سەبری ئۆک: رێپێوانی کۆڵن کاریگەری لە سەر داهاتوومان دادەنێت

89
0
هاوبەشی :

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبری ئۆک رایگەیاند، دەبێت هەموو گەل بەشداری رێپێوانی ١٧ی شوبات لە کۆڵن بکەن و وتی، “ئەو رێپێوانە کاریگەری لەسەر داهاتوومان دادەنێت. بەو وشیاری، جۆش و خرۆشەوە دەبێت بڕژێنە گۆڕەپانەکان و رێپێوانێکی مێژوویی ئەنجام بدەن”.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا کرد و لە بارەی پەرەسەندنەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد.

ئۆک سەرنجی راکێشا بۆ سەر گرنگی ئەو چالاکییانەی بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێوەدەچن و ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت هەمووان بە گیانی سەفەربەری و لەوپەڕی ئامادەباشیدا بەشداری گردبوونەوەکەی ١٧ی شوباتی کۆڵنی ئەڵمانیا بکەن. ئۆک بانگەوازی ئاراستەی گەنجانی کورد کرد و وتی دەبێت لە قۆناغی مێژوویی بەم جۆرەدا چالاکی رادیکاڵتر ئەنجام بدرێن. ئۆک ئەوەشی خستەڕوو، کە دەبێت گەلی کورد هەرگیز بە ئاسودەیی پاڵی لێنەداتەوە و بێدەربەست نەبێت و وتی، بە ئاسودەیی پاڵدانەوە و بێدەربەستی بۆ گەلی کورد بە واتای خیانەتە.

ئۆک لەبارەی سەردانی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێریش وتی، کە لەو دانوستانانەدا بابەتی سەرەکی پەکەکەیە. ئۆک ئاماژەی بەوەشکرد کە بە تایبەتی دوای دیدارەکان لە هەولێر بڕیاری درێژەدان بە شەڕ دراوە و داوای لە پەدەکە کرد کە بەشداری لە گەمەی چەپەڵی دەوڵەتی تورکدا نەکات.

چاوپێکەوتنەکەی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبری ئۆک لە گەڵ ستێرک تی ڤی بەم جۆرەیە:

لە ٢٥ەمینی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتداین کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجادرا. هۆکار و ئامانجی پیلانگێرییەکە کامانە بوون؟ پیلانگێڕییەکە بە چ شێوەیەک بەردەوام دەبێت؟

سەرەتا وەک هەڤاڵێکی قەرزارباری سەرۆک ئاپۆ سڵاوی خۆمی ئاراستە دەکەم. لە قۆناغی پیلانگێڕیدا بە دەیان هەڤاڵمان وەک خالید ئۆڕاڵ، ئاینور ئارتان، سەما یوجە، لە زیندانەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، ئاگریان لە جەستەیان بەردەوا. بەرامبەر بەو هەڤاڵانەی بە دروشمی ‘کەس ناتوانێت رۆژی ئێمە تاریک بکات’ شەهیدبوون، بەژنی خۆم دادەنەوێنم، بە رێزەوە یەک بە یەک یادی هەر هەموویان دەکەمەوە.

پێویستە گەلەکەمان، بزوتنەوەکەمان و دۆستانمان هۆکار، ئامانجی پیلانگێڕییەکە و ئەوەی ئەمڕۆ چۆن بەردەوامە، زۆر بە باشی تێیبگەن. کاتێک پارێزەران لە دووەم ساڵیادی پیلانگێڕیدا دەچنە سەردانی سەرۆک ئاپۆ پێی دەڵێن، “چەند رۆژی ماوە بۆ ساڵیادی پیلانگێری و گەل دەیەوێت شیوەن بگێڕێت”، رێبەر ئاپۆ زەردەخەنە دەکات و بەم وتانە هەڵسەنگاندنی خۆی دەخاتەڕوو “با شیوەن نەگێرن، با لەو پیلانگێڕیە وانە فێر ببن، با هەموو کەس رۆڵیان خۆیان بە باشی بزانن”. راستی ئەوەیە. پێویستە زۆر بە باشی لەو رۆژە تێبگەین. کاتێک ئێمە لە مێژوو و راپەڕینەکانی گەلی کورد دەڕوانین، دەبینین کە بەردەوام رووبەڕووی پیلانگێری بوونەوە. راپەڕینەکان لە رێگەی پیلانگێڕییەوە ناوەخت دەستیان پێکراوە، یاخود بە گەمەکردن، راستی و دروستی و لەناخەوەبوونی کەسایەتی کورد پیلانگێریی ئەنجامدراوە. بە لەسێدارەدان یاخود شێوازەکانی دیکە رێبەرانی سەرهەڵدانەکان شەهید کراون. هێزە داگیرکەرەکان و پیلانگێڕەکان بەو رێبازە چەپەڵانە ئەنجامیان بەدەستهێنا. بە بڕوای ئەوان، لە رێگەی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتەوە لە دژی سەرۆک ئاپۆش ئەنجام بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەوە نەهاتەدی.

لە قۆناغی پیلانگێڕیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەسەندنی گەورە ئەنجام دەدران. ئەمریکا دەیویست دەستوەردان لە عێراقدا بکات، بابەتی ئەفغانستان لەئارادابوو. بۆ نمونە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ئامادە دەکرا. ئەوانە هەموویان ئامادەکاری پلان و پرۆژەکانی هێزە نێونەتەوەییەکان لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون. تێکۆشانی بزوتنەوە و گەلەکەمان گەیشتبووە ئاستێک کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سەرباری ئەو هاوکارییانەی لە هێزە نێونەتەوەییەکانەوە وەریدەگرت، لەبەرامبەر بزوتنەوەکەمان نەیدەواتنی بگاتە هیچ ئەنجامێک. بزوتنەوەکەمان لە هەموو روویەکەوە بەرەوپێش دەچوو و ئەوەش ببووە کێشە بۆ هێزە نێونەتەوەییەکان. ئەو کێشەیە یان دەبوایە بە جۆرێک چارەسەر بکرایە، یان دەبوایە لەناو ببرایە و بێکاریگەر بکرایە. بۆیەش دەستەوەستان نەدەبوون. خۆی لە خۆیدا ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لە کاتی پیلانگێڕیدا ئاشکرایان کرد کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆژەیەکی نوێ دەستیپێکردووە. سەرۆک ئاپۆش وتی، شەڕی سێهەمی جیهانی دەستیپێکردووە. هۆکارێکی پیلانگێرییەکە دەستوەردان لە دژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، هۆکاری دیکە پەیوەستبوو بە پاڕادایمی سەرۆک ئاپۆوە کە کێشەی کوردی چارەسەر دەکرد. ئەمە لەگەڵ لێکدانەوەی هێزە سەرمایەدارەکان یەکینەدەگرتەوە. لەبەر ئەوەش سەرباری مەترسییەکانی شەڕی سێهەمی جیهانی ویستیان دەستوەردان لە عێراق بکەن، پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بە ئەنجام بگەیەنن و پرسی کورد بێ کاریگەر بکەن.

ئەو راستیەی کە رێبەرایەتی لە زینداندایە دەرخەری ئەوەیە کە پیلانگێڕی بەردەوامە

قۆناغی یەکەمی پیلانگێڕی رادەستکردنی رێبەرایەتی بە دەوڵەتی تورک بوو، قۆناغی دووەم لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەبوو و قۆناغی سێهەمیش بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ بوو. بە لێکدانەوەیەکی بەم جۆرە هەڵیانکوتایە سەر پەکەکە. ویستیان جێگرەوەیەکی دیکە ساز بکەن. ئەو مرۆڤانەی کە یەک دڵۆپ خوێنیشیان لێنەچووە و رەنجیان نەداوە، ئەوەیان بە هەلێک زانی. هەروەها هەوڵیان دا بە کۆمەڵ زۆر کەس لە پەکەکە داببڕێنن و بزوتنەوەکە لەبەر یەک هەڵبوەشێننەوە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام. بەڵام پیلانگێڕیەکە ئەنجامدرا. رێبەر ئاپۆ لەوێ باسی هاوڕێیەتی ساختەی کردبوو. ریال سۆسیالیزم دووڕوویەتی روسیا و رووی راستەقینەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئاشکرا کرابوون. هەروەها هاوڕێیەتی لاواز هاتبووە ئاراوە. لەگەڵ بەئەنجام گەیشتنی پیلانگێڕی هەمووان تووسی شۆک و تاسان بوون.

لە هەموو ناوچەیەک کە گەلی کوردی تێدا دەژین، بە تایبەتی لە زیندانەکان هەمووان لەپێناو ئایندەی خۆیان و بزوتنەوەکەیان بە دروشمی ‘کەس ناتوانێت رۆژی ئێمە تاریک بکات؛ چالاکی گیانبازییان ئەنجامدا. دەبێت گەورەیی رێبەر ئاپۆ لێرەدا ببینرێت. بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرت، دۆخی گەلی کوردی بینی، تێگەیشت کە هێزە داگیرکەرەکان یاری بە ئایندەی گەلی کورد دەکەن. ئەگەر رێبەر ئاپۆ نەبوایە تێکۆشانی گەلی کورد جارێکی دیکە لەناودەبرا. هەربۆیە رێبەر ئاپۆ شانی دایە بەر باری بەرپرسیارێتی، دژوارترین داواکاری لەبەر چاوگرت و وتی، “دەبێت بژیم”. نەک لەپێناو خۆی، بەڵکوو لە پێناو گەلی کورد، لە پێناو بزوتنەوەی ئازادی وتی، “دەبێت من ئەو پیلانگێڕییە پوچەڵ بکەمەوە”. دواتریش پەیامی “ئیتر بەسە!”ی نوسی و وتی، “چارەسەری تەنیا لە خۆسوتاندن و شەهیدبووندا نییە. دەبێت خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچێت، دەبێت شایەنی ئەوان بین، بەڵام دەبێت ئیتر ئەو چالاکیانە رابگیرێن”.

بە دەستوەردانی رێبەر ئاپۆ بزوتنەوەکە خۆی کۆکردەوە و قۆناغەکەی هێنا ئاستی دروستتر. لە بواری سیاسیدا هەوڵدانی گەورە نیشاندرا. پاڕادایمی نوێی ئافراند. پیلانگێڕی لە دژی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەکەمان بەم جۆرە پوچەڵکرایەوە. کەس بڕوای نەدەکرد کە شکست بهێنێت. لە ئەنجامی بەرخودان و هەولەکانی رێبەر ئاپۆدا، ئەو پاڕادایمەی بەرەوپێشی برد، ئەو راستیەی کە بزوتنەوەکە پاکتاو نەدەکرا و بە بێ وچان درێژەدان بە تێکۆشان بابەتێکی مێژووییە، بەڵام رێبەر ئاپۆ هێشتا لە زینداندایە. هەربۆیە پیلانگێڕی بە رێگە و رێبازی جیاجیا بەردەوامە.

ئەندێشەکانی رێبەرایەتی زیاتر بڵاودەبنەوە و کاریگەرییان زیاتر دەبێت

لە ئاستی نێونەتەوەیی لە ساڵیادی ٢٥ەمینی پیلانگێریدا رامان و ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە جۆش و خرۆش و هیوایەکی گەورەوە پێشوازییان لێدەکرێت. هۆکاری ئەوەی ئەندێشەکانی بەڕێز ئۆجالان بە جیهانی دەبن چییە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، دیسان پێویستە کە مرۆڤ بە پێرسپێکتیڤێکی مێژوویی هەڵیبسەنگێنێت. رامانی کاریگەری بەم جۆرە نەک هەر بەتەنیا کاریگەری دەکاتە سەر هەرێمێک یاخود کۆمەڵگایەک، بەڵکو هاوکات کاریگەری دەکاتە سەر تەواوی مرۆڤایەتی. لە مێژووشدا ئەمە هەیە. هەندێک جار وەک پێغەمبەر، هەندێک جاریش وەک فەیلەسوف دەرکەوتوون و مۆری خۆیان لە مێژوو داوە. لە هەر سەدەیەکدا جارێک رووداوی لەو جۆرە هاتوونەتە ئاراوە. رێبەر ئاپۆ بەو جۆرەیە.

لە کۆتایی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١دا لە جیهاندا بەرەوپێشچوونی گەرنگ هاتنە ئاراوە. دوای رووخانی ریال سۆسیالیزم و ئاوابوونی خۆری جیهانی دووجەمسەری، مرۆڤایەتی کەوتە ناو بۆشاییەکی ئایدۆلۆژیەوە. بڕوایەک هەبوو کە دوای سۆسیالیزمی سۆڤیەت شۆڕشێک لە ئەڵمانیاوە دێتە ئاراوە. ئەو مرۆڤانەی بڕوایان بە دروستبوونی شۆڕشێک هەبوو، کاتێک شۆڕشەکە نەهاتە ئاراوە بەشێکی زۆریان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و کەوتنە ناو بێباوەڕییەکی گەورەوە. دوای رووخانی ریال سۆسیالیزم کەشێکی دەروونی بەم جۆرە سازبوو. مرۆڤەکان هیچیان بەدی نەدەکرد کە لە رووی رۆحی و ئایدۆلۆژیا هانیان بدات و ورەیان پێببەخشێت.

بێگومان رێبەر ئاپۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە جیهانی چاودێری دەکرد، بەڵام ئەو پاڕادایمەی لە ئیمراڵی بەرەوپێشیبرد و قووڵی کردەوە، گەورەترین وەڵامی بە پیلانگێڕیی دایەوە و بووە گەورەترین مزگێنی بۆ مرۆڤایەتی. رێبەرایەتی لە رێگەی پاڕادایمەکەیەوە هیوای بە گەلان بەخشی. ئەو مرۆڤانەی لە پەیجوریدابوون، ئەو مرۆڤانەی لە ژێر ستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدابوون و نەیاندەزانی کە چۆن لە دژی نەژادپەرستی تێبکۆشن، لە پارادایمی رێبەر ئاپۆدا وەڵامی پرسیارەکانیان دۆزیەوە. بە تایبەتی دوای ئەوەی پارێزنامەکانی رێبەر ئاپۆ پەیوەست بە سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە زمانی جیاجیا بڵاوکرانەوە کاریگەری گەورەیان سازکرد. ئەگەر ژنان و گەنجان لە هەموو شوێنێکی جیهان هیوا لەوەدا دەبینن، ئەگەر لە سەر ئەو بنەمایە هەڵدەستنە سەر پێ، ئەگەر دەست بە هەوڵدان و گەڕان دەکەن، دەبێت باش بزانین کە لێرەدا شتێک زۆر شکۆمەندانە هەیە، هێزێکی گرنگە و هیچ هێزێک ناتوانێت بەری پێبگرێت.

کاتێک ئێمە بڕوانین، لە بەنگلادیشەوە تا مەکسیک، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا سەرتاسەری جیهان دەنگی ژنان بەرزدەبێتەوە؛ دەڵێن ‘ئێمە ئازادی خۆمان لەم پاڕادایمەدا دەبینین، لە راستی رێبەر ئاپۆدا دەیبینین’. خوێندنەوە و گفتوگۆکردن لە سەر پارێزنامەکانی رێبەرایەتی، لە سەرووی پێشبینیەکانەوە کاریگەری دەکاتە سەر مرۆڤەکان. لەبەر ئەوەی ئەم پاڕادایمە وەڵام دەداتەوە بە گەڕانو پەیجووریەکانی هەمووان. لە سەدەی ٢١دا پاڕادایمی رێبەرایەتی داهاتووی گەلان و مرۆڤایەتی روناک کردووەتەوە. کۆمەڵگا بە تایبەتیش ژنان، ژیانی دیموکراتیک و ئازاد لەو پاڕادایمەدا دەبینن. لەبەر ئەوە رامانی رێبەرایەتی زیاتر بڵاودەبێتەوە، زیاتر خۆشەویست دەبن و کاریگەری دادەنێن. ئەوەش لە دژی پیلانگێری وەڵامێکی مێژووییە.

دایکان لەم تەمەنەدا شان دەدەنە بەر بەرپرسیارێتی، گەنجان چەندە ئاسودە پاڵیان داوەتەوە!

بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێبهێندرێت، لەلایەکەوە زیندانیان لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن، لەلایەکی دیکەوە گەلی کورد و دۆستانیان لە دەرەوە چالاکی ئەنجام دەدەن. دۆخی ئەو چالاکیانە چۆن هەڵدەسەنگێنن و چالاکیەکان لە چ قۆناغێکدان؟

بەڕێوەبەرایەتیمان ماوە ماوە ئەو دۆخە هەڵدەسەنگێنێت. پرسی سەرەکی بەلای گەلی کوردەوە رێبەر ئاپۆیە. ئەو کاتەی پیلانگێریی ١٥ی شوبات ئەنجامدرا، یەکەم چالاکی فیدایی لە زیندان لەلایەن هەڤاڵ خالید ئۆراڵەوە ئەنجامدرا. دواتر ئەو چالاکیە گەورە بوو. کاردانەوەکان لە زیندانەوە بەهێزتربوون. هەربۆیە من هەموو هاوڕێیانمان کە لەو بەرخودانەدان سڵاویان بۆ دەنێرم. تائەو کاتەی لەسەر هێڵی رێبەرایەتی خۆیان رێکبخەن بەدڵنیایەوە ئەنجام بەدەستدێنن. زیندان رۆڵ و ئەرکی گرنگی هەیە. وابیردەکەمەوە کە چالاکی زیندانیان بەردەوام دەبێت.

لە دەرەوەش ئێشکگریی دایکان و چالاکی مانگرتن لە خواردن هەیە. سڵاو ئاراستەی ئەوانیش دەکەم و رێزی خۆمیان بۆ دەردەبڕم. ئەو دایکانە بەو تەمەنەیان شانیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی. گوێم لە قسەکانی دایکێک بوو. نزیکەی ٧٠-٨٠ ساڵ بوو، بەم جۆرە دەدوا، “بەڵێنمان داوە، یان دەمرین یان ئەنجام بەدەستدەهێنین، جگە لە بەدەستهێنانی ئەنجام هیچ چارەیەکی دیکە بوونی نییە، تاکۆتایی خۆڕاگری دەکەین”، ئەوە رۆحێکە، هەڵوێستێکە.

ئەوەی گرنگە ئەمەیە؛ دەبێت هەمووان لەو پەیامە تێبگەن، دەبێت بیربکەنەوە کە چۆن دەتوانن وەڵامدەری ئەوە بن. دەبێت لە رووی ویژدانیشەوە بیربکەنەوە. لەم خاڵەدا کەموکورتی هەیە، بەتایبەتیش دەمەوێت روو لە گەنجانی کورد چەند قسەیەک بکەم. زانکۆکان لێدانی دڵی کۆمەڵگان. چەندە ئاسودە و بێخەمن! خوێندکاران چۆنن، وزەیان لە کوێ بەتاڵ دەکرێتەوە؟ بۆ نمونە بڕیاریان داوە کە هەزار کارت پۆستاڵ بۆ رێبەرایەتی بنێرن؛ هەڵبەت زۆر بەنرخە، زۆر گرنگە، سڵاویان لێدەکەم. بەردێکیش هەڵبدەن گرنگە، لە دژی دوژمن چالاکی بکەن و هەڵبستنە سەرپێ ئەوەش زۆر واتادارە. بەڵام دەبێت گەنجان رادیکاڵتر بن و بە دەوری دایکانەوە کۆببنەوە. نابێت تەنیا بە سەردانکردن و بەسەرکردنەوە سنوورداربن. خۆی دەبێت هەمووان بچنە سەردانیان. ئێمە بە رۆژانی ئاساییدا تێپەڕنابین، لە رۆژی نائاساییدا دەژین. بۆ نمونە نازانین رێبەر ئاپۆ لە چ دۆخێکدایە، ٣ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانین. لە جیهاندا شتێکی بەم جۆرە بوونی نییە. کەس نازانێت دەژی، ناژی، دۆخی تەندروستی چۆنە. ئەمە پاڵنەرێکە بۆ راپەڕینی گەنجانی کورد. مێژووی تێکۆشانێکی ٥٠ ساڵەی کورد هەیە، بە هەزاران شەهید هەیە، تائێستاش لە چیاکانی کوردستان ژنان و پیاوانی گەنجی شکۆمەند بە سەربەرزییەوە تێدەکۆشن، خۆڕاگری دەکەن. هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەبێت لە دژی ستەم و بێ مافی هەڵوێستی هەبێت.

هەڵبەت هیوامان هەیە. دایکان لە مانگرتنن لە خواردن، ٣ ساڵە هیچ هەواڵێک لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بەردەست نییە، دەبێت گەنجانی کورد و ژنانی کورد لە دژی ئەو دۆخە بوەستنەوە. دەبێت تەنیا خۆیان بە بەرد هاویشتن و ناردنی کارتپۆستاڵ سنووردار نەکەن. بەڵێ، رێز لە هەموو ئەوانە دەگرین، بەڵام دەبێت چالاکی رادیکاڵتر ئەنجام بدرێن. ئەم سەردەمە ئەوە دەخوازێت. هاوڕێیانمان لە زیندان زیاتر لە دوو مانگە لە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرەدان، هەروەها لە کوردستان و لە تورکیا دایکان مانیان لە خواردن گرتووە. دەبێت ئەو چالاکیانە زیاتر بەرەوپێش ببرێن، زیاتر بەشدارییان تێدا بکرێت و زیاتر لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و لە سیاسەتدا کاریگەری هەبێت. هەموو کوردێک دەبێت کە شەو سەری خستە سەر سەرینەکەی بیر بکاتەوە؛ دەبێت چۆن بەرامبەر بەو ستەمە رۆڵ بگێڕم و دەبێت چی بکەم. ئەگەر لە شوێنێک پرسێک هەبێت وەڵام و بەدواداچونیش بوونی دەبێت.

بێچالاکیبوون و دەستەوەستانبوون بۆ گەلی کورد خیانەتە

هێرشەکانی رژێمی ئاکەپە و مەهەپەی قڕکەر لە دژی باکوور، باشوور و رۆژئاوا بەردەوامە. سوپای تورک لە بەرامبەر گەریلا گورزی قورسی بەردەکەوێت. ئێوە شەڕ و هێرشەکان کە لە دژی گەلی کورد بەردەوامن، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

گەلی کورد، گەلێکی سیاسیە. ئایندە و پێشەڕۆژی خۆی دەبینێت. هەڵبەت گەلەکەمان بڕوای بە هێڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ و دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگا هەیە؛ ئەمە تەواوە و قسەی تێدا نییە. تێکۆشانی ٥٠ ساڵەمان سەرکەوتنێکی مێژووییە، بڕوامان بەوە هەیە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین؛ ئەو قۆناغەی پێیایدا تێپەڕدەبین، قۆناغێکی ئاسایی نییە، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە شەڕی تونێلەکاندا گورزی قورسیان لە دوژمن وەشاند. لەبەرامبەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چەکی کیمیایی بەرخودانێکی مێژوویی نیشان دەدرێت. بەم بۆنەوە جارێکی دیکە بەردەم سەرجەم شەهیداندا بەژنی خۆمان دادەنەوێنین و یەک بە یەک بە رێزەوە یادیان دەکەینەوە. بە خۆشەویستیەوە سڵاو لەو هەڤاڵانە دەکەم کە لە سەنگەرەکانی بەرخوداندان. ئەوان نوێنەرایەتی ئایندەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکەن و بە پیتی زێرین مێژوو دەنوسنەوە. بەڵام دەبێت گەلەکەمان و هەمووان باش بزانن کە پێویستە ئێمە هەرگیز بە ئاسودەیی نەجوڵێینەوە. بێچالاکیبوون و دەستەوەستان بوون بۆ گەلی کورد و بۆ ئێمە خیانەتە. فەرامۆشی و لە بیرکردنیش بەم جۆرەیە، بێچالاکیبوونیش بەم جۆرەیە. پێویستە لەبیری نەکەین وبە ئاسودەییش نەجوڵێینەوە و بێ چالاکی نەبین. بێچالاکیبوون مرۆڤەکان لە راستی خۆیان دووردەخاتەوە. نابێت هیچ شتێک رێگە لە بەردەم بێچالاکیبوون نەکاتەوە. ئێمە لەسەردەمێکی زۆر دژواردا خۆڕاگری دەکەین. بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی مێژوویی زۆر دەرفەت هەیە، بەڵام مەترسی زۆر گەورەش بوونیان هیە. لەبەر ئەوەش پێویستە بڕوا، هیوا، ورە و خۆش و خرۆش هەبێت، بەڵام پێویستە ئەوە رێگەر لەبەردەم بێچالاکیبوون نەکاتەوە، یاخود نەبنە مایەی جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتیەکان. پێویستە هەموان رۆڵی خۆیان بگێڕن، دایکان، گەنجان، ژنان و منداڵان؛ پێویستە هەندێکیان سەرهەڵدان بکەن، هەندێکیان نزا بکەن و هەندێکیشیان بەرد بهاوێژن واتە دەبێت هەموان شتێک بکەن. پێویستە بە ئاسودەیی نەجوڵێنەوە، بێ چالاکی نەبن و نەڵێن “بە هەموو جۆرێک هەڤاڵان خۆڕاگری دەکەن و پێویست ناکات ئێمە هیچ شتێک بکەین”. بێگومان گەریلا بەرخودان دەکات، بەڵام پێویستیشە هەمووان خۆڕاگری بکەن، رۆڵیان هەبێت، بەرپرسیارێتی سەرشانیان بەجێبگەیەنن و بە ئاسودەیی نەجوڵێنەوە.

