قەرەسو: ٢ بەرپرسی میت لە دەستی ئێمەدان، بەڵام بۆ کەس گرنگ نییە!
مستەفا قەرەسو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، تورکیا کە هەوڵی نێوەندگیری دەدات لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بۆ ڕۆژێکیش لە چارەنووسی دوو بەرپرسە باڵاکەی میت ناپرسێتەوە.
مستەفا قەرەسو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی میدیا خەبەر کرد و باسی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی کرد.
قەرەسو سەرەتا سەرنجی بۆ بوومەلەرزەکەی مەڕمەڕە ڕاکێشا و وتی:”دەوترێت ناوەندی بوومەلەرزەکە گەملیک و دوورگەی ئیمرالییە. پارێزەرەان ویستیان لەو دۆخەدا دیدار ئانجام بدەن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا. بۆ ٣ ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێک نەکراوە، ئەمەش نیشاندەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکە لە ئیمرالی لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ دا. لە جیهاندا شتێکی لەم شێوەیە نییە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ٣ مانگ و ٦ مانگ سزای دیسپلینیی دەسەپێنن و خۆیان وا نیشان دەدەن گوایە بەپێی پێوەرەکان هەڵسەکەوت دەکەن، دەیانەوێت بڵێن ئێمە دەوڵەتی یاساین. نەخێر، لە دەوڵەتی یاسادا، ئەگەر دیدار ئەنجام نەدرێت بەهۆی سزاوە نییە، بەم شێوەیە جیهان فریو دەدەن، گاڵتە بە جیهان دەکەن.”
مستەفا قەرەسو ئاماژەی بەوەدا کە لە دژی ئەمە تێکۆشان دەکرێت و وتی:”دەبێت تێکۆشان بکرێت بەبێ تێکۆشان ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەدی نایەت، گۆشەگیری هەڵنا گیرێت. بۆیە ئێستا لە جیهاندا بە گشتی تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی تورک ناچار دەکرێت، شەرمەزاردەکرێت، گوشار دەخرێتە سەری، هەمووان شێواز و ڕێکارەکانی گوشار و گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەزانن، کەس نییە نەزانێت، هاوپەیمان و دۆستانیشمان ئاگادارن، ئەو سیاسەتانە ئێستا لە هەموو جیهانەوە ناسراوە، لەو ڕۆژانەدا هاکان فیدان ڕایگەیاند، کە پوتین، ئەنجومەنی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا ئاگاداری سیاسەتەکانیان، بە ڕوونی دەڵێن: ئەوانەی رەوایەتی بە کردەوەکانمان دەدەن یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەوروپان، واتە ئەوانن فەرمان دەدەن، ئەمەش دەردەخەری ئەوەیە کە ئەوان هاوبەشی تاوانەکەن. بێگومان کاتێک ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەگیرێت، پێویستە تێکۆشانێک لە دژی ئەنجام بدرێت. پێویستە لە دژی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئەوروپا، سی پی تی و دەوڵەتانی ئەوروپا ناڕەزایی نیشان بدەن.”
‘کاتێک پرسەکە بوو بە ڕێبەرایەتی، زیندانییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێگەیاند’
لە درێژەی قسەکانیدا مستەفا قەرەسو هەڵسەنگاندنی بۆ مانگرتنی زیندانیان کرد، کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و ڕایگەیاند؛”کاتێک سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤێکی گرنگ هەبێت، لە پرسی ئازادیدا، پرسی گۆشەگیری، گوشار لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە ڕۆژەڤ، زیندانیان هەمووو کات خۆیان بەرپرسیار دەبینن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ناتوانرێت بگوترێ هەڤاڵانی زیندان بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ تێکۆشان جێبەجێ ناکەن، هەرچەندە لە زیندانەکاندا چەکێک نییە، دەرفەت نییە، بەڵام بە توانەوەی جەستەیان هەڵوێستیان نیشان دەدەن.”
قەرەسو ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە ڕێزەوە پێشوازی لە بەرخۆدانی زیندانەکان بکرێت و وتی:”پێویستە بنەماڵەکان زیاتر خاوەنداری لە زیندانیەکانیان بکەن. نەک تەنها بنەماڵەکانیان، بەڵکو پێویستە جەماوەری کوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە بەرخۆدانی زیندانیەکان بکەن.”
