حکوومەتی بەریتانیا پرۆژە یاسای ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندای بڵاو کردەوە

113
0
هاوبەشی :

 

دوای مشت‌ومڕی زۆر و کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، حکوومەتی بەریتانیا ڕەش‌نووسی پڕۆژە یاسای نوێی بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ وڵاتی ڕواندا بڵاو کردەوە. بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، ئەو پەناخوازانەی لە ڕێگەی نا یاساییەوە دەچنە ناو بەریتانیا، دەنێردرێنە ڕواندا.

بەپێی پڕۆژە یاساکە کە بڕیارە لە بەمزووانە لە پەرلەمانی بەریتانیا بخرێتە دەنگدانەوە، ڕواندا کە وڵاتێکە لە ناوەندی کیشوەری ئەفریقا، وەکوو وڵاتێکی “ئەمن” ناوزەد کراوە.

ڕیشی سۆناک، سەرۆک‌وەزیرانی بەریتانیا، لە تۆڕی ئیکس (توییتەری جاران) بۆچوونی خۆی ئاشکرا کردووە و گوتوویەتی: «بەو پڕۆژە ئاسایە سنوورەکانمان توندوتۆڵ دەکەین. هەروەها ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە ئاڵەنگارییەوە و بە چووبێکی بچووک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا پاشگەزیان دەکەینەوە. دادگەکانیشمان لەو هەموو دۆسیەیەی تێیدا نقووم بوون، قوتار دەکەین.»

ئەو هەروەها گوتوویەتی: «ئەوە پەرلەمانی وڵاتەکەمانە دەبێ بڕیار بدات کێ بۆی هەیە بێتە بەریتانیا، نەک قاچاخچییەکان.»

ئەو پڕۆژە ئاسایە هەر لە سەرەتاوە بووەتە جێگەی ڕەخنەی توندی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

ئەگەر پەرلەمانی بەریتانیا ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند بکات، هەر پەناخوازێک لە ڕێگەی کەناڵی مانشەوە خۆی بگەیەنێتە ئەو وڵاتە، یەکسەر دەنێردرێتە ڕواندا و لەوێ بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی دەکرێت.

پەناخوازانی کورد، ئێرانی و ئەفغانستانی لە سەرەکی‌‌ترین گرووپەکانن کە ئاڵەنگاری بە گیانی خۆیان دەکەن و بە چووپ خۆیان دەگەیننە بەریتانیا.

لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماری کۆچبەریی گەنجانی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە. جاری واشە تراژێدیای خنکانی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بووەتە هۆی ورووژاندنی ڕای گشتی لە جیهاندا.

بە گوتەی کارناسانی کۆمەڵناسی، نەبوونی ئازادی‌ ڕادەربڕین، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، گەندەڵی و قەیرانی ئابووری بە سەرەکی‌ترین هۆکاری کۆچی گەنجانی کورد بۆ هەندەران دادەندرێت.

هاوبەشی :