دەولەتی داگیركەری تورك ماوەی شەش ساڵە شاری عەفرین داگیركردوە
لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە
شەش ساڵ بەسەر داگیركردنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان تێدەپەڕێت، لە ٢٠ كانونی دوهەمی ساڵی ٢٠١٨ كاتژمێر ١٦:٢٢ی ئێوارە ئاسمانی شاری عەفرین بوو بە گۆڕەپانی پێشبڕكێی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك، بە ٧٢ فڕۆكە لە ڕووبەری تەنها سێ هەزار و ٨٥٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەستیان بە هێرشی ئاسمانی كرد.
شەڕڤانانی ئازادی لە عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە بەرامبەر دڕەندەترین دەوڵەتی شۆڤینیزم لەجیهان شەڕیان كرد بە توندترین شێوە بەرگرییان لە شارەكە كرد،
دەوڵەتی داگیركەری تورك لە یەكەم ڕۆژی هێرشەكانەوە كۆمەڵكوژیی بەرامبەر خەڵكی مەدەنی ئەنجامدا، سەرەتا لە گوندی جلبرە سەر بە شارەدێی شیراوە كۆمەڵكووژییەكی ئەنجامدا، كە بەهۆیەوە نۆ هاوڵاتیی مەدەنی كوژران و ١٢ی دیكەش برینداربوون، كۆمەڵكوژییەكی دیكەش لە ٢٦ی مانگی كانوونی دووەم لە شارەدێی مۆباتا ئەنجامدا، كە تێیدا حەوت هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون.
لە گوندی كۆباڵە سەر بە شارەدێی شیراوە كۆمەڵكوژییەكی دیكە ڕوویدا، تێیدا ١٨ هاوڵاتیی مەدەنی كوژران، كە چواریان ئەندامی یەك خێزان بوون، جگە لەوە حەوت كەسی مەدەنی بریندار بوون، لە گوندی شێكەتا سەر بە شارەدێی شیە، پێنج هاوڵاتیی دیكەی مەدەنی شەهید كرا.
هەروەها شارەدێی جەندەرێس لەو كۆمەڵكوژیانە ڕزگار نەبوو، چونكە فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك لە بەرەبەیانی ٢٦ی شوباتدا هێرشیان كردە سەر گوندی یاڵانقوز، لە ئەنجامدا پێنج هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون، جگە لەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە شارەكە ١٣ هاوڵاتیی دیكەی مەدەنییە شەهیدبوون.
لە ناوەندی شاری عەفرین كۆمەڵكوژییەكی زۆر ئەنجامدرا، لە یەكێك لەوانەدا حەوت هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون كە چواریان منداڵ بوون و ١٧ كەسیش بریندار بوون، لە كۆمەڵكوژیی مەحمودیەدا ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، لە ١٦ی ئازاردا تەنانەت نەخۆشخانەی عەفرینیش بەر هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەركەوت، كە ١٦ هاوڵاتیی مەدەنی لەو كاتەدا شەهید بوون.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی تەندروستی هەرێمی عەفرین، ژمارەی ئەو كەسانەی لەماوەی ٥٨ ڕۆژی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك شەهیدبوونی ٢٥٧ هاوڵاتیی مەدەنی بووە، كە ٤٥ كەسیان منداڵ و ٣٦ ژن و ١٧٦ پیاون، جگە لە برینداربوونی ٧٤٢ بریندار، كە ١١٣ منداڵ و ١١٣ ژن و ٥١٦ كەسن پیاوان.
هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێل كرد، هەموو شوێنێكی كردووەتە ئامانج، دوو ناوەندی مانگی سووری كوردی لە هەردوو شارەدێی جەندەرێس و ڕاجو كردە ئامانج، كە لەو كاتەكاندا ئەو ناوەندانە خزمەتی خەڵكی دەكرد.
هەروەها شوێنی ئاینی و مزگەوت كرابوونە ئامانج، لەوانە مزگەوتی سەلاحەدین كە كۆنترین مزگەوتە لەناوچەی جەندەریس و لە ساڵی ١٩٦١ دروستكراوە، هەروەها مزگەوتی گوندی جەلەمە لە جەندەریس كە لە ساڵی ١٩٨٥ دروستكراوە، دواتر گۆڕستانی شەهید سیدۆ، كە دەكەوێتە گوندی كفری سەفرە، هاوكات ناوەندی ئاوی گوندی مەتینا سەر بە شارۆچكەی شەرایان كردە ئامانج.
