سەربازانی تورک هەرچییەک دەکەن ناتوانن لە گۆڕەپانەکانی گەریلا جێگیربن

92
0
هاوبەشی :

 


فوڕات نیوز ، کورتای سەرحەد بەهدینان

سوپای تورک لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بە دواوە هەوڵ دەدات لە هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا جێگیر بێت. بەڵام هەرچی دەکات ناتوانێت لەو شاخ و گۆڕەپانانە خۆی رابگرێت کە تیایاندا دابەزیوە.

رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لێکدانەوەی بەو جۆرەبوو، کە بە ڕێگە و رێبازێک دەتوانێت گەریلا پاکتاو بکات؛ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لەناو ببات. بەڵام لێکدانەوەکان شێوان. لە کۆتایی سێ ساڵەکەدا دەبینرێت کە باهۆز و زریانێک بەرامبەری وەستاوەتەوە.

دەبێت ئاماری ئەم شەڕە لە ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە هەڵبسەنگێندرێت و چاوی پێدابخشێندرێتەوە، لەبەر ئەوەی کە رێبازی هەنوکەیی شەڕ و تاکتیکی هێرشی سوپای تورک سەرەتا لە شوباتی ٢٠٢١دا بە هێرشەکەی سەر گارە دەستیپێکرد. سەرۆککۆماری تورک ئەردۆغان بە وتنی ‘ئێمە بەرفراوانترین شەڕی مێژووی کۆمارەکەمان بەڕێوەدەبەین’ رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا و گەلی کورد دەستی بە هێرشی بەرفراوان کردووە. کاتێک مرۆڤ سەرنج بۆ سەر شەڕی سێ ساڵی رابردوو رابکێشێت دەبینێت، کە چۆن دەوڵەت هەموو دامەزراوەکانی لەپێناو ئەو شەڕەدا خستووەتە ئامادەباشییەوە، سەرچاوە داراییەکانی بۆ دابینکردنی تێچووی شەڕ بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەوە ئاماری ئەم ساڵ زۆر شت دەخاتەڕوو. سەرباری بریاری بێچالاکی بەهۆی بومەلەرزە و هەڵبژاردنەوە، پێرفۆرمانس و ئەدای بێ هاوتای گەریلا، چالاکی بەئەنجام و ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکان لەبەرچاون. زۆرینەی ئەوانەش بە بەڵگە تۆمار کراون و بۆ رای گشتی بڵاوکراونەتەوە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رووداوە مەیدانیەکانی شەڕی بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا کرد و بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکوپێک زانیاری بڵاوکردەوە.

لە گارە شکستیان هێنا

وەک هەموو شتێک، لە شەڕیشدا کاتی هەستیار هەیە. بۆ دەوڵەتی تورک کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پلانی ‘ لەناوبردن’ جێبەجێ دەکات، هەستیارترین کاتی شەڕ لە دژی گەریلا و گەلی کورد، شەڕی زاپ لە ساڵی ٢٠٢٢بوو. لەبەر ئەوەش لە قۆناغی سەرەتای شەڕەکەدا بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان ئەو شەڕەی وەک شەڕی مان و نەمان پێناسەکرد. دەوڵەتی تورک بە گوێرەی پلان و ستراتیژی خۆی دوایین ‘ گورزی کوشندە’ی لە گەریلا و گەلی کورد دەوەشاند. رژێمی فاشیست ئەم هێرشەی ئەم دواییەی لە شوباتی ٢٠٢١دا بە هێرشی چوار رۆژە بۆ سەر گارە دەستپێکرد، بەڵام سەرباری ئەوەی بە شێوەیەکی گەورە شکستیهێنا، هێرشەکانی دژوارتر کردەوە و درێژەی پێدان. ئامانجەکەش ئەوەبوو کە گەریلا بەتواوەتی لەناو ببرێت، تێکۆشانی ئازادی لە ماوەیەکی کورتدا لەبەر یەک هەڵبوەشێنێتەوە و پلانی قڕکاری خۆی سەربخات. هەربۆیە کاتی هەستیار و هێرشی هەستیار شەڕی زاپ لە ٢٠٢٢دابوو.

