تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان : وریشە مورادی، دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
ئەمڕۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند دوێنێ ٥ی بەفرانبار ، ژنەچالاکی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – وریشە مورادی، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەی ٤ مانگە لە لایەن ڕژیمەوە، لە بەندی ٢٠٩ زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە و دەنووسێ: ئەم ژنە چالاکە کوردە بە درێژایی ئەم ماوەیە، تەنها یەک جار توانیویەتی دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەیدا ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا لە مافی پارێزەری یاسایی بێبەش کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەبیری هێنایەوە کە مورادی، دوای دەستبەسەرکرانی لە ١٠ ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، براوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و نزیکەی ٢ حەفتە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێی، خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی دژوار.
ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر، کەژار لە لێدوانێکدا داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ کرد، لە ئاست بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی وریشە مورادی، وە سیناریۆسازیی ڕژیمی ئێران دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.