ڕەخنە بۆچی و لە پێناوی چیدا؟

164
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

کاتێک سەیری ژیان و کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتی و دیاردەکانی دەکەین، پێویستە بە ئاگابین بە هەبونە جیاوازەکان و پەیوەندی و دەوروبەرەکەیەوە. لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە هەبونە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش بناسین و ئیتر یان قبوڵی دەکەین، یان ڕەتی دەکەینەوە. قبوڵکردنی بۆ ئارامی و پێکەوەژیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان دەبات. قبوڵ نەکردنیشی سەردەکێشێت بۆ کێشە و سەرئێشە، پێکدادان و خۆ ئامادەکردن بۆ دەستبەسەردا گرتن و توندو تیژی. هەردوو ئەگەریش بە دید و تێڕوانینی جیاواز دەڕوات و سەردەکێشێتە پێکدادانە کۆمەڵایەتیەکان. هەر دید و تێڕوانینێکتش، سیستەم، کەسێتی، هێز و ویستی تایبەت بەخۆی هەیە. هەر لایەکیشیان کاریگەری و کارتێکەری خۆی لەسەر کۆمەڵگەکان هەیە. هەر لایەکیشیان دەرهاویشتە و ڕێگە و ڕێبازی خۆی هەیە، چ لە بواری فکر، فەلسەفە، زانست، هێز، تەکنەلۆجیا، قوتابخانە، ئاکادیمیا و زانکۆ، ئایین و باوەڕی و لە کۆتاییشدا کەسێتی مەعنەوی و مادی و بەدەزگابوون.
لێرەوە کۆمەڵگە دابەشی سەر چینایەتی و کارتێکەریە ئەرێنی و نەرێنیەکان دەبێت. هەریەک لەم بەش و لایەنانەی ناکۆکی کۆمەڵگە کە بە ئاستی بە سیستەم بون و سیستەمە جیاوازەکان گەیشتوون جیاواز و خاوەن ویست و بەڕێوەبەری و دەستبەسەرداگرتنن. سیستەمی دەسەڵات ـ قازانج ـ چینایەتی بەگوێرەی قازانج دەسەڵات لە ڕێگەی خۆسەپاندنەوە دەیەوێت کۆمەڵگەکان لە قاڵب بدات. کۆمەڵگە سروشتی و گشتیەکەش نایەوێت بە ئاستی ئەو لەقاڵب دانە بگات، بۆیە هەمیشە لە پێکداداندایە لەگەڵ سیستەمی دەسەڵات ـ قازانج ـ پیاودا. کۆمەڵگە چ بەڕێکخراو چ بە پەڕاگەندە لەدژی ئەو لە قاڵبدان و دەستبەسەرداگرتنەیە. هەر لە ناڕەزاییەک بەرامبەر باج و سەرانە، خۆسەپاندن، خۆباڵابینین، خۆبەگەورەزانین، هەژاری، مووچە، نەبوونی خزمەتگوزاری، زیندان، بەکاڵاکردنی ژن، سێکسواڵێتی، هونەری بێ بایەخ، دەربڕین، کەسێتی بەهێز، نیشانەی ئەو وەستانەوەیەی کۆمەڵگەیە بەرامبەر دەسەڵات ـ پیاو و قازانج.
سیستەمی پیاو ـ قازانج پێویستی بە ئافراندنی هێزی مەعنەوی هەیە، بۆیە پارادایمی لەسەر جۆراوجۆری هێزی مەعنەوی داڕشتوە و جیاوازی بیرکردنەوەی لە گەڵ کۆمەڵگەدا پێ بەیان دەکات و دەیەوێت هزری کۆمەڵگەی پێ ئاڵۆز و شێواو بکات. ئەم سیستەمە هەڵگری ڕقی مێژوویی و ئەزمونی مێژووییە بەرامبەر بە کۆمەڵگە. کۆمەڵگەش هەڵگری بەرخۆدانی مێژوویی و تیئۆریزەکردنی تێکۆشانەکەیەتی. شەڕەکانی کۆنی داگیرکاری خاوەنی بەرپەرپەرچدانەوە و وەستانەوەیە بەرامبەر بەو سیستەمە داگیرکاریە. شاکارە مەزنەکان ئایین و باوەڕیەکان، گێڕانەوە ئەفسانەیی و داستانە کۆنەکان، تابە فەلسەفە و قوتابخانە جیاوازەکان دەگات وێنا و نەخشەی ئەم جیاوازی و شەڕ و خۆ تیئۆریزەکردنانە نیشان دەدات. تا بەڕۆژی ئەمڕۆمان دەگات.
