زیلان ڤەژین: ژیانێکی ئازاد بۆ گەلەکەمان مسۆگەر دەکەین
هاوسەرۆکی پەژاک زیلان ڤەژین رایگەیاند کە کێشەکانی رۆژهەڵات و ئێران تەنیا بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەر دەکرێن و وتی، ” بێ وچان تێدەکۆشین و ئەرکی خۆمان بەجێدەگەیەنین. لەئەنجامی ئەوەشدا ژیانێکی ئازاد بۆ گەلەکەمان دەستەبەر دەکەین”.
هاوسەرۆکی پەژاک زیلان ڤەژین سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئامانجەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٣ وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) دایەوە. زیلان ڤەژین بەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی ئێران دوای سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” تووشی هەژان و شڵەژان بووە و جەختیکردەوە کە ساڵی ٢٠٢٤ بە خەبات و تێکۆشان تێپەڕدەبێت.
هەڵسەنگاندنی هاوسەرۆکی پەژاک زیلان ڤەژین بەم جۆرەیە:
-دۆخی دەوڵەتی ئێران لە ناوخۆ و هەروەها بەرامبەر بە دەرەوە لە چ ئاستێکدایە؟
زیلان ڤەژین: دەوڵەتی ئێران لە ناوخۆدا لە لاوازترین ئاستیدایە کە لە ١٩٧٩ەوە نەکەوتووەتە دۆخێکی بەوجۆرە. لە هەموو روویەکەوە گیرۆدەی کێشە و دژوارییە کە دەوڵەتەکەی خۆی خوڵقاندوونی. دەوڵەت لە رێگەی دەستوەردان لە ناوچەکە و تەرخانکردنی سامانی و پارەیەکی زۆر بۆ کردەوەکانی دەستوەردان لە هەموو جیهان، هەناسە و تواناکانی لە کۆمەڵگا بڕیوە. وڵاتی ئێران وەک جوگرافیایەک خاوەن شوێنی پڕ سامان و سەرچاوە و دەرفەتی دەوڵەمەندە، بەڵام شوێن وناوچەی وشک و پڕ کێشەشی هەیە، هەربۆیە دەبێت بەڕێوەبەریەکی باشی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوری هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کاروباری وڵاتەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەببەن. ئەوەش پێویستی بە شارەزایی هەیە، بەڵام دەوڵەت لە بری پسپۆڕی گرنگی بە وابەستەکردنی مرۆڤەکان بە دەوڵەتەکەی و بەرژەوەندی ئەو دەستەبژێرە دەدات کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. پێشتر دەوترا کە بەرژەوەندییەکانی ئەو خەڵکانەی کە شیعەن بە بنەما دەگرن، بەڵام ئێستا دەرکەوت کە هەم شیعە و هەم سونە لە دژی دەوڵەت پڕن لە توڕەیی. بەو پێیەی لەناو شیعەکانیشدا لە بەرژەوەندی دەستەبژێرێک و رانتخۆرەکان و مافیایەکی داخراوی دەوڵەتدایە، کە هەموو شتێک دیاریدەکەن. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەدا رۆژ لە دوای رۆژ وڵاتەکە بەرەو دواوە کشایەوە. ئەو وڵاتەی دەیتوانی بە سەرچاوە سروشتیەکانی و دەرفەتی بازرگانی، گەشتیاری، کۆمەڵایەتی و کولتوری ببێتە بەهەشتێکی نمونەیی، ئێستا بیابانێکی پڕ لە کێشەی ئیکۆلۆژیک، کۆمەڵایەتی، کولتوری، ئابووری و سیاسیە. دەکرێ بڵێین وشەی قەیران پڕاوپڕی گێڕانەوەی دۆخی ناوخۆی ئێران نییە! بەراستیسی وەک لە کوردیدا دەوترێت داری بەسەر بەردیەوە نەماوە. دەوڵەت تەنیا دەزگا و دامەزراوە داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەرەکانی بەهێز دەکات و لە رێگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (و لە راستیدا فرۆشتنی هەموو شتێک بە هەندێک هێزی وەک چین و رووسیا) خۆیان بەهێز و بەهێزتر کردووە. کۆمەڵگەی ئێران سەلماندوویەتی کە ستەم و نادادپەروەری قەبوڵ ناکات و بە دڵنیاییشەوە کاردانە و بەرپەرچدانەوەی دەبێت. فاکتەرەکانی وەک هەژاری کە کۆمەڵگای لە رادەبەدەر بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و فاکتەرەکانی وەک تەکنەلۆژیا کە دەوڵەت بۆ سەرکوت زۆر بەکاریدەهێنێت و هەندێک لەو فاکتەرانەن کە دەبێت مرۆڤ لەبەرچاویان بگرێت و بزانێت کە ئەوانە کاریگەری دەکەنە سەرکۆمەڵگا و ناهێڵین بە زوویی دۆخەکە بتەقێتەوە.
