هەپەگە: هاوڕێیانمان بەرچەم، ژیان، رۆستەم، شاهین و جوان شەهید بوون

163
0
هاوبەشی :

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ٥ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی شەهیدبوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە کە گەریلا بەرچەم ئوموت (سوزان دومان)، رۆستەم ئارپێت (ئۆرهان یاقوت)، شاهین نودا (بەدران گۆکدەمیر)، جوان منبج (ساڵح تۆفیق) و دیلان تونچ (ژیان تیمۆقی) لە مەتینا لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون.

لە راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بەو پێنج گەریلایەی شەهیدبوون ئەم زانیارییە راگەیەندراوە:

“دەوڵەتی قڕکەری تورک تاوەکو شکستی خۆی بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان بشارێتەوە، هەموو جۆرە ڕێگەیەک دەگرێتەبەر، لەبەرامبەر ئیرادەی بەهێزی جەنگاوەری ئاپۆیی ناگاتە ئامانجەکانی. دەوڵەتی قڕکەر چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنێت و بەم جۆرە تاوانی شەڕ دەکات. هاوڕێیانمان بەرچەم و ژیان و ڕوستەم و شاهین و جوان لە هێرشی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی شەهید بوون. هاوڕێمان ژیان لە شەڕی دژی دوژمندا، بە بوێرییەکی مەزنەوە شەڕی کرد و شەهید بوو. لەبەرئەوەی سوپای داگیرکەر بەرامبەر لێوەشاوەیی تاکتیکی و پسپۆڕی شەڕ و پێرفۆرمانسی بەرز و بوێری گەریلاکانی ئازادی کوردستان گیری خواردووە، ئەنجامی بەدەست ناهێنێت و لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکییەوە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. ئەمەش بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بێچارەیی سوپای داگیرکەرە.

هاوڕێیانمان بەرچەم و ڕوستەم و شاهین و جوان و ژیان شوێنکەوتووی ئەو میراتی بەرخۆدانی داستانئامێزە بوون کە لە هەرێمی مەتینا و لە تونێلەکانی شەڕدا بە پێشەنگایەتی ڕێبەر و هەژار و نوری و ئاماراکان ئافرێندرا. هاوڕێیانمان جارێکی تر لە تونێلەکانی شەڕ لە چیای ئۆرتێ مێژوویان نووسیەوە. ئەم جەنگاوەرە ئاپۆییە هێژاییانە، بە هەڵوێستی پێداگرانەیان لەسەر هێڵی پەکەکە و پاژک لە دژی هێرشەکانی دوژمن، ئامانجیان سەرکەوتن بوو و بە باوەڕی ئازادی گەلەکەمان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێگەیاند.

سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژاکانیان دەکەین کە جەنگاوەری هێژای وەک بەرچەم و ڕۆستەم و شاهین و جوان و ژیانیان بەخشییە تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان، هەروەها سەرەخۆشی لە گەلی وڵاتپارێزی کورد و عەرەبمان دەکەین.

زانیاریەکان دەربارەی ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکانمان بەم جۆرەیە:

1- ناسناو: بەرچەم ئوموت

ناو و پاشناو: سوزان دومان

شوێنی لەدایکبوون: جولەمێرگ

ناوی دایک-باوک: پەرێشان-محەمەد تاهیر

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣/مەتینا

 

2-ناسناو: ڕۆستەم ئارپێت

ناو و پاشناو: ئۆرهان یاقوت

شوێنی لەدایکبوون: وان

ناوی دایک-باوک: فازیڵە-فەیزوڵا

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣/مەتینا

 

3- ناسناو: شاهین نودا

ناو و پاشناو: بەدران گۆکدەمیر

شوێنی لەدایکبوون: موش

ناوی دایک-باوک: سەلیمە-ئیلهامی

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣/مەتینا

 

4- ناسناو: جوان مەنبەج

ناو و پاشناو: ساڵەح تۆفیق

شوێنی لەدایکبوون: مەنبەج

ناوی دایک-باوک: خاڵسە-تۆفیق

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣/مەتینا

 

5- ناسناو: ژیان تیمۆقی

ناو و پاشناو: دیلان تونچ

شوێنی لەدایکبوون: ئێلح

ناوی دایک-باوک: تورکیا-شەمسەدین

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ٢٦ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣/مەتینا

بەرچەم ئوموت

هاوڕێمان بەرچەم لە شاری جولەمێرگ هێندەی چیاکانی کوردستان سەرهەڵدەر و بەرخۆدەر لەنێو بنەماڵەیەک لە عەشیرەتی وڵاتپارێزی مارینۆس لەدایکبوو. هاوڕێمان بەرچەم لەگەڵ چاندی دیرینی کوردایەتیدا گەورە بووە، کە بنەماڵەکەی لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ هێناویەتی. کەسێتییەکی بەگوێرەی جەوهەری خۆی بەدەستهێنا. دوای ئەوەی خۆی ناسی، خاوەنداری لە هەموو ئەو بەهایانە کرد کە ئافراندیان. هاوڕێکەمان وەک هەموو گەنجێکی دیکەی کوردستان شاهیدی ڕاستی دەوڵەتی تورک بوو. لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەردا، خاوەنداری زیاتری لە زمان و چاند و ناسنامەکەی کرد. هاوڕێمان بەرچەم لە شارێکدا کە گەلی بەرخۆدەر و تێکۆشانی ئازادی تێدا زاڵە، ژیا. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی تەڤگەرەکەمان بناسێت و وەک ژنێکی بەرخۆدەری کورد کەسایەتی بەدەستبهێنێت. هاوڕێمان بەرچەم هەرگیز ئەو قاڵبە پاشڤەڕۆ و تەقلیدیانەی قبوڵ نەکرد کە جڤاک بە ژنانی دەبەخشی و هەمیشە بەدوای ئازادیدا دەگەڕا. بەرامبەر بەو دڕندەییانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن، هەردەم توڕەییەکی مەزنی هەبووە. هاوڕێمان بەرچەم پاش ناسینی ڕاستی ژن کە لەسەر بناغەی پێکهێنەرەکانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکخستووە و دژی پیاوسالاری ڕاپەڕيوە، باوەڕی هێنا بەوەی هیوا لە چیاکانی کوردستان شین بووە. بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی چوونە ڕیزەکانی گەریلا و شەهیدانەوە. ئەمەش هۆکارێکی کاریگەر بوو لەسەر هاوڕێمان بەرچەم و پەیوەندی بە تێکۆشانەوە کرد. هاوڕێمان بەرچەم لەسەر ئەم بناغەیە تاوەکو شایستەی شەهیدانی ئافرێنەری هەموو بەهاکان، هەروەها بۆ ئەوەی وەک ژنێک باوەش بۆ ژیانێکی ئازاد بکاتەوە، ساڵی ٢٠١٤ ڕوویکردە چیاکانی کوردستان و هاتە ڕیزەکانی گەریلاوە.

