پڕۆسەى دەنگدان کۆتایی هات؛ ڕێژەى دەنگدان لە كەركوك گەیشتە نزیکەى %٧٠
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، بە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەشەوە، کۆتایی هاتووە و یەکسەر دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەکە جیاکردنەوەى دەنگەکان لە ناوەندەکانى دەنگدانی پارێزگای کەرکووک دەستی پێکرد.
بەپێی دوایین زانیاریی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای کەرکووک ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان گەیشووەتە نزیکەى %٧٠.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ناوەندی، لەم هەڵبژاردنەدا یەك ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٤٠٠ کەس لە پارێزگای كەركووك، مافی دەنگدانیان هەبووە وە دوو لەسەر سێیان مافی دەنگدانیان بەکار هێناوە.
تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لەو پارێزگایە ٣٢ لەسەد بوو.
تا ئێستا کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، بە فەرمى ئەنجامى ڕێژەی بەشداریی دەنگدەرانى لە هەلبژاردنەکەى ئەمڕۆدا ڕانەگەیاندوە.
كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، بێجگە لە هەرێمی كوردستان، دەستی پێكرد.