دەوڵەت لە ناوخۆدا زۆر لاواز بووە. لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هەرجارە باڵێکی دەوڵەت لادەبرێت و ئێستا باڵی بناژحخوازە توندڕەوەکان بە ناوی “ئوسوڵگەرا” هەموو ڕەگ و ڕیشەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. ئیتر لەناوخۆشیاندا نەیارانی دەسەڵاتی ئێران کەم نین. مەرگی “عەلی خامنەیی” دەتوانێ تەقینەوە و پەرتبوون و پارچەبوون لەناو حکومەتدا بەدوای خۆیدا بێنێت. بەدڵنیاییەوە ئێران لە دوای خامنەیی ئێرانێکی جیاواز دەبێت، ڕەنگە ببێتە کۆیلەی زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا و ڕەنگە دەرگای چاکسازی و تێکەڵبوون لەگەڵ دەسەڵاتی هەژموونی جیهان بکاتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ململانێی گەورە دروست دەبێت.
لە ناوخۆی ئێراندا چەندین لقی جیاواز لایەنی کەسانێکی رانتخۆر و گەندەڵ هەن کە ناوەندی کاریگەر و بڕیاربەدەستن! ئێستاش باڵی رانتخۆری دەوروبەری بناژۆخوازان بەهێزن و ڕێگە نادەن هیچ گۆڕانکارییەک ڕووبدات. رانت و گەندەڵی هێندە گەورە هەیە کە ئەقڵ نایبڕێت. ماوەیەک لەمەوبەر لە گەندەڵی کڕینی چادا ٣.٥ ملیار دۆلار دزرا. دزی و گەندەڵی هێندە گەورەی وا کە تەنها وەک خەون دێتە مێشکی مرۆڤەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر سەکۆیەکی نەوت دزرا! لە فیلمەکانیشدا کە شتەکان زێدەڕۆییان تێدا دەکرێت و لە رادەبەدەر گەورەدەکرێنەوە، شتی بەو جۆرەی نییە. بە واتایەکی تر ئەو دەوڵەتە ئێرانی بێ سەروبەرە و بێ خاوەن کاردووە و لە سەرووی ئەوەشەوە سیستمێکی دزی و گەندەڵی و تاڵانکارییان بنیات ناوە کە بەهۆی دەستوەردانەکانی لە دەرەوە خۆی لەسەر پێ راگرتووە. لە کاتی سەرهەڵدانەکاندا، هەندێک هێزی بیانی بۆ هێرش کردنە سەر گەل لە زۆر شوێن بەکارهێنران، کە گومان دەکرا دەکرا حیزبوڵا یان حەشدی شەعبی بن. ئەوان لە هەموو روویەکەوە پشتیان بە دەرەوە بەستووە.
دەوڵەتی ئێران لەپێناو مانەوەی، ڕێککەوتنی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا واژۆ کردووە، کە ناوەڕۆکەکەیان ئاشکرا ناکەن. ئێستا لە هەموو بەشەکانی ئێران و لە پیشەسازییەکانی وەک نەوت تا ڕاوکردنی ماسی لە کەنداو و تەنانەت بەرهەمهێنانی “بیتکۆین” چینییەکان هەمەکارە و بەشدارن. ئێستا یەکێک لە گومانەکان ئەوەیە کە بۆ دەرهێنانی مادەی “لیتیۆم” لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ چینییەکان دەریاچەی ورمێیان وشککردووە. هەندێک کار و چالاکی لەسەر دەریاچەی ورمێ لەئارادان، کە گومانەکان بەهێزتر دەکەن. وەک دیارە دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەست نەدات، هەموو وڵاتەکانی پێشکەش بە وڵاتانی هاوکاری خۆی کردووە. ئەو وڵاتەی کە دەیتوانێ لە چل ساڵدا ڕکابەری وڵاتانی وەک ژاپۆن بکات، ئێستا بووەتە وڵاتێک کە ڕوون نییە لە دەستی کام هێزە و هەموو کاروبارەکانی نادیارە!
دەوڵەتی ئێران لەگەڵ ڕووسیایش ئەم جۆرە ڕێککەوتن و گرێبەستانەی ئەنجام داوە. ئەوان خۆیان وەک هاوپەیمانی ڕووسەکان دەناسێنن، بەڵام لە هەڵوێستەکانی ڕووسیا لە پلاتفۆرمە جیهانییەکاندا ڕووسیا بەو شێوەیە نزیک نابێتەوە و لە زۆر شوێن دژی ئێران سیاسەتی کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ دروستکردنی هەژموونی بەسەر ئێران لە مێژوودا، لە ڕاستیەکان باشتر تێدەگەین چەند ساڵە بڕیاریان داوە فڕۆکەی سوخۆ ٣٥ بە ئێران بفرۆشن؟ هەرچەندە ڕووسەکان خۆیان بەدوای کڕیاردا دەگەڕێن، بەڵام هێشتا تا ئێستا بە ئێرانیان نەفرۆشتووە، بەڵام پێدەچێت دۆخەکە بەو شێوەیە نەبێت کە بەرپرسانی ئێران باسی دەکەن.
دەوڵەتی ئێران لە سیاسیەکانی دەرەوەیدا لە روویەکەوە دەستوەردانکارە، لەلایەکیشەوە خۆبەدەستەوەدەرە ئەو دووفاقییە بۆتە بەڵای سیاسەت و کۆمەڵگای ئێران. ئێستا وا دیارە لەگەڵ هێزە بیانییەکان ڕێککەوتوون. لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیادا بەو جۆرەنەبوو، بەڵام لە شەڕی غەززەدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی کرد و تەنانەت لێدوانەکانی ئەمریکا وەها بوو و دەیانگوت هیچ بەڵگەیەک نییە بڵێین ئێران دەستی لە هێرشەکەی حەماسدا هەبووە. واتە ئەوان و ئێران لەسەر هەندێک بابەت ڕێککەوتوون، ئازادکردنی ١١ ملیار پارەی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات سەلمێنەری ئەم ڕاستیانەن.
ئێران دەیەوێت بە شێوەیەکی کاریکاتۆری ڕۆڵێکی دەسەڵاتدارانە لە ناوچەکەدا بگێرێت و کاریگەرییشی هەیە، بەڵام ئێستا گەل زۆر باش دەبینن کە زلهێزە دەسەڵاتخوازەکانی جیهان بە مەبەست و لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان چاویان بەسەر ئەو کاریگەرییەی ئێراندا نوقاندووە. تا ڕادەیەک لە دۆخی تورکیا دەچێت، وەک چۆن بەهۆی ئەوەی تورکەکان لە بەرەی دەسەڵاتی هەژموونەکاندان، چاویان دەنوقێنن، بۆ ئێرانیش کە هۆکارێکی گونجاوە بۆ مانەوەیان لە ناوچەکەدا، بەو جۆرە چاویان دەنوقێنن. ئەگینا دەوڵەتی ئێران لە دۆخی ئێستایدا ناتوانێ ڕۆڵی هەژموونێکی ناوچەیی بگێڕێت، تەنیا بە پشتبەستن بە هەندێک ئامانجی جیهانی دەتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
کێشەکانی ئێران لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکاندا و پێشێلکردنی مافەکانیان، هەروەها کێشە ئیکۆلۆژییە گەورەکانی وەک “بە بیابانبوون”ی بەشێکی زۆری ناوەندی ئێران کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، کێشەکانی وەک نەمانی رەوایەتی یاساکانی شەریعەت لەلای گەلانی ئێران، هەموو ئەو کێشانەی کە هەناسەیان لەبەر دەوڵەتی ئێران بڕیوە هەر رێگەیەک کە بۆ ئەو کێشانە پێسنیازی دەکەن، سەرجەمیان دەگەنە بنبەست. لەبەرئەوەی ڕێگە و پێشنیارەکان، ڕێبازێکی ستەمکارانە و زۆردارانەن. دیموکراسی و کرانەوەی سیاسی هەرگیز لەلای ئەوان بوونی نییە، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێتەوە.
بە گشتی گرێدراو بە قەیرانە جیهانییەکانەوە، دەوڵەتی ئێرانیش لە قەیراندایە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگای ئێرانیش داناوە و کۆمەڵگا لە دۆخێکی پڕ تەنگوچەڵەمەدایە. دەوڵەتی ئێران بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هەژێندرا و بەشێکی داڕوخا و تووشی هەڵوەرین بوو. ئێستا دەیەوێت بە ڕێککەوتن و هەندێک سازش لەگەڵ دەرەوە خۆی کۆبکاتەوە و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوخۆی وڵاتدا بەدەست بهێنێتەوە. بێگومان دەوڵەت ئامراز و ئامێری بەردەوامبوونی هێشتا لەبەردەستە، لەلایەکەوە پەیوەندییە دەرەکییەکانیشی یارمەتیدەرن، بەڵام کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەک نییە هەموو شتێک قبوڵ بکات و ڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکارەکانی دەوڵەت دەدۆزێتەوە.
گەل لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستا چالاکی ئەنجام دەدات. دەوڵەت زۆرێک لە چالاکوانەکان و تیکۆشەرانی لە سێدارە دا، زۆر کەسیان زیندانی کردووە. ئێستا نەبوونی ئازادی و دیموکراسی یان با بڵێین کێشه کۆمەڵایەتییەکان گەیشتووە بە چ ئاستێک؟ بەڕای ئێوە ئەو کێشانە چۆن چارەسەر دەکڕێت؟
دەوڵەتی ئێران ئێستا لەناو قەیرانێکی قووڵدایە. ئەم قەیرانە لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ کە سەرەتای دامەزراندی دەسەڵاتی ئەوانە دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی هەر خۆی ئایدۆلۆژیا و عەقلییەتیان قەیران ساز بوو. واتا بە تێڕوانینە سەقەتەکەیان قەیرانیان دروست دەکرد. هەرکەسێک لە دژی ئەوان بوایە یان ئەگەر لەگەڵیان نەبوایە، دەبوایە تەسفییە بکرێت یان بکوژرێت. چەند هەزار مرۆڤ لەلایەن دادگای سۆسرەتەوە لە سێدارە دران. وتنی ئاسانە! لە چیرۆکەکانی سەردەمی کۆندا هەیە کە بە هەزاران مرۆڤ لە سێدارە دراون و ئەشکەنجە کراون! دەوڵەتی ئێران ئەم کارەی کرد و تۆوی نارەزایەتی چاند. بۆیە گەل هەمیشە لە دژیان بوو. لە سەردەمی شەڕدا، کاتێک ڕێکخراوەکانی دژی دەوڵەتی ئێران چەکدار بوون، ئەم دژایەتییە لە ڕێگەی تێکۆشانی چەکدارییەوە ئەنجام دەدرا، کاتێک کە ڕێکخستنە پارتیزانەکان (گەریلایی) و چەکداری سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا و لە هەمان کاتدا شەڕی ئێران و عێراقیش کۆتایی هات، گەل چەند ساڵێک پشوویدا و دواتر هەوڵی وەرگرتنەوەی مافەکانی دایەوە. گەل بەدوای شێوازێکی تێکۆشاندا دەگەرا کە بتوانێت دژایەتی خۆی نیشان بدات. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٨دا گەل پشتیوانی خۆی بۆ چاکسازی سیاسی نیشان دا و “کۆتای هات”وەک سەرۆک کۆمار هەڵیان بژارد، بەڵام لە پاییزی ساڵی ١٩٩٨دا وەک ئەوەی کە پێی دەڵێن “زنجیری-کوشتن”، بە دەیان ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند کوژران و کاتێک کە ئەو ڕەشکوژییە ئاشکرا بوو، دەوڵەت خستییە ملی چەتەکانی “وەزارەتی ئیتیلاعات” و بەم شێوەیە ڕووداوەکەیان داپۆشی. گەل لە ماوەیەکی وا کورتدا بینیان کە بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسلامی بەو شێوەیەی کە بەڵێنی چاکسازییان دابوو مامەڵەیان نەکرد و “چاکسازی”یان کرد بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بە سیستەمەکەیان. بۆیە گەل بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕان کە ناڕەزایی خۆی نیشان بدات. لە کەشێکی وەهادا بۆ یەکەمجار گەلی کورد شێوازی سەرهەڵدانی جەماوەری و کەڵتووری فێری گەلی ئێران کرد. کاتێک گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩ لە دژی پیلانگێری ناونەتەوەیی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ سەرهەڵدانی کرد، هەموو گەلی ئێران بینیان کە ئەمە شێوازێکی کاریگەرە و هەر زوو دوای ئەوە تۆوی هەندێک ڕێکخراو گەشایەوە. دوای ئەوە هەر چەند ساڵ جارێک “ناڕەزایەتی”، “سەرهەڵدان”، “دژایەتی” و “شەرمەزارکردن” لە لایەن گەلی ئێرانەوە ئەنجام دەدرا. ئەمە زۆرجار بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکرا. هاوینی ساڵی ١٩٩٩ هێرشیان کردە سەر “شەقامی زانکۆ”ی تاران و خوێندکارانیان کوشت. ئەمەش وردە وردە بوو بە نەریتێک و گەل ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدا. لە هەندێک ڕووداودا لە پایتەخت ئەم کارە ئەنجامدەدرا و لە هەندێک ڕووداو وەک کوشتنی گەنجێک بە ناوی “شیوان سەید قادر” لە شاری مهاباد، بە شێوەیەکی هەرێمی و لۆکالی ئەنجامدران. لە هەندێک شوێنی وەک بەلوچستان و ئەهوازیش ڕووداوی هەرێمی بەم شێوەیە ڕوویداوە.
گەل دەیزانی کە دەبێت لە دژی ئەم دەوڵەتە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بێدەنگ نەبن، دەوڵەتی هێزی جۆراوجۆری بۆ سەرکوتکردنی گەل ئامادە کرد. ساڵی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی کە ئەمەریکا گەمارۆیەکی ئابووری سەختی خستبووە سەر ئێران، دەوڵەت لە سەختییەکی زۆردابوو و باجی ئەم قەیرانانەش گەل دەیدا، ئەم شتە تەقیەوە. لە لایەکی ترەوە کەسانێک بە ناوی “ئوسولگەرا” کە بە واتای پاسەوانی زۆر توند دێت، هەموو هێز و دەسەڵاتی سیستەمیان گرتە دەست و بە یاسا توندەکانی شەریعەت گەلیان بێزار کردبوو. کۆمەڵێک یاسایان دانا کە لە یاساکانی تاڵیبان و داعش دەچوون. گەل لەژێر فشارێکی وەهادا بوو و بە تیشکی ڕووداوی “ژینا ئەمینی” ئاگری سەرهەڵدان گەشایەوە و بەشێکی زۆری ئێرانی گرتەوە. ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران کەمتر بەشداری سەرهەڵدانەکان بوون، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەر بە هەموو توانای خۆیانەوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. هەرێمەکانی وەک کوردستان، بەلوچستان و خوزستان (ئەهواز) ئاستێکی بەرزیان لە دژی دەوڵەت نیشان دا. بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەم سەرهەڵدانانە بەردەوام بوون و کاتێک ئاستی سەرهەڵدانەکان بە هۆی سەختییەکانی زستان، بژێوی ژیان، گوشار و شەڕە تایبەتەکانی دەوڵەت لاواز بوون، دەوڵەت فشاری جیاوازی دروست کرد و هەوڵیدا بگەڕێتەوە بۆ پراکتیزەکانی پێشوو و هێندەی تر توندیان بکاتەوە. ھەندێک کەس لە سێدارە دران، وایان لە هەندێک زیندانی کرد کە کاتێک ئازاد دەکران، خۆیان دەکوشت، ھەندێکیان ژەهرخوارد کران. لە نموونەیەکی ترسناکدا گازی ژەھراوییان بەردایە قوتابخانەیەکی کچان و ئەو گەنجانە ژەهراوی کران و گیانیان لە دەستدا، بەم شێوەیە تۆڵەیان لە ژنان کردەوە!
کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئازادییە تاکەکەسیەکان هەر وەک جاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ماونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قورستر دەبێت. ئەم کێشەیە تەنیا لە ڕێگەی سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازاد چارەسەر دەکرێت. بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەم سیستەمە بەگوێرەی پێوەرە سروشتیەکان بێت. بابەتی سروشت بابەتێکی گرنگە کە نە دەوڵەت گرنگی پێدەدات و نە هێزە دژبەرەکان لەسەری کاردەکەن. ئێمە وەک پارتی ئەو پرسە وەک خاڵێکی جەوهەری دەبینین و دەبێت لەسەری کار بکەین، دەبێت لە بەرنامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانماندا هەبێت. دەبێت کەڵتوور سازی بۆ بکەین و گەل فێری ژیانی سروشتی بکەین، دەبێت بتوانین ژیانێکی ئەخلاقی بەگوێرەی پێوەرە سروشتییەکان ساز بکەین. بە بۆچوونی ئێمە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ئێران لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا شاراوەتەوە. واتا دەبیت پێش هەموو شتێک ئازادی و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئازادی ژن، بەشداریی ژیانی، سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەبێت. دەبێت ژیانێکی دیموکراتیک هەبێت و ئەو ژیانە لەگەڵ سروشتدا بگونجێت نەک دژی ژیانی سروشتی بێت. ئەوە ڕێگای چارەسەرییە. ئێمە لە قۆناغێکداین کە نابێت مرۆڤەکان بە نیوە چڵی کار بکەن و پێشنیار بکەن. چارەسەر دەبێت یەکلاکەرەوە بێت، کێشەکە بە چارەسەری پارچە پارچە چارەسەر ناکرێت. بێگومان ئەو چارەسەرەی کە ئێمە باسی دەکەین زۆر لایەنی هەیە وەک ئابوری، کەڵتووری، پەروەردە، تەندروستی و هتد…، هەموو ئەمانە پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و بەرنامەیان بۆ دابرێژرێت و جێبەجێبکرێن.
ئایا تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتی کۆمەڵگا لەچارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی ئێراندا چ گرنگییەکی هەیە؟
سیستەمی دەوڵەتی ئێران و سیستەمی جیهانی سەرمایەداری بە چەندین دەرفەت و کەرەستە خۆی بەهێز کردووە و رەگێکی پتەوی چەقاندووە. بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو سیستەمەدا تێکۆشان ئەنجام بدرێت، بێگۆمان فکر پێویستە، بەرنامە پێویستە و هەندێک کەسیش پێویستە بۆ جێبەجێکردنی. ئەگەر پێشەنگایەتییەک بۆ ئەو بەرنامە و پرۆسەیە نەبێت ئەوە ڕوونادات. لەو تێکۆشانەی کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی، پرەنسیپێکی بنەڕەتی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە دەبێت “ئەوەی کە دەیڵێیت ئەنجامی بدەیت”. ئێمە پێی دەڵێین خستنە ناو ژیان. واتا بیخەیتە ناو ژیان، کەسایەتی و ڕەفتاری خۆتدا! ئەگەر کەسانێک هەبن کە کردار و گوفتار و بیرکردنەوەیان یەک بێت، ئەو کاتە دەتوانن باسی سیستەمێکی دادپەروەر و ئازاد و یەکسان بکەن. ئێستا هەموو تێکۆشانی ئێمە ئەوەیە. ڕێبەریشمان هەوڵیدا کە ئەو کەسایەتییە بنیات بنێت. هەموو ڕەنجیکی بۆ دروستکردنی مرۆڤەکانە بەو شێوەیەی کە باسمان کرد و بە دڵنیاییەوە ئەو کارەی ئەنجامدا. ئەو تێکۆشانەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێت، لەلایەن کەسانێکەوەیە کە ئەو کەسایەتییەیان لە خۆیاندا خوڵقاندووە. ئەمە “خۆ چاککردنێکی شۆرشگێری”یە. هەر بۆیە ئەو قسەیەی گرنگە. بێگۆمان بەبێ بوونی پێشەنگ، تێکۆشان بەرەو پێش ناچێت. ئەمەش بۆ ئێران و هەموو شوێنێک یەک شتە. مێژووی ئێران پڕە لە ناڕاستی، هەڵە و ئینکاری. تەنها بە کەسایەتییەکی ڕاستەقینە دەتوانرێت ئەو هەموو ناشیرینی و هەڵانە ڕاست بکرێتەوە. بەداخەوە ئەو حیزب و بزووتنەوانەی کە لە دەرەوەی ئێمەن گرنگی بەو شتە نادەن و پلانەکانیان هەمووی لە بواری سیاسەتی باڵا، سیاسەتی دەوڵەتی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین کە پێشەنگێک دروست بکەین ئازاد بێت، ڕەگەزپەرست نەبێت، زانستی بێت، نەتەوەپەرست نەبێت، بتوانێت بە فکرێکی ئازاد هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی پێناسە بکات و ئەنجامی بدات و هەوڵ بدات کە کۆمەڵگایەکی پاک دروست بکات. ئێمە پێی دەڵێین “هەنگاونان لە ڕێگای حەقیقەتدا”. کاری تەڤگەر و پارتەکەمان تەنها کاری سیاسی نییە، لایەنی فەلسەفی و کۆمەڵایەتیشی هەیە، ئەندامەکانی بۆ ژیانێکی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی تێدەکۆشن. ئەمە دەرمانی دەردی قەیرانی کەسایەتییە، کە بە کاریگەری دەسەڵاتداران لەسەر کۆمەڵگای ئێراندا دروست بووە. بۆیە بەبێ پێشەنگ قورسە کە “شۆڕش” واتا گۆرانکارییەک لە کۆمەلگا و دەسەڵات و بە گشتی لە “ژیان”دا دروست ببێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕوویاندا، لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا چاوەڕوانی چی دەکەن؟
ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی گرنگە. کاتێک سەیری شەڕەکانی ئێستا دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە دۆخەکە وەک جاران نامێنێت. کێشەکان گەیشتوونەتە ئاستی تەقین. ساڵانێکە ئەو هێزانەی کە هەن نایانەوێت ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و هەوڵی شەڕکردن دەدەن بە دەستی کەسانێکی تر. ئێستا کاتی ئەوە نزیک بۆتەوە و کێشەکان گەورەتر بوون. لە بارودۆخێکی وەهادا دەرفەت و هیواکانی تێکۆشان زیاتر دەبن. ساڵی داهاتوو لەسەرجەم ناوچەکانی جیهاندا ساڵێکی جیاوازتر دەبێت. لەوانەیە پاشکەوتن هەبێت و ئەم دۆخە خراپتریش ببێت، ئەمە پەیوەستە بە ڕووداوەکان و تێکۆشان کردن. ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران جیاوازتر دەبێت. دەوڵەت لە هەندێک لایەنی دەرەکیدا خۆی ڕێکخستووە و دەیەوێت لە ناوخۆدا کاریگەری دروست بکات. هەروەها گەلیش ئەزموونێکی زۆریان بەدەستهێنا. هێزە سیاسییەکانیش ئاشکرا بوون. ئەوانەی کە دەیانویست بە ماسکی جیاواز بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات کار بکەن ئاشکرا بوون و لە ڕاستیدا ڕسوا بوون! گەل تێگەیشت لە ئامانجەکەیان. هەروەها هێزە کوردییەکانیش بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بەو شێوازە کلاسیکە بەردەوام بن، یان دەبێت خۆیان بگۆرن و هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێن، یانیش بەوشێوەیە لەناودەچن. پێویست بوو کە هەموو ئەو پرسانە ڕوون بکرێنەوە، بە دڵنیاییەوە ڕوونیش کرانەوە. ئێستا ئێمە بە گوێرەی ئەو ڕاستیانەی کە ئاشکرا بوون بۆ چوونە ناو ساڵی نوێ ئامادەکارییەکانمان دەکەین. ئێمە دەزانین کە ئەرکی گەورەی سیاسی و ڕێکخستنی چاوەڕێمان دەکات. ئێمە لە چوارچێوەی ئێراندا بیر دەکەینەوە و باوەڕ ناکەین کە ئیتر ئازادی بۆ بەشێک لە ئێران چارەسەری بێت. بەبێ دیموکراتیک بوونی تەواوی ئێران، ئەستەمە کە بەشێک لە ئێران بتوانێت ئازادی بەدەست بهێنێت. جگە لەوەش یەکگرتوویی گەلان لە پڕۆسەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا نیشانی دا کە تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕی دەبیت چۆن بیر بکاتەوە و چۆن سەیری پرسی تێکۆشان بکات. نابێت سنووردار بێت بە ناوچەیەک. ئازادیخواز ناتوانێت سنوور بۆ تێکۆشانی خۆی دابنێت. ئەوە نیشان دەری ئەوەیە کە ئەرکەکەمان زۆر گەورە و قورسە.
ڕووداو و پێشهاتەکان ئەوە دەر دەخەن کە ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت بە ساڵی خەبات و تێکۆشان. ئەگەر ئێمە سەیری بکەین دەبینین کە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانیشدا بەو شێوەیەیە، ساڵێکی قورس و خێرا چاوەڕێی ناوچەکەیە و ئێمەش لەو ناوچەیەداین. ئێمە ئەوە دەزانین و بەو گوێرەی ئەوە مامەڵە دەکەین.
– ئامانجی ئێوە و هێزە ئازادی خوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی نوێدا چییە؟
وتمان کە ئامانجمان فراوانکردنی ڕێخستنەکەمانە. کار دەکەین بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد بۆ داهاتوو. ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک کەموکوڕیمان لە کارەکانماندا ئەنجامدا و ئێستا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین و دەمانەوێت چارەسەریان بکەین. هەم لە بواری کارکردن لەگەڵ گەلانی تری ئێران و هەمیش لە پیرفۆرمانسی خەباتکردندا. هەروەها ئێمە یاری و ڕێبازەکانی دەوڵەتیشمان بینی. ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی پارچەکانی تری کوردستانیش دەکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین بە پێی ئەو ڕاستی و فاکتەرانە دووبارە خۆمان ئامادە بکەینەوە و بە شێوازێکی ڕێکخستنی تر بکەوینە ناو کار و خەباتدا. هەروەها بەڕێوبەرانی ئێمە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی ئەو بارودۆخە نوێیەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.