‘پێویستە هەموو کەسێک بەشداری لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکات’
مستەفا قەرەسو باسی لەوەشکرد، پێویستە گەلی کورد گرنگی بە ڕۆڵەکانی بدات لە زیندانەکان و بەو شێوەیە لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ تێبگات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:”مرۆڤەکانی ناو زیندانەکان هەموویان تێگەیشتوون، خوێندەوارن، خۆیان پەروەردە کردووە و هەستی بەرپرسیارێتیان هەیە. ئەگەر ئەوان لەم ئاستەدا خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتی دەکەن، دەبێت هەموو گەلەکەمان خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتیان بکەن، بەبێ خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتی مافی ئازادی بەدی نایەت، گەلێک کە خاوەنداری لە ڕێبەرەکەی دەکات، دەتوانێت ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت.”
قەرەسو ڕایگەیاند کە پێویستە سەرەتا گەل، گەنجان، ژنان، دۆستان، هێزە دیمۆکراتیکەکان، بە بەشداریان هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەهێز بکەن.
‘ڕۆژی کتێب خوێندنەوە چالاکیەکی گرنگە’
مستەفا قەرەسو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، ڕۆژی کتێبی عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٠ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژێکی زۆر گرنگ ناوبرد و وتی:”سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە هەڵمەتێکی لەو شێوەیەیان دەستپێکرد. کارێکی زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی، واتە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ڕزگاری مرۆڤایەتی، واتە دەبێت هەموو جیهان خاوەنداری لەم بیرۆکەیە بکات، واتە زانا کردنی مرۆڤایەتی، بە واتای ئەوەیە مرۆڤایەتی و چەوساوەکان، لە ئازادی نزیک دەبنەوە.
‘سوپای تورک تەنانەت بە پشتیوانی پەدەکەش ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت’
لە درێژەی قسەکانیدا، قەرەسو هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو شەڕە کرد کە لە ناوچەکانی گەریلادا هەیە و وتی: “شەڕی هەڕێمەکانی پاراستنی میدیا لە ٢١ی تیشرینی یکەمەوە بەردەوامە، دەوڵەتی تورک لە هەندێک ناوچەدا جێگیر بووە، لە هەندێک لوتکەدا خۆی جێگر کردووە. بۆیە گەریلا و دەوڵەتی تورک لە زۆر شوێن بەتایبەت لەسەر سنوورەکان ڕووبەروی یەک دەبنەوەو شەڕ دەکەن. شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورک سەرەڕای تەکنۆلۆژیا و پاڵپشتی پەدەکە ناتوانێت پێشڕەوی بکات، پەدەکە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکات. بەهۆی ڕەفتارەکانی پەدەکە، گەریلا ناتوانێت بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت هەڵسوکەوت بکات و گۆرزی سەخت تر لە دوژمن بدات، پەدەکە لە بەردەم لوجستیک و پشتیوانی سەربازی بۆ گەریلا بەربەست دروست دەکات. واتا گەریلا لەوێ لەناو بارودۆخێکی سەختدا شەڕ دەکات، بە شێوەیەکی فیداییانە شەڕ دەکات و بە دڵنیاییەوە ڕێگەنادات دەوڵەتی تورک لەو ناوچەیە سەروەری بەدەست بهێنێت. بەهیچ شێوەیەک دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە سەرەوەری بەدەست نەهێناوە. بەڵێ لە هەندێک ناوچە جێگیر بووە، بەڵام هەمیشە گورزی لێدەدرێت، ناتوانێت بخەوێت. بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبهەڵگر و تەکنۆلۆژیاکانی تری ناوچەکان بۆردومان دەکات، لەسەر سنوورەکان بە هاوەن و ئۆبوس ناوچەکانمان تۆپ باران دەکات، بە فڕۆکە و هیلیکۆپتەر ناوچەکانمان بۆردومان دەکات. ئەو بۆمبانەی کە دەوڵەتی تورک بە سەر ناوچەکانی ئێمەدا دەبارێنیت زۆر زیاترە لەو بۆمبانەی کە ئیسرائیل بەسەر غەززەدا دەیبارێنێت. ئەم دۆخە نابینرێت، ئەگینا ساڵانێکە دۆخەکە بەم شێوەیەیە. شاخەکان بۆردومان دەکات و دارستانەکان دەسوتێنێت. شەڕێکی بەم شێوەیە بەردەوامە.
