فەرماندە خەبات بووە هێمای شۆڕشی رۆژئاوا
ئاڵدار خەلیل
هەڤاڵ خەبات بووە هێما و رەمزی شۆڕشی رۆژئاوا. لەسایەی رەنج و بەرخودانی هەموو شەهیدان، بە تایبەتی شەهید خەبات لەمرۆدا شۆڕشی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستی شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
لە سەردەمێکدا کە گەلی کورد دەچووە ناو قۆناغێکی نوێوە، لە رێگەی دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ پەکەکە دامەزرا و لەپێناو رزگاری کوردستان هیوای هاتە ئاراوە. بە بەرخودانی زیندانیانی پەکەکە لە زیندانەکان و دەستپێکردنی هەنگاوی ١٥ی ئابی ١٩٨٤، ئیتر شۆڕش لە کوردستان چووە ناو قۆناغێکی نوێ. ئیتر تێکۆشان بە هەر چوارپارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەوە. لە کاتێکی لەو جۆرەدا هەڤاڵ خەبات دێرکیش وەک زۆرینەی گەنجانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی و چەوساندنەوە و بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکەی ناچار بوو بچێتە دەرەوەی وڵات.
هەڤاڵ خەبات لە لوبنان کادرە پێشەنگەکانی پەکەکەی ناسی. رێگەی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی ناسی و تێگەیشت کە ئەگەر تێکۆشانی گەل لەپێناو ئازادی بەهێز نەکرێت، ئەستەمە هیچ کەس و بنەماڵەیەک بتوانێت شکۆمەندانە و بە ئازادییەوە بژیت. لەسەر ئەو بنەمایە لە ساڵی ١٩٨٣دا پەیوەندی لەگەڵ کادرەکانی پەکەکە سازکرد. ئیتر ئەو لە لوبنان بووە لایەنگر و خەباتکارێکی شۆڕشی کوردستان. لە ساڵی ١٩٨٥ دەرفەتی بۆ رەخسا بچێتە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز، پەروەردەی بیردۆزی و سەربازی بینی و لەوێ رێبەر ئاپۆی ناسی. راستەوخۆ لە رێبەر ئاپۆوە فێری رامان و ژیانی شۆڕشگێڕی بوو، بووە کادرێکی پەکەکە. هەڤاڵ خەبات بە رۆحی نیشتمانپەروەری، رەنجدەری، گیانبازی و لەخۆبوردەیی دەناسرا و لەو بڕوایەدابوو کە چارەنووسی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکەوە بەستراوەتەوە.
دەیگوت: “بۆ ئەوەی داگیرکەران هەبوونی ئێمە قەبوڵ بکەن، دەبێت سەرەتا خۆمان هەبوونی خۆمان بسەلمێنین. ببینە هێزێکی سەربازی، کۆمەڵایەتی و سیاسی”. بە بڕوایەکی پتەو و بێ دوودڵی لە ساڵی ١٩٨٧ رووی کردە چیاکانی کوردستان و تێکەڵ بە رێزەکانی گەریلا بوو. برینداربوو، زۆر دژواری و تەنگوچەڵەمەی هاتەڕێ، بەڵام سەرباری ئەوەش شەهید خەبات بە گیانبازیەکی گەورەوە درێژەی بە تێکۆشاندا. بەردەوام فەرماندەی شەڕ و چالاکیەکان بوو. پێشەنگ و شەڕڤانی ئازادی بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کادرێکی پێشەنگی پارتەکەی خۆی بوو. خۆی وەک قوتابی و جەنگاوەرێکی هێڵ و فەلسەفەی ژیانی رێبەر ئاپۆ پێناسە دەکرد. هەرچەندە زۆر جار وەک فەرماندەیەکی سەربازی پێناسە دەکرا، بەڵام کاتێک هێڵی بیردۆزی و رێکخستنی پارتەکە رووبەڕووی هێرش دەبووەوە، سڵی نەدەکردەوە لە تێکۆشان بۆ پاراستنی هێڵی پارتەکە و بێ هەڵوێست نەدەبوو. ئەو لەپێناو پاراستنی بەها و پێودانگەکانی ژیانی پارتەکە بە گوێرەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ ئامادەبوو هەموو شتێک بکات، ئەگەر پێویست بوایە ئامادەبوو خۆی فیدابکردایە. شەهید خەبات نمونەی ئازایەتی و هاوڕێیەتی بوو. هێندەی ئامادەبوو لە دژی دوژمنی دەرەوە بجەنگێت و تێبکۆشێت، ئەوەندەش ئامادەبوو کە لە دژی مامەڵەی ناوخۆیی دەرەوەی هێڵی رێبەرایەتی و پارتەکە تێکۆشان بکات. ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەو لەناو رێکخستندا گەیشتە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکە. هەروەها لە رووی سەربازییەوە لە بەرزترین ئاستدا بووە فەرماندەی گۆڕەپانەکانی گەریلا و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شەڕی بەڕێوەبرد و بەرخودان لە هەموو شوێنێک بەرەوپێش برد.
