چیرۆکی چەکدارێکی پەدەکە لەگەڵ دایکێک لە باکوری کوردستان..

161
0
هاوبەشی :

تێبینی: سەرنج ڕاكیشە تكایە بیخوێننەوە

– ئەم چیرۆکە راستیە، پێشکێشە بە هەموو چەکدارەکانی پەدەکە، نەکەن بۆ تورکان تەقە لە گەریلا بکەن، ئەگەر ئەوە بکەن تا هەتا ئێوە لە ژیاندابن، ویژدانتان ئازارتان دەدا و بە سەرشۆڕیی و ریسوایی دەمرن.

– لە کتێبی ‘ ئاکرێ” کە تایبەتە بە بەرخۆدانی گەریلا دیلەکان لە زیندانە هۆڤیەکەی پەدەکە، چیرۆکی زۆر و سەرنجراکێشی تیدایە، هاوڕێ’رێبوار هەمەوەندی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بۆ خۆشم پێداچوونەوەم بە کتێبەکە کردووە. لەم زووانە دەکەوێتە بازاڕاوە. ئەگەر دەستبکەیت بەخوێندنەوەی ناتوانێت تا تەواوی نەکەیت چاو هەڵگری لەسەری..

– “چەکدارێک(پێشمەرگە!) لە زیندانی ئاکرێ کەناوی شیمال بوو سەربە عەشیرەتی زێباری بوو، ماوەیەک دیارنەمابوو، لەناکاو هاتە بەردەم پەنجەرەی قاوشی ژمارە ٥ و سڵاوی لێکردن. گوندەکەی شیمال لە زۆزانی نەهری بوو، هەربۆیە ئاشنایی لەگەڵ گەریلادا هەبوو، لەگەڵ زیندانییەکانی پەکەکەیش پەیوەندی باش بوو، شیمال لەوماوەیەی لەم زیندانە ئەرکداربوو، هەرگیز خۆی لەقەرەی زیندانییەکانی پەکەکە نەدابوو، هەروەها خراپەیشی بەرامبەریان نەکردبوو، بەگوێرەی زیندانییەکان شیمال کەسێک بوو لەوانەی کە پێیدەوترا شیری پاکە. ماوەیەکی زۆر بوو دەویست دەستبەرداری کاری پێشمەرگایەتی ببێت. براگەورەکەی لە ئەمریکا دکتۆر بوو، ئەگەر بیتوانیایە بچێت بۆلای براکەی دەستبەرداری پێشمەرگایەتی دەبوو. دوای ئەوەی ماوەیەک دیارنەمابوو، زیندانییەکان پێیانوابووە لە ئەوروپایە، زیندانییەکان پێیانوابوو لە وانەیە کەسێکیان لە ئەوروپا بەرێککەوت بیبینیایە، بەڵام ئێستا هەر بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتییەوە لەهەمبەریان قیتبووەتەوە. سەرەتا ئەم مەسەلەیەیان لێپرسی، شیمال سنورداش کرابووەوە، بەڵام ئەو نەیدەویست سەرەتا باسی ئەمە بکات، شیمال دەیویست باسی مەسەلەیەک بکات کە کاریگەری هەبوو بەسەر زیندانییەکانی قاوشی ژمارە ٥وە، هەربۆیە وتی: (سەرەتا لێرەوە چووم بۆ ئامەد و لەوێیشەوە بە پاس چووم بۆ ئیستەنبول، هەلم بۆڕەخسا باکوری کوردستان و تورکیا ببینم، بەڕاستی کوردانی باکور خاوەن کەسایەتییەکی بەڕێز و میهرەبان و بە توانان، ئەوکاتەی دەچووم بۆ ئیستەنبول، لەناو پاسەکە ژنێک لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو، کاتێک کۆرپەکەی گریا منیش کردمە باوەشی خۆم، کۆرپەیەکی زۆر