیستەم یان تێکۆشانە کۆمەڵایەتیەکان ڕژێمە سیاسیەکەی پێناسەو بنیات بنرێتەوە. پەیوەندی ئێران ئیسرائیل کۆن و مێژووییە و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستی بە وروژاندن و هۆکاری دەستتێوەردان بۆ ئاڵوگۆڕی پێویستە. دەوڵەت نەتەوە وەک سیستەم، کە بەرهەمی خۆرئاوایی ئەوروپی ئینگلیز فەرەنسەیە، لەوەستانەوەیە لەدژی ئەو ئاڵوگۆڕە. هاتنە دەرەوەی ئینگلیز لە یەکیەتی ئەوروپا پشت خاڵی کردن و لێدانبوو لە فەرەنسا و سیستەمی دەوڵەت نەتەوە. لێرەش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەت نەتەوەی تورک (بەخەونی عوسمانیەتی نوێوە) ڕێگری سەرەکی بنیاتنانی ڕژێمگەلی بەگوێرەی سەرمایەی فینانسە. بۆیە تورکیا لەم شەڕەدا بەگوێرەی ڕێگریە سەرسەختەکەی لەناو کەوانەی لێداندایە و بۆ ئەوەش ڕۆڵی ئێران ـ ئیسرائیل گرنگە.
•ڕێگەکانی ئابوری و بازرگانی و ووزە
ئەگەر باسی سەرمایە و دەستێوەردانمان کرد، دەبێت ڕێگەکانی ئابوری و بازرگانی و ووزەشمان لە بەرچاو بێت. دەرکەوتنی جەمسەری جیهانی ڕوسیا و چین لە ئاراستەکردنی نەخشەڕێژی نوێدا گرنگی خۆی هەیە و ناکرێت بەبێ ناسینی ئەو ڕێگایەنە بۆ گەیاندنی کاڵا بە بازاڕەکان بەدروستی هەڵسەنگاندن بکەین. ووزە کە غاز و نەوت دەگرێتەوە، دووانەی پێویستی بەردەوامی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کاڵاییە. ئەویش بەزۆری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادایە، بۆیە خۆرئاوا و بەتایبەت ووڵاتانی ئەوروپا، پێویستیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ دابینکردنی ووزە. چین یەکێک لەو ووڵاتانەیە کە لەدێرزەمانەوە بازرگانی ئاوریشم گەشەکردوو بووە تێیدا. بۆیە ڕێگەیەکی بازرگانی گەورە و گران و فراوانی لە چینەوە دەست پێکردوە تا دەگاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێشەوە لە ڕێگەی ووشکانی و ئاوەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و ئەفریکای قارەی ڕەش. لەم سەردەمی کەڵەکەی دراویەدا و جێگرتنی چین وەک سەرچاوەی پیشەسازی هەرزان، پێویستیەکانی بە ووزە و بازاڕ زیاتر و چەند قاتترە. بۆیە بۆ ڕێگەی ئاوریشم نەخشەی نوێی دانا، نەک تەنیا لە ڕێگەی ووشکانی دەریاوە، بەڵکو لە ڕێگەی قەرز و دراویشەوە، هەروەها کردنەوەی شار و ناوەندی بازرگانی گەورەوە لەسەر ڕێگەی ئاوریشم. ئەمە خۆرئاوا و بەتایبەت ئەمریکای زلهێز و هەژموونی جیهانی ترساند و مەترسیەکانی خوێندەوە. ئەم چین و ڕووسە، تەنیا بەڕێگەی گەشەی بازرگانیەوە نەوەستان، بەڵکو لەسەر ئاستی هاوبەندی و دراویش دەستیان بەجوڵە کرد و ناوەندێکیان دروستکرد بە ناوی (برێکست) بۆ دروستکردنی جەمسەری ئابوری سیاسی هاوبەندیەکەیان و گفتوگۆی دراوی هاوبەش و خۆڕزگارکردن لە دۆلاریشیان کرد. بۆچی دۆلار؟ دۆلار یەکەی بنجینەیی بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕە، کە لە ڕێگەی بانکی فیدراڵی ئەمریکیەوە دەستی گرتوە بەسەر هەمو جوڵەیەکی ئابوریدا. دۆلارێک ئاڵووێر پێناکرێت، ئەگەر پشکی ئەمریکای تێدانەبێت. هۆکاری باڵادەستی ئەمریکا دراو و هێزە سەربازیەکەیەتی. بۆیە ویستیان لە باری داراییەوە جارێکی تر ئەمریکا تەنگاو بکەن. وەک چۆن یەکیەتی ئەوروپا لە ڕێگەی (ئیرۆ) وە ویستی ئەو کارە بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئەوانیش واتە هاوبەندی برێکست و لەناویشیدا، چین و ڕووس ویستیان ئەو کارە بکەن. بۆیە شەڕەکانی ئۆکرانیا گرێدراوی ئەو لێدانەیە لە هەوڵەکانی جەمسەری چین ڕووس و ڕێگریە لە ڕێگەی بازرگانی ئاوریشم. ئەو شەڕانە دەرهاویشتەی زۆر و گەورەی هەیە. بۆیە (جی بیست) بۆ بەردەوامی هەژمونی ئەمریکا و پەرەپێدانی سیستەمی نوێی سەرمایەی فینانس، ڕێگەی ئابوری بازرگانی بەهاراتیان پەسەند کرد و بەگوێرەی ئەوەش نەخشەڕێژی کۆمەڵێک کاریان کرد و بەگوێرەی ئەوە ئامادەکاریان کرد و دەکەن. لەناو ئەو نەخشیەدا، هەندێ دەوڵەت گورزیان بەرکەوت، وەک تورکیا و بەشێک لە ووڵاتانی ئەوروپی. بۆیە لەڕێگەی دەوڵەتە پرۆکسیەکەیانەوە، دەیانەوێت بەرگری لە هەڵوەشانەوەی دەوڵەت نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرن و بۆ ئەو مەبەستەش هێز و وزە بە دەوڵەتی تورک دەدەن بۆ تێکدانی نەخشەی ڕێگەی بەهارات.
