پارادیگما، ئایدۆلۆژیا نەرم و دۆگماتیک

183
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

شیکردنەوەو تێگەیشتن لە کۆمەڵگە واتە ئامانج لە کاریگەری دانان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە. ئەم بەڕێوەبەریە پێویستی بە ڕەنگنمایی و دید و تێڕوانین و دامەزراوە هزری ـ کۆمەڵایەتیەکان هەیە. دید و تێڕوانینیش یەک ڕەنگ و لە گۆشە نیگایەکەوە نیە. لەو کاتەوەی کۆمەڵگە دابەشی سەر چینایەتی کراوە. دید و تێڕوانینی جیاوازیش بە گوێرەی پێگە چینایەتیەکان و کۆمەڵگەی سروشتی و پاوانی دەسەڵاتخوازی دروستبووە و پەیدا بووە. هەردوو لایەنی دابەشکاری لە جەنگ و کێشمە کێشێکی مێژوویی ـ کۆمەڵایەتی ـ ژینگەییدان. بۆئەوە دونیایەک هزر و دونیا بینییان ئامادە کردوە و بەڕێوەبردوە. چینی دەسەڵات ـپاوانخواز بەگوێرەی باڵادەستی و لە قاڵبدانی کۆمەڵگە بەگوێرەی خۆی هزرە جیاوازەکانی بەرهەمهێناوە. چینە کۆمەڵایەتیەکانیش بەگوێرەی بەرخۆدان لە بەرامبەر دەستدرێژیدا هزر و بیرکردنەوەی بەرهەم هێناوە. شەڕی نێوان ستەمکاران و کۆمەڵگە پێویستی بە دیاریکردنی ئاستی بەڕێوەبەری هەبوە، کە لە پێش هەرشتدا کاریگەری لەسەر زهن بکات. لەبەر ئەوەی زهن وەک ئەو ئەڵقەیە وایە دەکرێتە لووتی گاوە، چۆنت بوێت ئاوا دەیجوڵێنیت.
بۆ جێبەجێکردنی زهن و ووردکردنەوەی پێویستی بە ڕێگاو ڕێباز هەیە. بۆیە ئەویش ناونرا ئایدۆلۆژیا. واتە وردکردنەوەی پارادایم، ئامانج بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بخەیت. لێرەوە بە گوێرەی جیاوازیەکانی نێوان ستەمگەری، پاوان و دەسەڵات. هەروەها لەکۆمەڵگەدا ئایدۆلۆژیە جیاوازەکان بەرهەم هاتن و هەرلایەک بەگوێرەی خۆی چۆنیەتی و چەندیەتی ئایدۆلۆژی خۆی خوڵقاند. ململانێ و قۆناغەکانی بەڕێوەبەری شەڕ و کێشمەکێش و گۆڕینی هاوسەنگی، گۆڕانکاری بەسەر ئایدۆلۆژیاکانیشدا هێناوە. پارادایم کە شێوازی تێڕوانینە بۆ بەڕێوەبردن یان دەست بەسەرداگرت گشتگیرترە، بۆیە ئایدۆلۆژیاکان کە ڕێبازی پراکتیزەکردنی دونیابینیە ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا دێت.
ئەگەر ناوەرۆکی جیاوازی کۆمەڵایەتی نەبینین، ئەوا دەکەوینە غەفڵەتی دژ وەستانەوەی ئایدۆلۆژیا و تێکەڵکردنی ئایدۆلۆژیاکان. بۆیە چینی دەسەڵات ـ قازانج بەگوێرەی بەرژەوەندی دەسکەوت و باڵادەستی ئایدۆلۆژیاکانی دادەڕێژێت کە ووشک و سەپێنەرە بەسەر کۆمەڵگەدا. واتە بەگوێرەی ستەمکاری ـ قازانج دایدەڕێژێت. چینە ستەملێکراوەکانیش بەگوێرەی دیدی گەڕانەوەی بەهەشتی لەدەستدراو، ئایدۆلۆژیاکانیان بەرهەمهێناوە. سیستەمی دەسەڵات لە ڕێگەی ناوەندەکانی بیرکردنەوە، دەزگاکان بیرمەند و فەیلەسوفەکان و لە ئێستەشدا لە ڕێگەی زانستی دەست بەسەرداگیراوەوە ئایدلۆلۆژیاکانی بەرهەم دێنێت و دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدات. بۆیە جیاوازی ئایدۆلۆژی نێوان ستەمکاران و ستەملێکراوان ئەرز و ئاسمانە و جیاوازی دوو شێوازی ژیان و تێڕوانینە بۆ خود و دەوروبەر و سروشت. لەدەرەوەی جیاوازی کردنی ئەو بنچینە ئایدۆلۆژیانە و هاوتاکردنی یەکتر مەترسی کەوتنە داوی دەسەڵات و تێکەڵکردنی دیدە جیاوازەکان هەیە.
