مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە ئانوساتدایە
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تەلەفزیۆنی ئاریەن گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی تاران و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پەیوەندییان بە بنەماڵەی “پێژمان فاتحی، مۆحسێن مەزلوم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار”، چوار زیندانیی سیاسیی کوردەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکانیان سەردانی زیندانی ئێڤینی تاران بکەن.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ڕەنگه ڕژیمی ئێران لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا سزای لە سێدارەدانی ئەو چوار گەنجە کوردە جێبەجێ بکات.
ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە مەسعوود شەمسنژاد، پارێزەری ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٦ی كانونی دووهەم (٢٦ی بەفرانبار) ڕایگەیاندبوو داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی موەکیلەکانی لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران ڕەت کراوەتەوە.