هێزەکانی رزگاری عەفرین تۆڵەیان کردەوە: ٢٠ داگیرکەری سەر بە دەوڵەتی تورک کوژران

155
0
هاوبەشی :

لە راگەیەندراوێکی هێزەکانی رزگاری عەفریندا هاتووە، کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زنجیرە چالاکیەکی بەرپەرچدانەوەیان ئەنجامدا و ٢٠ داگیرکەریان بە سزاگەیاندووە.

فەرماندەیی هێزەکانی رزگاری عەفرین لە بارەی چالاکیەکان کە ٣٠ کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی باسلێی ناوچەی شێراوای عەفرین ئەنجامدرا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، کە لە سەر هەژماری فەرمی تێلیگرامی هێزەکانی رزگاری عەفریندا بڵاوکراوەتەوە لەبارەی هێرشەکانی داگیرکەران و چەتەکانیان راوەستە کراوە و ئەم زانیارییە بڵاوکراوەتەوە:

“دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتە جیهادیستەکانی داعش کە دەووڵەتی تورک لەخۆی گرتوون، لەو رۆژەوەی عەفرینیان داگیرکردووە تا ئێستا لە سەر گەلەکەمان سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی پەیڕەو دەکەن. هێزە داگیرکەرەکان کە بەسەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێمەیان لە زێد و ماڵوحاڵیان دەرکردووە، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان. ئەو دوژمنەی کە بە هەزاران کەس لە خەڵکەکەمان کوشتووە، هەموو رۆژێک هێرش دەکاتە سەر بەها پیرۆزەکان و سوکایەتیان پێدەکات. داگیرکەر و چەتەکانی لە بەرامبەر کوردان لە عەفرین و گوندەکانی سیاسەتی قڕکردن جێبەجێ دەکەن، تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن. خەڵکی ئەو ناوچانە دەڕفێنن، هەوڵ دەدەن بە خوڵقاندنی کەشێکی دەرونی پڕ ترس و تۆقاندن خەڵکەکەمان بێدەنگ بکەن. داگیرکەران سەرباری ئەو هەموو پێشێلکاریانە، داری زەیتونی سەدان ساڵە کە سەرچاوەی بژێوی خەڵکەکەمان دەبرنەوە، قڕکردنی ژینگە ئەنجام دەدەن و بەم جۆرە هەناسەی گەلەکەمان دەبڕن.

داگیرکەران نەک هەر لە عفرین، لە بەرمابەر گەلەکەشمان کە لە عفرینەوە کۆچبەر بوون هێرش ئەنجام دەدەن. گەلەکەمان کە لە عەفرینەوە بەرەو حەڵەب و شەهبا کۆچبەر بوون رووبەڕووی هێرشی چەتە جیهادییەکان، هێرشەکان بە تۆپ و فرۆکە دەبنەوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بە سەدان مرۆڤی ئێمە ژیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لەم ماوانەی دواییدا لە بەرامبەر ئەو ناوچانەی گەلەکەمانی تێدا دەژی، هێرشەکانی دوژمن زیادیان کردووە. بە تایبەت بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەیان کەس لە خەڵکەکەمان کە ژن و منداڵیشیان تێدایە شەهیدبوون. ئەو کۆمەڵکوژیانە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامدران و هیچ هێزێک لە بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکەران دەنگیان لێدەرنەهات”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هێزەکانی رزگار عەفرین وەک هێزی پاراستنی گەل لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نابێت، چالاکییەکانی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام دەدەن. راگەیەندرا کە لە چوارچێوەی ئەو چالاکیانەدا لە ٣٠ی کانونی دووەم شەڕڤانانی هێزەکانی رزگاری عەفرین لە بەرامبەر بارەگایەکی سوپای داگیرکەر لە گوندی باسلێی ناوچەی شێراوا، چالاکییەکی گیانبازانەی بەرفراوانیان ئەنجامداوە و ئەم زانیاریانەی خستووەتەڕوو:

“هاوڕێیانمان بە بڕیاردارییەکی گەورەوە چوونە سەر دوژمن، گورزی قورسیان لە هێزەکانی دوژمن وەشاند. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ١٢ سەربازی تورک و ٨ چەتە کوژران و ٨ سەرباز و ١٥ چەتەش برینداربوون. لەو چالاکیەدا هەروەها دۆشکایەک، سەنگەرێکی چەکی قورس و دوو کامێرای حەراری لەناوبران، ١٨ سەنگەریش وێران کران”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەو چالاکیەکەدا ٥ شەڕڤانی هێزەکانی رزگاری عەفرین شەهیدبوون و ئەوەش خراوەتەڕوو، “هاوڕێیانمان بە شێوەیەکی گیانبازانە چوونە سەر دوژمن، بە قارەمانی شەڕیان کرد و گەیشتنە کاروانی شەهیدان. دواتر ناسنامەی هاوڕێیانمان کە شەهید بوون بۆ رای گشتیی رادەگەیەنین”.

هاوبەشی :