لەکاتێکدا کە ئایدۆلۆژیا هێزی بەڕێوەبەری و گەیشتنە ئاستی بە پراکتیک کردنی چۆن بژینە! لێسەندنەوەی ئایدۆلۆژیا واتە تێکدانی سنورەکانی چۆنیەتی ژیان کردن. هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە ئامانجی خۆی هەیە بۆ چۆنیەتی ژیانکردن. کۆمەڵگەی سروشتی کە هەتا ئێستەش لە یادگای کۆمەڵگەدا ماوەتەوە و لە ڕێگەی میتۆلۆژیا، یۆتۆپیا، ئەفسانەکانەوە دەگێڕدرێتەوە و بە ئایینەکانیش لەو دونیا مژدەی دەستەبەرکردنی بە ستسملێکراوان دەدرێت، شوێنی کار و تێکۆشان و بەرخۆدانی چین و توێژە کۆمەڵایەتی و پێکهاتە جیاوازەکانە. بۆیە ڕێگری لە ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگە واتە ڕێگری لە ژیانی ئازاد و خەون و خەیاڵەکانی ژیانێکی ئازاد. هەروەها ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا بۆخۆی بە ئایدۆلۆژیایەکی تر دەکرێت. کە ئەوەش ئەو پرسیارە دروست دەکات، چۆنە ڕەتکردنەوە بە ئایدۆلۆژیا نازانرێت. لە کاتێکدا لێدان لە ئایدۆلۆژیا واتە لێدان لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەڵبژاردنی ڕێبازی گەیشتن بە ئامانج. کەواتە لێدان لە ئایدۆلۆژیا لێدانە لە بوونی ئامانجێک لە دەرەوەی سیستەمی فەرمی، باوو دەسەڵاتخواز.
ئەی چۆنە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بە ئاگایی یان بێ ئاگایی کەوتونەتە دژایەتی ئایدۆلۆژیا و بە ڕەق و لە قاڵبدراوی دەدەنە ناساندن و دژایەتی دەکەن؟ ئایا جیاوازی لە ناو ئایدۆلۆژیاکاندا نیە؟ ئەگەر جیاوازی نیە و هەمووی ووشک و ڕەقە هۆکارەکەی چیە و دەبێت لەکوێ بە دوای چارەسەریدا بگەڕێین؟ لە کاتێکدا لە کوردستان و لەسەر کوردان ستەم و چاوسانەوە، کۆمەڵکوژی تائاستی ئینکاری ناسنامەی نەتەوەیی هەڵکشاوە، چۆنە کوردان پێویستیان بە ئایدۆلۆژیا نەبێت؟ ئایا کوردان نابێت خەون بە چۆن بژینەوە ببینن و بۆ ئەوە ڕێگە و ڕێبازی خۆیان بەشێوەی کۆمەڵایەتی، خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر ئاوابکەن و بۆ ئەوەش ببنە خاوەنی ڕێگا و ڕێبازی خۆیان و بە ئایدۆلۆژیا گوزارشتی لێبکەن؟ بۆیە تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیای ڕەق و ووشک، یان کراوە، پێویستی ناسین دونیابینی، دیدو تێڕوانینە جیاوازەکانە.
ژیان، ئەگەر بە جوانی شرۆڤە نەکرێت و حەقیقەتەکەی دەرنەخرێت، بەڕاستی ناژیەنرێت. “فەلسەفە کە واتای پەرۆشبوونە بۆ زانایی، چەمکی ڕاست لەگەڵ مانا و حەقیقەت تێکەڵ بەیەک بووە. مانا، تێگەیشتنی لە زهندا؛ ڕاستیش ڕەنگدانەوەی جیهانی دەرەوەیەتی.” کەوایە مرۆڤی بێ بونیادی هزر و فەلسەفە وەک ئەو کوێرە وایە کە بە هەڵەتێکدا دەڕوات و گۆچانی پێ نیە و نازانێت چی بەسەر دێت و خۆی دەداتە دەستی قەدەر. بۆیە ناتوانێت مانا بە ژیان و حەقیقەتەکەی بدات. لێرەوە بۆ پێویستی چۆنیەتی ژیانکردنێکی بەمانا پێویستمان بە تێگەیشتن لە حەقیقەت و ڕاستینەی ژیان و چاک و خراپیەکانی و هێزەکانی ئەرێنی و بەرێنی ناوی و کاریگەریەکانی لەسەر چۆن ژیانێک ھەیە دەبێت. کە دەمێکە کوردان لە ژێر ناوی “بیرکردنەوەی چاک، وتەی چاک و کرداری چاک”دا گوزارشتی لێکردوە. بۆیە فەلسەفەکەی لە بونیاد نانی ژیانێکی ئەستاتیکی ئازاد و خۆسەردا بەیانکردوە. ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەبێتە خاوەنی بونیادێکی هزری فەلسەفی ئەوا دەبێتە هێزێکی کوێری خراپکراو و کارتێکراوی نەرێنی کە لەبری خزمەتی ڕەنجی بونیادنراوی ژیانی ئازاد بکات، دەبێتە بارێکی قورسی وێرانکەر.
لێرەوە دەبێت، سیستەمی ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر جیاوازیەکانی دوو سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەرمایەداری ـ دەسەڵاتخواز شرۆڤە بکەین، کە کاریگەری لەسەر زهنیەت و یایدۆلۆژیای دامەزراو لەسەر میکانیکا هەیە و زهنیەت و ئایدۆلۆژیایەکیش کە پشت بەستەیە بە هێزی شرۆڤە و ناسینی جیاوازیەکانی کۆمەڵگە و ژیان.
“لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کە لەسەر جیاکردنەوەی سۆبژە ـ ئۆبژە (بابەت ـ خود) بنیاتنراوە، مرۆڤ و بەتایبەتی مرۆڤی قۆرخکار ـ کە دەسەڵاتە ـ وەک دەسەڵاتی ئاراستەکەر و دیاریکەری سەرەکی نیشاندەدرێت. ئەو هێزەی بە بونیادەکانی دەوڵەت و دەسەڵات سیستەمەکەی دامەزراندووە، کایە کۆمەڵایەتیەکان وا پێناسە دەکات، کە “پێویستە باڵادەستی بەسەرەوە دابمەزرێت”).