هەردوو سیستەم بە کۆمەڵگەبوون، خۆیان تیئۆریزە کردوە و لە ئاستی هێزە مەعنەویەکانی بەرامبەر بەیەک بەدەزگا مەزن و گەورەوەکانەوە لە پێکداداندان. سەردەمی ئێستە سەردەمی تێپەڕینی ٥٠٠٠ ساڵەی سیستەمی چینایەتی ـ سەرمایەداریە کە بە ئامانجی گەورە و خۆ ئەزموون کردنی ٥٠٠٠ساڵە گەیشتوە لە هێرش بۆسەر کۆمەڵگە. بۆیە خاوەنی دەسەڵات، فێڵ و هێزی ماددی و مەعنەوی گەورەیە. هەتا ئێستە لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا وەستاوەتەوە و ناڕەزاییە کۆمەڵایەتیەکانی بەلاڕێدا بردوە و تێکشکاندوە. سوسیالیزمی بونیاتنراو و بزوتنەوە نیشتیمانیەکان نمونەی تێکشکانەکانن.
بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا، بەسەیرکردن و ڕوانین لە پرسی ژیان و ململانێکان و دڕندەیی سیستەمی سەرمایە بەرامبەر بە نەتەوەکان، ڕەگەزەکان، ژینگە و سروشت، تێکشکانەکانی بزوتنەوە ژینگەییەکان، چەکە کۆکوژەکان، سروشتی و ڕەگەزیەکان چەمکێکی ڕەخنەگری دروستبووە بۆ خۆقوتارکردن لەو تەڵەزگەیەی سەرمایەداری کە بە خۆ نوێکردنەوە (مۆدێڕن) کردنەوە دەیەوێت کۆمەڵگە بۆ هەتا هەتایە تێکبشکێنێت و نەبوی بکات. دەرکەوتوە و لە ئاستی پارادایمێکدا خۆی بەیانکردوە، بەناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادی کە لەسەر شیکردنەوەی ژیان و دروستبوونی کۆمەڵگەی سروشتی و پەیوەندی هەبونەکان پێکەوە لە گەردوندا دامەزراوە.
لێرەوە کۆمەڵگەش بە ئاستی دیدگا و سیستەمی تیئۆریزەکراوی خۆی گەیشتوە و خۆی بەیانکردوە. ئەم دوو دیدگایە بەڕێگە جۆراو جۆرەکان بەریەککەوتن دەکەن و هەر سیستەمەش لەناو خۆیدا سەیری خۆی دەکاتەوە و خۆی شرۆڤە و نوێ دەکاتەوە و پێکەوەش هەم ڕەخنەی ناوخۆیان دەکەن، هەم ڕەخنە و شەڕی یەکتری دەکەن. لەم شەڕ و ڕەخنانەدا هەریەک لە دید و شێوازی ژیانی خۆیانەوە بەریەک دەکەون. بۆیە ڕەخنەکانی ناو سیستەمێک لە خۆی جیاوازە لە ڕەخنەی سیستەمەکان بەرامبەر بەیەک. یەکێک لە سەرکەوتویی سیستەمی سەرمایە و مۆدێڕنیتەکەی گشتاندن و لەناوبردنی جیاوازیەکانە. لە ڕێگەی گشتاندن و تێکەڵکردنی هێڵەکانەوە دەیانەوێت زهنیەتی کۆمەڵگە تێکەڵ بکەن و خۆیان بکەنە هێزی باڵادەستی مەعنەوی و شیکردنەوە. سیستەمی سەرمایە دونیایەک دام و دەزگا و ناوەندی بیرکردنەوە، شرۆڤە و ڕەخنەگری خۆیی هەیە کە لەشەڕی لەگەڵ کۆمەڵگەدا پێداچونەوە و شیکردنەوە دەکات و خاڵە لاواز و نەرێنیەکانی لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا دەستنیشان دەکات و چارەسەری دەکات. بۆیە ڕەخنەگرتن بۆ نوێبونەوەی سیستەمەکەی یەکێک لە بناغەیی ترین ڕێگەکانە.