هاوڕێمان بەرچەم پەروەردەی سەرەتایی لە خواکورک وەرگرتووە و وەک ژنێکی چیایی لە ماوەیەکی کورتدا فێری ژیانی چیا بووە بەو پێیەی نامۆ نەبووە بە ژیانی چیا. هاوڕێکەمان زۆر کاریگەر بووە بە هاوڕێیەتی گەریلا، بەتایبەتی بەوەی کە هەموو هاوڕێکان هەست بە یەکتر دەکەن و لە یەکتر تێدەگەن و لە هەموو شتێک زیاتر بەها بە یەکتر دەبەخشن. بۆ ئەوەی ببێتە هاوڕێیەکی لەم جۆرە، هەوڵێکی مەزنی دا. هاوڕێکەمان تێگەیشت کە بۆ ئەمە دەبێت کەسایەتییەکی ئاپۆیی بەدەست بهێنێت و بۆیە زیاتر سەرنجی دایە پەروەردەی ئایدۆلۆژیی. هەرچەندە پێشتر ئاشنای ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەڵام زۆر دڵخۆش بوو کاتێک بۆ یەکەمجار دەنگی ڕێبەرێتی لە پەروەردەدا بیست و ساڵانێک بوو ئەم خۆشییەی لەبیر نەکرد، هەمیشە وەک بەنرخترین ساتی ژیانی لەبیری بوو. هاوڕێکەمان بە نرخاندنەکانی ڕێبەرێتی دەربارەی ئازادی ژنان، زیاتر زانستی خۆی لەبارەی ڕەگەزەوە پەرەپێدا و بەو هێزەی کە لەم پەروەردەیە بەدەستی هێنابوو دەستی بە پراکتیک کرد. هاوڕێمان بەرچەم ماوەیەکی زۆر لە گۆڕەپانەکانی خواکورک و قەندیل و مەتینا خەباتی کرد و دواتر ڕووی کردە شەنگال بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی لەپێناوی ڕزگارکردنی گەلی ئێزیدیمان لە ستەمی داعش. هاوڕێکەمان لێرەدا بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری شەڕی چەتەکانی کرد و بۆ ڕزگارکردنی گەلی ئێزدیمان تێکۆشا. هاوڕێمان بەرچەم ئەزموونێکی بەرچاوی لە بواری سەربازی لە گۆڕەپانی شنگال بەدەستهێنا، بۆیە کاتێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا زیاتر بوو، پێداگری کرد لەسەر چوون بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. دوای ئەوەی پێشنیازەکەی قبوڵکرا، هاوڕێمان بەرچەم بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چووە چیاکانی کوردستان، بۆ فێربوونی پراکتیکی شەڕی سەخت و پسپۆڕبوون لە تاکتیک و شێوازی گەریلای هاوچەرخ، چووە ئەکادیمیای شەهید ئیبراهیم بۆ وەرگرتنی پەروەردەی سەربازی و ئایدۆلۆژی. هاوڕێکەمان لە کاتی پەروەردەی تاکتیکی گەریلای هاوچەرخدا، ئەوەندەی باوەڕی قووڵتر بوو بەوەی گەریلا بەو تاکتیکە نوێیانە سەردەکەوێت. هاوڕێکەمان دەیویست باوەڕەکەی لەڕێگەی خەباتی پراکتیکیەوە تاجدار بکات و ببێتە جەنگاوەری سەرکەوتوو، ویستی ببێتە خاوەن ڕۆڵ و ئەرک بۆ بەدیهێنانی ئازادی گەل و کۆتاییهێنان بە بەدیلگرتنی ڕێبەرێتی. لەهەمانکاتدا هاوڕێکەمان بڕیاریدا لەسەر هێڵی ئازادی ژنان زیاتر قووڵ ببێتەوە و ویستی بە پێی ئەرکی پێشەنگی گەریلاکانی یەژاستار بەشداری هەبێت. هاوڕێمان بەرچەم پەروەردەی لەم بوارەدا خستە پراکتیکەوە، بە هاوڕێتی بەهێز و کەسێتییە بەهێزەکەی، بووە گەریلایەکی یەژاستار کە هەموو هاوڕێکانی دەیانویست هاوشانی خەبات بکەن. خوشکە گەورەکەی، هاوڕێمان خویندا مارینۆس (ئایسەل دومان) ٢٠ ی ئاداری ٢٠١٨ لە گابار شەهید بوو، ئەم شەهیدبوونە بووە هۆکاری تووڕەبونی زیاتری هاوڕێمان بەرچەم بەرامبەر دوژمن.

