ھوشیاری ڕۆشنبیر

136
0
هاوبەشی :

عادل عوسمان
٥ \ ٢ \ ٢٠٢٤

زۆرکات ئەو چەمکەی ڕۆشنبیرمان بەرگوێ کەوتوەو، کە پێداگری لەسەر بوونی ڕۆشنبیر کردوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کام ڕۆشنبیر و چ جۆرە ڕۆشنبیریەک مەبەستە؟ لێرەوەیە دەکرێت ووشەی ڕۆشنبیر لێک بدەینەوە، کە ڕۆشنبیر چ واتایەکی ھەیە؟ ڕۆشنبیر، واتە بیر ڕۆشن، ڕۆشنکەرەوە بۆ بیرکردنەوە لە دۆخی ژیان و ئەو گیروگرفتانەی لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری گشتی ھەیە و خوێندنەوە و چارەسەر کردنی. بۆیە بیر ڕۆشن، پەیوەندی بە ڕۆشنبیریەوە ھەیە. کە ناکرێت ڕۆشنبیر لە بیرکردنەوە و دونیابینی دابڕین. بۆیە ئەو ڕۆشنبیریەی ھەیە بەگوێرەی، بیرکەرەوە و ئەو دونیابینیەی کە لەسەری دامەزراوە پێناسە دەکرێت. ناوھێنانی فەیلەسوف و بیرمەند و ڕۆشنبیر ھۆکاری ڕۆشنبیری نیە! ئەوە ھۆکاری خوێنەربوون و خوێندنەوەیە. ئەگینا ڕۆشنبیریەک کە ھی دەرەکی بێت، نەتوانێت وەڵامی کێشەکانی ڕۆشنبیری خۆجێی بداتەوە، دەبێتە کێشە.
کێشەیەکی گەورە، لە ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیری باشوری کوردستاندا، ئەوەیە کە خۆی بە ناسین و ناوھێنانی بیرمەند، فەیلەسوف و ڕۆشنبیرە، خۆرئاواییەکانەوە ھەڵدەنێت و دەیانخوێنێتەوە و فکرەکانیان کە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی کوردیەوە نیە، بە کۆمەڵگە دەفرۆشێتەوە. یان ئەوەندە تەسک بینانە قسە دەکات و دەنوسێ، کە لەبەر ماڵەکەی خۆیانەوە ئەولاتر ناچێت، یان باشتر بڵێین لە ھەرێمی کوردستان، یان زۆنە جیاوازەکان، یان پارتی دابەشکراو بەسەریدا تێناپەڕێت. بۆیە ئەو پرسیارە لە خۆی و لە دەوروبەرە خوێنەرەکە دەکات، کە، ئایا ئێمە ڕۆشنبیرمان نیە؟ لەوەڵامی پرسیارێکی لەو شێوەیەدا، دەکرێ بڵێین ئەو ڕۆشنبیرەی کە ھەمانە، چرای ڕۆشنکردنەوەی کێشەکانی بیرکردنەوەمان نیە! چونکە ناتوانێت، لە ئاستی تێگەیشتنی دۆزی کورد و کاریگەریەکانی داگیرکاری و مێژووی قوڵی کورد و زاگرۆس و ژیارەکەیدا لەم دەڤەرەدا خوێندنەوە بکات. بەڵکو لە دوو توێی فەلسەفەو جیھانبینی و زانکۆکانی خۆرئاواییدا ھەڵسەنگاندن دەکات، کە نامۆیی بەرھەم دێنێت، نەک چارەسەری بۆیە ڕۆشنبیریەکەی بەگوێرەی کورد، کوردستان، خورھەڵاتی ناوەڕاست، جیھان، ژینگە و گەردوون نیە. بەڵکو ئەو ڕۆشنبیریەیە کە بەگوێرەی سیستەمە دەسەڵاتدارەتیە جیھانیەکەی مۆدێڕنیتەی سەرمایە و کێشەکانی گڵۆباڵیزمە.
ناوی دەیان، فەیلەسوف، ڕۆشنبیر، قوتابخانەی فەلسەفی و ڕۆشنبیری دەناسێت و دەزانێت و ڕیزیان دەکات. لە فەلسەفەی یۆنانەوە دەست پێ دەکات، تا فەلسەفەی نوێ و قوتابخانە جیاوازەکانی. بەڵام ناتوانێت شیکردنەوەیەک لەسەر سیستەمی داگیرکاری لەسەر کوردستان و جیاوازیەکانی پارچەکان و پێگەی ھەریەکیان، لە سیستەمی ھەژمۆنیەت و گڵۆباڵیزمی سەرمایەداریدا شیبکاتەوە. ناتوانێت بە گوێرەی ھوشیاری و جیاوازی سیستەمی دەوڵەت – کۆمەڵگە شیکردنەوە و بیرکردنەوە پێشکەش بکات. کێشە خۆرئاواییەکان دێنێت و دەیکاتە بەری کۆمەڵگەی کوردی و بەناوی ئازادی تاک، لیبراڵیزم، پۆست مۆدێڕن، پۆزتیڤیزم و ژنی ڕووتەوە پێشکەشی کۆمەڵگەی دەکات.
