شۆخان میرزا: پێویستە ژنانی رۆژنامەنووس لە میدیادا ژنبوونی خۆیان بپارێزن

219
0
هاوبەشی :

شۆخان میرزا – رۆژنامەنووس ئاماژە بەوەدەکات، راگەیاندن بە گشتیی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاڕاستەکردن و پرسەکانی کۆمەڵگە، ئیتر ئەگەر ئەو پرسانە تایبەت بن بە ژنان یان بابەتی گشتیی بن، لە ئێستاشدا ڕێڕەوی ڕاگەیاندن لە بەشێک لە دەزگاکاندا بەلاڕێدا ڕۆیشتووە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی سیستەمی دەسەڵاتداریی و سەرمایەداریی لەسەر ڕاگەیاندنەکان، لە ئێستاشدا کە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان زیادی کردووە، سەیر دەکەین ناوەڕۆکی بابەتی ڕاگەیاندنەکان لێدانە لە پرسەکانی ژن، لێدانە لە کەسایەتیی و جەوهەری ژن، ڕاگەیاندن لە ئێستادا قۆرغکاریی دەکات، بۆ کۆکردنەوەی بینەر و لایەنێک دەهێنێتە سەر شاشە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیەوە لە پرسە نەتەوەییەکان و ژن دەدات.

“بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان هەوڵ دەدەن کوشتنی ژنان بخەنەوە ئەستۆی ژنەکە خۆی”
شۆخان میرزا قسەی بۆ “ئاژانسی هەواڵی ژن” کرد وئەوەشی خستەڕوو، جێگەی خۆشحاڵیە لە ئێستادا ڕاگەیاندنی ئازاد هەیە و کار لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ژن دەکات، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە شێوازی کار کردنیان دیارە بە شێوەیەکی ڕاستی لەسەر بابەتەکان کار دەکەن، ڕاگەیاندنە حزبییەکانیش ڕەوتی کار کردنی ڕاستەقینەیان لەدەستداوە و لە کۆمەڵگەشدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێن، ڕاگەیاندن دیوێکی باشی کۆمەڵگە و ئەو دیوەشی نەنگیەک دروست دەکات پیشان دەدات، هەندێک جار کاتێک هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاو دەکرێتەوە، دەبینین بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەندەی هەوڵ دەدەن هۆکاری کوشتنەکە بخەنەوە ئەستۆی ژنەکە خۆی، ئەوەندە بەدوای ڕاستیەکاندا ناگەڕێن و ئەوە پیشان نادەن ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت ڕیشەدارە لە کۆمەڵگەدا و دەبێت چارەسەر بکرێت.

“ڕۆژنامەنووس دەبێت ئازاد بێت لە گرتنە دەستی بابەتەکان”
باسی لەوەشکرد، پێویستە ڕۆژنامەنووسان هۆشیاریان هەبێت لەسەر هەموو بابەتەکان، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد بن بەرامبەر هەموو ئەو کێشانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گرتنەدەستی پرسەکانی ژنان، چونکە تا توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیاتر بێت، کۆمەڵگە زیاتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەبێت و داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان زیاتر دەکات.

وتیشی: دەزگایەکی ڕاگەیاندن کاتێک بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری کار دەکات، بێگومان کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبێت، ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە خستنەرووی ڕاستی بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام ئێمە ئەگەر ببینین ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێز و بە ئایدۆلیژیایەک کار ناکەن و کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالارییان لەسەر بێت، دەبێت بگەڕێینەوە سەر ناسینی خودی ژن، کە مافەکانی خۆی وەکو ژن باش بزانێت.

شۆخان میرزای رۆژنامەنووس لەوەشدوا: ڕۆژنامەنووسانی ژن هۆشیارییەکیان هەیە بەرامبەر مافەکانی خۆیان، دەبێت بە شێوەیەک کار بکەن ئیرادەی ژنبوونیان بپارێزن و ئەو پیشێلکاری و توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بیانخەنە پێشچاوی بینەر.

هاوبەشی :