هاوڕێمان بەرچەم کە بە سەرکەوتوویی پەروەردەی تەواو کرد، پاش پەروەردە سەرەتاییەکان، ئەرکێکی لە تیمە گەڕۆکەکانی گەریلا وەرگرت، کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی تاکتیکی گەریلای هاوچەرخ. هاوڕێمان بەرچەم لەگەڵ تیمەکەیدا لە زۆر گۆڕەپاندا کە هێرشی داگیرکەری تێدا زیادی کردبوو، بەشداری پراکتیک کرد. بەشداری زۆر چالاکیی دژ بە دوژمن کرد و هەوڵی دەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک جێبەجێ بکات. هاوڕێکەمان بە ئازایەتی لە چالاکییەکاندا بوو بە مایەی هێز بۆ هەڤاڵانی. لە هەمان کاتدا توڕەیی خۆی بەرامبەر بە دوژمن بە سەرکەوتووترین شێوە لە چالاکییەکاندا نیشان دا. دوای پراکتیکە سەرکەوتووەکانی لە تیمە گەڕۆکەکانی گەریلادا، ڕووی لە هەرێمی مەتینا کرد. هاوڕێکەمان چووە تونێلەکانی بەرخۆدان لە گۆڕەپانی چیای ئۆرتێ. هاوڕێمان بەرچەم میراتی بەرخۆدانی تونێلەکانی شەڕی گرتە ئەستۆ، ئەو میراتەی لەلایەن زۆرێک لە هاوڕێیانی فیداکارمانەوە بە ڕەنج و فیداکاری ئافرێنرا. ئەو هەم وەک پێویستییەکی دڵسۆزی بۆ یادی هاوڕێکانمان و هەم بە باوەڕەکەی کە “تونێلی شەڕ کلیلی سەرکەوتنە” بەشداری لە بەرخۆدانی مێژووییدا کرد. هاوڕێمان بەرچەم لەگەڵ هاوڕێکانی وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێکی دوژمنی دایەوە بۆ سەر ناوچەی چیای ئۆرتێ و بەرخۆدانێکی پیشاندا کە لە مێژووی تونێلی شەڕی ئێمەدا جێ دەگرێت. دەوڵەتی قڕکەری تورک کە بەرامبەر بەرخۆدانی هاوڕێیانمان لە چیای ئۆرتێ بێچارەیە و هەر ڕۆژێک زیاتر لە شکست نزیکتر دەبێتەوە، جارێکی دیکە ڕاستی دڕندانەی خۆی ئاشکرا کرد و بە چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی هێرشی کردە سەر تونێلی شەڕی هاوڕێیانمان. لەم هێرشە نامەردانەدا، هاوڕێمان بەرچەم تا دوا هەناسە گرێدراوی میراتی بەرخۆدان بوو، لەگەڵ شەهیدبوونی، تێکۆشانی خۆی گەیاندە لوتکە.

ڕۆستەم ئارپێت

هاوڕێمان ڕۆستەم لە ناوچەی وەستانی وان لەنێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و دڵسۆزی چاند و نەریتی کورد لەدایکبوو. بەو ئەخلاقە جڤاکییەی لە بنەماڵەکەیەوە وەری گرت گەورە بوو، لە تەواوی ژیانی گرێدراوی ئەو چاند و ئەخلاقە مایەوە. هاوڕێمان ڕۆستەم لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لەگەڵ هاتوچۆی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە گوندەکەیان، پارتەکەمان، پەکەکەی ناسی. هاوڕێکەمان لەم ساڵانەدا سەرسام دەبێت بە گروپە گەریلاکان و شێوازی ژیانی گەریلاکان و هاوسۆزییەکی گەورەی بۆ پەیدا دەبێت بەرامبەر بە گەریلا. هەر لەو ساڵانەدا خوشکە گەورەکەی کە هاوڕێمان بەهار بوو، پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی هاوڕێمان ڕوستەم بە هەموو بوونی خۆیەوە دڵسۆزی گەریلا بێت. ئیتر بۆ هاوڕێمان ڕوستەم گەریلا بووە ئامانجێکی پیرۆز و دەبێت پێی بگات. لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا خۆشەویستی هاوڕێمان ڕوستەم بۆ گەریلا پەرەی سەند. ژیان و تێکۆشانی گەریلای کردە ڕۆژەڤی سەرەکی ژیانی خۆی. وەک هەموو کوردێک کە لە کوردستان دەژی، شاهیدی ڕاستی دوژمن بوو. هاوڕێمان ڕوستەم زۆر بەخێرایی لەو سیاسەتەی قڕکردن تێگەیشت کە دوژمن دژی گەلەکەمان بەڕێوەی دەبات. بۆیە پێی وابوو قوتابخانەکانی تورک هیچی پێ نابەخشێت و قوتابخانەکەی لە نیوەدا جێهێشت. لە تەمەنێکی بچوکەوە دەستی بە کارکردن کرد لە شارە گەورەکانی تورکیا بۆ ئەوەی هاوکاری خێزانەکەی بکات. هاوڕێکەمان لێرە باشتر لەوە تێگەیشت کە ئەو کەسانەی بە زیهنیەتی دەوڵەتی تورک گەورە بوون، چۆن لە گەلی کورد دەڕوانن. بەڵام هاوڕێکەمان هەرگیز تەسلیمی فشار و ئەشکەنجەی دوژمن نەبوو و هەموو فشارەکانی دوژمن بوونە هۆی ئەوەی کە زیاتر تێبکۆشێت. خوشکە گەورەکەی کە هاوڕێمان بەهار بوو، لە ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی ئامەد شەهید بوو، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر هاوڕێمان ڕۆستەم هەبوو. ساڵانێک خەونی ئەوە بوو خوشکە گەورەکەی ببینێت. شەهید بوونی خوشکەکەی لە شەڕی دوژمندا، هاوڕێمان ڕۆستەمی هێندەی تر لە دوژمن توڕە کرد. ئەو هێرشە قڕکەرانەی کە چەتەکانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٤ دژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و شەنگال ئەنجامیان دا و لە هەمان کاتدا شەهید بوونی هاوڕێیانمان و گەلەکەمان، هۆکاری بەشداری کردنی هەڤاڵانمان ڕۆستەم بوون. هاوڕێمان ڕوستەم بە وردبوونەوەیەکی قووڵەوە چووە چیاکانی کوردستان و چەکی خوشکە گەورەکەی هەڵگرت و ڕۆڵی لە تێکۆشاندا بینی.

