کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا، هاوکێشەکە دەگۆڕێت!

121
0
هاوبەشی :

نیاز حامید

دوو رۆژی دیکە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستپێدەکات، کورد کە لەلایەن دەم پارتیەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، وا چاوەڕاوان دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی بەدەستبهێنێت بەتایبەتی لە باکوری کوردستان.
دەم پارتی یا کورد و گەلانی ئازادیخوازی تورکیا، پرۆژەی ئاشتی و تەناییان هەیە، لەبەرامبەردا، ئۆپزسیۆن و دەسەڵات، پرۆژەی بڵندکردنی ئاستی فاشیزم و شەڕیان هەیە.
کاتێ کورد داوای ئاشتی دەکات لە پێگەیەکی لاوازەوە نییە، بەڵکو لە سەکۆی هێزەوە ئەو گوتارە پێشکێش دەکات.
کورد خاوەن هێزە، هێزێکی خاوەن پرینسیپ و مۆدرێن، کە لە چیاکانی کوردستان توانیویەتی دووەم گەورە سوپای ناتۆ تارومار بکات، بەتایبەتی دوای دورستکردن و بەکارهێنانی چەکی دژە درۆن، کە ئەم گۆڕانە، پێچێکی توندە لە شەڕی ١٠٠ ساڵەی سەپاوی شۆڤینیزمی تورکان بەسەر کوردان.
ئەو دەنگدەرەی لە تەواوی جوگرافیای باکوری کوردستان و تورکیا دەنگ بە دەم پارتی دەدا، بە پشتیوانی گەریلا و سەرکەوتنەکانیەتی.
رێبەر ئۆجەلان دەڵێت: ئەگەر هێزت هەبوو دۆستت زۆر دەبێت و دوژمن حسابت بۆ دەکات، ئەگەر نەشت بوو ئەوا هیچ کەسێک حسابت بۆ ناکات.
کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەلایەن پەکەکە بە ئیرادە و فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلان، نوێنەرایەتی دەکرێت. کاتێ کوردێک ئازاری پێدەگات، ئەو تەڤگەرە وەڵامی توندی دەبێت. ئەوەی روویدا لە ئەوروپا، بێچارەیی و شکستی دەوڵەتی تورکیایە لە شەڕی چیاکانی کوردستان، ئەردۆگانی تیرۆریست بۆ ئەوروپای گواستەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی فاشیزمی تورکان، لێ پەکەکە پیلانەکەی بە بەرژەوەندی کوردی گەڕاندەوە و، فاشیزمی رەوانەی کولانە تاریکەکانکرد و، بووە دەستکەوت بۆ کوردان.
لە هەلومەرجێکی ئاسایی بێ تەزویر، حەتمەن دەرئەنجامەکانی دەم پارتی هێجگار گەورە دەبن و شارەوانی زێدەتر لە ساڵی ٢٠١٩ بەدەستدەهێنن… باچاوەڕێ بین.

هاوبەشی :