کەنەنە: بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا قبووڵ ناکرێن

136
0
هاوبەشی :

ئاریان تیڤی

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی بەفرانبار، ٢٦ی دیسەمبەر، لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێک هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، مزگەوتەکان، کارگە خزمەتگوزارییەکان، کۆگاکانی دانەوێڵە، وێستگەکانی نەوت، وێستگەکانی کارەبا و هەموو ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان و هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

کەنەکە تەئکیدی کردۆتەوە کە پێویستە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕابگیرێت و ئیدانە بکرێت. “چونکە لەم ڕۆژانەدا کە هەموو جیهان سەرقاڵی ئاهەنگی جەژنی کریسمەسە، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە شەڕێکی سەرتاسەری دەست پێدەکاتەوە و بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپ هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئامانج و مەبەستی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کۆبانێوە تا تربەسپی، لە تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان هەموو ژێرخانی خزمەتگوزاریی و ئابووریی و سووتەمەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

کەنەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی مەدەنیی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، هاتووە: “ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، لەناوبردنی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوبردنی بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و داگیرکارییە. ئەم هێرشانە بە هەموو شێوەکانیانەوە دژی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانن و قبوڵ ناکرێن.”

کەنەکە ڕەخنەی لە بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتان، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا گرتووە ڕایگەیاندووە: “لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ کاردانەوەیەک نییە و تا ئێستا هیچ هەڵوێستێک دەرنەکەوتووە. جیهان لە دژی شەڕ لە غەززە دەنگی بەرز دەکاتەوە، بەداخەوە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگە.”

“ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئەورووپا، ناتۆ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بەبێ دەنگ و بێ هەڵوێستن؛ بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و ئەم بێدەنگییە ئیدانە دەکەین.”

کەنەکە جەختی کردۆتەوە کە “پێویستە لە هەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان بن و بەرخۆدانی مێژوویی پەرە پێبدەن.” داواشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دەستبەجێ ئەرکەکانیان بەجێ بهێنن و پێش بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بگرن.”

هاوبەشی :