ڕێکخراوی ماف و یاساکانی سەبارەت بە ئیمرالی سەردانی (سی پی تی)یان کرد

137
0
هاوبەشی :

ڕێکخراوی ماف و یاساکانی سەربارەت بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش سەردانی لیژنەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) یان کرد.

نزیکەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاشەوە بەدەست نەکەوتووە.

ڕێکخراوەکانی ماف و یاسا ڕایانگەیاندووە کە ڕێگریکردن لە دیداری پارێزەران لەگەڵ موەکیلەکانیان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دژی بەڵێنەکانی تورکیایە و پەیوەست بەو بابەتەوە سەردانی (سی پی تی)یان کردووە.

سەردانەکە لەلایەن پارێزەرانی ئامەد، ئیلح، مێردین، موش، وان، شڕناخ و ڕحا، کۆمەڵەی کۆمەڵگای مەدەنی لە سیستەمی دادوەری تاوان، کۆمەڵەی پارێزەرانی هەمدەم، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی و دامەزراوەی یاسای توێژینەوە پێشکەش کراوە.

لە سەردانەکەدا ئەمانە باسکراوە:

“زانراوە کە لیژنەکەتان لە ساڵی ١٩٩٩ـــــەوە ١١جار سەردانی زیندانی ئیمرالی کردووە. لیژنەکەتان تاکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە کە توانیویەتی سەردانی زیندانی ئیمرالی بکات، نزیکترین شایەتحاڵی خراپی بەڕێوەبردنی بارودۆخ و زیندانەکانە لەم ٢٤ ساڵەدا. جگە لەوەش بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا هیچ ڕاگەیاندراوێکتان سەبارەت بە سەردانەکە ئاشکرا نەکردووە، هەرچەندە ئەو پێشێلکاریانەی لە ڕاپۆرتەکانتاندا دەستنیشانکراون چارەسەر نەکراون، بەڵام هیچ ڕێکارێک بەسەر تورکیادا نەسەپێنراوە، ئێمە لەو باوەڕەداین بەمشێوەیە هێز دەدەن بە دەوڵەتی تورکیا هەتا بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی.

لەوەتەی کردەوەکانی تورکیا لە زیندانی ئیمرالی بەردەوامی هەیە، ڕۆژانە دۆخی ‘ناپەیوەندی’ خراپتر دەبێت، لە ٥ی ئابی ٢٠٢٢ــەوە کە ڕاپۆرتەکە بڵاوکرایەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی زیندانی ئیمرالی وەرنەگیراوە، لە ساڵی ٢٠١٩ بەدواوە، پارێزەران ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی بکەن، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ٣ خولەکی مانگی ئازاری ٢٠٢١ بەدواوە هیچ زانیارییەک لە زیندانی ئیمرالیەوە بە هیچ شێوەیەک وەرنەگیراوە، بە بۆچوونی ئێمە پێویستە ڕێکاری مادەی ١٠/٢ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن لە سزای گۆشەگیری، یان نامرۆڤانە و ئەشکەنجە جێبەجێ بکرێت.

بۆیە وەک بەشێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانتان کە لە ڕێکەوتننامەکەوە بۆتان دەکرێت، داواتان لێدەکەین؛

١-بەپەلە سەردانی زیندانی ئیمرالی بکەن، دۆزینەوە و ڕاپۆرتەکان بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە.

٢- پارێزەران بتوانن دەستبەجێ سەردانێ ئیمرالی بکەن و بەردەوام بن لە سەردانەکان و کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و ڕاگرتنی کۆبوونەوەکان بە بڕیاری دادگا کە پێچەوانەی یاساکانە.

٣- چاوپێکەوتنی بنەماڵە و کەس وکاریان، بەردەوام بێت و کۆتایی بە سزای دیسپلین کە پێچەوانەی یاسان بهێندرێت.

٤- هاوکات بە جێبەجێکردنی مافی سەردانکردن بۆ زیندانیان، مافی تەلەفۆن بۆ خزم و کەسوکاریان بەشێوەیەکی بەردەوام جێبەجێ بکرێت.

٥- هەڵگرتنی ئاستەنگیەکانی پەیوەندی زیندانیان لەگەڵ کەسوکار و پارێزەران لە ڕێگەی نامە و تەلەگراف و فاکسەوە.

٦- کۆتاییهێنان بە کردەوەی نایاسایی و هەناردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب.

٧- لیژنەکەتان ڕاپۆرتی تایبەت بە دوایین سەردانی زیندانی ئیمرالی و دەر ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

٨- بۆ کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، نامرۆڤانە و کۆتاییهێنان بە دابڕین و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی مادەی ١٠/٢ی ڕێککەوتننامەکە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.

هاوبەشی :