هاوڕێمان ڕۆستەم کە لە هەرێمی فەراشین پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد، لێرەوە گەیشتە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوڕێکەمان پەروەردەی سەرەتایی لە هەرێمی مەتینا وەرگرت و بەو پەروەردەیەی وەریگرت، لە ماوەیەکی کورتدا هەموو زانیارییە پێویستەکانی بۆ ژیانی چیا و گەریلا فێربوو. هاوڕێمان ڕۆستەم هیچ کێشەیەکی نەبووە لە فێربوونی ژیانی چیا، چونکە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونی سرووشت گەورە بووە. بەشدارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆشی هەبوو. لە هەمان کاتدا هاوڕێکەمان زۆر کاری کرد بۆ ئەوەی هاوڕێیانی تریش فێری ژیانی گەریلا بن و هەر لە سەرەتای گەریلایەتیشەوە بە دەسپێشخەریی چالاکانەی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. لە قۆناغی پەروەردەدا هاوڕێمان ڕۆستەم توخمە گشتییەکانی شەڕی گەریلا و فەلسەفەی ڕێبەرێتی فێربوو. تاوەکو ئەوەی فێری بووە بیکاتە پراکتیک، هەردەم ڕەنجی دەدا. لەم ڕووەوە ڕەنجێکی گرنگی دا. پاش تەواوبوونی قۆناغی پەروەردە، دیسان چووە ڕیزی پراکتیکەوە لە هەرێمی مەتینا. هاوڕێمان ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە. لە مەتینا لەناو ئەو خەباتەی پێویستی بە باوەڕ و هەڵوێستی ئایدۆلۆژییە جێی گرت و بە بەشدارییەکەی لەم قۆناغەدا، بۆ هەموو هاوڕێکانی بووە نموونەی جەنگاوەر. هەموو ڕۆژێک خۆی پێشخست و ویستی بەشداری شەڕ بکات. لەناو خەباتە یەکلاکەرەوە و گرنگەکانی پارتی پەکەکەماندا جێی گرت. لەسایەی زانین و خولیا و ئایدۆلۆژیاکەیەوە، لەم خەباتانەدا بەشدارییەکی سەرکەوتووی هەبوو. لە چەندین هەرێمدا ئەرکی ڕاپەڕاند.

لە ساڵی ٢٠٢١دا دەوڵەتی تورکی قڕکەر بە ئامانجی پاکتاوکردن هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، هاوڕێمان بۆ ئەوەی لە دژی ئەو هێرشانە ببێتە وەڵامدەرەوە روویکردە هەرێمی مەتینا و لەوێ بەشداری لە چالاکیەکان لە دژی دوژمنی کرد و دوای چالاکیە سەرکەوتووانەکانی رووی کردە تونێلەکانی شەڕ لە شاخی ئۆرتێ و لەوێ درێژەی بە چالاکیەکانیدا.

دەوڵەتی تورکی قڕکەر کە وێڕای هەموو تەکنەلۆژیای خۆی نەیتوانی ئیرادەی هاورێمان رۆستەم و هاوڕێیانی بشکێنێت، بە شێوازێکی نامەردانە بە چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی بە چڕی تونێلی شەڕی هاوڕێیانمانی بۆردومان کرد. هاوڕێمان رۆستەم لە بۆردومان و تەقینەوەکاندا، تا کۆتا هەناسە سازشی لە سەر کولتوری بەرخودان نەکرد و بە قارەمانێتی شەهیدبوو.

شاهین نودا

هاوڕێمان شاهین لە ناوچەی گمگمی موش لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایکبوو. بە هۆی وڵاتپاڕێزی بنەماڵە و دەوروبەرەکەی، هاوڕێمان شاهین لە تەمەنێکی کەمدا پارتەکەمان پەکەکەی ناسی . هاوڕێمان کە بە چیرۆکی قارەمانێتی گەریلاکان گەورەبوو، گەریلای وەک قارەمانی منداڵی خۆی پێناسە دەکرد و ئەوەی بە ئامانج گرت کە خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستە. هاوڕێمان شاهین کە گرنگی گەریلای بۆ ئازادی گەلەکەمان لە چیرۆکەکانەوە بیستبوو و درکی پێکردبوو، بەوهۆیەوە هەموو کات گەریلای وەک پیرۆزییەک دەبینی. لەگەڵ گەورەبوونی باشتر راستی دوژمنی ناسی، بە تایبەتی لە خوێندنگەی دەوڵەت ئەو راستیەی روونتر بینی. هاوڕێمان کە تێگەیشت یەکەم ئەرکی خوێندنگەکانی تورک لە کوردستان تواندنەوەی منداڵانی کورد و دوورخستنەوەیانە لە جەوهەری خۆیان و لەو رێگەوە ئەوان لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەیان دووردەخەنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەستی لە خوێندنگە هەڵگرت. هاوڕێمان شاهین کە زۆربەی کاتەکانی لە هاوکاریکردنی بنەماڵەکەی لە گوندەکەیان بەسەر برد، هەموو ئەزمونی ژیانی کۆکردەوە. هاوڕێمان لە تەمەنی هەرە گەنجیدا چیتر نەیتوانی بەرامبەر بە هێرشەکانی دوژمن پشوودرێژ بێت و کەوتە ناو پەیجوورییەوە. هاوڕێمان شاهین کە وەک گەنجێکی کورد درکی بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە گەلەکەمان کرد، بڕیاریدا کە بەشدار بێت لە تێکۆشاندا. بەشداربوونی هاوڕێ و کەسانی دەوروبەری بۆ ناو ریزەکانی گەریلا کاریگەری لەسەر دانا و وایکرد کە بڕیاری خۆی بدات. لە سەر ئەو بنەمایە ساڵی ٢٠١٥دا لەو کاتەی دوژمن لە دژی گەلەکەمان و بزوتنەوەکەمان پلانی ‘رووخاندن و تێکشکاندن’ی خستەبواری جێبەجێکردنەوە، هاوڕێمان شاهین بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمن بڕیاریدا کە بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا بکات. لەسەر ئەو بنەمایە هاوڕێمان لە گۆڕەپانی بۆتان بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد.