سیستەمی سەرمایە کە لە لایەنی ماددی و مەعنەویەوە خۆی بەڕێکخستن کردوە بوەتە هێزێکی شەڕکەر بەرامبەر بە کۆمەڵگە. چونکە خودی سیستەمی سەرمایە واتە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگە و کۆمەڵگەبوون. یان شێوازی سیستەمی دەسەڵات ـدەوڵەت لەدژی کۆمەڵگەبوونە، بۆیە لە هێرش و شەڕەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە پێویستی بە خوێندنەوە و نوێبوونەوە هەیە. بۆیە ڕەخنەگرتن بەشێکە لە شێوازی نوێبوونەوە بۆ هەستانەوە لە بەرامبەر شەڕی کۆمەڵگەدا. لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوە و ڕەخنە لایەنداری، ئامانج و پاراستنی سیستەمی سەرمایەی تێدایە. کە ناکرێت گشتاندنی بۆ بکرێت. واتە بکرێتە ناوی هەموان و بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت.
لە بەرامبەر ئەو سیستەمەشدا، کۆمەڵگە بە سیستەم و دام و دەزگاکانیەوە هەیە و لەسەر ناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا خۆی تیئۆریزە کردوە. کە خۆی بەستوەتەوە بە ناسینی فرەییە کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و ژینگەییەکان و پەیوەندی هاوسەنگی ژیاری ئەم بونانە. لێرەوە ئەم دونیابینیە پێویستی بە دونیای فەرهەنگی لێکتێگەیشتن و پێکەوەیی هەیە. جیاوازیەکان وەک سروشتی بون و ژیان تێدەگات. بۆیە دونیا مەعنەویەکەی لەسەر بنچینەی زۆر و ستەم و خۆسەپاندن و دەسکەوت دانەمەزراوە. بەڵکو هێزێکی بەخشەر، پێدەر و هاوبەشی کەرە. ئەم دونیابینی و پارادایمەش خاوەنی دەزگای بیرکەرەوە و ڕەخنەگری خۆی و دەستنیشان کردنی کێشەکانی خۆی و کۆمەڵگەشە. بۆیە کاتێک سیستەمی چینایەتی و جیاوازی شیدەکاتەوە، دەچێتە سەر ئەو گۆڕەپانەی یەکەم جیاوازی تێدا بەرهەمهێنرا، کە لێدانە لەژن و دزینی ڕەنجە کلتوریەکەیەتی. لێرەوە شەڕی باڵادەستی ڕەگەزی و کێشمەکێشەکانی نێوان ژن ـ پیاو دەست پێدەکات و بەردەوامی بەژیانی خۆی دەدات تا ئەم سەردەمەی دەسەڵاتی پیاو ـ دەوڵەت. کە سیستەم لەسەر دونیابینی و باڵادەستی دەوڵەت ـ پیاو درێژە بەتەمەنی خۆی دەدات.
ئەم تێگەیشتنە لە بوارەکانی بە سیستەم بوون و بەدەزگابووندا خاوەنی دەسکەوت، کاریگەری، تێکۆشان و ڕەخنەگریە لە سیستەمی بەرامبەر و کۆمەڵگە و ئاواکردنی کەسێتی تاک و کۆمەڵایەتی بۆ وەرچەرخانی شەڕە توندوتیژ و وێرانکەرەکەی مۆدێڕنیتەی سەرمایە، بۆ تێکۆشانێکی نەرم، کراوە و دیموکراتیکی ڕاستەقینەی تێرکراو بە ئازادی. لەم دونیابینیەدا ئازادی پێگەی یەکەمی هەیە، ئەویش لە ڕێگەی سەرڕاست کردنەوەی بوارەکانی بەڕێوەبەری ژیانەوە.