شیرین بوو، منیش بە کوردی لایلایەم بۆ کۆرپەکە کرد، دایکەکەی کە بینی من بە کوردی لایلایە دەکەم، بەمە دڵی زۆر خۆشبوو هەربۆیە کەوتە قسەکردن، خەڵکی شاری ئامەد بوو، ئەوکاتەی وتم خەڵکی باشورم زیاتر دڵخۆشبوو، لە رێگەدا باسی زوڵمی سەر گەلەکەمان و بەدبەختی کوردمان کرد، ئەم رێگەیە ببووە مایەی بەختەوەری منیش، خۆم بە بێگانە نەدەزانی، کۆرپەکەی بە باوەشمەوە بوو، وامهەستدەکرد لەماڵی خۆمانم، دوای ماوەیەک لێیپرسیم کارم چییە، منیش وتم پێشمەرگەم، بەمە زۆر شڵەژا، دونیای سەروبن بوو، وەکو ئەوە وابوو سەتڵێک ئاوی ساردی بەسەریدا بکەن، دەموچاوی سوور هەڵگەڕا، بەتوڕەبوونێکەوە کۆرپەکەی لەباوەشم دەرهێنا کە نوستبوش، پێیوتم منداڵەکەم بەرێ، بەتوڕەبوونەوە وتی: دەمەوێت بچمە سەر کورسییەکی تر، بە یاریدەدەری شۆفێرەکەی وت دەیەوێت شوێنی خۆی بگۆڕێت، یاریدەدەری شۆفێرەکەیش گەڕا بۆ شوێنێکی تر، ژنەکە وتی: کاتێک سەدام ئێوەی شاربەدەرکرد ئێمە دڵ و دەرگەی ماڵی خۆمانمان بۆئێوە کردەوە، چیمان هەبوو دامان بە ئێوە، ئێوەمان وەک خاوەن ماڵ بینی و هیچ جیاوازییەکمان لەگەڵتاندا نەکرد، ئەی ئێوە چیتان کرد؟، کاتێک لەسایەی ئەمریکا دەستکەوتێکتان پەیداکرد، دەستتان خستە ناو دەستی دەوڵەتی تورکەوە لەگەڵ سوپای تورکدا هێرشی سەر گەنجەکانی ئێمەتان کرد، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەستیان تێکەڵ کرد تاکو ئەو جگەرگۆشانەمان بکوژن کەلەپێناو ئازادیدا تێدەکۆشن. هەتا ئەو قسەی بکردایە منیش بەناخی عەرددا دەچووم، لەیادم نییە هەرگیز ئەوەندەی ئەوکاتە شەرمم لەخۆم کردبێت، خوازیاری ئەوە بووم کونفەیەکونەکە هەڵمگرێت و لەوێدا رزگارم بکات، نەمدەتوانی بە ژنەکە بڵێم تکایە بێدەنگ بە لەوە زیاتر رەزیلورسوام مەکە، لەناکاو یاریدەدەری شۆفێرەکە هات و پێیوت کە شوێنێکی تری بۆپەیداکردووە و ژنەکەیش لەلام هەڵسا و منیش رزگارم بوو).
شیمال کە ئەم قسانەی دەکرد هەستی بەهەمان کاتوسات دەکردەوە، سەری خۆی نەویکرد، لەناکاو دەستی کرد بە گریان، دوایش سەری هەڵبڕی و تەماشای کەمالی کرد، وتی: (وەک دەبینن لەناو خەڵکدا رێزمان هاتووەتەسەر سفر، پێشمەرگە قارەمانی گەل بوو، پیرۆزبوو، حەسانەیان هەبوو، ئەوکاتەی خەڵکی گوێیان لە سترانی {واهاتن پێشمەرگەمە} هەستیان بە سەرفرازی دەکرد، پێشوتر لەهەر دەرگایەکم بدایە و بموتایە پێشمەرگەم هەموو دەرگاکانیان بۆدەکردمەوە، بەڵام ئێستا بە بکوژانی ئەو گەنجانە ناوزەند دەکرێن کەبۆ ئازادی لەسەر شاخن، شەرممان لێدەکەن، خەریکە تف دەکەنە چارەمان).
