خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر دەستیان بە مانگرتن کرد
خاوەن نانەواخانەکانی شاری هەولێر، بەهۆی ئەو فشارەی دەکرێتەسەریان مانیان لەکارکردن راگەیاند و نەچوونە سەرکارەکانیان و بەیاننامەیەکیشایان ئاڕاستەی مەسرور بارزانیی کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، خاوەن نانەواخانەکانی شاری هەولێر بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەر کرد و تیایدا هاتووە، “بەرپرسانی هەولێر بۆ پابەند بوون بە بڕیاری هەرزانکردنی نانەوە بەناوی مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەرەوە هەڕەشەمان لێدەکەن.”
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەریانە و دەست خراوەتە گیرفانیان، ئەمڕۆ ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و هەزار و ٨٣٠ کەسیش بێکار بوون.
خاوەن نانەواکانی شاری هەولێر ئەوەشیان راگەیاندوە، “بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە دەبێت پێشێڵی یاسا بکەین، چونکە ئەگەر فرۆشتنی نان بەو نرخە بێت، دەبێت کرێکارەکانمان دەربكەین و كرێكاری بیانی بهێنن بۆ شوێنەكانیان، کە ئەمەش پێشێلی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییە.”