لە کاتێکدا کێشەی کورد و کۆمەڵگەکەی کێشەی تێگەیشتنە لە حەقیقەتی مێژوویی کورد و ناسنامەکەی و ھێرشی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و گڵۆباڵیزمی سەرمایەداری و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئینکار. کاتێک دەگەیتە گفتوگۆ لەسەر دۆزی کورد، پارچەی دەکات و ھەرێمی کوردستان و ڕوانگە تەسکەکەی ھێڵە سیاسیەکەی بەڕووی کۆمەڵگەدا دەداتەوە و لە پێگەی ئەم ستاتۆیە تێنەگەییوە و دەیکاتە نمونەی ڕزگاری و ئیتر بە شێوەی خۆرئاوایی و بونیادە باڵادەستیەکەی دەکەوێتە بەرامبەر ڕۆشنبیریە خۆجێی و جیاوازە کۆمەڵایەتیە، دوور لە دۆگماتیزم و قاڵبگەریەکان.
بێگومان ئەو ھوشیاریەی لە ڕۆشنبیری ئێمەدا پێویستە، تێپەڕاندنی ڕۆشنبیریە قاڵبگەراکانی سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەتە کە سیاسەتی قڕکردن و ئینکاری بەسەر کورداندا سەپاندوە. پەیوەسبوونە، بە ھوشیاری دونیابینی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و تێگەیشتن لە جیاوازی سیاسەتی قڕکردن و پێگەی ھەر بەش و پارچەیەک لە ھاوکاری داگیرکەر و دژە داگیرکەر. بۆیە ئەو ھوشیاری و ڕۆشنبیریەی بۆ ئێمە پێویستە، پەیوەستە بە تێگەیشتنمان لە قوڵایی شیکردنەوە خۆجێی و گەڕانەوە بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆراک پێدەری لانک و سەرلەنوێ پێناسەکراوەی ئەو دونیا بینیە لە ژێر ناوی سۆسیۆڵۆژیای ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا.
لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، شتێک بەناوی دەسەڵات، دەوڵەت، حکومەت، پۆلیس، کاریزما و ھێزەکانی باڵادەستی نیە. کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خاوەنی زمان و دەربڕین و تێگەیشت و ڕۆشنبیری خۆیەتی. سەیری نەگبەتی، نەھامەتی و بێ ئاکامیەکانی تێکۆشانی گەلی کوردی کردوە و بینیویەتی ڕەنجێکی زۆر، قوربانی و خوێنڕشتنێکی زۆر، بەڵام پارچەگەر، بێ ئاکام و لە کۆتاییدا تێکشکاو. ھۆکارەکانی ئەو بێ ئاکامی و تێکشکانەی بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ژیاری زاگرۆس، تۆرۆس، میزۆپۆتامیا شیکردوەتەوە، خستویەتیەوە سەر ڕەوڕەوەی مێژوویی خۆی و تیۆریزەی کردوە و بوەتە بنەمایەکی فەلسەفی گەردوونی. لەژێر ناوی دونیابینی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و گەردوونی و بۆ ئەوەش، زمان و ھوشیاری خۆی پێشخستوە.
بۆیە کاتێک دەڵێین ڕۆشنبیری، پێویستە بە گوێرەی جیاوازی ئەو دوو ھوشیاریە پێناسەی ڕۆشنبیری و کایەکانی ڕۆشنبیری و کەسێتیەکەی بکەین. کاتێک ئەو چوارچێوە تێگەیشتنیەمان تێپەڕاند و گشتاندنمان بۆکرد. ئەو کات ڕۆشنبیریەکەمان، ڕۆشنبیریەکی دەرەکی و دامەزرا و لەسەر ھوشیاریە خۆرئاوایی و،دەرەکیەکان دەبێت و پەیوەستی کۆمەڵگەی ئێمە نابێت. ئەوەی بۆ ئێمە و مرۆڤایەتی پێویستە ھوشیاری کۆمەڵایەتیە، بۆیە ڕۆشنبیریەکەشی پێویستی کۆمەڵایەتی دابین دەکات.