باسی ئێمە پەیوەستە بە چەمکی ڕەخنە و ڕەخنەداین و ئامانج و چیەتی ڕەخنەگرتن. بۆیە باسەکەمان پەیوەست دەکەینەوە بە ڕەخنە جیاوازەکانی هێڵ و سیستەمە فکریەکەی ڕەخنەگرتنەوە، لە بەرامبەر سۆسیۆلۆژیای ئازادی و دونیابینی و تیئۆریزەکەرەکەیدا کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە. بۆچی عەبدوڵا ئۆجەلان؟ لەبەرئەوەی کوردە، تیئۆریزەکەری دونیابینیەکەیە و لە پرسی ژن، ژینگە و چارەسەری کێشەکاندا پێگەی کەسێتیەکی نەتەوەیی، ژینگەیی، گەردونی وەرگرتوە و کاتێک ناوماڵی کورد قسەی لەسەر دەکرێت، فیگەرێکی گرنگە و لە چەمکە جیاوازەکانی ناو کوردانەوە قسەی لەسەر دەکرێت، جا ئەرێنی یان نەرێنی. خۆشبەختانە یەکێک لە لایەنە ئەرێنیەکانی ئەم گفتوگۆیانە خستنەڕووی بونی ڕێبەری و تێکۆشانێکی ئازادیی کوردانە. کە لەبری ئینکار کەوتوەتە ناو گفتوگۆوە، کە بۆخۆی پێشکەوتنی قۆناغێکە کە دڕی بە سیاسەت و هزری پاکتاو و ئینکار داوە. بۆچی ئەو پێشەکیەشم بۆ نوسی؟ لەبەر ئەوەی ئامانجی ڕەخنەگریە جیاوازەکان بناسین و ئامانجەکانیان بخوێنینەوە. ئەگەر لە ڕەخنەدا ئامانج نەزانین، یان نەیخوێنینەوە، ئەوا تێناگەین کە ڕەخنە بەرەوکوێ دەچێت و چی لە پشتیەوەیەتی. بەتایبەت لە دۆخی کورداندا شێواوی ناو ماڵی کورد و دەستێوەردانەکانی ناوی بە تەواوی ئامانجی ڕەخنەی شێواو و تێکدراو کردوە.
بێگومان تێکۆشانی گەلی کورد بە ئاستی واتادار گەیشتوە، خاوەنی دونیابینی، ڕێبەری و چەمکی خۆیەتی، سیستەمەی ژیان و بەڕێوەبردنی پێشکەش کردوە، کە لەسەر ئازادی تاک و کۆمەڵگە و پێکەوەژیانی جیاوازیەکان بنیات نراوە. خوێندنەوەی بۆ پێشەنگی ژنان قوڵ و کاریگەرە. ئەو ڕەگەزەی کە بە درێژایی چەندھەزار ساڵ لێی دەدرێت و پەراوێز دەخڕێت. بە دەیەھا بەرگی جۆراوجۆرەوە نیشان دەدرێت بۆ ئەوەی لە ژنێتی ئازادی بخەن. وەک کۆیلەیەک دەیڕازێننەوە، بۆ دەستەمۆیی و دەستەچیلەیی، دەیڕازێننەوە بۆ نیشاندانی شێوەی دەسەڵاتدارەتیە بەرەڵڵاکەی سیستەمی مۆدێڕنیتە بۆ نیشاندانی شێوازی دیموکراسیە درۆزنەکەی دەسەڵات و دەوڵەتەکەیان، وەک بوکەڵەیەک بۆ ڕازاندنەوەی سیستەمەکەیان بەکاری دێنن. بەڵام لە بەڕێوەبردن و بڕیاردا خاوەنی ھیچ پێگەیەک نیە.