دەوڵەتی تورك لە كاتی هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكە، لە كۆی ٣١٨ قوتابخانە ٦٨ قوتابخانەی لەناوبرد، ئەوانی دیكەش زیانیان پێگەیشت بوو، لە ٢٩ مانگی كانونی دووەم ناوچە مێژووییەی كە دەكەوێتە عەین دارا بە تەواوی وێران بوو، بەمەش سێ شوێنی مێژوویی وێران كرد، كە لە لیستی یونسكۆدا تۆماركرابوون، هەروەها مەزارگە ئایینییە ئێزیدییەكان و مەزارگەیەكی عەلەوی و كەنیسەی كۆن بۆ مەسیحییەكان و مەزارگە كۆنەكان و مزگەوتەكانی موسڵمانان لەناوبرد.
تەنانەت دوای داگیركردنی ناوچەكە، دەوڵەتی تورك بەردەوام بوو لە تاوانەكانی دژی ناوچە شوێنەوارییەكان، بەپێی ئاماری دەسەڵاتی شوێنەوارە دێرینەكانی عەفرین، نزیكەی ٧٥ تەپۆڵكەی كۆن لە عەفرین هەن، زۆربەیان لە هەڵكراون لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بۆ دەرهێنانی كەلوپەلی كۆن و ئاسەوار.
بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە ٢٨ شوێنی مێژوویی و زیاتر لە ١٥ مەزارگەی ئایینی و مەزهەبە جیاوازەكان وێرانكراون، هەروەها زۆرێك لەو گۆڕستانانەیان لەناوبردووە و كردویانە بە بازاڕی ئاژەڵان.
تاوانەكانی داگیركەران بەرامبەر بە دانیشتووانی ڕەسەنی عەفرین بەردەوامە، بەپێی بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار و ٣٤٣ هاوڵاتیی مەدەنی ڕفێندراون و چارەنووسی زیاتر لە نیوەی ئەو كەسانەش هێشتا چارەنووسیان نادیارە، زۆرینەیان كوردن.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین و سووریا پێنج حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان و ٦٨ حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی تۆمار كردووە، بەپێی بەڵگەكانی ئەو ڕێكخراوە، سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٤ هاوڵاتی مەدەنی لكوژراون، كە ٨٢ كەسیان لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراون.
تاوانەكانی داگیركەران تەنها لە كوشتنی مرۆڤەكاندا سنووردار نەبوون، بەڵكو سروشتیشیان كردە ئامانج، لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ٣١٤ هەزار و ٤٠٠ دار بڕدراون و بازرگانی بە دارەكانەوە كراوە، هەروەها زیاتر لە ١١ هەزار دار زەیتون و دارەكانی دیكە سووتێنراون، زیاتریش لە نیوەی ڕووبەری كشتوكاڵی كە ١١ هەزار هێكتار بوو سووتاندووە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، لە ماوەی سێ ساڵی داگیركارییەكەدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هاوڵاتیی بیانی لە گوند و ناوچەكانی عەفرین نیشتەجێ كراون، كە زۆربەیان كەسوكاری بەكرێگیراوانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری توركیان.
هەر لە یەكەم ساتی هێرشەكەوە خەڵكی عەفرین خۆیان ڕێكخست و پەیوەست بوون بە “بەرخۆدانی سەردەم”ەوە، خەڵك گوندەكانیان بەجێنەهێشت و هەریەكەیان بە پێی هێز و توانای خۆیان لە بەرامبەر هێرشەكانی داگیركەردا وەستان.
پێش داگیركردنی عەفرین ٢٠٠ كارگەی زەیتی زەیتون لە شارەكەدا هەبووە، كە ساڵانە ٢٠٠ هەزار تۆن زەیتی زەیتون بەرهەم دەهێنرا، بە تێچووی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە ٥٠ هەزار تۆن زەیتون بەرهەم دەهێنرا، بە تێچووی لە ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار.
پێش داگیركردنی عەفرین ٣٠ هەزار تۆن گەنم بە تێچووی پێنج ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار بەرهەم هێنرا، ژمارەی شوێنەكانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ لە شارەكە گەیشتە ٥١٧ شوێن، بە واتایەكی تر ئێستا ساڵانە گەنم و زەیتون بە بەهای ٥٣٧ ملیۆن دۆلار و ٦٠٠ هەزار دۆلار لەلایەن دەوڵەتی توركیا و چەتەكانییەوە تاڵان دەكرێت.
سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگانەی كە داگیركەری تورك تاوانی جەنگی لە دژی عەفرین و گەلەكەی ئەنجامداوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە بێدەنگی بەرامبەر ئەم كارە نامرۆڤانە.
دوای داگیركردنی شاری عەفرین، شارەكە بوو بە پڕ لە گێژاوترین و مەترسیدارترین شوێن لە ناوچەكەدا، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دەوڵەتی تورك و بەكرێگیراوەكانی ترسناكترین پێشێلكاریی و تاوانی جەنگیان لە عەفرین ئەنجام داوە.