هاوڕێمان کە پەروەردەی سەرەتایی و ئەزمونی سەرەتایی گەریلایەتی خۆی لە هەرێمی بۆتان وەرگرت هەر ئەو ساڵە پەڕیەوە بۆ گۆڕەپانی هەفتانین لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. هاوڕێمان کە لە هەفتانین لە رووی ئەکادیمیکەوە پەروەدەی شەڕڤانی نوێی بینی، لەو پەروەردەدا کە بینی لە پارتیبوون، ژیانی چیای و هونەری گەریلادا ئەزمونی گرنگی بەدەستهێنا. سەرباری ئەوەی پێشتر ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆی ناسیبوو، بە پەروەدەی خۆی لە چیا زیاتر لە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا قووڵبووەوە. بەو هێز و ورەیەی لە قۆناغی پەروەردە وەریگرت بەشداری لە خەباتی پراتیکیدا کرد، لە زۆر گۆڕەپانی هەفتانین خەباتی بەڕێوەبرد. هاوڕێمان شاهین کە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی دوژمن بەشداری لە چالاکییەکاندا کرد، کە لە هەفتانین ئەنجامدران. هاوڕێمان بە بەشداربوونی ئازایانەی خۆی وایکرد کە گورزی قورس لە دوژمن بدرێت، بووە جەنگاوەرێک کە هەموو هاوڕێکانی بەهۆی پراتیکی سەرکەوتوانەی بە نمونەی وەربگرن.

هاوڕێمان شاهین کە سێ ساڵ لە هەرێمی هەفتانین لە پراتیکدا بوو، بە ئەزمون و هەڵوێستی روونی خۆی لە دژی دوژمن بووە گەریلایەکی لێهاتوو. هاوڕێمان کە دەرفەتی ناسینی هەموو هەرێمەکانی هەفتانینی بە دەستهێنا، بەهۆی زاڵبوونی لە سەر ناسینی هەرێمەکە، زانابوون و ئەزمونی پێویستی بۆ گەریلایەتیەکی کاریگەر بەدەستهێنا. دوای ساڵی ٢٠١٨ هاوڕێمان کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی گەریلا بەشداری لە قۆناغی پەروەردەدا کردبوو، لە ئەکادیمیای سەربازی، کە ماوەی دوو ساڵ لەوێ بوو، خۆی بە تەواوەتی بۆ گەریلایەتی سەردەمی نوێ ئامادە کرد. هاوڕێمان کە لە زۆر رووەوە خۆی پەروەردەکرد، لە تاکتیکی گەریلاییەوە تا قۆناغەکانی بەکردەوەکردنی ئەو تاکتیکە و بەکارهێنانی ئەو چەکانەی لەو قۆناغەدا بەکاردەهێندرێن، وەک گەریلایەکی پسپۆر و شارەزا جارێکی دیکە رووی کردەوە گۆڕەپانی کرداری. هاوڕێمان شاهین کە نزیکەی ساڵێک لە زاگرۆس گەریلایەتی کرد، لەگەڵ چڕتربوونەوەی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر هەرێمی هەفتانین، جارێکی دیکە روویکردەوە هەفتانین، لە سایەی زاڵبوون و ناسینی هەرێمەکە، راستەوخۆ بەشداری لە چالاکی کاریگەری لە دژی دوژمندا کرد و پێشەنگایەتی کرد. هاوڕێمان شاهین بە چالاکیەکانی خۆی پشتڕاستی کردەوە کە رۆحی بەرخودان لە هەرێمی هەفتانین کە هێرشەکانی دوژمنی تێدا چڕ ببووەوە بە زیندوویی ماوەتەوە و گرنگی مێژوویی هەفتانین بۆ تێکۆشانی ئێمە جارێکیتر خرایەڕوو.

هاوڕێمان شاهین کە ویستی باری سەر شانی هاوڕێیانی لە دژی هێرشە بەرفراوانەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر لە تونێلەکانی بەرخودان لە هەرێمی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا سوک بکات، بەو ئامانجەوە پەڕیەوە بۆ هەرێمی مەتینا. هاوڕێمان شاهین کە میراتی هاوڕێیانمان رێبەر، هێژار، سەما، نوری و رۆژهاتی وەرگرتبوو کە بە رەنج و قوربانیدانی گەورە هاتبوونەدی، بۆ خاوەنداری لە یادی شەهیدان هەوڵیدا زیاتر پەرە بە بەرخودان بدات. هاوڕێمان لەگەڵ ئەو تیمە گەڕۆکانەی تیایاندا بەشداربوو لە دژی دوژمن چالاکی کاریگەریان ئەنجامدا و باری هاوڕێیانیان لە تونێلەکانی شەڕدا سووک کرد، هاوڕێمان شاهین کە درکی بەوەکردبوو کە لەگەڵ هەر گورزلێدانێکی لە دوژمن، زیاتر لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە، بەردەوام لە بەدواداچووندا بوو بۆ ئەوەی گورزی کۆتایی لە دوژمن بدات. دواتر گەواڵمان پەڕیەوە بۆ تونێلەکانی شەڕ لە شاخی ئۆرتێ و لەوێش بەردەوامبوو لە سەر پەیجورییەکانی. هاوڕێمان بۆ بەرەوپێشبردنی شەڕ لە تونێلەکاندا رەنجی زۆری کێشا و ئەو رەنج و بەرخودان لە گەشکردنی بەرخوداندا یەکلاکەرەوەبوو. هاوڕێمان شاهین و هاوڕێیانی لە دژی هەموو چەک و تاکتیکی دوژمن لە شاخی ئۆرتێ تونێلەکانی شەڕیان گۆڕی بۆ قەڵاکانی بەرخودانی ئەم سەردەمە و لە مێژووی تێکۆشانماندا چیرۆکێکی نوێی قارەمانیان نوسیەوە.