ئەویش بە دروستکردنی ڕێگەی گەشە لە ئیراقەوە. ئەوە لە کاتێکدا ئیراق خۆی بەدەست دنیایەک کێشەوە دەناڵێنێت و خاوەنی سەری خۆی نیە. چەندین حکومەت و سەرۆک وەزیر بەهۆی نەبوونی ستراتیجی نیشتیمانی و خۆدانەپاڵ هێزە دەرەکیەکانی دژبەری ئەمریکاوە، سەری خۆیان بەخواردن دا. بۆیە تورکیا لە ڕێگەی، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەوە دەیەوێت، ئاستەنگی بۆ پڕۆژەی ڕێگەی بەهارات دروست بکات. شەڕی غەزەش پەیوەستە بە خواست و دەستتێوەردانی تێکدەرانەی تورکیا و ووڵاتانی هاوکاری ئەوروپایی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیاوە. بێگومان گەشتی سودانی پێش سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەمریکا واتا و دەلالاتی خۆی هەیە و ئەو شەڕە جیهانیەی کە بەڕێوە دەچێت لە گۆڕەپانی ئێراقدا بە ئاستی شێوەگرتن و قۆناغەکانی وەرچەرخانی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەدا دەچێت. بۆیە شەڕی ئێران ئیسرائیل دروستکردنی هەلومەرجەکانی دەست ئاواڵاکردنی هێزی هەژموەنئ خۆرئاوای ئەمریکایی و ئینگلیزە لە ناوچەکەدا و لێدانیشە لە تورکیا و هاوکارەکانی سیستەمەکەی کە ڕێگری گەورەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەیە.
•دەوڵەت نەتەوە و
دۆزی کورد
ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە پەیوەستداری ژیانی گەلی کورد و خاکی کوردستانیشە. سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، لەسەر پاکتاوی گەلان و تێکدانی مۆزائیک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراوە و بەردەوامی بەخۆی دەدات. زۆر گەل و پێکهاتەی تر کۆتاییان پێ هات و لەناوبران. ئەوەی بەرخۆدانی بەواتای کرد بەرامبەر بەم تێکدانی مۆزائیکی گەلانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستتدا، بە پلەی یەکەم تەنیا کورددان بوون. کوردان لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساییددا، توانیویانە هەم خۆیان بپارێزن، هەم سەرهەڵدان بکەنەوە. بۆیە کێشمەکێشی نێوان کوردان و دەوڵەت نەتەوەکان، هەمیشە بەردەوام و لە گۆڕێدا بوە. ئەم بزوتنەوە تێکشکاوە ئەویتر سەری هەڵداوە. تا بە قۆناغی ٧٠کانی سەدەی ڕابردوو گەیشت، ئەو کوردەی کە خرایە گۆڕ و سەری کۆنکرێت کراو، بڕیاری مەرگی کۆتایی لێدرا. بە گوتەیەک (کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتیە) پرسی خۆی ژیاندەوە و دەستی بە پێنگاوی هەستانەوەیەکی بەواتا کرد. ئەویش لە کوێ لە باکوری کوردستان و لە تورکیایەک، کە وەک دڕندە لە نەبوو دروستکرا بۆ کۆمەڵکوژکردن و قڕکردنی کوردان. بۆیە ئەم تێکۆشانە بە ئاستی تێکۆشانێکی تیئۆریزەکراوی ئایدۆلۆژی گەیشت، کە بتوانێت لە ناو هاوکێشەکانی شەڕی ئازادیدا خۆی بەیان بکات و بەڕێوەببات.
