کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساڵرۆژی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پیرۆزدەکات.

108
0
هاوبەشی :

بە بۆنەی ٣٣ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی گەلەکەمان بەگشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی دەکەین، سڵاوی ڕێزو وەفا بۆ خانەوادەی شەهیدان لەناویاندا شەهیدانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەنێرین.

وەک ئاشکرایە خەڵکی باشوری کورستان لە ٥ـی ئازاری ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینێکی کەم وێنەدا بە بەشداریی تەواوی چین و توێژەکان ولە ماوەیەکی زەمەنی یەکجار کورتدا، دەسەڵاتی بەعسی فاشییان لەتەواوی خاکی باشووری کوردستاندا ڕاماڵی.

بەرهەمی ڕاپەڕین هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو ئەزموونە لەتەواوی کوردستانداخەونی چەند ساڵەی گەلەکەمان بوو.

دوای ٣٣ ساڵ لە ئەنجامدانی ڕاپەڕین بەهۆی مۆدێلی خراپی حوکمڕانی و ناکۆکیەحزبیەکان و دەستوەردانی دەرەکی و زاڵبوونی ئەجێنداکانیان، دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان کە خۆی لە بەرهەمی ڕاپەرین دەبینێتەوە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر، لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان.

لەوسۆنگەیەوە ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین وگەشەپێدانی و ڕاستکردنەوەی چەوتیەکانی ڕابردوودا، داوا دەکەین:

ـ پڕەنسیپەکانی ڕاپەڕین کە بریتی بوو لە یەکڕیزی نیشتمانیی کاری لەسەر بکرێت تا کۆتایی بە پەرتەوازەیی سیاسیی و بەرژەوەندی حزبی بهێندرێت و بنەماکانی ئازادیی و دیموکراسیی وهەڵبژاردنی پاک وبێگەرد پەیڕەوبکرێت و حوکمی ڕەشید بنیانتبنرێت.

-کێشەکانی خەڵک چارەسەربکرێن و متمانەی جەماوەر بە ئەزموونی سیاسیی کوردستان زیندووبکرێتەوە،ئەو متمانەیەی کەڕاپەڕینی سەرخست.

لەم بۆنەیەوجارێکی تر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بانگەوازی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکان ودانانی ستراتیژێکی نیشتمانیی نەتەوەیی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، کەهەر ئەوەیان دەتوانێت ڕێگری لە ئەجێندای دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بکات وگەلەکەمان ودەستکەوتەکانی بەکەناری ئارامی بگەیەنێت.

جارێکی دیکەش ساڵڕۆژی ڕاپەڕین لە تەواوی گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین.

ڕۆحی شەهیدەکان شادبێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

نوێنەرایەتی باشوور.

هاوبەشی :