ڕیزکردنی ناوەکانی، ھیگل، ئادام سمیس، ئالان دینۆ، جۆن دێوی، پۆپەر، فرۆید و زۆری تر، کە باسەکانیان لە ئاستی چارەسەرکردنی حوکمڕانی دەسەڵاتداراندایە، نەک چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکان و نوخبەی دەسەڵات و خۆسەپێنیەکانیان، ئەوان بۆ فەزای باڵادەستی چەمکە دروستکراوەکانی وەک، خەڵک سالاری، حکومەتی فەزیلەت، حوکمڕانی شایستە، دەسەڵاتی دیموکرات و پەرەپێدانی باڵادەستیەکان پێشخراون، یان بوونەتە فەیلەسوف و ڕۆشنبیری ئەو فەزایە. بۆیە ئەوان بێگانەن بە کۆمەڵگە و کێشەکانی دەسەڵاتدارەتی و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵات، دەوڵەت و سەر ڕێخستنی کۆمەڵگەی ھەرەوەزی دیموکراتیک. ئەو ڕۆشنبیریە ئەسڵەن بێگانەیە بە تێگەیشتن لە پرەنسیپ و میکانیزمەکانی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بۆیە کاتێک باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەیت، تووشی سەرەگێژە دەبن و دەکەون بە ئەرزدا. وەک ئەوەی سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت ئەزەلی و ئەبەدی بێت.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک خاوەنی پرەنسیپ، ڕێ و ڕێبازی بەڕێوەبەریەکی ئازاد و ناسراوی جیاوازیە کۆمەڵایەتی – سروشتی – ژینگەیی و گەردونیەکانە. بۆیە پرەنسیپی بەڕێوەبردنیشی ھەم خۆسەرە، ھەم ھەرەوەزیە، ھەم ناسنامە جیاوازەکان دەناسێ و مەیلدارە بە خۆ گوزارشت کردنیان، ھەم مەیلدارە بە بەڕێوەبەریەکی پێکەوەیی و ھەرەوەزی و یەکیەتیە جیاوازەکان. ئەم ڕۆشنبیریەی کە لەسەر ئەم ھوشیاریە دامەزرابێت، ناتوانێت، دیموکراتیک، کراوە و پێکەوەیی نەبێت. بۆیە کایە ڕۆشنبیریەکەشی جیاوازە لە کایە ڕۆشنبیریە نامۆکان. ئەم ڕۆشنبیریە مرۆڤ نامۆ ناکات بە خۆی، بەڵکو وەک خۆی لێدەکات. واتە وەک خۆی پێناسەی دەکاتەوە و دەیژیەنێتەوە. دەورو پێگەکەی دەناسێنێتەوە بە خۆی و لە کایەی ژیاندا پێناسەی دەکاتەوە و دەیکاتە فیگەری بەڕێوەبەری و بەشداری.
پرسی ڕۆشنبیری چەندە پرسی کەسێتیە، هێندەش پرسی کۆمەڵایەتی و دونیابینیە. ڕۆشنبیری بۆچی و چ ئامانجێک ئاراستە دەکرێت. بۆیە ئەوەی لە باشوری کوردستاندا پێشکەش دەکرێت، تێکەڵەیەکی گشتاندنی هوشیاریەکە کە خود نامۆ بوون بەرهەم دێنێت. پەیوەستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی باشوری کوردستان نیە. بۆ نمونە منداڵێک لە قوتابخانەیەکی سلێمانی کۆچی دوایی دەکات، لەبری ئەوەی ببێتە هەستیاریەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارەتی دەبێتە بابەتی ڕاگەیاندنی ڕەشکردنی دەسەڵاتدارانی زۆنەکە. ئەوە نمونەیەکە لە هەزاران نمونەی نابەرپرسیاری و تێکەڵکردن و خراپکردنی دیاردەو ڕوداوەکان. بۆیە ڕۆشنبیریەک لەم هەرێمە هەیە دابڕاوە لە تەواوی کێشەکانی نەتەوەیی و دیموکراسی و پێکەوەژیان.
دۆزی کورد، دۆزی گۆڕینی زهنیەتی داگیرکراوی و داگیرکاری و خودبابەتی تەسلیمیەت و وەرچەرخانی زهنیەتە، بە ئاراستەی هوشیاری و ئامادەکردنی کەسێتی ڕۆشنبیری دیموکراتیک و بەرپرسیار بە دۆزە زهنی و ڕێگریە ڕۆشنبیریەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی و ئازادی گەل و کۆمەڵگەوە. کە دەستە و تاقم و بنەما داگیرکاری و دەسەڵاتخوازیەکانی تێپەڕاندوە. بۆیە ڕۆشنبیری گرێدراوی ئەو هوشیاری و دونیابینیەیە کە لەسەری دامەزراوە. ڕۆشنبیریەک کەلەسەر بنەمای خۆرئاوایی و ئۆریانتاڵیزم دامەزرابێت. هەر ئەوەی لێ شین دەبێت کە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لێی تێگەیشتوە کە ئەوروپا بەهەشتی خەونەکانەو هەر مرۆڤ و خانەوادەیەک هەوڵی گەیشتن بەو بەهەشتە دەدات و خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەی خۆی هەرزان فرۆش دەکات و لە ژینگە و ووڵاتەکەی دادەبڕێت و ھەڵدێت. بەڵام هوشیاری خۆجێی و نەتەوەیی ئەوەیە کە خاوەنداری لە خۆو نیشتیمان و کەسێتی ئازادی خۆی دەکات و پابەندی پاراستنی زێد و ژینگە دەبێت و دەڵێت “کاتێک خاک لە ژێر پێماندا هەڵهات، ئەو کات ئێمەش هەڵدێین” بۆیە هوشیاریەکی لەم شێوەیە ڕۆشنبیریەک بەگوێرەی ئەم هوشیاریە پێش دەخات کە جیایە لەو ڕۆشنبیریە مەرگاوەرە.

هاوبەشی :