سوپای تورکی داگیرکەر کە لەبەردەم بەرخودانی ئەفسانەیی هاوڕێمان بێچارەمایەوە، زۆرجار بە چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی هەوڵیدا بگاتە ئەنجام. هاوڕێمان شاهین لەو هێرشانەدا شەهیدبوو، تا کۆتا هەناسەی داکۆکی لە دڵسۆزی خۆی بۆ رێبەر ئاپۆ و پەکەکە کرد. هاوڕێمان شاهین کە هەم بە دەنگی ناوازەی و هەم بە گەریلایەتی شارەزایانەی بۆ هاوڕیانی بووە سەرچاوەی هێز و ورە، ئەو لە تێکۆشانماندا بەردەوام یادی دەکرێتەوە و بەڵێن دەدەین کە بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی ئەو بەرەو سەرکەوتن ببەین.

جوان منبج

هەڤاڵمان جوان منبج لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی گەلی عەرەبمان لەدایک بووە. هەڤاڵمان بە کولتوور و ئەخلاقی قووڵی گەلی عەرەب لە بنەماڵەکەی وەردەگرێت و بەو بەهایانە گەورە بووە. هەڤاڵمان ماوەیەکی زۆر لە ژێر داگیرکاری چەتەکانی داعشدا لە شاری مبنج ژیاوە، ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو چەتانەی ناسیوە کە لەم پرۆسەیەدا ئیسلام وەک دەمامک بەکاردەهێنن. هەڤاڵمان هەر زوو تێبینی کرد کە چەتەکانی داعش هیچ لە بەها مرۆییەکان تێنەگەیشتوون، لەژێر ناوی ئیسلامدا خەریکی چەواشەکارین. هەر بۆیەش وەک هەموو ئەو کەسانەی کە ناچار بوون لەژێر داگیرکاریی چەتەکاندا بژین، هەڤاڵ جوان و بنەماڵەکەی چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون کە بەو زووانە ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن. هەڤاڵ جوان و بنەماڵەکەی کە بەهەموو هێزیانەوە لە هێزی ئازادیی ڕۆژئاوادا لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی هەموو گەلانی سوریا تیدەکۆشیان، بەهەموو توانایانەوە باوەڕیان وابوو کە لە ساڵی ٢٠١٦دا مەنبەج ئازاد بکرێت، و ئەو هێزانە شکست بە بە داعش دەهێنن. دوای ئەوەی هێزەکانی ئازادی ڕۆژئاوا بە بەدیلی زۆرەوە منبجیان ڕزگار کرد و خەڵکی منبجیان لە تاریکی دەرهێنا، هەڤاڵ جوان دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لە نزیکەوە بیری ڕێبەر ئاپۆ بناسێت. دوای ئەو تێگەیشتنە، ئیتر لەو باوەڕەدا بوو هەموو گەلان تەنها لە دەوری ئەم بیرۆکەیە ئازادی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنن. بەم بیرکردنەوەیە هەڤاڵ جوان بەشداری هێزەکانی ئازادیی ڕۆژئاوا بوو، هەڤاڵمان دوای تێپەڕاندنی پەروەردە باشتر ڕێبەر ئاپۆ دەناسێ، هەر لە سەرەتاوە درکی بەوە کرد کە بڕیارێکی دروستی داوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەهەڤاڵ جوان بە هەموو تواناکانییەوە تێکۆشانی کرد و بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری گرنگ لە کەسایەتی هەڤاڵماندا هاتە ئاراوە.

هەڤاڵ جوان سەرسام بوو بە هەڤاڵییەتی و دۆستایەتی شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی، زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی ببێتە هاوەڵێکی باش و دروستی هەڤاڵانی. دوای ئەوەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سەربازییەوە پەرەی بە خۆی دا، دەکەوتە گفتوگۆکانەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگریی لە سەر هێرشەکانی سەر گەلەکەمان. وەک گەنجێکی شەڕڤانی عەرەبی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەمیشە چالاکانە بەشداری چالاکانەی بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەدۆزییەوە کە دوژمنی هاوبەشی هەموو گەلانە. هەڤاڵمان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی بەردەوام هەوڵ و ماندوو بوونی زۆری دەخستە سەر شان. بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جددیتر دەبێت، تووڕەیی زۆری لای هەڤاڵ جوان دروست کردبوو. دەیویست ئەم توڕەییە بکاتە هەوێنی تێکۆشانێکی کاریگەرتر. هەڤاڵ جوان کە بە ئیرادەیەکی بەرزەوە بڕیاریدا لە چیاکانی کوردستان درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات، ڕووی کردە شاخەکانی کوردستان، بە تایبەت لە قۆناغێکدا کە هێرشی دوژمن بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەست پێکردبوو.