لەکاتێکدا شارستانیەتی دیموکراتیک، کە پشت بە بونیادی ژیاری پێکەوەیی و تێرکردنی یەکتر و سوڕی ژیانی هاوبەش و بەشداری دەبەستێت و بناغەکەی لەسەر ڕەنجی ژن دامەزراوە، سەرلەنوێ تیئۆریزە کراوەتەوە و لەسەر شێوەی ژیانی سۆسیالیستی کۆڵەکتیڤ (هەرەوەزی) کە لەتەوەری ئازادی ژندا، (بەوپێیەی ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژن دیاریدەکرێت) دەژیەنرێتەوە و بە ئاستی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی گەیشتووە. بۆیە جیاوازی هەردوو سیستەم پێویستە بناسرێت و شرۆڤە بکرێت. کۆمەڵگەی یەکڕەنگ، لەسەر بنچینەی تێگەیشتنی میکانیکی دامەزراوە، کە لەتەوەری قازانج ـ دەوڵەت ـ دەسەڵاتدا دەسوڕێتەوە. بۆیە تەواوی بونیادەکانی هزر، فەلسەفە، ئایین، زانست، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ژن، پیاو، بەرهەمهێنان، ژینگە و سروشتی لە تەوەری قازانج ـ سەرمایەدا پێناسە کردووە. بەو پێیەش ئایدۆلۆژیاکەی ئایدۆلۆژیایەکی ڕەق و ووشک هەڵهاتوە، کە ڕێگەی خۆنمایش کردنی ئەوانی تری تێدا نیە. باشتر بڵێین؛ ڕێگەی بوونی جیاوازی کۆمەڵایەتی ـ سروشتی نادات. لەسەر ئەو چەمکە داروینیە دامەزراوە، کە مانەوە بۆ بەهێزەکانە و بەوە سیستەمێک ئاواکرا، کە پشت بەستەیە بە دۆگماتیزم و بەرھەمھێنەری فاشیزمە. بۆیە ئایدۆلۆژیاکەشی دۆگمە و ڕێگەی دەستێوەردان و نەرم کردنی تێدا نیە.##
کاتێک ئەو ئایدۆلۆژیایە دەکرێتە بەری تەواوی کۆمەڵگە و یەک ڕەنگ دەکرێت، گرفت دروست دەبێت. بیرکردنەوەی یەک ڕوانگەیی، لەبری تێگەیشتن، زانابوون کێشەکان و جیاوازیەکان بە ئاستی پێکداداندا دەبات و سیاسەتی ئینکار و ڕەتکردنەوە بەرهەم دێنێت. بۆ ئەوەی نەکەوینە بواری نەرێنی ڕەتکردنەوەی هەرچی ئایدۆلۆژیایە، پێویستە هەندێ وردتر شارستانیەتە جیاوازەکان بناسین و شرۆڤە بکەین.
•شارستانیەتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ؟
کاتێک سەرمایەداری خۆی وەک هزر و زانست بەیانکرد، لە دەرەوەی خۆی هیچ شتێکی تری قبوڵ نەکرد. ئەم هزر و فەلسەفەیەشی بەسەر کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاوازەکاندا سەپاند. سەرمایەداری خۆی بەرهەمی ئینکاری مێژوویی کۆمەڵگەیە و لەسەر ئەو ئینکارە مێژووی شارستانیەتە بەربەریەکەی داڕشتوە. بۆیە ناتوانێت توندوتیژ نەبێت. شەڕی سەرمایەداری بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەی سروشتیدا، بە ئینکار کردنی مێژووی کۆمەڵایەتی حەقیقیدا تێدەپەڕێت. ئەو مێژووەی سەرمایەداری هۆنیویەتیەوە، مێژووی دروستکراو و سەپێنراوی دور لە ڕاستینەی فرەیی کۆمەڵایەتی ـ سروشتیە. بۆیە پێویست دەکات لە میتۆلۆژی، ئەفسانە، ئایین، فەلسەفە و مێژووی وونبودا بە دوای حەقیقەتی ژیانی سروشتی ئازاددا بگەڕێین. لەوێوە دەتوانین بە ئاستی تێگەیشتن لە هێزی دەوڵەت ـ دەسەڵاتدا بگەین.
عیراق کە لانکەی ئاواکردنی شارستانیەتی دەسەڵات بۆ دەوڵەتە، پێویستە سەرلەنوێ شرۆڤە بکرێتەوە و ڕاستینەی ئەو ئینکار و هزرە داخراوو دۆگماتیکەی بناسرێتەوە و ڕەخنە بکرێت. پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، کە عیراقێکی لانکەی ئاواکردنی شارستانیەتی دەوڵەت ـ شار چۆنە لە دوای ٥٠٠٠هەزار ساڵ تەمەن، لە دۆخی هەرە خراپی کائیۆس و قەیراندا ڕاگیراوە و درێژە بەو قەیران و کائیۆسە دەدرێت و چارەسەرێک بۆ قەیرانەکەی نادۆزرێتەوە. نەک چارەسەر نادۆزرێتەوە، بەڵکو قەیرانەکانی قوڵتر و وێرانتر دەکرێت؟ ئەو هۆکارانە چین کە ناهێڵن لێکۆڵینەوەی زانستی حەقیەت لە مێژووی ئەم بەشەی گۆی زەوی بکرێت و ڕاستینەکەی وەک ئەوەی هەبوەو هەیە بناسرێت؟ هۆکار چیە، کە ناهێڵن ئاستی هزر، بیرکردنەوە بە ئاستی نەرمایی کۆمەڵایەتی بگات؟ هۆکار چیە، کە بیرکردنەوەی باڵادەست فەرمی بوە و لەدەرەوەی ئەو فەرمیەتە نەرمایی هزر ڕێگە پێدراو نیە؟ دەسەڵات ـ دەوڵەت (هەڵبەت مەبەستم دەسەڵاتی جیهانیە) بۆچی ئەوەندە لە نەرمایی هزر و سروشتە جیاوازەکەی دەترسێت؟ بۆچی نوسەر و ڕۆشنبیرەکان ناتوانن خۆیان لە بیرکردنەوەی سەپێنراو ڕزگار بکەن و لەدەرەوەی فەرمیەتی زانستی دەوڵەت ـ دەسەڵاتدا شیکردنەوە بکەن؟
ئەوەی ئاشکرایە شارستانیەتی دەوڵەت لەسە قۆرخکاری، سەپاندن و دەست بەسەرداگرتن دامەزراوە. ئەمە دەکاتە ئەوەی ئەم سیستەمە بۆخۆی لەسەر بنچینەی قەیران دامەزراوە. بۆیە نەک قەیرانی بۆ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو لەسەر قەیران دەژی. لێرەوەیە کە لە خودی سیستەمەکەدا چارەسەر نیە. ئەوەی چارەسەری قەیران دەکات کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش لە شەڕ و جەنگاوەریدایە بەرامبەر شارستانیەتی دەوڵەت.
