چیچەک: ئامانجمان رووخاندنی سیستمی گۆشەگیری ئیمراڵییە

173
0
هاوبەشی :

پەرلەمانتاری هەدەپ جەنگیز چیچەک رایگەیاند، ئەوەی لە رابردوو روویداوە لە سەردەمی نوێدا دووبارە نابێتەوە و جەختیشی کردەوە، ئامانجی ئەوان رووخاندنی سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵییە.

لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئۆجالان لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان زیندانیانی دۆزی پەکەکە و پاژک لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و تا ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبن لەو مانگرتنەیان.

پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵی هەدەپ و هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) جەنگیز چیچەک لەبارەی چالاکییەکان بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مانگرتن لە خواردنی زیندانیان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

‘ئەمە هەڵمەتی ئازادی گەلان، ژنان و چەوساوەکانە’

چیچەک ئەو هەڵمەتەی بەرزنرخاند کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە لەلایەن دۆستانی گەلی کوردەوە لە سەر ئاستی جیهان لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکراوە و لەوبارەوە وتی، “پرسی کورد بووە بە پرسێکی گەردوونی و جیهانی، ئەوەی وایکرد ئەو پرسە ببێتە پرسێکی جیهانی بەرخودانی کوردان و بزوتنەوەی ئازادی کوردە. ئەو هەڵمەتە لەهەمان کاتدا دەبێت وەک تێکۆشانی ئازادی بندەستان، گەلان و ژنان هەڵبسەنگێندرێت”.

چیچەک جەختی کردەوە کە تا ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر نەبێت ئەم هەڵمەتە کۆتایی نایات و رایگەیاند، کە دەبێت لە سەرووی کەمپینێکەوە لەو هەڵمەتە بڕوانرێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا چیچەک ئەوەی خستەڕوو، کە مانگرتن لە خواردن و چالاکیەکانی هەڵمەتەکە دەبێت وەک قۆناغی جێبەجێکردنی ئامانجی کۆتایی هەڵبسەنگێندرێن و ئەوەی خستەڕوو کە لە رابردوودا لە ئەنجامی رێپێوانی گەملیک، مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن دواجار دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دراوە. وتیشی: “لە راستیدا سەرباری ئەوەی خۆڕاگریمان کرد، بۆ ماوەیەک ئەنجاممان بەدەستهێنا و بۆ ماوەیەکی کورت پارێزەران یان شاندەکان چوونە ئیمراڵی، بەڵام سیستمی گۆشەگیری لەناو نەبرا” و هێمای بۆ ئەوەش کرد: “دەوڵەت، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە ئەو دۆخەی قۆستەوە و هەنگاو بە هەنگاو گۆشەگیری دژوارتر کرد. لەبەر ئەوە دەبێت ئەم دۆخە نوێیە، قۆناغی هەڵمەتی نوێ وەک چالاکیەکانی پێشوو، وەک قۆناغی چالاکی پێشوو هەڵنەسەنگێندرێت. بەڕێز ئۆجالان لەبەر ئەوەی سەرەکیترین دانوستانکاری چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە، ئازادی جەستەیی ئۆجالان زۆر بەنرخە”.

پەرلەمانتاری هەدەپ جەنگیز چیچەک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، کە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد بە هەبوون و بەشداری بەڕێز ئۆجالانەوە مسۆگەر دەبێت و پرۆسەیەک بە بێ بەڕێز ئۆجالان بە واتای پاکتاوی سیاسی و مردنی سیاسیە. جەختیشی کردەوە، کە ئەگەرچی یەک لە ئامانجەکانی کەمپین و هەڵمەت و مانگرتنەکان دیداری بنەماڵە و پارێزەرانە، بەڵام ئەوە ئامانجی کۆتایی نییە و ئامانجی کۆتایی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالانە و هەوڵەکان لەسەر ئاستی جیهان، تورکیا، کوردستان و هەروەها لە زیندانەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕکراونەتەوە و ئەوەش دەرخەری ئاستی پێداگری و بڕیاردارییە لە سەر هێنانەدی ئەو ئامانجە.

جەنگیز چیچەک ئەوەی خستەڕوو، کە مانگرتن لە خواردنی زیندانیان تەنیا بەرخودانی ئەوان نییە لە پێناو شکاندنی گۆشەگیری، بەڵکوو “بانگی بەرخودانە لە ئێمە” و رایگەیاند: “بەرخودانی زیندان تەنیا بەرخودانی هەڤاڵانی زیندان نییە، بەڵکوو بەرخودانێکە کە داوا لە کۆمەڵگا دەکات بەشداری لە بەرخودان بکەن. ئێمە پێشتر بەردەوام رەخنەی ئەوەمان لە خۆمان گرتووە، ئێمە کە بە جەستەیی لە دەرەوەی زیندانین بەڵێنمان داوە کە شان بدەینە بەر باری هاوڕێیانی ناوزیندان، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەو پەیمانی هاوڕێیەتیەدا کەموکوڕیمان هەبووە، هەربۆیە هەڤاڵانی زیندان ناچار بوون بە مانگرتن لە خواردن، بە رۆژووی مردن دەستپێشخەری بگرنەدەست. ئەوەش لە هەمان کاتدا پەیامێکە بۆ دەرەوە. پەیامێکە بۆ ئێمە، رای گشتیی دیموکراتیک و وڵاتپارێز. نابێت ئێمە باری ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان، باری هەڵگرتنی گۆشەگیری بەردەوام بخەینە سەر شانی هاوڕێیانی زیندان. ئەو مانگرتنە لە هەمان کاتدا پەیامێکە بۆ ئێمە، پەیامێکە پەیوەست بە کەموکوڕییەکانمان”.

چیچەک لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، کە “لەناوبردنی سیستمی گۆشەگیری ئیمراڵی و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەبێت پرسی بنچینەیی و سەرەکی هەموو دامودەزگاکانی بزوتنەوەی ئازادی کورد و کایەی دیموکراتیک بێت و وتی، “هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن لەبەرامبەر بەڕێز ئۆجالان بووەتە سەرەتای هەموو مامەڵە و هەڵسوکەوتێک بەرامبەر بە گەلی کورد و تێکۆشانی کوردان. ئەم شەڕ، پاکتاو، قڕکردنی کولتوری و سیاسیە لە سەرتاسەری کوردستان بەڕێوەدەبرێت. شکاندنی گۆشەگیری بە واتای کۆتاییهێنان و تێکشکاندنی سیاسەتی جینۆسایدە. لەم بوارەدا ئێمە لەناو هەندێک شێوازی چالاکیدا قەتیس و سنووردار ماوینەتەوە. سەردەمی نوێ دەبێت سەردەمی چالاکی هەمەچەشن و داهێنەرانە بێت. هەربۆیە نابێت چالاکیەکانی قۆناغی نوێ دووبارەکردنەوەی قۆناغی رابردوو بێت، بەڵکوو دەبێت سەردەمێکی نوێی تێکۆشان بێت و لاپەڕەی نوێی مێژووی شکۆمەندانەمان هەڵدەدەینەوە”.

هاوبەشی :