هەڤاڵمان جوان دوای گەیشتن بە شاخەکانی کوردستان سەرسام بوو بە سروشت وکەوتە ژێر کاریگەری پەیوەندییەکانی هەڤاڵانەوە و دڵسۆزی قووڵی بۆ هەڤاڵانی بوو، هەمیشە لە هەوڵی دەدا ببێتە میلیتانی باشی ئاپۆیی و هەڤاڵێکی باشی هەڤاڵانی. هەر بۆیە لەلایەن هەڤاڵەکانیەوە خۆشەویست و بەهای پێدەدرا. هەڤاڵ جوان کە بە ئاستێکە بە خوێندنەوە بەدەستی هێنا بوو توانی ببێتە ملێتانێکی ئاپۆیی و بەتەواوی خۆی فیدای تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە کرد. زۆر بەباشی ئاگاداری سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو، لەوە تێگەیشت کە هێرشەکان بۆ سەر ژهەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا ئەنجام دەدرێن. هەڤاڵەکەمان کە دەیزانی ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ئامانجەکەی بگات، ئەمە مانای ئەوەیە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی خۆیان لەدەست دەدەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​وەک قارەمانێکی گەلی عەرەب قەد ئەمەی قبوڵ نەدەکرد. لە گۆڕەپانی شەڕدا پەرەی بە تێکۆشانیدا و بوو بە شارەزای تاکتیکی گەریلا لە سەردەمی نوێدا. ڕوو دەکاتە مەتینا ئەوکاتە هێرشەکانی دوژمن قورس بوو، لە تونێلەکانی بەرخۆدانی شاخی ئۆرتێ بەشداری بەرخۆدان وتێکۆشان دەبێت.

هەڤاڵمان جوان کە شان بە شان لەگەڵ هەڤاڵەکانی لە تونێلەکانی جەنگدا کە هێرشەکانی دوژمن تەنانەت بۆ ساتێکیش ڕاناوەستان، بەرخۆدانی مێژوویی نیشان دا؛ بە کەسایەتی گەنج و دینامیکی زیندوو، ڕۆڵێکی گرنگی لە شەڕی تونێلەکاندا هەبوو، بەم شێوەیە ئەرکی هەڤاڵانی خۆی جێبەجێ کرد. دەوڵەتی مرۆڤکوژی تورک کە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، نەیتوانی ئیرادەی هەڤاڵانمان لە شاخی ئۆرتێ بشکێنێت، جارێکی دیکە ویستی بە چەکی کیمیایی و بۆمبی تاکتیکی ئەنجام وەربگرێت. هەڤاڵ جوان کە گیانی خۆی لەو پێناوەدا بەخت کرد و نەیهێشت دوژمن ئیرادەی بشکێنێت و لە کەسایەتی خۆیدا نوێنەرایەتی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ئاپۆیی دەکرد، تا دوا هەناسەی بە دڵسۆزی بۆ فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و یادی هەڤاڵە شەهیدەکانی تێکۆشانی کرد. هەڤاڵ جوان گەنجێکی بەڕێز و قارەمانی گەلی عەرەبی ئێمەیە، هەمیشە بە پاکی و ڕاستگۆیی و پەیوەندی بە بەهاکانی ئازادییەوە یادی دەکرێتەوە و یادەوەرییەکەی لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ژیان تیمۆقی

هاوڕێمان ژیان لە ئێلیح لەدایکبوو. هاوڕێمان لە عەشیرەتی تیمۆقیە کە یەک لەو عەشیرەتە بەنرخانەیە کە لە رۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە بەردەوام پشتیوانی لە تێکۆشان کردووە و چەندین رۆڵەی خۆی ناردووەتە ناو ریزەکانی پەکەکە. لەبەر ئەوەش هاوڕێمان ژیان لە منداڵیەوە تێکۆشانی ئێمەی ناسی. لەبەر ئەوەی لە دەوروبەری ئەو و لە عەشیرەتەکەی چەندین کەس بەشداری ریزەکانی گەریلایان کردبوو و لەناویاندا شەهیدیش هەبوون، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوڕێمان دانا و بووە هۆی ئەوەی خۆشەویستی گەریلا لە دڵیدا دروست بێت. هاوڕێمان لە گەنجی خۆیدا دەستی بە خەباتی گەنجانی وڵاتپارێز کرد و لەلایەکەوە ویستی بەرامبەر ئەقڵیەتی قڕکەری دوژمن گەلەکەمان وریا بکاتەوە و لەلایەکیشەوە ویستی خۆی و دەوروبەرییەکانی و راستی دوژمن لە نزیکەوە بناسێت. هاوڕێمان کاتێک لەوە تێگەیشت کە دوژمن بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرشی قڕکاری لە سەر گەلەکەمان پەیڕەو دەکات، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە هێرشەکانی دوژمن تەنیا بە بەرەوپێشبردنی وشیاری خۆپاراستنی کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەبێت. لەو رووەوە لە خەباتەکاندا خاوەن رەنجێکی گەورە بوو. هەرچەندە پارتەکەمان پەکەکە لەناو کۆمەڵگادا وشیاری نوێبوونەوە و هۆشیاربوونەوەشی سازکردبوو، هێشتا لە رووی توندوتیژی دژی ژنان و قەبوڵنەکردنی ئازادی ژناندا کەموکورتی دەردەکەوتن. پرسی ئازادی ژنان لەگەڵ کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەناو کۆمەڵگادا کێشەی گەورەن. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هاوڕێمان ژیان لە سەر ئەوە قووڵتر بێتەوە، ئەوەشی وەک سەرەکیترین تێکۆشان بۆ خۆی دەستنیشان کرد. بە قووڵبوونەوە و شێوازی تێکۆشانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە ئەزمونی گرنگی بەدەستهێنا. هاوڕێمان هەرچەندە خاوەن تێکۆشانێکی کاریگەریش بوو، لەو بڕوایەدابوو کە لە دژی ئەقڵیەتی باڵادەستی پیاوان تەنیا تێکۆشانی چەکداری دەبێتە وەڵامدەرەوە. لە هەمان کاتدا شەهیدبوونی خزمێکی نزیکی؛ هاوڕێ ژیان (سەمرا تونچ) بووە هۆی ئەوەی هاوڕێمان ژیان تێکۆشانی هاوڕێمان وەک گەریلا درێژە پێبدات و لەم رووەوە قووڵتر بێتەوە. لەساڵی ٢٠١٥ کە هێرشی قڕکردن لەسەر گەلەکەمان زیاتر بوون، هاوڕێمان ژیان لە سەر بنەمای یادکردنەوەی شەهیدان و لێپێجینەوە لەو هێرشانەی لە سەر گەلەکەمان زیادیان کردووە، رووی کردە چیاکانی کوردستان و لە هەرێمی گارزان تێکەڵ بە ریزەکانی گەریلابوو.