بێگومان ئەم دونیابینیە کۆمەڵایەتیە دەستی خستە سەر ئەم بوکەڵەییەی ژنان و ڕەخنەی کرد و بەڵا و تەلیسمەکەی سەری ھەڵدایەوە. بەوە، ویستی پێناسەی پیاوی ئازادیش بکاتەوە و لە پیاوی دەسەڵاتدار ھەم جیای بکاتەوە، ھەم ئازادی بکات و بە پێگەی حەقیقی ھاوزەگەزی لەگەڵ ژندا بگەیەنێتەوە جێگەی خۆی. بۆیە زانستی ژنی پێشخست. کە زانستی تێکۆشان، بەڕێوەبردنی ژن و ژیانە. بەژنی وت تۆ واتای ژیانیت، کەواتە نابێت کۆیلەبیت و یەکێکی تر، ڕەگەزێکی تر بە گوێرەی خۆی پێناسەت بکات و پێگەت پێبدات وەک بوکەڵە! بۆیە ئەم ھوشیاریە لە پێاوێتی داو بێ بنەمای کرد و نیشانیدا کە پیاوێتی دەسەڵاتدار چ بەڵایەکە. لێرەوە سیستەمی پیاو – دەوڵەت کەوتنە لێدان و ڕەخنە کردنی. پیاوێتی تەحەمولی ئازادی ژن ناکات. بۆیە بە چەپگەرایی و پۆزەتیڤیست و ئایینگەرا و زانستگەراییشیەوە، کەوتنە لێدان لە ژن و پێگەکەی. بەناوی بێ ئەقڵی، مێشک بچوکی و نەبوونی ھێزی جەستە و دروستکراوی لە پیسایی و پەراسوی پیاوو دروستکراو بۆ دامرکاندنەوەی ڕەمەکی پیاو و وەچەخستنەوە و ماڵ بەڕێوەبەری و خزمەتکاری بێ بەھا و بێ موچەی خێزان. بە ھۆی وەچە خستنەوەوە ھەموو ئەندامەکانی جەستەی ژنان لەبەریەک ھەڵوەشاون. ئەم کارەسات و لە ڕێ لادانەی ژیان و دۆزینەوەی ھۆکارەکەی لە لایەن سیستەمی سەرمایە – چینایەتیەوە کەوتە بەر ھێرش و لێدان. بۆیە ئەو ڕەخنانەی لە تێکۆشانی ژن و پارادیگمای تێکۆشانی ئازادی و ئۆجەلان دەگیرێت، لە چەمکێکی دەسەڵاتخواز، ڕەگەزی و پیاوسالاریەوە دەگیرێت و پەیوەستە بە ترس و دڵە ڕاوکێی سیستەمی سەرمایە و پیاوسالاریەکەیەوە.
ئەگینا دەکرێت بۆ قوڵبونەوە، تێگەیشتن و پەرەپێدانی چەمکی ئازادی ژن ھاوبەشی و بەشداری بکرێت و ئەگەریش کەموکوڕیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت و پڕ بکرێتەوە. ئەو کات ڕەخنە دەبێتە ھێزی ئاواکردنی پەرەپێدان و ئاواکردن. بەڵام ڕەخنە بگاتە ئاستی ڕەتکردنەوەو پێشکەش نەکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆخۆی کێشە لەگەڵ خۆی دێنێت. کاتێک کێشەش ھەبوو دوو ڕێگە ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی: یان
١-چارەسەر دەکرێت.
یان
٢-بەرەو بەریەککەوتن و پێکدادان دەڕوات
چارەسەر، پێکەوەبوون بەرھەمدێنێت، واتە قبوڵکردنی جیاوازی و ناسینی جیاوازیەکان و خۆگوزارشت کردنی ھەر پێکھاتەیەک بە گوێرەی ئەوەی کە خۆی ھەیە و خۆی دەیخوازێت، لەگەڵ گونجاوی لێشاوی ژیانی ئازاددا. لێرە دەست نیشانکردنی کێشە بەرە و چاڕەسەری و پێکەوەبوون و ھاوبەشی ئاراستە دەگرێت. کۆمەڵگەی بێ کێشە واتە کۆمەڵگەی مردووە.
