ڕێپێوان لە پاریسەوە بۆ ستراسبۆرگ دەستی پێ کرد

138
0
هاوبەشی :

ڕێپێوانی درێژی ٢٥ ڕۆژە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پاریسی پایتەختی فەرەنساوە تا ستراسبۆرگ دەستی پێ کرد.

لە شەقامی کا فایت و لەبەردەم نووسینگەی زانیاری کوردستان لە پاریس کە ساڵی ٢٠١٣ ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کوردی تێدا تیرۆرکرا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.

چالاکوانان بە جلی سوریان پۆشی کە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەری نەخشابوو، پانکارتی “ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” یان هەڵگرت.

کەجەدەکە-ئە: ئەمە چالاکییەکی مێژووییە

هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە، زوبەیدە زومروت ئەم ڕێپێوانە ٢٥ ڕۆژییەی وەک “ڕۆژێکی مێژوویی” ناوبرد.

زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژی پاریس و ڕایگەیاند تا ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوون نەکرێتەوە و بەرپرسیاران دادگایی نەکرێن تێکۆشانمان بەردەوامە، هەروەها بێدەنگی نێونەتەوەیی و بەتایبەت بێدەنگی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی شەرمەزارکرد و گوتی: “مەبە هاوکاری هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان”.

سەرۆکی کۆنسەی کەجەدەکە-ئە، موراد جەیلان ڕایگەیاند پیلانگێڕان و هاوکار و داگیرکەران شەرمەزار دەکەن، تیشکی خستەسەر بەرپرسیارێتی نێونەتەوەیی پەیوەست بە گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاشان دەست بە ڕێپێوان کرا و چالاکوانان درووشمیان بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکردەوە، هەروەها هێرشەکانی داگیرکاریان شەرمەزارکرد.

پاش ڕێپێوانەکانی ڕۆژی یەکەم و دووەم لە ناوچەکانی پاریس، بڕیار وایە لە لۆرێنت و ڤانێس و نانت و ڕێن و ڕۆین و مانتەس لا ژۆلی و لەس موراوخ و مولەن و گریگنی و ڤیلەنوڤ سانت جۆرج و بۆبگینی و لا کۆرنوڤ و درانس و سۆیسۆن و ڕیمس و سارجیلاس و نانس و جریل و مێتز و ئامینس، ڕێپێوان ئەنجام بدرێت. هەندێک لەو ڕێپێوانانە وەک پشتگیری و هەندێکیان لەسەر ڕێگەی چالاکوانان دەبێت. لە ڕێپێوانەکەدا کارت دەنێردرێت و سەردانی گرووپە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکرێت، پیشاندانی فیلم و کۆبوونەوەی گەل و شانۆ و گەلێکی چالاکی تر ئەنجام دەدرێن.

ڕێپێوانەکە لە ١٥ ی شوبات لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ستراسبۆرگ کۆتایی دێت.

هاوبەشی :