هاوڕێمان ژیان ناوی کچی مامی خۆی، هاوڕێمان ژیان (سەمرا تونچ)ی هەڵبژارد و ژیانی گەریلایەتی وەک سەرەتایەتی نوێ بۆ خۆی قەبوڵ کرد. هاوڕێمان زۆر بە شێوازی کۆمۆناڵ و هاوڕێیەتی قووڵی ژیانی گەریلا کاریگەر بوو و ژیانی پەکەکەی وەک رێگەی گەیشتن بە راستی هەڵسەنگاند. مامەڵە و هەڵسوکەوتی رێزدارانەی هاوڕێیانمان بەرامبەر بە یەکتر و پەیوەندی پتەوی ئەوانیش کاریگەری گەورەی لەسەر هاوڕێمان ژیان دا.هاوڕێمان ژیان لە رێگەی پەروەردەی خۆیەوە لە ماوەیەکی کەمدا فێری ژیانی گەریلا و ژیانی چیایی بوو، بە قووڵبوونەوەی بەهێز لە کەسایەتی خۆیدا وەرچەرخانی گرنگی ئەنجامدا. هاوڕێمان ژیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە قۆناغی شەڕی دژوار بێت بە پێویستی زانی خۆی لە بواری سەربازیدا بەرەوپێش ببات، بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵمەتی رزگارکردنی ئێزدیەکان لە دەست چەتەکانی داعش بکات، رووی کردە ناوچەی شەنگال. هاوڕێمان لەوێ بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا کرد و لە رووی سەربازییەوە ئەزمونی گرنگی بەدەستهێنا. هەروەها ئەمە بووە دەرفەتێک بۆ هاوڕێمان کە راستی گەلەکەمان لە زنیکەوە بناسێت و زۆر بە تێکۆشانی ژنانی ئێزدی لە دژی چەتەکانی داعش کاریگەر بوو. هاوڕێمان ژیان تا ساڵی ٢٠١٨ لە هەرێمی شەنگال مایەوە، دواتر روویکردەوە چیاکانی کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. هاوڕێمان لە هەرێمی ئاڤاشین درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا و ٤ ساڵ لەو هەڕێمە بە شێوەیەکی کارا لە ناو ریزەکانی گەریلادا بەشداربوو. هاوڕێمان لە هەڕێمی ئاڤاشین کەو ئەو کاتە شەڕ لەوێ دژوار بوو لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە زۆر چالاکیدا بەسداربوو و بە ئازایەتی خۆی و بە توڕەیی و رقی قووڵی بەرامبەر بە دوژمن وایکرد کە ئەنجامی سەرکەوتوو بەدەستبهێندرێن.

هەڤاڵمان ژیان بە بەشداری چالاکانەی لە چالاکییەکان و هەڵوێستی خۆی بوو بە نموونە بۆ هەڤاڵانی و هەمیشە وەک گەریلایەکی یەژا ستار خۆی پێش دەخست. بە ئەزموونکردنی تاکتیکی نوێی گەریلا، لە تێکۆشاندا قووڵتر بووەوە و ڕۆڵێکی گەورەی لە جێبەجێکردنی تاکتیکەکانەدا هەبوو. دوای چالاکییە سەرکەوتووەکانی هەرێمی ئاڤاشین، هەڤاڵمان ویستی لە ئایدۆلۆژیا و هێڵی ژنی ئازاددا پێشبکەوێت و بەو ئامانجەش بەشداریی پەروەردەی ئەکادیمیای شەهید بێریتان بوو.

هەڤاڵ ژیان گرنگی زۆری بەو ئەکادیمیایە دا بوو، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە پەروەردە وەربگرێت و کەسایەتی خۆی لەم بوارەدا پەرە پێبدات. هەڤاڵ ژیان دەزانێت چارەسەری سیستەمی پیاوسالاری تێگەیشتنە لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ، لە ئەنجامی پڕۆسەی پەروەردە و ڕاهێناندا گۆڕانکاری گەورە لە کەسایەتی هەڤاڵ ژیاندا ڕوویدا و هەمیشە بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان. هەروەها هەڤاڵ ژیان ژنێکی ئازادی پاژک بوو، وەک هەڤاڵانی هەڵوێست و ئیرادەی گەورەی بەدەستهێنا و دواتر چووە هەرێمی مەتینا کە شەڕەکە لەوێ قورس بوو. ئامادەیی ئەوەی هەبوو بۆ ئەو پرۆسە سەختە ببێتە وڵامێک. هەڤاڵ ژیان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە تونێلەکانی شەڕدا و لە زۆر بواردا لە مەتینا جێگەی گرتەوە و بە هەمان جۆش و خرۆشەوە پەرەی بە بەرخۆدان و تێکۆشاندا. هەروەها لە شاخی ئۆرتێ بۆ گۆڕینی تونێلەکانی شەڕ هەوڵێکی گەورەی نیشاندا ببێتە قەڵایەکی مۆدێرن و لەگەڵ هەڤاڵانیدا هەموو جارێک هێرشەکانی دوژمنی پووچەڵ دەکردەوە. هەڤاڵ ژیان ویستی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی زەندورا و شاخی حەکاری و شاخی ئۆرتێ بگەیەنێتە سەرکەوتن و بۆ ئەمەش هەموو تێکۆشانێکی کرد.

هەڤاڵمان وەڵامی هەموو هێرشەکانی دوژمنی دایەوە و نیشانیدا کە قەد جێگەی بە دوژمن نادات. هەڤاڵمان لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهید بوو. بە تێکۆشانی خۆی بوو بە تێکۆشەرێکی نموونە بۆ هەموو ژنانی کورد و ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژووی تێکۆشانی شۆڕشەکەماندا تۆمار کرد.

هاوبەشی :