شەڕەکانی نێوان دوو سیستەم بە ئاستی گەورە گەیشتوە و ھەردوو لایەن خاوەنی ھەبوون، پارادایم، پێناسە و ناسنامەی خۆیانن. ئەگەر لە ڕابردوودا کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناو ھوشیاری سۆزداری و کاردانەوە بەرامبەر دیاردەی زوڵم و ستەمدا دەوەستایەوە و نەیدەتوانی لە تەڵەزگەکانی سیستەم دەربازی ببێت. ئەوا لە ئێستەدا خۆی گەیاندوەتە ئاستی پارادایمێکی گەردونی، سروشتی، کۆمەڵایەتی و لەسەر بنچینەی خودناسی پەرە بە پارادایم و شۆڕشی زھنی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەدات.
بێگومان تێگەیشتن لە دۆخی عیراق و ستەمی نەتەوەیی، ئایینی، چینایەتی و ڕەگەزی لە عیراقدا گرنگ و بە بایەخە بۆ چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی دروست لەگەڵ بەرەو پێشچونی شۆڕش و تێکۆشانی ئازاد. عیراق کە ناوەندی ئاواکردنی شارستانیەتی دەوڵەتە، کە بنچینەکەی لەسەر دیدی پیاوسالاری ڕەگەزگەرا دامەزراوە و پەرەی بە زھنیەتی دەسەڵاتخوازی پیاو داوە و ئەوەی کردوەتە زھنیەتی کۆمەڵگە. لە خۆوە نیە ڕەگەکەی ھەتا ئێستاش لە سیستەمی باڵادەستی دەوڵەتدا پەرەی پێدەدرێت. بەڵام چ دەوڵەتێک؟ ئەو دەوڵەتەی ئەوەندە لەقەیران و لەرزو تادایە کە ڕۆڵە زۆڵەکانی شارستانیەتی ناوەندی خۆرئاواییش بەزەییان پێیدا نایەتەوە. گەشەکەی بە ئاستی ڕەنگدانەوەی ھەرە قەیراناوی ٥٠٠٠ ساڵەی شارستانیەتی دەوڵەت گەیشتوە و بێ چارە ماوە. ئەوەی دەتوانێت تەنیا کۆمەککەری چارەسەری ئەو قەیرانانە بێت کە بەرۆکی بە کۆمەڵگەش گرتووە. گەشە پێدانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک خاوەنی زھنیەتی ڕادیکاڵی کۆمەڵگەییە، کە لەسەر بناغەی پێکەوەبوونی تێکۆشانی کۆمەڵگە – سروشت – گەردوون دامەزراوە و ئەو ھزرە ڕەخنە دەکات کە لە شارستانیەتی دەوڵەتدا مرۆڤ و لە ناو ڕەگەزی مرۆڤیشدا پیاو دەکاتە ناوەند و ھەمووشت دەبێت لە تەوەری دەسەڵاتخوازی ڕەگەزی پیاوسالاریدا بەڕێوەبچێت. ئەوەی ئەمڕۆ گوزارشتی لێدەکرێت ئەو ھزرە تەوەر سازیە ناوەندگەرایەی پیاوسالاری دەسەڵاتخوازە. بۆیە پێویست دەکات چەمکی شیکردنەوە بە شۆڕشی ئاڵوگۆڕی زھنیدا ئاراستە بکرێت. کە تەنیا بیرکردنەوە، شیکردنەوە و پراکتیک ھی چینی باڵادەست و شارستانیەتی دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوە نیە.
ئەوەی لە دۆخی کورداندا، دەگوزەرێت ھێڵێکی داگیرکاری، بەکرێگیراو پەرەی پێدراوە، کە زۆر خراپ خۆی بەسەر کۆمەڵگەی باشوردا سەپاندوە و ھەرچی ھەوڵی ھەیە لە پێناوی یەک ڕەنگ کردنی بیرکردنەوە و کۆمەڵگەی باشوردایە کە داگیرکاری وەک سیستەمێکی ئاسایی قبوڵ بکات. بەڵام ئەم سیستەمە داگیرکاریەی باشور، بۆ یەکەمجارە باڵادەستیە ئایدۆلۆژیە کلتوریەکەی تووشی شکست دەبێت. بۆیە تەواوی ھێڵ و خەتەکانی ئەم داگیرکاریە بە میللیگەرای، ناسیونالیستی، ئایینگەرای، ئیکۆنۆمیستی، چەپگەرای کەوتونەتە کاری پێکەوەیی بۆ کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕێکخراوەیی نەبوونی پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
لە کۆمەڵگەی باشوری کوردستاندا، بەھۆی ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزی سەر کورد و ژنەوە، میلییگەرایی سەرەتایی خێڵەکی کوردان، دەستیان بەو ڕاپەڕین و کاردانەوە دژە داگیرکاریەنەوە گرتوە و کۆنترۆڵیان کردوە و وەک چینێکی مشەخۆری کۆمپرادۆر بزوتنەوە کوردیەکانیان کردوەتە جێگەی سات و سەودا و بازرگانی. بەڵام بەھۆی تێکۆشانی ھێڵی ئازادی کوردەوە، کە بە پارادایمی سۆسێۆلۆژیای ئازادی و پایەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئەو شۆڕشە زھنی و بەرخۆدانەی بۆ پەنجا ساڵ دەچێت بەردەوامی پێدەدات و فراوانی دەکات. کە بە ئاستی شۆڕش و تێکۆشانێکی جیھانی گەیشتووە. ئەو ھێڵە میللیگەرا داگیرکاریەی تووشی تەنگاوی و بنبەست کردوە.