لە بەرامبەر ئەم هێڕشانەشدا هەڤاڵانمان بە شێوەیەکی فیداییانە دەجەنگن. ئێمە دەتوانین بڵێین تەڤگەرەکەمان ٥٠ ساڵە تێکۆشانێکی فیداییانە بەڕێوە دەبات. ئەم تێکۆشانە لە بەرخۆدانی زیندانەکان دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ڕۆحی چالاکوانانی ‘ئێوە ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن’ ئەو ڕۆحەیە کە لە لایەن هەزاران فیداییمانەوە خۆلقێندراوە. ئەمانە هەمووی بوو بە یەک و گەیشت بەم سەردەمەی ئێستا. ئەو فیداکارییەی کە ئەمرۆ نیشان دەدرێت پەیوەستە بە ٥٠ ساڵ فیداکاری و لەسەر بنەمای ٥٠ ساڵەی تێکۆشان بەڕێوە دەچێت.
‘کێشەکە بە ئایین پەرستی و نەتەوەپەرستی چارەسەر نابێت’
مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی هەڵسەنگاند و وتی: “ئەم شەڕە چی نیشان دا؟ نیشانی دا کە کێشەکە بە ئایین پەرستی و نەتەوەپەرستی چارەسەر نابێت، بەڵی کێشەی جولەکەکان کێشەیەکی هەزاران ساڵەیە. چەندین جار دەربەدەرکراون، لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاوبوونەوە، کۆمەڵکوژ کران، لە زۆر شوینی جیهان ڕووبەروی جیاکاری بوونەوە، تێکۆشانیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن لە خاکی فەلەستیندا جێگیر ببن، ئەمە لە تەوراتیشدا هەیە. واتا ئەو کێشەیە لە تەوراتیشدا هەیە. کێشەی جولەکەکان لەگەل فەلەستینیەکان کاتێک دەستی پێکرد کە جولەکەکان تیکۆشانیان دەکرد بۆ ئەوەی لە فەلەستیندا جێگیر ببن، تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. بە ڕەفتارێکی ڕاست و بە تێگەیشتنێکی زانستی دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
قەرەسو دەستنیشانی کرد کە لێرەدا ئیسرائیلیش کردەوەی نایاسایی ئەنجامدەدات و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: “لە بەرامبەر ئەم نا حەقییەدا بەرخۆدانی گەلی فەلەستین هەیە، بەلام نابێت ئاراستەی ئەو بەرخۆدانەی گەلی فەلەستین بگۆرێت بۆ شەڕێکی ئایین پەرستانە و کوشتنی خەلکی مەدەنی، دەبینین کە ئێستا حەماس ئەم کارە ئەنجامدەدات. بەلام بە دڵنیاییەوە ئەمەش نابێتە هۆکاری ئەوەی کە هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە ڕەوا ببینرێت. لێرەدا هێرش دەکرێتە سەر گەڵێک، بۆیە بابەتێکە کە دەبێت بە زوترین کات چارەسەر بکریت. ئێمە پێشتریش وتومانە، بە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ دایناوە دەتوانڕێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بە دانپێدانان بۆ هەبوونی یەک دەتوانڕێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.”
‘ئیسرائیل ئەو شتانەی کە تورکیا دەیکات، ئەنجامی دەدات’
مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە ڕایگەیاند کە گەل و هێزە دیموکراتیکەکان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەوەستن و وتی: “ئیسرائیل ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پشتیوانانیشی پشتیوانی لێناکەن. بە دڵنیاییەوە چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل زۆر گرنگە، بەڵام کێشەی کوردیش هەیە. تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ئارامی و ئاشتی ناگەرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام کاتێک ئەم دوو پرسە بنەڕەتییە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین ، کێشەی ئازادی کورد چارەسەرکرا و دان بە مافەکان و هەبوونیان نرا، ئەوکات ئاشتی و دیموکراسی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت.