لە قۆناغی شۆڕشدا هاتەوە بۆ رۆژئاوا
لەو ساڵە دوور و درێژانەی تێکۆشاندا لە ناو گۆڕەپانی گەرمی ریزەکانی گەریلادا بووە پێشەنگ و فەرماندە. بووە گەواهیدەری زۆر سەرکەوتن، بەام لەهەمان کاتدا زۆر هەڤاڵیشی لە تەنیشت خۆیەوە شەهیدبوون. ئەو هەموو کات رێکردن لە سەر رێبازی هەڤاڵە شەهیدەکانی بۆ خۆی بە بنەما گرت، وەفاداری بە شەهیدانی وەک ئەرک و بەڵێنێک بە بنەما گرت. لە کاتی بەهاری گەلاندا کاتێک لە سوریا بە گشتی و لە رۆژئاوای کوردستان شۆڕش دەستیپێکرد، یەک لەو هەڤاڵە پێسەنگانەی کە بێ دوو دڵی شانی دایەبەر ئەرکی سەردەم و گەڕایەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان شەهید خەبات بوو. زۆر دڵخۆش بووین و شانازیمان کرد کاتێک هەڤاڵ خەبات هات. لەبەر ئەوەی خاوەن ئەزمونی دەوڵەمەندی شەڕ و رێکخستن بوو. وەک دەزانرێت جگە لە پاراستنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و بیردۆزی، پاراستنی سەربازیش زۆر گرنگە. هەربۆیە لە سەر بنەمای پاراستنی جەوهەری هێزێکی سەربازی ئافرێندرا. شەهید خەبات سەرباری دەرفەتی کەمیش لەگەڵ هاوڕێیانیدا بە شەو و رۆژ گەنجانی رێکدەخست و لە نەبوون، هەبوونی خوڵقاند. بە تایبەتیش لەو پراتیکەدا ئەو گەنجانە بە دەرفەتی کەم لە گۆڕەپانەکە قارەمانێتی گەورەیان کرد. بەم جۆرە گەل بڕوای پێکردن و پشتیوانی لێکردن، لە ماوەیەکی کەمدا هەزاران گەنج بە دەوری ئەوانەوە کۆبوونەوە، واتە بوونە بەشێک لەو گروپە. شۆڕشی رۆژئاوا لە سەر ئەو بنەمایە بەرەوپێشچوو.
هەڤاڵ خەبات لە بارەی بەهاکانی پارتیەوە هەڤاڵێکی روونبوو. ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٢ بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک سەردانی قامیشلۆی کرد و لەوێ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەک برینداربوو. ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٢ سەرباری هەوڵی پزیشکان، شەهید بوو. شەهیدبوونی هەڤاڵ خەبات کۆستێکی گەورەبوو. دوای شەهیدبوونی ئەو لە دژی خیانەت و ستەمکاری توڕەییەکی گەورە هاتە ئاراوە. بە هەزاران گەنج کە دڵسۆز و وەفاداری یادی شەهید بوون، بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد.
بە بەشداربوونی هەزاران گەنج هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بونیادنران. هەڤاڵ خەبات بووە هێمای شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان. لە سایەی رەنج و بەرخودانی سەرجەم شەهیدان بە تایبەتی شەهید خەبات لەمرۆدا شۆڕشی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستی شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو شۆرشە بۆ هەموو گەلانی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هیوا. هاوڕێیانمان وەک شەهید خەبات هەموو کات دەبنە پێشەنگ و هێما. بۆ ئەوەی شۆڕشی ئازادی و دیموکراسی بگاتە سەرکەوتن، ئێمە هەموو کات هێز و ئازایەتی ئەوان بۆخۆمان بە نمونە دەگرین.
دوای شۆڕش هێرشی زۆر گەورە بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد. لەلایەکەوە دەبێت لە دژی ئەو هێرشانە خاکی خۆمان بپارێزین، لەلایەکی دیکەوە دەبێت لە دژی سیستمی نەتەوە-دەوڵەت سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بەرەوپێش ببەین. ئەوەش بە شێواز و زانابوونی شۆڕشگێڕییەوە بەستراوەتەوە. ژنی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد بە زانابوونێکی نوێوە دەخوڵقێندرێت. ئەو زانابوونەش بەو جۆرە بەرەوپێش دەچێت، کە هەمووان بە گوێرەی پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ خۆی بە رێکخستن بکات و لەسەر رێچکەی شەهیدان رێبکات. ئێستا پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند کرا، کە دەبێتە بنەمای سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سیستەم. ئەگەر ئەمڕۆ سەرباری هەموو هێرش و هەڕەشەکان هەڵوێست و شێوازی تێکۆشانی شەهیدان بە نمونە بگرین، سەردەکەوین.