بێگومان گەشەی شۆڕشی زھنی و ھێنانە دەرەوەی کۆمەڵگەی باشور لە ژێر زھنیەتی داگیرکاریدا پێشکەوتنێکی گەورەیە و کاریگەری لە ھاوسەنگی ناوچەکە و تێکۆشانی ھێڵە جیاوازەکانی ناو کوردان دەکات و گەلی کوردی لە باشوری کوردستاندا بە ئاستێک لە ھوشیاری گەیاندووە کە بە دەھۆڵی ئەو ھێڵە ھەڵنەپەڕێت و لە بەرامبەریدا لە کاردانەوەدا بێت. بەڵام کەموکوڕی کۆمەڵگەی باشور بە ئاستی ناسینی زھنیەتی کۆمەڵایەتی نەگەیشتوە و چەمکەکانی نەتەوەی دیموکراتیک، پێناسەکردنەوەی مەعریفە، ئۆبژە، سۆبژە، ئابوری ھەرەوەزی، ژن و تێکۆشانەکەی، زانست، ژینگە و ھاوسەنگیە گەردونیەکان نەگەیشتوە و وەک سیستەمێک کە لەسەر بنچینەی دامودەزگاکانی خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی خودئاگا بەڕێکخستن بوبێت نەگەیشتوە.
لەترسی ئەو جیاکردنەوەی ھێڵە جیاوازانە، تەواوی ھێزەکانی کۆنەپەرستی داگیرکاری کەوتونەتە خۆو ئاڵۆزیەکی زھنی و دۆگماتیکیان دروست کردوە. بۆئەوەی ئاستی زھنی تاک کۆمەڵگە بە ئاستی زھنیەتی نەرم و کۆمەڵایەتی کە لەسەر ناسینی فرەیی کۆمەڵگە دامەزراوە نەگات. زھنیەتی نەرم کە جیاوازیە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، چینایەتی و ڕەگەزیەکان دەناسێت و لەسەر بنچینەی ژیانی ھاوبەش و پێکەوەیی لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریدا بە ڕێکخستنی دەگەیەنێت، ڕێگری دەکەن. دەیان تەڵەزگە و ڕێگەو ڕێبازی نەرێنی دەگرنەبەر تا کۆمەڵگە لە زھنیەتی بەکارھێنراو ڕزگاری نەبێت. ھەمیشە لە تەوەری ھێزێکی باڵادەستدا بمێنێتەوە و درێژە بە ژێردەستەیی زھنی خۆی بدات و چاو لە دەستی ئەو مێشک و زھنیەتەی شارستانیەتی دەوڵەت دەسەڵات بێت.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەدا کە بیزانین ئەوەیە، کە ئایدۆلۆژیا ووشک و خراپە، یان پێویستیەکە و دەبێت هەبێت و نەبوونی ئایدۆلۆژیا مرۆڤ چەندە گەوج و بێ مێشک و بیرکردنەوە و بێ ئامانج دەکات. ئەوەی دەڵێت ئایدۆلۆژیا خراپە دەسەڵاتدارانی پاوانخواز، ڕۆشنبیرانی چینی باڵادەست، بەکرێگیراوانی داگیرکەر و پێنوس بەدەستتانی خزمەتچی بە ڕۆشنبیری دەسەڵات و فەرمیەتی دەوڵەتن. ئەو ئایینگەرا دۆگماتیکانەن کە بەرگری لە دەوڵەتی یەک ڕەنگ، دەسەڵاتی خوداوەنگەرایی، پیاوانی دەربار و دژە ژنن، نوسەران و خێڵی بە پارەگیراوی سیکسواڵی خۆشگوزەرانی سەفەرچی بۆ ڕابواردن و خۆشگوزەرانی مەترۆپۆڵەکانی داگیرکەران و ئۆریانتاڵیشتانی نەخوێندەوار و هیچ لەبارانەبوی نەشارەزا بە مێژوو کلتوری زاگرۆس، میزۆپۆتامیا و شینەکەرەوەی فکر و فەلسەفەی ئەم ناوچەیە و گەلانی زاگرۆسن. ئەوانەن کە میتۆلۆژیا، یۆتۆپیا، ئەفسانە و داستانەکانی ئەم ناوچە پڕ هێزی فکریە ناخوێننەوە و شوێن فەلسەفەی دزراوی خراپکاراوی بارگاوی بە هەژمونیەت و کۆیلەکردنی خۆرهەڵات لەلایەن خۆرئاواوە کەوتوون و دەکەون و بەس نەڕە نەڕییان بۆ ماوەتەوە. بۆیە ئەوەی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان و بە تایبەت باشوری کوردستان پێویستە ڕەتی بکاتەوە، ئایدۆلۆژیا نیە! بەڵکو دەسەڵات ـ دەوڵەت ـ بەکرێگیراوی و خیانەت و هێزی فکری بەلاڕێدابەری پاوانخوازی یەک ڕەنگە. کە لەسەر ڕەتکردنەوەی فرەیی کۆمەڵگە و ڕێکخستنی جتاوازیەکان دامەزراوە.