ئیسرائیل چی دەکای تورکیش هەمان کار دەکات. لە ڕاستیدا ئیسرائیل کردەوەکانی دەولەتی تورک ئەنجام دەدات. باوەری بە دەولەتی تورک هەیە. چەند ڕۆژ پێش ئیستا وتیان، ئیسرائیل تونێلەکان پڕ دەکات لە ئاو. دەوڵەتی تورک ئێستا ئەم کارە دەکات. هەوڵ دەدات تونێلەکان هەڵبوەشێنێت. گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت. دوای ئەوە غازی تایەی سوتاو دەخاتە ناو تونێلەکان. ئیسرائیلیش ئێستا ئەو کارە دەکات. دەولەتی تورک هەڵدەستێت و دادەنیشێت دەڵێت ئیسرائیل فڵان کاری کرد، کۆمەڵکوژی کرد، جینۆسایدی کرد، نابێت قبوڵ بکرێت. بەڵێ وادەلێت، بەڵام دەوڵەتی تورک خۆشی بگرە زۆر خراپتر لە ئیسرائیل ئەم کارانە ئەنجام دەدات ئەم کارانە ئەنجامدەدات. پێش ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستپێبکات، هاکان فیدان چی وت؟ وتی: ژێرخانی وزە لەناو دەبەین. ئەمە چییە؟ واتا ژێرخانەکان لەناو دەبەم، دەرفەتەکانی ژیان لەناودەبەم. تۆ ئەمەت وت کە چی ئێستا هاوار هاوارتە و دەڵێی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات. هەوڵ دەدات کارەکانی خۆی بشارێتەوە. بەڵام کەس باوەڕی پێناکات. بەڵێ دەوڵەتێکی تر، وڵاتێکی تر مافی ئەوەی هەیە کە ئەم قسانە بکات بەلام دەوڵەتی تورک مافی ئەوەی نییە. هەموو ئەو شتانەی کە دەیڵێن خۆشیان لەوە خراپتر ئەنجامدەدەن. ژمارەی خەلکی ڕۆژئاوا چەندە؟ نزیکەی ٥ ملیۆن مرۆڤ لە ڕۆژئاوا دەژین. لە نیویۆرک و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەخشەی ڕۆژئاوای نیشاندا و وتی: ڕۆژئاوا لەناو دەبەم. ئەگەر کەسێک کەسێکی تر لە شوێنی خۆی دەربکات ئایا ئەمە کوشتن نییە؟ تۆ بە شیوەیەکی ئاشکرا ئەم کارە ئەنجام دەدەی.
ئەو شتانەی کە ئیسرائیل دەیکات، دەوڵەتی تورکیش دەیکات، یان دەتوانین بڵێین ئیسرائیل کردەوەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدەدات. بۆیە دەوڵەتی تورک هیچ بەهایەکی مرۆیی نییە. گوایە ویستی ببێت بە ناوبژیوانی ئالوگۆری دیلەکان. ئێمە ٢ بەرپرسی میتمان لایە. بۆ یەک جاریش هەواڵییان ناپرسێت. ناڵێت لە بەرامبەر ١٠ زیندانی نەخۆش، ١٥ زیندانی نەخۆش، ئەوان ئازاد بکە، ئینسانی هەرە گرینگن لەناویاندا. بۆیە نابێت قسەکانی دەوڵەتی تورک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا لە بەر چاو بگیرێت و بە گرینگ بزانرێت. بۆ ئەوەی دەموچاوی ڕاستەقینەی دەرنەکەوێت و ماسکەکەی نەکەوێت دەست دەکات بە بۆلە بۆل کردن و دەقیژێنێت. ئیسرائیل ئەوەی کە ئەنجامی دەدات ئاشکرای دەکات و بە گەل دەڵێت، بەڵام قسەکانی تورکیا بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکانی خۆیەتی. تورکیا بیر لە ئیسرائیل، غەززە و حەماس ناکاتەوە، تاکە شتێک کە تورکیا بیری لێدەکاتەوە کوشتنی کوردە. نە لایەنگری فلیستینیەکانە و نە لایەنگری گەلی عەرەبە. ڕۆژێک دێت کە زیاتر لە ئیسرائیلیەکان دوژمنایەتی فەلەستینییەکان دەکات. دەولەتی تورک دەوڵەتێکی بەو شێوەیەیە و هیچ پێوەرێکی ئینسانی و ئەخلاقی نییە”.