حکومەتە پۆلیسیەکەی مەسرور بارزانی و بنەماکانی فاشیزم

139
0
هاوبەشی :

ئێستا لەژێر دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا هیچ شتێک ئەرزشی نەماوە، مامۆستا شەقی تێهەڵدەدرێت، ڕۆژنامەنوس لە لایەن خودی خۆیەوە بە تیرۆرست و سیخوڕ ناودەبرێت، سیناریۆی تۆمارکراو بەسەر هەرکەسێکدا دەسەپێنرێت کە ڕەخنە لە کاریان بگرێت.

بنپێخستنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ،ئازادی ڕادەربڕین، ساختەکارى، بینینی لایەنە ڕکابەرەکان و ئۆپۆزسیۆن وەک دوژمنی ناوخۆیی کە دەبێت لەت و پەت بکرێن، هەرکەسێک لەدەرەوەی خۆی بیربکاتەوە وەک دوژمن دەبینێت، واتە تا ئەوکاتەی بە ئەرێنی لەسەری قسەبکەیت، قبوڵکراو دەبیت و حوکمی قەرەقوشی ئەوت قبوڵنەبێت و ڕەخنەبگریت قبوڵکراونیت و دەبێت سزابدرێیت. کەواتە لە دیکتاتۆری فاشیستیدا ئەگەر لە لای ئەو نەبیت و پشتیوانی نەبیت ئەوا لەناو دەچیت

دیارترین سیمای ئەو ناوچانەی کە فاشیستەکان بەرێوەى دەبەن ئەوەیە کە دامودەزگاکانی پەرلەمان چۆڵ دەکەن، یاسا و ڕێساکان کارا نین و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن، بڕیارەکان لە جیاتی پەرلەمان و حکومەت لەلایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاکەکان و پۆلیسەوە دەدرێت و میدیاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

فاشیزم کاری چی و چۆن و بۆچی دەکات؟

دیکتاتۆر بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە حوکمڕانی دەکات نەبنە هەڕەشە بۆ سەری، سەرەتا بژاردەی خەڵک کەم دەکاتەوە و برسییان دەکات. بۆ ئەوەی هەموو جوانی و پیاهەڵدانەکان بۆخۆی قۆرغ بکات چەندین ڕێگا دەگرێتە بەر لەوانە.

دڵسۆزی دەکڕێت، هانی بەرتیلدان دەدات بۆ دروستکردنی قەرەباڵغییەکی لایەنگر و بە سیستەمی موحتاج بون بۆ مووچە پاداشتی دەداتەوە.

سەرچاوەکانی وڵات وەک موڵکی خۆی دەبینێت و بەکاریان دەهێنێت و دەیفرۆشێت.

بە دانانی باجی زۆر خەڵکی توشی قەرزاری دەکات.

کولتوری گوێڕایەڵی و خۆبچوککردنەوە دروست دەکات و شایستەیی بە بێ بایەخ دەکات.

بە ترساندن و سەرکوتکردن و سیخوڕی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەوە، کولتوری ترس دروست دەکات و حوکم دەکات.

“بزنی بەڵاگەردان” دروست دەکات بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کێشانەی کە دروستی کردووە بەڵام خەڵک ئەزموونی دەکەن.

هەموو ئامرازە حکومییەکانی دەوڵەت وەک چەک بەکاردەهێنێت.

هەموو نەیارەکان بێدەنگ دەکات و دەڵێت “ئێوە یان لە لای منن یان لە دەرەوەن”.

ڕاستی لەسەر بنەمای ئیمان دروست دەکات کە ڕاستییەکان لەسەر بنەمای لۆژیک دەکوژێت

هەموو ئەمانە سیمای دیاری حکومەتە پۆلیسییەکەی مەسرور بارزانییە کە لە ئێستادا هیچ بنەمایەکی فاشیزم و دیکتاتۆری نەماوە تێیدا بەرجەستە نەبوبێت.

هەولێر و زۆنی زەردی کردۆتە زیندان بۆ تەواوی توێژەکان و هەرکەس بڵێت حکومەت و کابینەکەی مەسرور بارزانی پێی لارداناوە دەیان تۆمەتی نارەواو نائەخلاقی بۆدروست دەکەن و پاشان بە حوکمی قەرەقوشی خێڵ و بنەمالە لەزیندانی توندیدەکەن.

ئێستا لە هەولێر و دهۆک بە بڕیاڕی لیژنە ئەمنییەکانی ناوبازاڕ کە مەسرور بارزانی کاری ئەو نییە و خۆی بڕیاریان لەسەر دەدات لە تەواوی دوکان و فرۆشگاکاندا تەنانەت عەرەبانە و دەستگێڕەکانیش بڕیارێک سەپێنراوە دەبێت وێنەیەکی مەسرور بارزانی و باوکی هەڵبواسن ئەگەرنا هەر ڕۆژە و بە بیانوییەک ڕێگریان لێدەکرێت واتە وێنەی مەسرور بارزانی و باوکی وەک مۆڵەتی کارکردن لەزۆنی زەرد تەماشا دەکرێت.

ئێستا لەژێر دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا هیچ شتێک ئەرزشی نەماوە، مامۆستا شەقی تێهەڵدەدرێت، ڕۆژنامەنوس لە لایەن خودی خۆیەوە بە تیرۆرست و سیخوڕ ناودەبرێت، سیناریۆی تۆمارکراو بەسەر هەرکەسێکدا دەسەپێنرێت کە ڕەخنە لە کاریان بگرێت.

بەجۆرێک حوکوم دەکرێت کە یان بێدەنگی هەڵدەبژێریت و ئەوەی خێڵ و بنەماڵە بڕیاریدا قبوڵی دەکەیت یان ئەوەتا دوو ڕێگات هەیە ئەوانیش جێهێشتنی زێدی خۆت یان زیندان و قبوڵکردنی تۆمەت و سیناریۆ داتاشراو دروستکراوەکان.

دەرئەنجام پێمان دەڵێت هەمیشە فاشیست دیکتاتۆرەکان تا کۆتایی ناتوانن بەردەوامبن و درۆ و چەواشەکاری ، جوانکردنی وێنەی بێزراوی خۆیان دەرخواردی خەڵکی بدەن چونکە پێشینان وتویانە هەموو شت لە باریکیدا دەپچڕێت تەنها زوڵم و زۆردارییە کە لە ئەستوریدا دەبچڕێت.

هاوبەشی :