تورکیا رێگهی نوێی سهربازیی دروستدهكات
ئەندامێكی تیمی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی)ی ئهمریكی رایگهیاند، دەوڵەتی تورکیا لە گاشەبەرد و تاوێرەکانی زناری کێستە و مەلاردی و کەفرە سۆر لە ناحیەی کانی ماسێ ڕێگای سەربازی دروستدەکات، لە دوای تەواوکردنی ئەو رێگا سەربازییە، چیتر دەوڵەتی تورکیا پێویستی بە ههلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی)ی ئهمریكی رایگهیاندوه، “لە 28ی کانونی دوەمی 2024ەوە، سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕین و کەستاڕەی لە پشتی گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دروستکردوە، ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت و بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو کارگەی هاڕین و کەستاڕەوە ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی ڕێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن”