کەژەکە: دەستکەوتەکانی رۆژئاوا بپارێزن

119
0
هاوبەشی :

کۆردیناسیۆنی کەژەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر گەلی کوردستانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، رۆژی ئەوەیە کە بەدەوری بەرخودانی رۆژئاوا زیندانەکان، پەرە بە بەرخودان و تێکۆشانی هاوبەش بدرێت”.

کۆمەڵانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) سەبارەت بە هێرشە قڕکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

“دەبینین کە ئەمڕۆ لە جیهاندا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکەمان کوردستان شەڕ لە هەموو لایەکەوە دژوار بووە. سیستمی سەرمایەداری دڕندە و رژێمە نەتەوە دەوڵەت جینۆساید و قڕکردنی ژنانیان لەم سەردەمەدا گەیاندووەتە بەرزترین ئاست و گەلان، ژنان و ژینگە قڕدەکەن. بەم بۆنەوە ئێمە هێرشە قڕکەرییەکان بۆ سەر گەلانمان لە رۆژئاوا شەرمەزار دەکەین، کە لەلایەن دەوڵەتی چەتەی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست کە دەمڕاست و نوێنەری سیستمی کۆلۆنیالیست-دەسەڵاتدارە، ئەنجام دەدرێن.

بەرێزەوە یادی شەهیدانمان دەکەینەوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین. هەروەها ئەو هاوڕێیانەشمان کە ٢٢ و ٢٣ی کانونی یەکەم لە چالاکیەکانی گەریلاکانی ئازادیی کورد لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهیدبوون بە رێزەوە یاددەکەینەوە و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە شایەنی بەهاکانی ئەوان دەبین. پیرۆزبایی لەو شەڕڤانانەی هەپەگە و یەژاستار دەکەین کە بەشدارییان لەو بەرخودانە مێژووییەدا کردووە و هیوای ئازادی گەلەکەمانیان بەهێزتر کردووە.

توندوتیژی، کە کاریگەرترین چەکی هێزە فاشیستیە دەسەڵاتدارە و باڵادەستانە کە لە دژی ژنان، گەلان و بە گستی لە بەرامبەر چەوساوەکان بەکاریدەهێنن، لەم سەردەمەدا لە رێگەی شەڕەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. لەم شەڕەدا کە ئێمە وەک شەڕی سێهەمی جیهانی پێناسەی دەکەین، جینۆساید، قڕکردنی کۆمەڵگە، قڕکردنی ژنان، قرکردنی منداڵان، قڕکردنی ئیکۆلۆژیک لە وەها ئاستێکدایە، کە ویژدان و ئەقڵ قەبوڵی ناکەن.

لە تاوانی هاوکاریکردنی رژێمی فاشیست خۆتان رزگار بکەن

رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لەو رۆژەوەی هاتووەتە سەر حوکم تائێستا بە شەڕ، کۆچبەری، هەژاری، دزی، گەندەڵی، تاڵان، کۆمەڵکوژی و بە هەزاران قەیران، ژیان لە تورکیای وەک زیندان لێکردووە، ئەو چەقبەستوویی و بێچارەسەرییەی، کە ئافراندوویەتی و لێی بەرپرسیارە، بە هاندان بۆ فاشیزم پەردەپۆش دەکات. ئەنجامی سیاسەتی شەڕ مردنە، قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیە. سوپای تورک کە لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەردەوام گورزی قورسی لە گەریلاکانی ئازادی کورد بەردەکەوێت، لە ٢٢ی کانونی یەکەم بە شێوەیەکی قورس شکستی خوارد. بۆ ئەوەی شکست و دۆڕاندنی خۆی بشارێتەوە رووی هێرشەکانی کردووەتەسەر رۆژئاوا و بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە تاوانی شەڕ دەکات. ئەم راستیەی شەڕ هیچ سودێکی بۆ گەلانی تورکیا نییە، تەنیا بەکەڵکی هێزە دەسەڵاتدارە فاشیستەکان دێت. لە رێگەی ئەم شەڕەوە کە بەرهەمی فاشیزمە هێرش دەکرێتە سەر پێکەوەژیانی گەلانمان دەکرێت کە لە سەر بنەمای ئازادی و ئاشتییە. ئەم شەپۆلەی هێرش بۆ قڕکردن و گۆڕینی دیموگرافیاییە، لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە کە بە قوربانیدانی زۆر بەدەستهێنراون. دەوڵەتی تورکی فاشیست لە رێگەی ئەم شەڕەوە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە، ژیان، کولتوری هاوبەشی گەلان، بەهاکانی دیموکراسی لەبارببات و بێئیرادەیان بکات. لە وەها دۆخێکدا کە ئایینپەرستی، رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی لە بەرزترین ئاستدایە، بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت، کە ببێتە هاوبەشی سیاسەتی قڕکردن. لەتورکیای ئێستا هەموو ئەوانەی رەخنە لە سیاسەتی شەڕانگێزی دەسەڵات دەگرن، دەکرێنە ئامانج، زیندانی دەکرێن و دەکوژرێن. بۆ رزگاربوون و بێ بەریبوون لە تاوانی هاوبەشی لەگەڵ ئەو رژێمە فاشیستە، دەبێت هێزە دیموکراتیک و چەپەکان، زیاتر لە هەموو کات دەنگ هەڵبرن و بەرامبەر بە فاشیزم بوەستنەوە. کاتی ئەوەهاتووە کە ئەم دەسەڵاتدارییەی بە وتاری نەتەوەپەرستانە رەوایەتی بە رژێمی فاشیستی و شەڕەکەی دەدات، بوەستێندرێت. ئێمە داوا لە رۆشنبیران، دیموکرات و چەپگران دەکەین کە هەڵوێستیان لە دژی ئەو سیاسەتانەی شەڕ هەبێت، کە هیچ سوودێکیان لە بەرژەوەندی دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی ژنان و گەلان نییە. لە دژی هێرشی قڕکاری و فاشیزمی نەتەوەپەرستی دەوڵەتی تورکی فاشیست کە بەرامبەر گەلی کورد و هەموو فرەڕەنگیەکان بەڕێوەی دەبات، دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت. دەبێت لەبیرنەکرێت، ئەو شەپۆلەی نەتەوەپەرستی کە ئەمرۆ لە دژی کوردان لە بەرزترین ئاستدا بەرێوەدەچێت، لە تورکیا دەبێتە هۆکاری هەژاری، بێکاری و مردن.

بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا تێکۆشانمان گەورەتر دەکەین

سەرەرای ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە ژێر گۆشەگیریەکی سەختدایە، دەیانەویت ڕێگری بکەن لەوەی کە گەلی کورد ببێت بە هێزێکی ئازاد و دیمۆکرایک و دەیانەوێت ڕێگری بکەن لەوەی کە ژن ببێت بە هێزێکی ئازاد و دیمۆکراتیک. بەو گۆشەگیریەی کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆدا بەڕێوەدەبرێت، دەیانەوێت بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد گۆشەگیر بکەن. هەر بەو هۆیەشەوە ماوەی ٢٥ ساڵە بە شیوەیەکی توند لە بەرامبەر ڕێبەری بزوتنەوەی ئازادی کوردستان ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری و ئەشکەنجە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ ئەو هێرشە گۆشەگیرانەی کە ئەمڕۆ لە ئیمرالی لە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێت، هێرشی پاکتاوکردن و گۆشەگیری لە بەرامبەر ژنانی چوار پارچەی کوردستاندا بەڕێوەدەبرێت. ئەم پڕۆسەیه لەسەر بنەمای سیاسەتی کوشتن، داگیرکەری، ئەشکەنجە و گۆشەگیری بەڕێوەدەبرێت و مەترسییەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبیت. هێرشە قڕکاری سەر ئیمرالی چڕتر کراوە و بەسەر کۆمەڵگا و هەموو پارچەکانی کوردستاندا دابەشکراوە، ئەمەش گەورەکردنی بەرخۆدانێکی هەمەلایەنە دەخوازێت. وەک کەژەکە ئێمە سڵاو لە چالاکی زیندانەکان دەکەیەن، کە لە بەرامبەر سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی بەڕێوەدەبرێت. بێ گومان تێکشکاندنی سیستمی ئیمراڵی، شکاندنی گۆشەگیرییەکان، ڕاگرتنی شەڕی کوشتن و داگیرکاری، پێوەندی بە هێزی تێکۆشانی ژنانەوە هەیە. بۆیە لە بەرامبەر گۆشەگیریەکانی سەر ئیمراڵی و هیڕشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا و پارچەکانی تری کوردستان، وەک بزوتنەوەی ژنان دەستنیشانی دەکەین کە بۆ وەستاندی هێڕشە داگیرکارییەکان دەبێت هەڵوێستی ڕەوای خۆتان نیشان بدەن. تا ئەو کاتەی پشتی فاشیزم دەشکێندرێت دەبێت بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان. ئەمرۆ ئەو ڕۆژەیە کە دەبێت بەرخۆدانی زیندانەکان و ڕۆژئاوا و تێکۆشانی هاوبەش گەورە بکرێت. ئێمە داوا لە گەلەکەمان و تەواوی ژنان دەکەین کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا تێکۆشانیان گەورەتر بکەن.

ئەوانەی کە ئەمرۆ بێدەنگن بەیانی پەشیمان دەبنەوە

هێرشەکانی ئێستا لە بەر چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێن. دەوڵەتی تورکی فاشیست کە گوێ بە هیچ یاسا، ڕێککەوتن و پێوەرێکی نێونەتەوەیی نادات، بەهۆی بێدەنگی هێزە ناونەتەوەییەکان دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی بێباکانە هێرشەکانی ئەنجام دەدات. بێدەنگی دامەزراوە و هێزە ناونەتەوەییەکان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئاکەپە-مەهەپەدا داواکارییە بۆ هێرشکردن. بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانەی کە گورز لە ویژدانی مرۆڤایەتی دەدات، داوا لە هەموو هێزە پەیوەندیدارە نێونەتەوەییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. ئەوانەی کە ئەمرۆ لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگن سبەی ڕووبەروی خۆیان دەبێتەوە. لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە. لە هەموو شوێنێک لە دژی گەلی کورد هێرش ئەنجام دەدرێت. گەلەکەمان ڕۆژانە دەکوژرێت، سەرچاوەکانی ژیانمان لەناودەبەن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو کارەی کە داعش بە نیوە چڵی بەجێی هێشت لە کوردستاندا تەواوی بکات.

ئەو لایەنانەی کە پێیان دەوترێت ویژدانی گەل، بێدەنگییان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەتی دەسەڵاتدار لەسەر پێی خۆی بمێنێت و بێ باکانە هێرش بکات.

هەروەها ئێمە داوا لە گەلی کورد، ژنان، پشتیوانانی تێکۆشانی ژنان، هێزەکانی دژە سەرمایەداری و دۆستەکانمان دەکەین کە خاوەنداری بکەن لە شۆرشی ڕۆژئاوا کە بووە بە روناکی و هیوای مرۆڤایەتی.

ئێمە داوا لە دایکانی کورد، ژنانی گەنج، ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسایەتییە دیارەکان دەکەین کە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، کوشتنی ژنان و عەقلییەتی پیاو سالاردا هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و تەواوی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە تێکۆشانی حەقی گەلی کورد بکەن و پەرە بە ڕێکخستنی هاوبەش، فکر و هێزی چالاکی بدەن”.

هاوبەشی :