لە نێوان بەرداشەکاندا
نوسینی: باشور هەولێری
سەردەمێکی سەختی ژیانکردن لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت. شەڕێکی کوشندە و قڕکەر لە دژی کوردان هەیە. ناوەندەکانی دەوڵەت نەتەوە و سیسیەمەکەیان، لە قەیران و گێژاوێکی وێرانکەردان. دەوڵەت نەتەوەی تورک وێرانترین هێزی کوێرانەی بەڕێوەبەری ئەو شەڕەیە. کە هۆکارەکەی نەبونی بیرکردنەوەیەکی مرۆڤانە و بەویژدانانەیە، بەرامبەر خۆی و جێگەکەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا. ئەو نەتەوەیە (تورکەکان) لەبەرئەوەی “لەسەر خاکی کوردان، دەوڵەتەکەیان دروستکردوە”* هەمیشە لە بون و ناوی کوردان دەترسن. بۆیە شەڕێکی دور لە ئەخلاق و پێوانەکانی جەنگ، لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبەن. پەدەکەش وەک هێزێکی بنەماڵەیی، خێڵەکی، سیاسی، کە نوێنەرایەتی کۆنەپەرستی و هێڵی داگیرکاری و خیانەت دەکات. خۆی پێچاوە لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکەوەو بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەوڵەتی تورک و سیستەمەکەی دەکات. پەدەکە سیاسەتێکی مەترسیدار لە دژی گەل و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەڕێوەدەبات. بەوە دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێمیشی خستوەتە ناو مەترسی لەناوچون و خراپکردنەوە.
دەوڵەتی تورک کە لەسەر سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەی کورد دامەزراوە، شەڕێکی گەورەش لەو بوارەدا بەڕێوەدەبات. خەرجیەکانی شەڕێکی لەو شێوەیە، کە بە پێشکەوتووترین چەک و تەکنەلۆجیای سەربازی دەکرێت، پێویستی بە دابینکردنی خەرجی دارایی هەیە. پەدەکەش بەهۆی دژایەتی پەکەکە و هێزەکانی گەریلاوە و کە لە کەسێتی ئەو هێزانەدا دژایەتی گەلی کورد دەکات. لەگەڵ دەوڵەتی تورک بوەتە یەک و داخوازیەکانی دەوڵەتی تورک جێبەجێدەکات. بۆیە بۆ پاراستنی خۆی وەک هێزێکی نەیار بە دەسکەوتەکانی گەلی کورد، خۆی گرێداوە بە دەوڵەتی تورکەوە. پارێزگاری دەوڵەتی تورکیش لە پەدەکە، بە خۆڕایی نیە. پێویستی مانەوەی هەردوکیان و بەردەوامی شەڕ پێویستی بە دابینکردنی لۆجستی، دارایی، خاک و بڕیاری سیاسی هەیە. بۆیە پەدەکە لە ڕێگەی (پەدەکەیەکی بەهێزەوە) حکومەتی هەرێم و تەواوی وەزارەت و سەکتەرە گرنگەکانی ئەو حکومەتەی خستوەتە ژێر دەستی خۆیەوە. بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاری دەوڵەت و سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا بکات. ناچمە ناو کۆی سەکتەرە دەستبەسەرداگیراوەکان، تەنیا پرسی مووچە و دارایی بەبنەمادەگرم، کە پەیوەندی بە قوتی خەڵکەوە هەیە.
مووچەی خەڵک بە بارمتەگیراوە و لە ناڕۆشنی و گوایە شەڕی هەرێم و ناوەنددا، ناوەند دەستی بەسەرداگرتوە. لە کاتێکدا ئەو پرسە دەکرێت، لایەکی ئەوە بێت. بەڵام گرنگترین لایەنەکەی بە بارمتەگرتنیەتی لە لایەن پەدەکە و ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئابوری سەربەخۆ و بە تایبەت کەسی سەرۆک وەزیران، مەسورور بەرزانیەوە بەڕێوەدەبرێت. بۆئەوەی دوو ئامانجی پێ بپێکێت؛
١-خەرجی شەڕ و هێرشەکانی سوپای تورک دابین بکات.
٢-خەڵک بێ نان و ئاو بکات و گرێی بداتەوە بەخۆیەوە.
بۆ شاردنەوەی ئەو ئامانجەشی، کۆمەڵێک قەیرانی دروستکردوە کە بوەتە هۆی لێکەوتەی نەرێنی زۆر خراپ، نەک لەسەر ئاستی هەژاری بەڵکو برسێتی بڵاوکردوەتەوە. لێکەوتە نەرێنیەکانی دارایی کە خۆی لە نەدانی مووچەدا دەبینێتەوە، زۆر کوشندەیە، کە لەهیچ کوێیەکی دنیادا شتی وا نەکراوە و نەدیتراوە. چونکە مووچە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و لەسەرپێ مانەوەوە هەیە. بێگومان لێکەوتەکانی نەدانی مووچە کە بۆ ٦مانگ دەچێت، ئەوەیە کە ڕێگە لە جوڵانی (سیولەی نەقدی) دارایی دەگرێت. کە ئەویش دەبێتە هۆکاری ڕاگرتنی؛
١-بازاڕ.
٢-بازرگانی.
٣-جوڵەی ئاڵاگۆڕی کاڵا.
٤-ڕاوەستانی بەرهەمهێنان و هاوردە و ناردن.
٥-بەوەش دەبێتە هۆکاری بڵاوبونەوەی هەژاری و برسێتی.
کە ئەمەی پێنجەمیان دۆخی هەرەمەترسیداری لێکەستەکانی نەبوونی جوڵەی داراییە.
