پارتی رێگەنادات پارێزەران چاویان بە سلێمان ئەحمەد بکەوێت
بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك و تاوانێك ٤٤ رۆژە ئاسایشی دهۆك-ی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، سلێمان ئەحمەدی رۆژنامەنووسی رفاندوە و بێسەروشوێنی کردوە، ئێستاش رێگریی لە پارێزەرانی دەکات چاویان بە سلێمان ئەحمەد بكەوێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی رۆژنیوز رایگەیاند، ماوەی ٤٤ رۆژە رۆژنامەنووس “سلێمان ئەحمەد” هەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسی رۆژنیوز لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق رفێندراوە و بێسەروشوێن كراوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێك لەبارەیەوە نییە.
نەریمان ئەحمەد، ئەندامی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاند: لە دوو رۆژی ڕابردوو پارێزەرانمان چوونەتە ئاسایشی دهۆك بۆ بینینی سلێمان ئەحمەد، بەڵام بە بیانووی كۆبوونەوە پێیان ووتون بۆ ڕۆژی چوارشەممە وەرنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی چوارشەممە پارێزەرانیان چوونەتەوە بۆ ئاسایشی دهۆك و بە شێوەیەكی ناشرین بەڕێیان كردوون، بە بێ ئەوەی ڕێگە بدەن چاویان بە سلێمان ئەحمەد بكەوێت.