مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد

162
0
هاوبەشی :

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، داوا لە هەموو ژنان دەکەین تاوەکوو پێکەوە سەربکەوین، پێکەوە بچینە پێش و ژیانی ئازاد بونیاد بنێین، بەشداریی تێکۆشانی هاوبەش ببن.

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد، لە ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایە سەر گۆشەگیریی ئیمراڵی و مانگرتن لە خواردن و بانگەواز بۆ خۆبەڕێوەبردنی هاوبەش و بونیادنانی ژیانی ئازاد و تێکۆشانی هاوبەش.

لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ١٥ـی کانوونی یەکەم لە ئەنقەرە کۆبووەوە، دووجار چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدرا، پێشهاتە سیاسییەکان و بە تایبەت چالاکی مانگانە و سیاسەتی هەڵبژاردنی هەرێمی لە ٣١ ی ئاداری ٢٠٢٤ و خەباتی ڕێکخراوەیی و خەباتی ئەنجوومەنەکان بوون بە مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە.

هەر لە ئەنجامنامەکەدا، ئاماژە بە ئەوە کراوەکە هێرشی قڕکردن گۆڕاوە بۆ قڕکردنی ژنان و باس لە شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین و سیاسەتی شەڕ لە هەرێمەکەدا کراوە.

باس لەوەشکراوە، ئەو هاوپەیمانییەی پیاوان کە لە هەڵبژاردنی نیساندا پێکهات، دەسکەوتەکانی ژنان وەک هەڕەشەیەک دەبینێت، لە بودجەی ٢٠٢٤ دا هیچ جێگایەک بۆ ژن دانەنراوە، لە کارگەوە تا قوتابخانە، لە هەموو گۆڕەپانێک سیاسەتی ڕەگەزپەرستی حکومەت بەردەوامە.

هەروەها لە ئەنجامنامەکەی مەجلیسی ژنانی دەم پارتیدا تیشکخراوەتە سەر گۆشەگیریی ئیمراڵی و ئاماژە بەوە کراوە، گۆشەگیریی سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە ئەنجامدەری چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە، تا دێت گرانتر دەبێت، داوای چارەسەرکردنی دادپەروەرانە و شکۆدارانەی پرسی کورد، لە ڕێگەی پشتگوێخستن و نکۆڵی و هێرشەوە وەڵام دەدرێتەوە، زیندانییە نەخۆشەکان بۆ مردن جێهێڵراون، یان بە تابووتەوە دەردەکرێن و بە مردوویی دێنەدەر، زیندانیان لە زۆربەی زیندانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەو، مانگرتن لە خواردنیان دەست پێ کردووە.

لە ئەنجامنامەکەدا سڵاو لە زیندانیانی دۆزی کۆبانێ کرا و دووپاتکرایەوە، هاوڕێ ژنەکانیان لە دادگادا دەوڵەت و سیستەم شەرمەزار دەکەن.

مەجلیسی ژنان دووپاتیشیان کردەوە، وەک مەجلیسی ژنان دەیانەوێت لە هەموو گۆڕەپانێکدا بانگی یەکسانی و ئازادیی و دادپەروەریی بەرز بکەنەوە، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکاندا هێڵی ئازادی ژن پێکبهێنن، یەک لە ڕێگەکانی تێکۆشان دژی زیهنیەت و زمان و شێواز و نزیکایەتی پیاوان، بەهێزکردنی سیاسەتی ژنانە، ئەزموون و ئیرادەی تێکۆشان و هێڵی ئازادی ژنان، بناغەی ئەو تێکۆشانەیە.

هەروەها بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەن، سەر بۆ دەسەڵاتی پیاوان دانەنەوێنن، لە هەموو هەلومەرجێکدا داوای یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری بکەن و دەڵێن: با پێکەوە تێبکۆشین و پێکەوە سەربکەوین، ئێمە دەڵێین، کاتی دەم پارتییە، کاتی ژنانە، کاتی ئازادییە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین، تاوەکو پێکەوە سەربکەوین، پێکەوە بەڕێوە ببەین، ژیانی ئازاد بونیاد بنێین، بەشداری تێکۆشانی هاوبەش بکەن.

هاوبەشی :