ساڵح موسلیم: دەوڵەتى تورک باشووری کوردستانی پڕکردووە لە داعش
لە ڕۆژ نییوزەوە وەرگیراوە
هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەت تورک لەسەر پشتیوانیکردنی داعش بەردەوامە و لە هەموو شوێنێک بەکاری دەهێنێت، دەشڵێت: دەوڵەتى تورک باشووری کوردستانی پڕکردووە لە داعش، پێویستە حکومەتی عێراقی بەدواداچوون بکات بۆ ئەو شوێنانەی کە تورکیای لێیە.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان چەتەکانی داعش و دەوڵەتى داگیرکەری تورک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەى کردووە.
ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: یەکێک لەو دەوڵەتانەی بە شێوەیەکی زۆر داعش بەکاردەهێنێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، تورکیا وەک ئامرازێک بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی داعش بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، لە شنگال، مەخموور، هەولێر و کۆبانێ بەکاردەهێنێت، داعش لە کۆبانێ شکستی هێنا، لە دێرەزور دەسەڵاتی کۆتایی هات، بەڵام داعش و ئایدۆلۆژیایی داعش بە ئاسانی کۆتایی نایەت و هەر زیندووە، داعش لە هەندێک شوێندا هەیە، هەر کاتێک پێویستیان پێ بوو دەیان جوڵێنن.
ئاماژەى بەوەش کردووە، لە سەرەتای درووستبوونی داعشدا، دەوڵەتى تورک کەسانی تایبەت بە خۆی خستە ناو داعشەوە، یەکێک لەوانە ئەبو موسلیم تورکمانی بوو، هەروەها کەسێکی تر لە تەلەعفەر کە یاریدەدەری بەغدادی بوو.
هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، دەوڵەتی تورک لەسەر پشتیوانیکردنی داعش بەردەوامە و لە هەموو شوێنێک بەکاری دەهێنێت، دەشڵێت: نموونەی ڕوون زۆرە کە ئەمەمان بۆ دڵنیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ وەک بارەگایەکی داعش بەکار دەهێنا، تورکیا باسی ئەمە ناکات، دەڵێت کە لە دژی داعشە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە.
بە بڕوای هاوسەرۆکی پەیەدە، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، بە دڵنیاییەوە دەستی تورکیای تێدایە و لە تورکیاش داعش دژ بە گەلی کورد بەکاردێنێت، هەروەها لە ڕۆژئاواش خەریکی بە ڕێکخستنی داعشە، ئاشکراشی دەکات، ئەو داعشانەی دەستگیرکران ئەم ڕاستییانە دووپات دەکەنەوە.
هەر لە قسەکانیدا ساڵح موسلیم وتیشی: هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر خوێران، پەیوەندی نێوان تورکیا و داعشی دووپات کردەوە، سیخوڕی تورکیا ڕاستەوخۆ تێدا بەشداربووە، ئەو وڵاتەی خاوەنداری لە داعش دەکات تورکیایە، تاکوو پشتگیرییەکانی تورکیا بۆ داعش بەردەوام بێت، مەترسییەکانی داعش کۆتایی نایەت.
ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: لە هەر شوێنک داعشی لێبێت، لەو شوێنە ئارامی ئاسایش بوونی نابێت و وتی: “داعش قەیران و پشێوی درووست دەکات و دەبێتە هۆی لەدەست دانی ژیانی خەڵک، شەڕی ناوخۆ قوڵتردەکاتەوە، چالاکبوونی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترسناکە، ئەمە بەمانای ئەوە دێت ڕۆژگارێکی ڕەش چاوەڕێمان دەکات، تورکیا داعش بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت و هەڕەشەش لە ئەوروپا دەکات.
هەروەها هاوسەرۆکی پەیەدە هۆشدار دەدات کە بوونی داعش لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترسناکە، بۆیە بە هاوپەیمانێتی نێونەتەوەی دەڵێن، گەر دەتانەوێت داعش کۆتایی بێت، ئەوە سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و داعش دابنێن، ڕێگە لە هاوکارییەکانی تورکیا بگرن کە دەیبەخشێتە داعش.
سەبارەت بە هەڵوێستەکانى ئەمریکا و روسیا و ئەوروپییەکان لەبارەى پەیوەندی داعش و دەوڵەتى تورک، هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەى خستە ڕوو، وڵاتانی ئەوروپی، ڕووسیا و ئەمریکا دەزانن کە تورکیا پشتیوانی لە داعش دەکات، ئەو ئەندامانەی داعش کە لەو وڵاتانە دەستگیر دەکرێن، دانیان بەوەدا ناوە کە چۆن تورکیا پشتیوانیانە و لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتانی تر، کەچی هێشتا بەرامبەر بە پشگیرییەکانی تورکیا بۆ داعش بێدەنگن ئەم بێدەنگیانە بۆ بەرژەوەندی جیاواز دەگەڕێتەوە، لە پەیوەندی نێوان تورکیا و داعشدا بەرژەندی وڵاتان هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا ساڵح مووسلیم جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کوردستان هوداپار ئەوانەی پشتیوانی لە داعش دەکەن، خودی داعشن، هوداپار داعشی کوردە، لە هەرشوێنێک سێبەری تورکیای لێ بێت، داعشی لێیە، هەروەها باشووری کوردستانی پڕکردووە لە داعش، پێویستە حکومەتی عێراقی بەدواداچوون بکات بۆ ئەو شوێنانەی کە تورکیای لێیە.