کەجەکە: دەبێت هەمووان ئیرادەی گەلی کورد لەبەرچاو بگرن و بەو پێیە بجوڵێنەوە
کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد لە هەڵبژاردندا لە دژی گۆشەگیریی ئیمراڵی، رژێمی قەیوم، سیاسەتی نکۆڵی و قرکردنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستی روونی نیشانداوە و رایگەیاند، “دەبێت ئەو هەڵوێستەی گەلی کورد ببینرێت و لەبەرچاوبگیرێت”.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار لە تورکیا و کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە بەبۆنەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی مێژوویی لە هەڵبژاردنی خۆجێیی پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و رایگەیاند، کە دەبێت هەموان هەڵوێستی گەلی کورد، رۆڵی ئەو و سەرکەوتنە مێژووییەکەی ببینن و بە دروستی لێی تێبگەن.
راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە:
“لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤دا لە باکووری کوردستان و تورکیادا گەلەکەمان ئیرادەی خۆی نیشاندا و سەرکەوتنێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بەدەستهێنا. لەبەر ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان، بەتایبەتی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان دەکەین.
ئەو سەرکەوتنە کە گەلی باکووری کوردستان بە دەستیهێنا هەموو پارچەکانی کوردستانی دڵخۆش کرد، هەموو گەلی کوردستان بەو سەرکەوتنەوە سەربەرزن. سەرکەوتنێکی مێژوویی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا جێگەیەکی گەورەی گرتووە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی بەهێزکردووە. بێگومان لەم قۆناغەدا رۆڵ و هاوکاری ئەوانەی شانیان دایە بەر باری بەرپرسیارێتی و رەنجیان کێشا، بۆ ئەو ئەنجامە مێژووییە یەکلاکەرەوە بووە. هەموومان بینی کە رەنجێکی بێهاوتا درا. خۆی لە خۆیدا گەلەکەمان ئەنجامێکی مێژوویی وەرگرت و بەم جۆرە هەمووان بە باشی وەڵامی ئەو رەنجەیان دایەوە. ئێمەش پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانە دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لە دایکانی کورد، گەنجان و ژنان دەکەین. دایکانی کورد لە رێگەی چالاکییەکانی پشتیوانی لە زیندانیان ویژدانی کۆمەڵگایان وشیار کردەوە و خستیانە ناو جموجۆڵەوە. وەک ویژدانی کۆمەڵگا رۆڵی خۆیان بەجێگەیاند. لەو ئەنجامانەی وەرگیراون، ئەو رۆڵە مێژووییەی دایکان بووەتە خاوەن جێگەیەکی گرنگ. بە رێزەوە سڵاویان لێدەکەین. هەروەها بۆ سەرکەوتنی مێژوویی کە بە دەستهێنراوە، هەڵوێستی ژنان و گەنجان بۆ پێشکەوتن و پاراستنی کۆڵەکەکانی ئازادی، بووەتە خاوەن جێگەیەکی گرنگ. هەڵوێستی ژنان و گەنجان گەمەکانی ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی پوچەڵکردەوە، بووە مایەی ئەوەی فەلسەفەی ژیانی ئازادی ئێمە لە سەر بنەمای ئازادی ژن سەربکەوێت. لەو رووەوە ئێمە سڵاو پێشکەش بە هەموو ژنان و گەنجان دەکەین و پیرۆزباییان لێدەکەین.
کوردستان رێگەی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەدا
لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا گەلەکەمان لە دژی گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ، رژێمی قەیووم کە ئیرادەی گەلی کوردی زەوت کردووە، سیاسەتی بکۆڵی و قڕکردنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستێکی راشکاو و روونی نیشاندا. ئیرادەی گەورەی نەورۆز لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریشدا نیشاندرا، گەلی کورد وتی کە گۆشەگیری و فاشیزم جێگەیان نابێتەوە و بەهێزترین وەڵامیان دایەوە. کوردستان رێگەی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەدا. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کە ٩ ساڵە ناتوانێت سەر بە گەلی کورد دابنەوێنێت، گەلی کورد لە رێبەر ئاپۆ و هەڵوێستی ئازادی داببرێت و کۆمەڵگەی تورکیا بکاتە دوژمنی کوردان، لە کۆمەڵگەی تورکیاشەوە زلـلەیەکی مێژوویی بەرکەوت و بەرەو هەڵدێر هەڵیگێڕایەوە. ئەو هێڵەی تێکۆشانی هاوبەش و یەکێتیی دیموکراتیکی گەلی کورد، سەرکەوت کە لەگەڵ گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکانی پێش خست. ئەو سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار وەرگیراوە، پێشکەوتنی هۆشمەندی نەتەوەی دیموکراتیک دەردەبڕێت. ئەقڵیەتی فاشیستی نەتەوە-دەوڵەتپەرستی شکستی هێناوە و وشیاری نەتەوەی دیموکراتیک کە گوزارشت لە خوشک-برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش دەکات، سەرکەوتووە. هەربۆیە ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، سەرکەوتنی تێکۆشانی هاوبەشە کە گەلی کورد و گەلانی تورکیا ئەو تێکۆشانە هاوبەشە بە ئەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراتیک پێکەوە بەرەوپێشیان برد. ئەو تێکۆشانە هاوبەشەی گەلی کورد، گەلانی تورکیا، ژنان، هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، ئیکۆلۆژیست، باوەڕمەندان، عەلەوی و رەنجدەران، هەموو ئەوانەیە کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن. لەلایەکی دیکەوە ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنراوە، بۆ هێزە دیموکراتیکەکان، کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن بووەتە بانگەوازێک کە هەڵوێستی تەسکی خۆیان تێپەڕێنن و یەکێتیی و هاوپەیمانی خۆیان زیاتر بەرەوپێش ببەن.