خەتیب دیجلە: لەگەڵ گەورەبوونی هەڵمەتەکە، وەک چۆن ئەفریقای باشوور و دی کلێرک بەتەنیا مایەوە بەرامبەر ماندێلا، توركیاش بەتەنیا دەمێنێتەوە!

91
0
هاوبەشی :

خەتیب دیجلە: وەک چۆن ئەفریقای باشوور و دی کلێرکی سەرۆکی لەبەردەم ئازادی ماندێلادا بەتەنیا مانەوە، هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان”یش تورکیای تەنیا کردووە. تورکیا یان ئازادی رێبەر ئۆجالان قەبوڵ دەکات، یاخود تەنیاتر دەبێت.

لە سەروبەندی ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات، تادێت هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد’ کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، دەستیپێکردووە، تادێت فراوانتر دەبێت. ئامانج لە هەڵمەتەکە تێکشکاندنی گۆشەگیری چڕ و ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە رێگەیەکی دیموکراتیک.

لەوبارەوە خەتیب دیجلە سیاسەتمەداری کورد و وتەبێژی هەڵمەتی “ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵمەتەکە لەسەر پێشنیاز و بە پێشەنگایەتی دۆستانی گەلی کورد دەستیپێکردووە و وتی، “مەبەست لە دۆستانمان زۆر کەسایەتی ئەکادیمیک، چالاکوانی سەندیکایی، سیاسەتمەدار، نوسەر، رۆشنبیر و هونەرمەندن لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا بەپێی تەمەنی رێبەر ئۆجالان لە ٧٤ ناوەندی جیهان بە راگەیەندراوی رۆژنامەوانی هاوبەش و هاوکات هەڵمەتەکە دەستیپێکرد، کە دوو پێشنیازی گرنگی “ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد’ لە خۆ دەگرێت و ئەمەش ئامانجی دەستپێشخەریەکە نیشان دەدات.

خاڵێکی گرنگی دیکە برتیە لەوەی کە بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپینە لەو هێز و کەسایەتیانە پێکدێت کە پێشتر لەپێناو ئازادی نێلسۆن ماندێلاشدا کاریان کردووە. بزوتنەوەی ئازادی و گەلی کوردستان لە چوار پارچەکەی بە تەواوەتی خاوەنداری لەو هەڵمەتە دەکەن و تائێستا گۆڕدراوە بۆ قۆناغێکی هەڵمتی سیاسی و دیپلۆماتیک کە هێشتاش بەردەوامە”.

خەتیب دیجلە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هەڵمەتانەی پێشتر لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچووبوون، کاتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراوبوون، واتە تاکتیکی بوون، بەڵام “هەڵمەتەکەی ئەمجارە ستراتیژیکە. واتە هەڵمەتی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئۆجالانە و لە رێگەی هەڵمەتی دیپلۆماتیک و سیاسیەوە بەردەوامە. لە ناوەندی هەڵمەتەکەدا گەل هەیە و لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێک کە دۆستانمان لەوێ چالاکن، بەردەوامە.

لەئێستا بەدواشەوە لە بنچینەی هەموو چالاکیەکاندا ئەو هەڵمەتە بوونی دەبێت. ئازادی رێبەر ئاپۆ وەک ستراتیژێک بەردەوام لە رۆژەڤ و بەرنامەی کارماندا دەبێت و تا ئەنجام بەدەستنەخرێت، هەڵمەتەکە کۆتایی نایات”.

خەتیب دیجلە ئاماژەی بەوەشکرد، کە رێبەری گەلی کورد هەرگیز لە رۆژەڤی گەلی کورد و دۆستانی دانەبڕاوە و وتی، “ساڵیادی ٢٥ەمین واتا و جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیە. بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئەوەی ناکرێت کەسێک زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە زیندان رابگیرێن، واتە مافی هیوا لە ئارادایە. لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤یشدا بەدیلگیرانی رێبەر ئۆجالان ٢٥ ساڵ پڕدەکاتەوە. هەر رۆژێک کە بەسەر ئەوەدا تێپەڕبێت بە واتای ئەوەیە کە تورکیا بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکات. ئێمە لە وەها دۆخێکی گرنگی لەم جۆرەداین.

تورکیا یان دەبێت ئازادی رێبەر ئۆجالان قەبوڵ بکات یاخود بە تەنیا دەبێت و پەراوێز دەخرێت. سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ئەفریقای باشوور درێدریک دی کلێرک لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ‘ ماندێلایەک کە ماوەیەکی زۆرە دژایەتی دەکەن، بۆچی ئێستا ئازادی دەکەن؟’ بەم جۆرە دوابوو: ‘کەوتینە دۆخێکی لەو جۆرە کە لە جیهاندا کەس مامەڵەی لەگەڵمان نەدەکرد. لەبەر ئەوەی بە تەنیا ماینەوە، ناچاربووین کە گۆڕانکاری بنچینەیی لە سیاستماندا ئەنجام بدەین’. تا هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد’ گەورەتر بێت، تورکیاش وەک ئەفریقای باشوور، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پەراوێز دەخرێت و بەتەنیا دەمێنێتەوە.

گەل و دۆستانی کورد دۆخی ‘مافی هیوا’ بەردەوام لە رۆژەڤدا دەهێڵنەوە، خاوەنداری لە رێبەر ئۆجالان دەکەن و ساڵی ٢٠٢٤ دەکەنە ساڵی چارەنووسساز.

تا ئازادی رێبەر ئۆجالان مسۆگەر نەکرێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت، ئاشتی جێگەی شەڕ ناگرێتەوە، ئەمە بەیەکوە بەستراونەتەوە.

لەبەر ئەوە ئەم هەڵمەتە وەک هەوڵێکی درەنگ وەخت نابینم، پێشتر زۆر هەڵمەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەشی ئازادکردنی رێبەرایەتیان نەکرد. هەربۆیە دەبێت دەست بە چالاکی جەماوەری، بەرفراوان و لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بکەین”.

خەتیب دیجلە هێمای بۆ ئەو قەیرانە فرەرەهندانە کرد کە تورکیا گیرۆدەیانە و وتی، “لە قەیرانی ئابووریەوە، تا زۆر قەیرانی سیاسی، لە ژێر زۆر قەیراندایە. تورکیا پێگەی لە دەست داوە. هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانانەش دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، شەڕ، گۆشەگیری و بەدیلگیرانی ناڕەوای رێبەر ئۆجالان. ئەو گۆشەگیرییە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە. دەستەبژێران و رۆشنبیرانی جیهان لە بەردەوام ئەو گۆشەگیرییەی بە سەر رێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە، تووشی شۆک و تاسان بوون.

ئەو دۆخەی تورکیای تێکەوتووە وەک دۆخی ئەفریقای باشوورە کە لەبەرامبەر داواکاری بۆ ئازادی ماندێلا لە جیهاندا بە تەنیا مابووەوە”.

خەتیب دیجلە لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەمووان کرد کە لە ١٧ی شوباتدا لە کۆڵن بەشداری لە رێپێواندا بکەن و وتی، “ئەو هەڵوێستەی لەو رۆژەدا گەلی کورد لەو شوێنە نیشانی دەدات، پێداگری لەسەر ئازادیی رێبەر ئۆجالانیش نیشان دەدات. هەربۆیە ١٧ی شوبات رۆژی خاوەندارییە لە عەبدوڵا ئۆجالان و ئەندێشەکانی”.

هاوبەشی :