بەریەککەوتن و پێکدادنیش واتە بونی کێشە و ھێزی خۆسەپێنەر کە نەک کێشە چارەسەر ناکات، بەڵکو قوڵی دەکاتەوە و بە ئاستی پێکدادان و توندوتیژی و تێکدانی ئاسایشی گشتی دەگەیەنێت.
جیاوازی ئەم دوو ڕێڕەو، ڕێباز و سیستەمە ئامانجی ڕەخنەگر دیاری دەکات. ناوماڵی کورد ھەرچی زیاتر پێویستی بە قبوڵکردنی یەکتر و پێکەوەیی و ھاوبەشی و چارەسەری کێشەکانی ھەیە، بۆ ئەوەی بە ئاستی ھێزێکی ڕێکخڕاو، زھنی ئامانجدار بۆ چارەسەری دۆزەکەی بگات. کاتێک باس لە دۆزی کورد دەکرێت، ناکرێت تێکۆشانی ئازدادی کورد و ژن لەبەرچاو نەگیرێت. کاتێکیش ڕەخنە دەکەیت پێویستە ئاگادار بیت نەکەویتە ناو خانەی ڕەخنەگری ڕەتکردنەوە و فڕێدانەدەری تێکۆشانی ئازادیەوە. بەڵکو پێویست دەکات ئەم تێکۆشانە بناسیت. جیاوازیت لەگەڵی کێشە نیە، بەڵام خاڵی ھاوبەشی ژیان، نەتەوەبوون، ھاونیشتیمانی و ھاووڵاتیبوون ھەیە و پێویستە خاڵە ھاوبەشەکان بکەینە ھێزی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی ئازادی کار لەسەر کراو.
بۆئەوەش پێویستی کەسێتی ھوشیار، بە خۆباوەڕ و بینەری حەقیقەتی جیاوازی هەیە. ئەگەر کەسێتی بە گوێرەی حەقیقەتی کۆمەڵایەتی و تێکۆشەرانەی ئازاد بنیات نەنرێت، ئەوا ڕەخنەگریەکانیش سەر لە ڕێی ئاڵۆزی و پێکدادان دەکاتەوە. گەلی کورد بە ھۆی بزوتنەوە خێڵەکی، دەسەڵاتخواز و چەمکە ئۆڕیانتاڵیستەکانەوە گیرۆدەی لە ڕێلادان و ھوشیاریەکی دەسکرد و دەرەکی کراوە، کە لە ڕەخنەگریەکانیدا ئاو دەکاتە ئاشی ھێزە دەرەکی و دەسەڵاتخوازە ناوخۆییەکان و ھوشیاریە خۆجێیەکان توشی ئاڵۆزی دەکات. چونکە ھوشیاری دەرەکی و ئۆریانتاڵیزم، لەسەر دزینی ڕەنجی کۆمەڵگە و ھزری مرۆڤایەتی دامەزراوە. خزمەتی ھزری ئازاد و بەتایبەت تێکۆشانی کوردان ناکات. بۆیە کاتێک ڕەخنەی چەمکی تێکۆشانی ئازادی دەکەیت و خۆیشت بە ئەندامێکی کۆمەڵگەی کوردی دەزانیت. دەبێت ھوشیار بیت، نەکەویتە باوەشی دوژمن و ھێڵە داگیرکاریەکان.
ڕەخنەی ڕەشکردن و لێدان و ڕەتکردنەوەی ھێڵی تێکۆشانی ئازادی بوارێکی بازرگانی و دەسکەوتی پووڵی و خۆشیرین کردنە لە لای ھێڵی داگیرکەر- بەکرێگیراو، بۆیە ڕەخنەگری پێویستە ئامانجی پێکەوەیی و ھاوبەشی پەرەپێدان بێت و خۆ جیاکردنەوەش بێت لە چەمکی ئۆریانتاڵیزم، ئایینگەرایی دۆگماتیک و پیاوسالاری. چونگە تێکۆشانی ئازادی پارادایمەکەی بۆ چارەسەری پرسی کورد، کوشتنی پیاوێتی، کۆمەڵگەی ھەرەوەزی و ئازادی ژن – کۆمەڵگە بنیاتنراوە. تۆ بێیت و بە چەمکی بەرامبەری خۆرئاوایی گەری ڕەخنەی بکەیت، ئەوە ھێڵ و جیاوازیەکە لەبەرچاوە و خودی خۆرئاواییەکان بەرپرسیارن لە سەرکوت، کوشتار و کۆمەڵکوژکردنی کوردان، ئێستە چۆن دەکرێت بە چەمکەکانی ئەوان ڕەخنەی دیدگا و جیھانبینی خۆجێی و کلتوری ناسنامەی ئازادی کوردان و تێکۆشانەکەی بکەیت.
