دەم پارتی لە ڕاگەیاندنێكیدا پیرۆزبایی لە ئیرادەی دیموکراتیکی خەڵکی کەرکوک کرد
هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای هاتیمۆگیولاری و تونجەر باقرخان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەو و تیایدا، پیرۆزباییان لە ئیرادەی کەرکوکییەکان کرد، داواشیانکرد دوای ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکوک وشیاریی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەموو گەلان و ئایینەکان لە خۆ دەگرێت بەهێزتر بێت و بە هەموو ناوچەکەدا بڵاوبکرێتەوە.
راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی بەم جۆرەیە:
“هیوادارین هەڵبژاردن لە کەرکوک، کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە، ببێتە مایەی دموکراسیی، دادپەروەریی و ئازادیی بۆ گەلانی ناوچەکە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەموان چاویان لەسەر هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بوو کە بە دوور لە گرژیی و ئاڵۆزیی بەڕێوەچوو و لە سەرووی پارتە سەرکەوتووەکان پێشکەوت ئیرادەی گەلانی کەرکوکە.
لە کەرکوکدا بە تایبەتیی دەوڵەتانی هەرێمیی و زۆر هێزی دیکە بۆ ئەوەی ناسەقامگیریی سیاسیی ساز بکەن، بە هەموو جۆرێک دەستوەردانیان کرد، بەڵام سەرباری ئەو دەستوەردانانەش گەلانی کەرکوک بەو هەڵبژاردنەی کە لە ٢٠٠٥ەوە بۆ یەکەمجارە لەو پارێزگایە بەڕێوەدەچێت، ئیرادەی دیموکراتیکی خۆیان نیشاندا و چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئێمە پیرۆزبایی لە گەلی کورد و هەموو گەلانی کەرکوک و هەموو ئایینەکان دەکەین، کە بەشدارییان لە لە هەڵبژاردندا کرد و سڵاو لە ئیرادە و بڕوایان دەکەین.
ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەت کە دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەکان بە ستراتیژی “پەرت بکە و زاڵبە” هەروەها گەلان بە گوێرەی ناسنامە و ئایینەکانیان لەیەک دادەبڕێت و بەم جۆرە هەوڵدەدات کە لە هەرێمەکە ناسەقامگیریی ساز بکات. لە دژی ئەو ئەقڵیەتە ئیرادەی گەلانی کەرکوک لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هیوا و بڕوا. ئاواتەخوازیین کە دوای ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکوک وشیاریی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەموو گەلان و ئایینەکان لە خۆ دەگرێت بەهێزتر بێت و بە هەموو ناوچەکەدا بڵاوبکرێتەوە.
پیرۆزبایی لە هەموو پارتە سەرکەوتووەکان بە تایبەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) دەکەین کە هەڵبژاردنێکی شەفاف و دیموکراتیکیان ئەنجامدا. ئێمە دەزانین وەک بە درێژایی مێژوو روویداوە لەمڕۆشماندا ئیرادەی گەلی کورد پێکەوەژیانی گەلان بە بنەما دەگرێت. هیوادارین ئیدارەی نوێ لەپێناو ئەوەی گەلانی کەرکوک لە گۆڕەپانێکی دیموکراتیکدا بە ناسنامە و ئایینی خۆیانەوە بە شێوەیەکی ئازاد بژین، بە هەستیارییەوە بجوڵێنەوە”.