ئاماری شەڕی ٣ ساڵە

هەموو تواناکانی ناتۆی بەکارهێنا، تاوانی شەڕی ئەنجامدا، بە رێبازی شەڕی تایبەت هێرشی دژواری کردە سەر هەموو گۆڕەپانێک. پشت ئەستور بە هەموو تواناکانی دەوڵەت هاتە ناو شەڕەکەوە. ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ و لەم دواییەشدا ٢٠٢٣ شەڕێکی دژوار هاتەئاراوە و کاتێک مرۆڤ ئەنجامەکانی ئەو شەڕە هەڵبسەنگێنێت، ئەو کاتە دۆخەکە باشتر دەردەکەوێت.

-پوختەی ئاماری شەڕی ٢٠٢١ لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا: ٢٠٢٥ هێرشی ئاسمانی، ٣٦٧ هێرش بە چەکی کیمیایی، ٤٣٦ هێرش بە کاتیوشا و هاوەن. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا گەریلا ٤٧٢ چالاکی ئەنجامدا. ٢٩٨ گەریلا شەهیدبوون. ٨٦١ سەربازی تورکی داگیرکەر سزادران، ١٢٨یش برینداربوون. ئەمە بەرزترین ئاماری ساڵەکانی ٢٠١٥-٢٠٢١ە.

-ئاماری ٢٠٢٢ لە زاپ (رۆژهەڵات، رۆژئاوا) ئاڤاسین و مەتینا: ٤٥٢٧ هێرشی ئاسمانی، ٣٢٨٠ هێرش بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی، ٥٧٠٢ هێرش بە هەلیکۆپتەر. هێزەکانی گەریلا بە گشتی ٣٠٣٤ چالاکیان ئەنجامدا. ٣٠١ گەریلا شەهیدبوون. لە ئەنجامی چالاکیەکانی گەریلادا ٢٩٤٢ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران و ٤٠٨یش برینداربوون.

-ئاماری شەر لە لە ٢٠٢٣دا: ١٥٨٠ هێرشی ئاسمانی، ١٠٣٨ هێرش بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کییایی. ٣٤٢ هێرش بە درۆن، ٩ هێرش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی. هێزەکانی گەریلا هەزار و ٧١٢ چالاکییان ئەنجامدا. ١٧٩ گەریلا شەهیدبوون. ٩١٩ سەربازی تورکی داگیرکەر سزادران کە ٧یان سەربازی پلەباڵا و دوانیشیان کۆنترابوون. ١٢٨ سەربازی تورکیش برینداربوون.

هێرشەکان و بەرخودانیش گەورەبوون

لە رێگەی ئەو ئامارانەوە درک بە گەورەیی هێرشەکان و گەورەیی بەرخودنا بەرامبەر بەو هێرشانە دەکرێت. دەوڵەتی تورک لەماوەی شەڕی سێ ساڵی رابردوودا بە گشتی ١٣ هەزار و ٨٣٤ جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. هەروەها ٤ هەزار و ٦٨٥ جاریش بە تەقەمەنی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشی کردووە. هەموو رۆژێک بە سەدان جار بە کاتیوشا، هاوەن و تانک هێرش دەکات. لەهەمان کاتدا ساڵی ٢٠٢٣ سەرباری ئەوەی شەش مانگ بە بڕیاری بێ چالاکی تێپەڕبوو، گەریلا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ٥ هەزار و ٤٨٨ چالاکی و ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی ئەنجامداوە. بێگومان بەم پێرفۆرمانس و بەرخودان شەڕی گەریلا گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ.

ئاواتی چەقاندنی ئاڵاکەیان لە قەندیل، لەسەر دڵیان مایەوە

دەبێت مرۆڤ قسەیەکی سەردەستەی مەهەپە و هاوبەشی دەسەڵات دەوڵەت باخچەلی کە وتبووی ‘ئێمە ئاڵای تورک لە قەندیل دەچەقێنین’ بەبیربهێنێتەوە. گوایە ئەوە دوایین ئامانجی دەوڵەت بوو. کۆتا وێستگەی ئەو هێرشانەشیان قەندیل بوو. بەڵام سوپای تورک لە ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە هەرچی دەکات ناتوانێت لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا خۆی رابگرێت.

هاوبەشی :