وە ئەوەی پێویستە کۆمەڵگەی باشور خۆی لەسەر بنیات بنێت و بێ هیوا و ڕەنج بەخەسار نەبێت وەک لە ڕابردوو هەتا ئێستەش بەردەوامە. ئەوەیە خۆی بخوێنێتەوە، ڕەخنە بکات و لە بیرکردنەوەی ئۆبژەکردنی خۆی ڕزگار بکات و پەیوەستی هزری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و تێکۆشانی پێکەوەیی و قبوڵکردنی جیاوازی بیرکردنەوەی جیاواز ببێت، کە بناغەی ئایدۆلۆژیایەکی نەرم و فرەیی و پڕ هیواش پێشکەش دەکات، بۆ پێکەوە ژیانی جیاوازیەکان و ڕێکخستن و چارەسەر کردنی ناکۆکیەکان بۆ پێکەوەژیان نەک پێکدادان. پێویستە ئەو ئایدۆلۆژیای وەردەگیرێت وەک هێزی تێکۆشانی ژیانێکی ئازاد بەدەستەوەبگیرێت و لەدژی پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی و بەکرێگیراوی بەکاربهێنرێت. پێویستە کۆمەڵگەی باشور خۆی بەڕێکخستن بکات، لەسەر تاکی ئازاد و هزری ئازاد ڕاوەستە بکات و خۆی لە پارتی پێشڕەو سەرکردەی کاریزما و لۆمپەنی دەم گەرمی هەل بۆ ڕەخساو ڕزگار بکات. ئەو ئایدۆلۆژیای پەیڕەوی لە فرەیی کۆمەڵگە بکات، ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراتیک، ئازاد و بەهێزی ڕێکخستنی جیاوازیەکانی کۆمەڵگە و خۆگوزارشت کردن دەگات و دەبێتە هێز و ڕۆحی کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەر لە ئەو کات پرسەکە لەبری ڕەتکردنەوە و یاخیبوون دەبێتە پرسی گەڕان و چارەسەری و بنیاتنانی ژیانێکی یازاد.
بۆیە زهنیەتی باو لە کۆمەڵگەی باشوردا کوشتنی هیوا و خواستی داخوازی گەورە و ئازادیە. بۆیە گیڤارا دەڵێت: “واقیعبین بە، بەڵام داوای مەحاڵ بکە” ئەو زهنیەتە باڵادەستە لەو هیوا گەورەیە دەدات و بچوکی دەکاتەوە و تەسلیمی هێزە باڵادەستەکانی دەکات. بۆیە هەمیشە تووشی تێکشکان و نائومێدی دەبین. بەڵام کاتێک ئەوەی بۆی تێکۆشاین زانیمان چیە، ئەوکات دەزانین بەرەو کوێ هەنگاو هەڵدێنین و پێویستمان بە کاریزماتیک نیە. بەڵکو هەرتاکێک ئەو گەردەیە کە دەتوانێت بویەرێک بخوڵقێنێت. ئەو ئایدۆلۆژیایەی پێناسەی ئەم هیوا بەرز و مەحاڵە بکات، ناتوانێت تەسک و دۆگماتیک بێت. بۆیە پارادایمی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی هزری فەلسەفی ئازاد دامەزراوە، بەو پێیەش تەواوی سیستەمەکەی دیموکراتیک، نەرم و کۆمەڵایەتی دەبێت و پاوان و دەسەڵاتخوازی بە ڕەفەکانی مێژوو دەسپێرێت و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆسەر کە تاکی ئازاد و پێکهاتە جتاوازەکان بەشدار و بەڕێوەبەری ناوی دەبن ژیانی دەکات.
• دەسەڵات وەک لێدان لە یادگە
یادگە، واتە ئەوەی لە دەوروبەر، سروشت، ژینگە و کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات لە هۆش، هزر و بیرکردنەوەدا جێگە دەگرێت. کات و شوێن بۆ هەبوونی ژیان، ڕوداو، خۆشی و ناخۆشی، ئەرێنی و نەرێنی کراوەیە. لە کۆمەڵگە ئاشتەواکاندا یادگە شوێنی هەڵگرتنی ئەرێنیانەی شتەکانە، بەڵام لە کۆمەڵگە فەرمیەکان و چینایەتیەکاندا یادگە لایەنی نەرێنی زۆرترە. یادگەش بۆخۆی هەڵگری ئەو شێوە ژیانە جیاوازانەیە کە لە مێژووی دورو نزیک و ئێستادا ژیەنراوە یان دەژیەنرێت. بۆیە کۆمەڵگەکان و تاکەکانیش تێیدا خاوەنی یادگەی مێژووی و ئانیین. ئەوەی دەژیەنرێت تەنیا ئێستە نیە، بەڵکو ڕابردوشە و بۆ داهاتووش ڕۆشنکەرەوەیە.