لە ئێستەشدا کە شەڕی ناو سیستەم و ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانەکانی هەیە، ئەم تێکۆشانە یەکێک لە لایەنەکانی نوێنەرایەتی شەڕی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە. بۆیە کاریگەریەکەی لەسەر ئاستی کوردی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی هەم گەورە بووە، هەم فراوان بووە و چوەتە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی جیهانیشەوە. ڕێگە و ڕێبازەکەی لە ناو ئاڵوگۆڕی ناوچەدا، لەبەرچاوو کاریگەرە. بۆیە پیری مەزن دەڵێت” لە ناو وەرچەرخانەکانی سیستەمدا، دەکرێت بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیش سودمەند بن و بە ئازادی بگەن” کوردانیش لەم ئاڵوگۆڕانەدا بە ئاستی هێزی وەرچەرخێنەر گەیشتوون. بۆیە لە هاوکێشەی شەڕەکاندا بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ئاڵوگۆڕی خاوەنی ڕوئیا، ئاسۆ و سیستەمن و لە ڕێگەی نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان و ڕۆڵی ژنی ئازادەوە بوەتە فیگەری چارەسەری و پێگەی نیشتیمانەکەشی بوەتە هۆکاری دەورو ڕۆڵی لە چارەسەری پرسەکەیدا و خاوەنی هێزی هزری و بەڕێوەبەریەکی بەواتایە.
بۆیە دەوڵەت نەتەوە و سیستەمی سەرمایەی فینانس لە قۆناغی وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕەکاندان و ئەو شەڕەش، شەڕێکی جیهانی دامێنگیر و پڕ کارەساتە. بۆیە ڕۆڵی ئێران ئیسرائیل سەرەڕای ناکۆکیەکانیان بەشداریە لە و هاوسەنگی ئاڵوگۆڕانەداو و بە بۆچونی من، ڕۆڵی ئێران لە ئێستەدا یاریکردنە لەسەر لێدان و بچوککردنەوە و ژێرخاک کردنی خەونی پئمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ. بێگومان کوردانیش لەم هەلومەرجەدا، بەهێز و ئیرادەی خۆیەوە سوود مەند دەبێت.
خاڵی لاوازی کورد، ئەم ستاتۆیەی باشوری کوردستانە. کە ئەم شەڕە ناناسێت و لە چوارچێوەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردیشدا پێگەی بەخۆی نەداوە. بۆیە لە ناو ئەمشەڕەدا لەسەر پەتی دەوڵەت نەتەوە و هێزە داگیرکاریەکان خۆی پێناسە کردوە، کە مەترسیە. چونکە وەرچەرخانەکانی ئەم ڕۆژگارە، گۆڕانکاری ڕژێمە ڕێگرەکانی سیستەمی سەرمایەی فینانسە بۆیە دەوڵەت نەتەوەکان بۆ لەناوچوون ملی ڕێیان گرتوە. دەوڵەت نەتەوە، کەلەسەر سیاسەتی نکوڵی، قڕکردن و کوشتاری گەلی کورد دامەزراوە، هەم وەک سیستەم دەوری کۆتایی هاتوە، هەم وەک تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد تووشی هەڵوەشان و تێکچوون کراوە. بۆیە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە ئەو سیستەمەیە کە ڕژێمەکانی شانسی مانەوەیان نەماوە و تێکدەشکێن. هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکوری کوردستان و تێکچونی هاوسەنگیەکانی ئیخوانیزم و ئەکەپە بۆخۆی بەیانگەری قۆناغەکانی ڕاوەستان و وەرچەرخانە. بۆیە هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە وەرچەرخانی تێدا دروست ببێت و بۆ ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک کراوەبێت. هەم کۆمەڵگەی کوردی لە باشور بەئامانج، ڕێکخراوو خاوەن هێزو ئیرادەی گۆڕانکاری بەڕێوە بچێت لە خۆیدا بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە هێز و ئیرادەی ڕزگاری و ئازادی گەلی کورد لە کۆنەپەرستان و دەسەڵاتدارانی ناوخۆو هەم لە سیستەمی داگیرکاری بەکرێگیراو.
ئەم شەڕەی دەگوزەرێت، شەڕێکی نەرمی کۆنترۆڵکراوی ئامانج دیاریکراوە. دەتوانین، بیچوێنین بە سەردەمی لێدانی دوو تاوەرەکەی بازرگانی نیۆیۆرک لە ئەمریکا. کە ئەمریکای کردە ئەو دڕندە دەستێوەردەرەی کە سنورەکان نە ناسێت، ئەوەبوو ئەفغانستان و ئێراقی ڕووخاند. بۆیە ئەم مەترسیەی ئێرانیش، یارمەتی دەری دەستتێوەردان و گەڕانەوەی ئەمریکا دەبێت بۆ وەرچەرخانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی ڕژێمەکان بەگوێرەی سیستەمی سەرمایەی فینانس و ناکۆکیە ناوخۆییەکانی دەرکەوتنی جەمسەرە جیاوازەکانی سەرمایەی هەژمونگەرا.

هاوبەشی :