تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لە بارەی کردەوە تیرۆریستییەکەی کەرکوکەوە بڵاوکردەوە
شەرمەزاریی بۆ تیرۆریستان
جارێکی تر تیرۆری کەسایەتییەکی ئازادییخواز و چالاکوان و تێکۆشەرێکی بزوتنەوی ئازادیی ژنان لەکەرکوکی دێرین، بەدەستی تیرۆریستە فایشستەکان شەھید کرا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١/١٨ لەگەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک، لەلایەن دوو تیرۆریستەوە “فریال سلێمان خالد” کە چالاکوانێکی سیاسیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنان سەردانی باشووری کوردستانی کردبوو، دەرێتە بەر دەستڕێژی گولە و شەھید دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو کردەوە ترسنۆکانە و تیرۆریستانەیە بەتوندی مەحکوم دەکەین، داوا دەکەین دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک بکوژان بدۆزنەوە و بەسزای یاساییان بگەیەنن. دیارە داعش و فایشستەکانی تورکیا لە کەرکوک بۆ تیرۆرکردنی کوردان رێککەوتوون، چەند رۆژێک پێش ئێستا پۆلیسێکی کورد لەناو شاری کەرکوک لەلایەن داعشەوە تیرۆرکرا، دوژمنان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان دەستیان داوەتە تیرۆر و شەڕ فرۆشستن بەخەڵکی مەدەنیی و بۆمبارانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
ئێمە لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وێرای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە تیرۆرستیە ترسنۆکانەیە داوا لەژنان و ئازادیخوازانی کەرکوک و تەواوی کوردستان دەکەین خاوەن ھەڵوێستبن و خاوەنداری لە خوێنی ئەو مرۆڤە ئازادو تێکۆشەرانەبکەن ، لەھەمان کاتدا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان لە کەرکوک بەرپرسن لە دۆزینەوەو ئاشکراکردنی تیرۆرستان و بەسزاگەیاندنیان، تیرۆری مامۆستا شەماڵ لە کفری و ناگھان لە سلێمانی و چەندانی دیکە نابێت ھەروا تێپەرێت، ژن ژیان ئازادیی دەبێت لە کەرکوک و تەواوی کوردستان ببێتە دورشمی ئازادیی ژنانی ستەملێکراو.
نەمریی بۆ شەھیدان
رووڕەشی بۆ تیرۆر و تیرۆریستان
دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
٢٠٢٤/١/١٩