کۆمەڵگەی سروشتی بۆخۆی خاوەنی هوشیاری سۆزداری و ئەزمونکردنی بەدەستخستنی کۆمەڵگەبوون و ژیانی پێکەوەیی و هەرەوەزی بووە. بۆیە لە یادگەی کۆمەڵگەدا ماوەتەوە و بەو هیوایەوە خەڵک هەتا ئێستەش لە ئایینەکاندا لەدوای وورچەرخانی شێوازی ژیانی پراکتیکی و زیندووبوونەوە و ژیانی ئەوەی پێی دەڵێن دوای مردن، بە دواییدا دەگەڕێن. ئەو بەهەشتەیە کە ئایینەکان پەیمانی پێ دەدەن، شتێک نیە جگە لەو یادگە دێرین و ئەزموون کراوە جوان و شیرینەی کۆمەڵگەی هەرەوەزی و سروشتی.
بێگومان دەسەڵات کاتێک دێتە مەیدان، ئەرکی دروستکردنی کەش و هەوایەکە، کە ژیانی پێکەوەیی تێکبدات. بۆیە کار لەسەر ئافراندنی هێزی خوداوەندی و تێکدانی یادگە دەکات. تا نیشانی بدات کە ئەوە بەخت و چارەنوسی ئێوەیە کە خوداوەند بڕیاری لێداوە و هزر کۆڵ و بیرکردنەوە کوێر دەکات. چیرۆکی کۆیلەکەی سینۆهە لەسەردەمی فیرعەونەکانی میسردا نیاشاندەری ئەو هزر کۆڵی و بیرکوێریەیە و لەسەردەمی ئێستەشماندا بەدرێژی بەردەوامی هەیە. بۆیە دەسەڵات هەمیشە لە شەڕی لێدانی یادگەی ئازاد و ئارامدایە و بەگوێرەی ئێستە بژی، یادگە دەسەپێنێت.
ببینە بۆ ئەوەی یادگەی ئازاد، کار و تێکۆشان بۆ ئازادی بە ئامانج و هیوایەکی مەزنەوە سەر ڕێ نەخرێت، دەیان باندوو ناوەندی هێز و ئابوری و بیرکردنەوە و فرەوێژییان دروست کردوە، بۆئەوەی تەنیا لە بیرکردنەوە، هزراندن و خۆناسی بدەن. خود کە بابەتی ناسینی کەسێتی لە مێژوودا، بە لیبراڵیزمێکی بەرەڵا لێی دەدرێت و لە مێژوو کۆمەڵگە دادەبڕێنرێت. خود، وا لێدەکەن بێ هێز و بێ چارە و هەمیشە چاوی لەدەستی سیستەمی فەرمی سەپێنراو بێت.
سیستەم بۆخۆی وەک یەکەیەکی ڕێکخستنی لە ئاستی هێزی دەوڵەت ـ ئابوری ـ هزردا خۆی بەڕێکخستن کردوە و بوەتە هێزی دەسەڵاتێکی بەکارهێنەر و کۆمەڵگە و تاکەکانیشی خستوەتە چوارچێوەی هێزێکی بەکاربەری ملکەچەوە. لێرەوە کاریگەریەکانی دەسەڵات بۆ بێ هێزکردنی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیەکان پەرەی پێدەدەرێت و لەبری هێزی ڕێکخستنی کۆمەڵگە تاکێکی لارە مل و ملکەچ بەرهەم دێنێت کە هیچ هێز و دەرفەتێکی نەبێت، جگە لە چاوەڕوانی لە دەسەڵات. ئەم سیستەمە وا لە کۆمەڵگە و تاک دەکات کە تەنانەت پرسیار و بوێری وروژاندنی پرسیاریشی نەبێت.
کاتێک لە ژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆندا، دەیان کەس لە بەرامبەر لۆمپەنێکی دروستکراوی دەسەڵاتدا دادەنیشن و گوێ لە ڕەجەزخانیەکانی دەگرن و ئەویش بە تەواوی هێزیەوە دەڵێت، خۆشگوزەرانی دەتوانێت دۆخی ئێمە خۆش بکات و ئەگەر بازرگانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا بگاتە ئاستی ١٠٠ ملیار دۆلار لە کوێیدا خراپە! کەسێک نیە بوێری ئەوە بکات و بڵێت، جەناب لە ووڵاتێکی فرە دەوڵەمەندی وەک ووڵاتی ئێمەدا، چ پێویست بە بازرگانی دەرەکی وا گەورە هەیە، لە کاتێکدا ووڵاتی خۆمان پڕ دەوڵەمەندی و سەرچاوەی سروشتی و ووزەی خۆر و هێزی گەنج و ئاوی شیرین بێت. ئەی بۆ لەبری پەرەدان بە بازرگانی، ژێربینای ئابوری و پیشەسازی ژینگەدۆست پەرە پێ نەدەین و نەبینە هێزی چارەسەری هەم دۆزەکەمان هەم چارەسەری هەژاری و لێدان لە چاوچنۆکی سەرمایەداران و باندە مافیا بەکرێگیراوەکانی داگیرکەران. لێرەوەیە کە تێدەگەین سیستەمی سەرمایە چەندە خۆی کردوەتە هێزی لێدان لە هزر و بیرکردنەوە.
شۆڕشی زهن، ئەو شۆڕشەیە کە کۆمەڵگە و تاکێکی ئازاد دروست دەکات، کە نەک پرسیاری هەبێت، بەڵکو سیستەمی ژیانی کۆمەڵایەتی هەرەوەزی پەرەپێدەدات و دەژیەنێت و خۆی بەرێکخستن دەکات. دوالیزمی بەکارهێنەر ـ بەکارهێنراو، دەسەڵات ـ کۆیلە دەخاتە گۆڕ و کۆمەڵگەیەکی خۆسەر و ئازاد، کە تاک و پێکهاتە و ڕەگەزی جیاواز نە کۆیلەیە، نە چاوەڕوانە بەڵکو هێزی ئاواکردن و بەڕێوەبەری کۆمەڵگەیە. تاکیش لە ناو ئەم کۆمەڵگەیەدا خاوەن دەستپێشخەری و ڕێز لێگیراو دەبێت و بۆ هەموان لە کاردایە.