تاکە مەرج ئەوەیە کە هەموو کەسێک لەم قۆناغەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت

هۆکاری دڕندەیی دوژمن ئەمەیە کە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی. دوژمنیش هەست دەکات کە کۆتاییان پێدێت و ئەو ترسە دوژمن دڕندەتر دەکات. لە کوێ دەستکەوتێکی کوردان هەبێت هەوڵ دەدات لەناویان ببات. خۆی لە خۆیدا لە چیاکانی کوردستان هێرشەکان لە دژی گەریلا بێ وەستان بەردەوامن. گەریلاش بە شێوەیەکی باش وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە. هەروەها بۆ ئەوەی گەلی رۆژئاوا کۆچبەر بێت بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی سەرسنوور. گەلی رۆژئاوا چەندین ساڵە قوربانی دەدات و خۆڕاگری دەکات. گەلی رۆژئاوا ئەو رۆژانەشی بینی کە بێ ناسنامەبوون و لە ئەنجامی شۆڕش و تێکۆشاندا رۆژنانی ئازادیشیان بینیوە. لەبەر ئەوە گەلی رۆژئاوا لە دژی هەموو هێرشەکان خۆڕاگری دەکات و ئەوەش بەردەوام دەبێت. دەووڵەتی تورک لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا تێکچووە و ئابووریەکەیان داڕماوە. ئەردۆغان هێندە لەخۆی باییە کەس ناتوانێت بڵێت پێڵاوەکانت لارن، بەڵا وەک سواڵکەر و دەرۆزەکەر داوای پارە و چەک لە هەموو کەس دەکات. ئەمە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر کۆمەڵگا. رەمزی کارتاڵ لە بەرنامەیەکدا وتبووی؛ بەگوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە تێچووی شەڕی ٤٠ ساڵە لە دژی پەکەکە و گەلی کورد ٣ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دۆلارە. بەو پارەیە تورکیا چوارهێندەی ئێستا گەورەتر و دیموکراتیکتر دەبوو. بەڵام ئێستا گەلی تورک هەژار و برسییە. سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سوورە لەسەر ئەوەی درێژە بە شەڕ بدات و ئەردۆغان لەسەر ئەوە رایەیە. خۆی لە خۆیدا رۆڵی ئەردۆغان بەڕێوەبردنی شەڕە لە دژی پەکەکە. بەڵام ئێستا ئەویش گەیشتووەتە کۆتا خاڵ. سیاسەتی ئەوان چەقیبەستووە و گەیشتووەتە بنبەست. گەلەکەمان و بزوتنەوەکەمان دوای ٥٠ ساڵ یەکەم جارە تائێستا لەم دۆخەدایە و دەرفەتەکان بە باشی بەکاردەهێنێت و ئەنجامی مێژوویی بەدەستدەهێنێت. تاکە مەرج ئەوەیە کە پێویستە هەموو کەسێک لەم قۆناغەدا رۆڵی خۆی جێبەجێبکات.

ئامانجی سەرەکی ئەوان گەریلا و پەکەکەیە

لەم دواییانەدا کاربەدەستانی میت، لە هەولێر و بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی دیداریان ئەنجامدا. ئەو دیدارانە بە چ ئامانجێک و لە چ چوارچێوەیەکدا ئەنجامدەدرێن؟