جوڵەی دارایی بۆچی نیە؟ گوایە حکومەتی فیدراڵی بودجەی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت. کە حکومەتی فیدراڵ بە پێی بڕگەی سێی ماددەی ١١٠ بەرپرسە لە (وێناکردنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرچواندنی دراو، وڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە ڕێگەی سنوورەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عیراقدا، دانانی بودجەی گشتی بۆ دەوڵەت، وێناکردنی سیاسەتی نەختینە و دروستکردن و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی) و هەروەها لە ماددەی ١١١ دا دەڵێت (نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عیراقە لە هەموو هەرێمەکان و پارێزگاکان) هەروەها بە دوو بڕگە لە ماددەی ١١٢ باسی بەڕێوەبردن، دابەشکردن، بەرهەمهێنان، پەرەپێدان و فرۆشتنی ئەو دوو سەرچاوەیە دەکات.
کە ئێستە لەهەرێمدا بوەتە کێشەیەکی گەورەو سات و سەودای لەسەر هاوکێشە ناوچەییەکان پێدەکرێت.
ئەرکی ئەم نوسینە بەرگریکردن نە لە حکومەتی فیدراڵیە، نە لەم دەستورە فیدراڵیەیە! بە هێندی ئەوەی، ڕاوەستەکردنە لەسەر کەموکوڕیەکان و خراپکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کابینەی ٩ یە لە دروستکردنی کێشەکان و دەستگرتن بەسەر قوت و مەماتی خەڵکدا، کە تا ئاستی مریشکە ڕەشە، یان چەقۆی سەر ئێسقان گەیشتوە و پێویستی بە چارەسەری قوڵ و ڕیشەیی و کۆمەڵایەتی هەیە. ئەگەر هەژاری لێکەوتە ئەخلاقیە کۆمەڵایەتیەکانی لێدەبێتەوە، ئەوا برسێتی لێکەوتە خۆکوژیەکانی لێ دەکەوێتەوە کە قەرەبووکردنەوەی هەروا ئاسان نیە و بێ وەڵامیش نامێنێت.
ئەگەر ئەو پرسە داراییە پەیوەست بکەینەوە بە قسەی ئەمشەوی وەزیری داراییەوە، کە حکومەتی فیدراڵی لە بەشە بودجە ناردویەتی، ئیتر بەهەر شێوەیەک بێت، ئەو داهاتە ناوخۆییەی هەرێمیش کە لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ملیار دیناردایە (کە هەندێ چاووڕاوی نەگونجاوی بۆ هێنایەوە) لێکبدرێت. ئایا ناتوانرێت مووچە بدرێت؟ لە کوێی دنیادا هەبووە، لە ٣ پارێزگادا لە مانگێکدا ئەو بڕە پارە زۆرە لە باج و داهات کۆبکرێتەوە و گومببێت و دەورانی ئابوری سروشتی خۆی تەی نەکات و هەڵبگیرێت و دەستی بەسەردا بگیرێت! ئایا هۆکاری ئەو شاردنەوە و نەخستنە بازاڕە چیە و چ ڕقێکە؟ ئایا ئەم گەلە ئەوەندە خراپکارە، کە بەدەردی برسێتی و شاری مردووخۆرەکانی سەردەمی سۆڤیەت ببرێت؟ ئایا هەر ئەم گەلە نەبوو بەقوربانی و شەهید و ڕەنجەکانی لە ناو تێکچونی هاوسەنگیەکی جیهانیدا کە دەوڵەت نەتەوە تووشی بنبەست بوبو، ئەم ڕۆژەی بەدیهێناو کۆمەڵێکیش خۆیان سەپاند بەسەریدا و ئەم دۆخە نەخوازراوەیان بەدیهێناوە؟ ئایا توانای تەحەمولی ئەم گەلە تاقی نەکراوەتەوە و ئەو پەندە لەبەرچاو نەگیراوە، کە دەڵێت؛ «هەمووشت لە تەنکیدا دەپچڕێت، تەنیا زوڵم نەبێت لە ئەستوریدا دەپچڕێت» ئایا دۆخی زوڵم بە ئاستی دوا قۆناغەکانی ئەستوری نەگەیشتوە. بێگومان پێنەدانی مووچە و بە بارمتەگرتنی دەچێتە بواری کۆمەڵکوژی و بەوپێیەش لێپرسینەوەی یاسایی و دادگایی کردن.
باسەبرکەین و چاوەڕێی ڕۆژەکانی داهاتوو بین!
گرنگە حکومەتی هەرێم لەبری خۆبەستنەوە بە ئەجندا دەرەکیەکانەوە، لەگەڵ گەلەکەی خۆی ئاشتبێتەوە و ئەو قۆناغە نەرێنیە بە ڕەخنەگرتن و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگە تێپەڕێنێت و چارەسەری قەیرانەکان، نەک وەک حکومەتێکی دیکتاتۆری کۆنەپەرست، بەڵکو وەک حکومەتێکی دیموکراتیک کۆمەڵایەتی چارەسەر بکات و مل بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئابوریەکی خۆشگوزەران و پێکەوەیی بدات و کۆمەڵگەی باشوریش نەگەیەنێتە ئاستی تەقینەوە و ڕاماڵین. کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک جێگەی هەموانی تێدا دەبێتەوە و کێشە نەتەوەییەکانیش بە ئاستی چارەسەری دەگات و دەستی هێزە دەرەکیەکانیش لەسەر کۆمەڵگە کۆتایی پێدێنێت و هەموانیش بەو سڵقاوە ترشاوە ڕازی و مەمنون دەبین!
باشور هەولێری