بۆیە بونیادنانی کەسێتی لەسەر دونیابینی و خواست و ویستی ئەوەی چیت دەوێ و چی دەکەیت، بە بایەخ و گرنگە. ھەرکەس ناتوانێت ڕەخنەگری ئەرێنی بێت، لە کاتێکدا خۆی بە دونیابینی ئۆریانتاڵیزم یان بیرمەند و فەیلەسوف و زانا خۆرئاواییەکانەوە گرێدابێت و چوارچێوەی بیرکردنەوەی لە وانەوە داڕشتبێت. بۆ تێکۆشانی ئازادی هەرشت پێناسە کراوە و شیکراوەتەوە. وەک هێڵی داگیرکاری شتەکانی لە سەبەتە و گیرفانی سەرانییدا دانەناوە. ئەم هێڵە خاوەنی دونیابینی، فەلسەفە، پەروەردە، ئەکادیمیا، ڕێبەر و پێشەنگی تێکۆشان و سیستەمی ئاواکراوی کۆمەڵایەتی خۆیەتی کە هەموو دونیابینی و گۆڕەپانەکانی ژیانی شیکردوەتەوە. هەرکەس دەیەوێت ڕەخنەی بکات ئازادە، بەڵام بە تێگەیشتنەوە، نەک بە بەرژەوەندیەوە و پێویستە ئامانجیشی دیاری کردبێت کە ئایا هاوبەشی، پەرەپێدان و پێکەوەییە یان دژ وەستانەوەیە و بە چ میتۆدێکیش دژ وەستانەوەیە. ئایا ڕەتکردنەوەو لە ناوبردن و ڕەشکردنە، یان پێویست نەبونیەتی بۆ کۆمەڵگە و شتێکیتر لەو پێویست تر هەیە. ئەگەر هەیە کامەیە و ئەگەریش نیە، چۆن ئەم ڕەت دەکەیتەوە؟ بۆیە لەناوماڵی کوردانەوە ناسین و پێزانینی ئەم هێڵە و قبوڵکردنی و مافی خۆگوزارشت کردن لێی، تێکۆشانی گەلی کوردی بە ئاستێکی بەرز گەیاندوە، کە مانادارە و ئازادی و ڕزگاری گەلی کوردیش ئامانجە بەرز و پیرۆزەکەیەتی.
بێگومان ڕەخنەش وەک هەر چەمک و دیاردەیەکی تر لای تێکۆشانی ئازادی شیکراوەتەوە و مانا و واتای پێدراوە. هیچ هێز و لایەنێک بە ئەندازەی تێکۆشانی ئازادی ڕەخنەی خۆی و ڕێکخستنەکانی و کۆمەڵگە و کەسایەتیەکەی ناکات. بەڵام ڕەخنەگری لای ئەم تێکۆشانە بۆ دەرخستنی کەموکوڕی، ڕێگریەکان، هەڵسەنگاندن و دەسکەوتەکانە بۆ ئەوەی بۆ کاری داهاتوو سودمەندتر و شێلگیرانەتر و ئەنجامدار تر بێت. بۆیە واتای ڕەخنە گوڵبژێر، پێکەوەبون و خۆ ئامادەکردنە بۆ یەکیەتی، پێکەوەیی و هاوبەشی نەک دابڕان، پارچەبوون و لەخۆدان و لەوانیتریش دان.

هاوبەشی :