پێویستە هەمووان بزانن بابەتی سەرەکی دیدارەکان پەکەکەیە. بۆ ئەوەش چ سازشێک پێویست بێت دەوڵەتی تورک دەیکات. بۆ ئەوەس بەدوای هاوکاری و یارمەتیدا دەگەڕێت. تەنیا یەک ئامانج و هۆکار هەیە؛ ئەوەس پەکەکەیە. چ شەنگال بێت و چ رۆژئاوا لەبەر ئەوەی کورد لەوێ خاوەن دەستکەوتن دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئامانجی سەرەکی گەریلا و پەکەکەیە. سەرەتا ئیبراهیم کاڵن و دواتریش یاشار گولەر سەردانی بەغدایان کرد. هێشتا پێکهاتە و کۆمپێکسێکی عوسمانی لە دەوڵەتی تورکدا هەیە. دەوڵەتی تورک لەبارەی عێراقەوە دەڵێ “ئەوێ پارێزگایەکی ئێمەبوو، چۆنە ئەو شتانە ناکەن کە ئێمە داوای دەکەین؟”. خۆیان لە سەروو هەموو شتێکەوە دەبینن. خۆی لە خۆیدا ناوچەیەکی زۆری عێراق و باشووریان داگیرکردووە. لە دەیان شوێن سەربازانی خۆیان جێگیر کردووە و لە هەموو کێشەکانی عێراقدا دەستوەردان دەکەن. کەرکوک، شەنگال، موسڵ، باشوور، تورکمان، سوننە، پەدەکە؛ واتە لە هەموو بابەتێکدا دەیانەوێت عێراق بە گوێرەی خۆیان ئاراستە بکەن. رۆڵێکی بەو جۆرەیان لە ئەستۆیە و بۆ شەڕ لە عێراق و خاکی باشوور داوای هاوکاری دەکەن. هەڵبەت دەبێت عێراق هاوکاری نەکات. عێراقیش کێشەی هەیە، لاوازی هەیە، بەڵام دەوڵەتێکی جیایە، وڵاتێکی جیایە. هیچ دەوڵەتێک شکۆی خۆی ناخاتە ژێر پێوە و بە هێزێکی داگیرکەر ناڵێت وەرە خاکەکەم داگیر بکە، لەسەر خاکی من شەڕ بکە.

دەبێت گەلی باشوور بە پەدەکە بڵێن کە ئێوە هەڵە دەکەن

لەم بابەتەدا وابیرناکەینەوە کە عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوکارییەکی چەپەڵ بکات. شتێکی بەم جۆرە نە راستە و نە لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە. بەڵام لەم بابەتەدا دەوڵەتی تورک لەناو گەڕان و هەوڵدایە. دوای بەغدا روویانکردە هەولێری پایتەختی باشوور. لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێجیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا کۆبوونەوە. ئەنجامی ئەو دیدارانە ئەوەبوو کە درێژە بەوپەیوەندیانە دەدەن کە تائێستا هەیانبووە. بۆ کوردەکان پەیوەندییەکی شکۆمەندانە و خێردار نەبووە، کە بیانەوێت لە ئێستا بەدواوەش درێژەی پێبدەن.

من دەمەوێت ئەمە بە گەلی کورد، گەلی هەولێر و هەموو کەسانی دەوروبەری پەدەکە بڵێم؛ با بە ویژدانەوە لە بابەتەکە بڕوانن، لەلایەکەوە دەوڵەتێک هەیە کە ناسنامەی کورد قەبوڵ ناکات، هەموو رۆژێک کۆمەڵکوژی دەکات و ستەمیان لێدەکات، لەلاکەی ترەوە بزوتنەوەیەکی کوردی هەیە کە لەپێناو ئازادی، ناسنامە، مافەکانی گەلی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیادا تێدەکۆشێت. دەبێت گەلی باشوور بە پەدەکە بڵێت ‘چی کارێکتان لەگەڵ دەوڵەتی تورکی دوژمنی کوردان هەیە، پەکەکە بزوتنەوەیەکی کوردییە، هیچ زیانێکی بە ئێمە نەگەیاندووە، دەکرێت ناکۆکیتان هەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە مایەی ئەوەی لەگەڵ داگیرکەران یەکبگرن و لە دژی پەکەکە شەڕ بکەن’. دەبێت پێیان بڵێن کە ئەوە ئەخلاقی نییە، سیاسەتی راست نییە. پێویستە گەلەکەمان بیر لەوە بکاتەوە.

ئەگەر ئێوە لەگەڵ داگیرکەران یەکبگرن و لە دژی پەکەکەش شەڕ بکەن هیچتان دەستناکەوێت

من روو لە پەدەکە دەڵێم، لە مێژوو بڕوانن! دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکە کە باپیرەی خۆیانیان لە سێذارەداوە. ئەردۆغان لە پێناو دەسەڵاتدا باوکی خۆیشی دەفرۆشێت. پەدەکەش ئەم راستیە دەزانێت، بەڵام دەبێت هەندێک بوێریان هەبێت. ناچار نین ببنە دۆستی پەکەکە، یاخود هاوکاری پەکەکە بکەن. با ئەوە بخەینە لایەک، بەڵام دەبێت لەگەڵ داگیرکەراندا یەکنەگرن و لە دژی پەکەکە شەڕ نەکەن. لەمەدا هیچتان دەستناکەوێت. ساڵی ٢٠١٧ بهێننەوە بیری خۆتان! ئەو کاتەی ریفراندۆم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەنجامدرا، مەگەر هەر دەوڵەتی تورک نەبوو کە سەرەتا تانکەکانی هێنایە سەر سنوور و بە راوەشاندنی پەنجە هەڕەشەیان لێنەکردن؟ ئەگەر پەکەکە نەبێت خۆبەڕێوەبەریی باشووریش قەبوڵ ناکەن. دەبێت گەلەکەشمان لە دژی ئەوە خاوەن هەڵوێست بێت. دەبێت پەدەکە دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرێت. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی داگیرکەرە. ئەگەر پلانیان بۆ شکاندنی بەرخودانی گەریلا و پاکتاوکردنی پەکەکە هەبێت، با پەدەکە ئاوڕ لە رابردوو بداتەوە. ٥٠ ساڵە نەیانتوانیوە سەربکەون. دوایین جار لە پیلانگێڕی نێنوتەوەییدا هەموان وتیان “تەواو، ئەم جارە لەناوچوو، کۆتایی بە پەکەکە هات” بەڵام ئەوە رووی نەدا و روونادات. ئەگەر ناتوانن بگەنە ئەنجام بۆچی پێداگری دەکەن؟ واتای دیدارەکان درێژەدانە بە شەڕ. داواکاریمان ئەوەیە؛ دەبێت پەدەکە لە سیاسەتی بەم جۆرە دووربکەوێتەوە.