لایەکی تری لێدان لە یادگەی خۆجێی و سروشتی، ئەوەیە کە دەست بە ئایدۆلۆژیا، بیرکردنەوە و فەلسەفە دەرەکیەکانەوە دەگیرێت. ئەو فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایانەی لەسەر هەژمونیەت، دەوڵەتگەرایی و بیرکردنەوەی خۆرئاوایی واتە ئۆریانتاڵیزم دامەزراوە. بەڵام هزر و بیرکردنەوە و بیرکەرەوە خۆجێیەکان بەهیچ دەزانن و بانگەوازی کرانەوەی فکر و فەلسەفە بە هەژمونگەرایی ئۆریانتاڵیزم دەکەن. یادگەی ئەمانە زانکۆ، کۆلیژ و فێرگە خۆرئاواییەکانن. کە لەسەر لێدان لە هزری ئازاد و خۆجێی زاگرۆس ـ میزۆپۆتامیا دامەزراوە. لە کاتێکدا لانکەی ئاواکردنی میتۆلۆژیا، ئەفسانە، یۆتۆپیا، ئایین، فەلسەفە و زانست زاگرۆس ـ میزۆپۆتامیایە کەچی ئەوان بانگەوازی فەلسەفەی ئۆریانتاڵیزمی هەژمونگەرا دەکەن. لە کاتێکدا بیرەمەندێکی وەک کاک ئەحمەدی شێخ بە مرۆڤ دەڵێت “ ئەوەی لە دەوروبەرمان دەژی وەک دار، بەرد، ماڵ و گژوگیا، بەڵندە و گیانەوەر ئامۆزامانن” پڕ واتا ترین فەلسەفەی پێکەوەژیان و ناسینی جیاوازیەکان و ڕێزگرتنی هەبوونە جیاوازەکانە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانەی بانگەوازی ئۆریانتاڵیزم دەکەن، شارەزایی و خوێندەواریان بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردستان و مێژووەکەی نیە و نەخوێندەوار و کۆیلەی شەهادە و فەرمیەتی زانکۆ خۆرئاواییەکانن. لە کاتێکدا خۆرئاواییەکان خۆیان باسی فکری فەلسەفی ئەم ناوچەیە دەکەن کە چەندە پێشکەوتوە. (گۆبینۆ لە ساڵی (1855) سەردانی کرماشانی لە کوردستانی کرد و گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بەڵگەدار کرد.
ناوبراو باسی سێ کتێبخانەی ئەو شارەی کرد کە هەر کتێبخانەیەک (20) بەرگ کتێبی بە زمانی کوردی گۆرانی تێدایە، ئەم کتێبخانانە بە گشتی (60) کتێب لەخۆدەگرن کە نوێنەرایەتی نەریتێکی دەوڵەمەندی فەلسەفی دەکەن). *
ئەوە یەکێک لە هەزاران ئەو نمونانەیە کە فکری فەلسەفی و زانستی ئەم ناوچەیە چەندە گرنگ و خۆراکدانی فەلسەفە و زانستی خۆرئاواییە. بەڵام بەهۆی هەژمونیەت و دەسەڵاتخوازی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریەوە کە بەزهن دەستی پێکرد و شۆڕبوەوە بۆ داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزەکردن ئەو مێژووە و یادگەیە ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتوو کەوتە دەست هێزە باڵادەستەکانی ئیمپریالیزم.
بۆیە ڕوخسارێک کە بەرهەمهات ڕوخسارێکی داگیرکراوی بابەتیە کە توانای تێپەڕاندنی هزری خۆرئاوایی نیە و نامۆیە بە یادگە، فەلسەفە، زانست و مێژوویی خۆجێی و زاگرۆس ـ میزۆپۆتامیا. مێژوو هەمیشە بەلێدان لە یادگەی کۆن و جێگیرکردنی نوێدا بەشێوەی ئینکار تێناپەڕێت. بەرخۆدان بەرامبەر داگیرکاری وەرچەرخانی هزری مێژوویی دروست کردوە. هێڵی تێکۆشانی ئازادی بە خوێندنەوەی مێژوو، بوون و یادگەی زاگرۆس تۆرۆس و پێگەی پێشەنگی گەلانی زاگرۆس و کورد، جیهانبینی لەسەر ژیاندنەوەی حەقیقەتی ئازاد داڕشتەوە و کردیە پارادایمی تێکۆشانێکی نوێ کە هەموو هێزەکانی داگیرکاری و کۆنەپەرستی جیهانی هێناوەتە لای یەک و لەدژی ئەم هێڵە دەجەنگن.
بەڵام تێکۆشانی ئازادی کوردستان بە ئاستی هێڵێکی ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵگەی دیموکراتیک گەیشتووە کە جیهانی بوەتەوە و لە بەرامبەر بە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریدا خاوەن پارادایم، یادگە و سیستەمی کۆمەڵایەتیە. “شارستانیەتی دەوڵەت، سۆسیۆلۆژیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بە ڕوانگەیەکی پۆزەیڤیستی پێناسە کردووە و لە ئەنجامدا بەو زهنییەتەی دروست کردبوو”، ڕەوایی بە زانستەکەی دەدات. بۆیە زانستی کۆنەڵگەی دیموکراتیک سۆسیۆلۆژیای ئازادیە کە لەسەر سێ کۆڵەکە بنچینەییەکەی نەتەوەی دیموکرات، ئابوری هەرەوەزی و پیشەسازی ژینگەدۆس و ڕەگەزگەرا دامەزراوە.

هاوبەشی :