چاوە تەڕەکانی سڕی، جودی بۆئەوەی هۆشی بهێنێتەوە سەرخۆی درکیکرد پێویستە چەند شتێک بڵێت، هەربۆیە وتی: (ئێوە تاوانتان نییە، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی هۆکارن کە گەل ئازارەکانیان لەبیر بچێتەوە، خەڵکی لەسایەی ئەواندا ئەو زاڵمانانەیان لەبیرچووەتەوە کە زوڵمانیان لێکردوون، دوژمنیان کرد بە دۆست و دۆستیان کرد بە دوژمن، ئەوەندەی نووکە دەرزییەک ویژدانیان نەماوە، پیاوێک هەیە لەم زیندانە کە رزگاربووی کیمیابارانی هەڵەبجەیە بەناوی هاوار هەڵەبجەیی، ئەوانەی ئەم هاوارەیان زیندانی کردبێت، ئەی چی لەم گەلە ناکەن؟!).
شیمال بەم قسانەی جودی هۆشی هاتەوەسەر خۆی، وتی: (کاتێک دوژمنمان لەیاد کرد لە بەهاکانی خۆمان نامۆکراین، ئینجا ناچارکراین بۆ تێرکردنی سکی برسیمان کاربکەین، ئەگەر موحتاجی ئەم موچەیە نەبومایە، پێشمەرگایەتیم نەدەکرد، بەڵام هەتا ئەم ساتە وەختە نە دژی پەکەکە، نە دژی یەنەکە و نە دژی هیچ هێزێکی کوردی شەڕم نەکردووە، شەڕیش ناکەم).
ئەوکاتەی کاتی ئێشکگرییەکەی تەواو دەبوو، ئەوێی جێدەهێشت، ئەم قسانەی شیمال زیندانییەکانی غەمگین کردبوو، ئەگەرچی چەندین پێشمەرگەی سەربە عەشیرەتی زێباری نەیاندەویست شەڕی پەکەکەیش بکەن، سەرەڕای ئەمەیش بەڵام بەهۆی نازناوەکەیانەوە حیسابی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیان بۆدەکرا، ئەوناوەی کە پێشوتر بە شانازی و تێکۆشەر و باوەڕ و بە فیداکار ناویان دەهێنرایە زمان، بەڵام تادەهات ناویان بە کرێگیراو و تەسلیمبووەکان ناوزەند دەکران. سەرگوزەشتەی سەفەرەکەی شیمال و چوونی بۆ ئامەد و دیالۆگەکەی لەگەڵ دایکێکی ئامەدی تاچەند رۆژێک ببووە مایەی گەنگەشە و هەڵسەنگاندنی زیندانییەکان. هەرزیندانییەک لەڕوانگەی خۆیەوە لەبارەی ئەم مەسەلایانەوە هەڵسەنگاندنیان دەکرد، هەموویان پێیانوابوو ناوی پێشمەرگە پیرۆزییەکەی خۆی لەدەستداوە و، بە کەسێکی ناپاک و نەخوازیار هەژماردەکرێت”.

– لە کۆتاییدا دەمەوێت لە یەکە یەکەی چەکدارەکانی پەدەکە بپرسم: ئەرێ هیچ رۆلەیەک هەیە داگیرکەر و زۆردارێکی بێویژدان بهێنێتە سەر دایکی، ناموس و کەرامەتی هەراج بکات؟
بەڵێ بنەماڵەی دەسترۆیشتووی سەرچەتەکانی پەدەکە هەیە ، مستەشارەکانی زەمەنی سەددام و قروجییەکانی باکور هەبوون وهەن، لێ مرۆڤێک ناموسی هەبێت ئەوە ناکات، کاکی چەکدار دەخۆت لە ناو ئەو مرۆڤە بەناموسانە ببینەوە کە وڵاتپارێزن، نەکەی تەقە لە گەریلا بکەیت، گەریلا ویژدانی زیندووی ٧٠ ملیۆن کوردە.

هاوبەشی :