ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەریی لە سووریا دەخاتەڕوو

161
0
هاوبەشی :

لە نۆڕس پرێسەوە وەرگیراوە\ سەعد ئەلیازچی

کۆنگرەی چوارەمی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – نۆرس پرێس
کۆنگرەی چوارەمی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – نۆرس پرێس
رەققە – نۆرس پرێس
لە میانەی چوارەمین کۆنگرەی خۆیدا کە دوێنێ لە شاری رەققە، لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات نەخشەڕێگایەکی بۆ چارەسەری سیاسی لە سووریا خستەڕوو.

سەرلەبەیانی دوێنێ، “مەسەدە” بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسییەکانی سووریا لە ناوەوە و دەرەوە، چوارەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری رەققە بەڕێوەبرد و هەریەک لە مەحمود ئەلمەسلەت و لەیلا قەهرەمان وەک هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردران.

لە میانی کۆنگرەکەدا، “مەسەدە” رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریای بە شێوەیەکی ئاشتیانە خستەڕوو، کە گرنگترینیان پشتبەستنە بە چارەسەری سووریا- سووریا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانی راستەوخۆوە، بە پێی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە سەرپەرشتی و گەرەنتی نێودەوڵەتی.

“مەسەدە” پێویستی رەتکردنەوەی چارەسەری سەربازی و گرنگیدان بە گفتوگۆی سیاسی دیموکراسی وەک رێگایەکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردن بەپێی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکان خستەڕوو.

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت کاربکرێت بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نیشتمانی سووری، کە ئەنجومەنێکی گشتی پێکهێنەر لێیەوە سەرهەڵبدات و ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنی پێ بسپێردرێت و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

هەروەها “مەسەدە” پێشنیاری پێکهێنانی “حکومەتێکی کاتی” بە دەسەڵاتی فراوانەوە و وەستاندنی دەستووری ئێستا و راگەیاندنی پرەنسیپە دەستوورییەکان و پێکهێنانی لیژنەیەکی کرد بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێی دیموکراسی بە کۆدەنگی، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو چارەسەر بنرێت.

داوای پێکهێنانی ئۆرگانێک بۆ دادپەروەری و ئاشتەوایی و ئاشتی مەدەنی و بەدیهێنانی دادپەروەری و پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازییان کرد، کە کاربکات بۆ تێکەڵکردنی ئەو سەربازانەی باوەڕیان بە چارەسەری سیاسی هەیە لە سوپایەکی نوێی نیشتمانیدا و بۆ دووبارە داڕشتنەوەی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.

ئەنجومەنەکە بەشداری ژنانی لە پرۆسەی سیاسیدا بە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستان و گۆڕانکاری لە سووریادا ناوبرد.

لە کۆتایی ئەو میتۆدانەی کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا پێشکەش کران، “مەسەدە” ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجی پرۆسەی سیاسی کۆتاییهێنانە بە دەوڵەتی ستەمکاری و ناوەندگەرایی و هێنانەدی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ریشەیی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوەی سووریایە لە چوارچێوەیەکی ئۆتۆنۆمیدا، رایانگەیاند کە “سیستەمی فرەیی و دیموکراسی کە بە دەستوورێکی کۆدەنگی گەرەنتی کراوە کە وەڵامی ئیرادەی سوورییەکان دەداتەوە بۆ پێکەوەژیان و ئینتیمایەکی نیشتمانی یەکگرتوو”.

هاوبەشی :