دەوڵەتی تورک پەکەکە وەک پاساو نیشان دەدات، بۆ مەگەر لە شەڕی ئازەربایجان-ئەرمینیادا پەکەکە هەبوو؟ لە شەڕی سوریدا پەکەکە دەکاتە بیانوو، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوان داگیرکردنی تەواوی سوریایە. دەیەوێت بەتەنیا خۆی داهاتووی سوریا دیاریبکات. بە هەزاران چەتەی لەوێ جێگیرکردووە.

لە لیبیا تورک بە دوای چیدا دەگەڕێت؟ دەوڵەتی تورک لە کوێ بێت، کێشەکان گەورەتر دەبن و لەوێ شەڕ دەستپێدەکات. هەربۆیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەو جۆرەیە. کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەزانن بە راستی دەوڵەتی تورک لەچ پێڕ و قوماشێکە. لە دژی دەوڵەتی تورک کاردانەوەیان هەیە. بەڵام راستی دەسەڵاتەکان جیاوازە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی جیهانی سێهەم بە پیلانگێری دەستیپێکرد. لە رێگەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆوە، چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و دیموکراتیکبوونی تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیموکراتیک دەکات. تاکە رێگەی چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوەی دیموکراتیکە، سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. ئەوەش لە پاڕادایمی رێبەرایەتی و پەکەکەدا هەیە. لەم خاڵەدا پەکەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری هەیە. ئەگەر کێشەی کورد بەو شێوازانە چارەسەر بکرێت، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر دەکرێن. دەبێت پەدەکەش بەم جۆرە بیر بکاتەوە و بجوڵێتەوە.

دەبێت رێپێوانێکی مێژوویی سازبکرێت

١٧ی شوبات لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان گردبوونەوەیەکی گەورە سازدەکرێت. لەبارەی ئەو گردبوونەوەیە پەیام و روانینی ئێوە چییە؟

ئەو رێپێوانەی کە ١٧ی شوبات لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا بەڕێوەدەچێت زۆر گرنگە. هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” لەسەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی دۆست و دامەزراوە رژاونەتە گۆڕەپانەکان و هەوێستیان نیشانداوە. ئەمە شکۆمەندی و شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و دۆستانی. پەیوەست بەوەوە لە ١٧ی شوبات رێپێوانێکی گەورە ساز دەکرێت. لە قۆناغی پیلانگێڕیدا کاتێک سەرۆک ئاپۆ چووە رۆما، وەک چۆن بە سەدان هەزار کوردستانی لە ئەوروپاوە روویانکردە رۆما وەک چۆن تەواوی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان راپەڕین، پێویستە هیوا، خۆشەویستی و بڕوای ئەو رۆژە لە خۆیانەوە نیشان بدەنەوە و پێویستە لەمڕۆشدا بەو جۆرە بێت.

پێویستە ژنان، گەنجان، بەتەمەنەکان و هەموو گەلەکەمان لە ئەوروپا لە ١٧ی شوباتدا بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن. چونکە ئەو رێپێوانە کاریگەری لە سەر داهاتوومان دادەنێت. پێویستە بەو وشیارییە، بەو خۆشەویستیە، بەو جۆش و خرۆشە و بەو ورە و پاڵنەرەوە بڕژێنە گۆڕەپانەکان و رێپێوانی مێژوویی ئەنجام بدەن. بە بڕوای من ئەوەی لەم قۆناغەدا بەشدار نەبێت تاوانبارە. بڕوام وایە هەموو کوردێک لەم خاڵەدا رۆڵی خۆیان دەگێڕن. بەم بۆنەوە سەرجەم ئەوانەی لە رێکخستن و ئامادەکارییەکانی ئەم رێپێوانە رۆڵیان هەبووە و هەروەها ئەوانەشی بەشداری لە رێپێوانەکەدا دەکەن، پیرۆزباییان لێدەکەم و سەرکەوتنیان بۆدەخوازم.

هاوبەشی :