په‌كه‌كه‌ رێبازی ئافراندنی كوردی نوێیه‌

254
0
هاوبەشی :

سەردار ستار

هه‌ر مرۆڤێك كه‌ به‌شداری ناو تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ ده‌بێت ئه‌وا ته‌نها یه‌ك رێگای پێ نیشان ده‌درێت، ئه‌ویش چۆن تێكۆشان بۆ ئازادی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بكات. ئه‌ندام و كادیر و رێبه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ هه‌مووی خاوه‌نی یه‌ك فکر و یه‌ك ئامانجە.
په‌كه‌كه‌ ماوه‌ی ٤٥ ساڵه‌ بێ پسانه‌وه‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی تێكۆشان، خه‌باتێكی زۆر چڕوپڕ به‌ڕێوه‌ده‌بات. هه‌ر مرۆڤێك كه‌ به‌شداری ناو تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ ده‌كات ئه‌وا ته‌نها یه‌ك رێگه‌ی نیشان ده‌درێت، ئه‌ویش چۆن تێكۆشان بۆ ئازادی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بكات. بۆیه‌ دۆست و ئه‌ندام و كادیر و رێبه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ هه‌مووی خاوه‌نی یه‌ك رۆژه‌ڤ و یه‌ك ئامانج و یه‌ك خه‌باته‌، ئه‌ویش تيکۆشان دژی ئه‌و دۆخه‌یە کە داگیركه‌ران و به‌كرێگیراونیان له‌كوردستان به‌پشتیوانی زلهێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دروستیان كردووه‌، هەروەها چۆن كه‌سایه‌تییه‌ك دروست ببێ كه‌بتوانێ رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و ئاله‌نگاری و كۆسپ و ته‌گه‌ران ببێته‌وه‌ كه‌ هاتوونەتە‌ رێگه‌ی.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤی كورد كێشه‌ی له‌ قوربانیدان و خۆبه‌خت كردن نه‌بووه‌، به‌ڵام كێشه‌ی له‌ پرسه‌ ئایدیۆلۆژی و سیاسیه‌كان هه‌بووه‌، مرۆڤی كورد زۆر شه‌ڕ و به‌رخودان و ماندووبوونی بینیوه‌، به‌ڵام له‌ مه‌یدانی سیاسیدا دۆڕاوه‌، یان ته‌نها به‌ گوێره‌ی دابونه‌ریته‌ كورده‌واریه‌كانی به‌رخودانی كردووه‌، واتا فه‌لسه‌فه‌ی تێكۆشانی دیارنه‌بووه‌. بۆیه‌ش هه‌ندێك كات زۆر گه‌رم، هه‌ندێك كاتیش رووبه‌ڕووی هه‌ره‌س و نسكۆ و تێكشكان بۆته‌وه‌. له‌لایه‌كیتر له‌ تێكۆشان و به‌رخودانی كوردان، ته‌نها پیاوان واتا ره‌گه‌زی نێر به‌شداری تێكۆشانی كردووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن ” به‌رخی نێر بۆ سه‌ر بڕین باشه‌”!! به‌ڵام رۆڵی ژن یان ره‌گه‌زی مێ فه‌رامۆش كرابوو، هه‌رچه‌نده‌ شاعیران ده‌یانگووت ” نێر و مێ هه‌ردوو به‌جووته‌ بۆ وه‌ته‌ن هه‌وڵنه‌ده‌ن، دووره‌ ده‌رچوونی مه‌حاڵه‌، مه‌ل به‌ باڵێ نافڕێ”، به‌ڵام وادیاربوو بزووتنه‌وه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان ده‌یانویست مه‌ل به‌ باڵێ بفڕێنن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت نه‌ك ته‌نها مه‌ل، به‌ڵكو مرۆڤیش به‌ باڵێ نافڕێ، چونكه‌ حه‌قیقه‌تی مرۆڤ یه‌ك حه‌قیقه‌ته‌، به‌بێ جیاكاری له‌نێوان ره‌گه‌زی نێر و مێ.

په‌كه‌كه‌ كه‌ به‌ پارتی رێبه‌رایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ناسرێت، ئه‌و رێباز و رێنیشانده‌ر و خاوه‌ن هزر و فه‌لسه‌فه‌ و پارادایمه‌كه‌یه‌تی، واتا كه‌سایه‌تی و ژیان و شێوازی خه‌بات و تێكۆشانی رێبه‌ر ئاپۆ و چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی بۆ دیارده و رووداوه‌‌كان، بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ خه‌باتی په‌كه‌كه‌. راسته‌ په‌كه‌كه‌ له ‌٢٧/١١/١٩٧٨ یه‌كه‌م كۆنگره‌ی به‌ستوه‌ له‌ گوندی فیسی سه‌ربه‌ قه‌زای لیجه‌ی پارێزگای ئامه‌دی باكووری كوردستان، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ له‌ نه‌ورۆزی ١٩٧٣ به‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ له‌ كه‌نار به‌نداوی چوبووكی ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ك دروست كردنی یه‌كه‌م كۆمین و ئاشكرا كردنی یه‌كه‌م گه‌ڵه‌ڵای رێكخستنی بۆ شۆڕشی كوردستان، به‌ شانه‌ی یه‌كه‌م ده‌ژمێردرێت. بۆیه‌ ناكرێ مێژووی په‌كه‌كه‌ ته‌نها وه‌ك ٤٥ ساڵ بگرینه‌ ده‌ست، به‌ڵكو پێویسته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی رێبه‌ر ئاپۆ به‌تێكۆشان، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م و بناغه‌ی په‌كه‌كه‌ دابنرێت. چونكه‌ وه‌ك ده‌ڵێین ” راستی په‌كه‌كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ راستی رێبه‌ر ئاپۆ”.

ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ خاوه‌ن ئه‌و رێباز و فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌ تێكۆشان نه‌بووایه‌، نه‌ك ته‌نها په‌كه‌كه‌ دروست نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پارت و رێكخستنه‌ نه‌ریتیانه‌ی كه‌ ئێستاكه‌ش له‌ گیانه‌ڵڵادان نه‌یان ده‌توانی ته‌مه‌نیان درێژبێ، هه‌مانكات ئه‌مڕۆش شتێك به‌ناوی كورد و كوردستان نه‌ده‌بووه‌ مژاری گووتن. چونكه‌ دوژمنایه‌تی و داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركیا، ته‌نها له‌سه‌ر خاك به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو له سه‌ر ‌ سڕینه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كورد و گه‌لانی تر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ ده‌ڵێن ” ئه‌وه‌ی له‌ توركیا ده‌ژی توركه‌”! واتا هیچ مرۆڤێكیتر ناتوانێ به‌ شوناسی خۆی له‌ توركیا بژی. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ماوه‌ی ٥١ ساڵ له‌ خه‌باتی رێبه‌ر ئاپۆ و ٤٥ ساڵ له‌ خه‌باتی په‌كه‌كه‌ دا، زۆرترین و گه‌وره‌ترین و زاڵه‌مانترین دوژمنایه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر بكات‌، زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار شۆڕشگێڕ و دۆست و لایه‌نگری خستۆته‌ كونجی زیندان، ١٠هه‌زارانی كۆمه‌ڵكوژ و شه‌هید كردووه‌‌، به‌ملیۆنانی له‌سه‌ر ئاو و خاكی خۆی ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كردووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێكۆشانی ئازادی په‌كه‌كه‌ له‌ سه‌رئاستی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان، به‌ رێگه‌ی پارادایم و هزر و بیری رێبه‌ر ئاپۆ بۆته‌ تێكۆشانێكی گه‌ردوونی، واتا له‌ كه‌سایه‌تی په‌كه‌كه‌ دا ئیدی شۆڕشی كوردستان و تاكی كورد، خه‌بات و تێكۆشانه‌كه‌ی بۆته‌ جیهانی، هه‌تا دروشم و په‌یڤه‌ كوردیه‌كان له‌ رێگه‌ ئه‌م تێكۆشانه‌ بوونه‌ته‌ نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مڕۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌ڵێت “ژن، ژیان، ئازادی”. واتا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ شێوازێكی نوێیه‌ له‌تێكۆشان، هه‌مانكات كه‌سایه‌تیه‌كی نوێیشی ئافراندووه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكار كه‌ په‌كه‌كه‌ رووه‌و سه‌ركه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێت، ژنان و گه‌نجانیش پێشه‌نگایه‌تی بۆ ده‌كه‌ن. هه‌ڵمه‌تی ” ئازادی بۆ رێبه‌ر ئاپۆ و چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ پرسی كورد” له‌ ٧٥ وڵات له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستی پێكرد، قسه‌كه‌مان زیاتر ده‌سه‌له‌مێنێت، ئیدی له‌ ١٠/١٠/٢٠٢٣وه‌ تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ تێكۆشانێكی نێونه‌ته‌وه‌یه‌ و له‌ ئاستی جیهانی به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ نه‌ته‌وه‌و گه‌ل و باوه‌ڕی و گرووپی جیاوازه‌وه‌ له‌ ژنان و له‌ پیاوان خاوه‌نداریه‌تی لێ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ زلهێز و ناوه‌نده‌ هه‌ژموونگه‌را جیهانییه‌كان به‌پێشه‌نگایه‌تی ناتۆ، دوژمنایه‌تی په‌كه‌كه‌ و بزووتنه‌وه‌ی ئازادی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تێكۆشه‌ر و ئازادیخوازه‌ جیهانییه‌كانیش سه‌لماندیان كه‌ ئه‌وانیش پارچه‌یه‌كه‌ن له‌ تێكۆشانی په‌كه‌كه و گه‌لی كوردستان‌.

ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا “میت” به‌هاوبه‌شی ده‌زگای هه‌واڵگری په‌ده‌كه‌ “پاراستن” بوونه‌ته‌ یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ تۆڕه‌ سیخوڕی و جاسوسی و به‌كرێگیراویه‌تی و نۆكه‌رایه‌تی خۆیان په‌ره‌پێبده‌ن و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كاریگه‌ری تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، هه‌مانكات سه‌رجه‌م ده‌زگا راگه‌یاندن و تۆڕه‌ سیخوڕیه‌كانیشیان خستۆته‌ ناو ده‌زگای شه‌ڕی تایبه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، هه‌تا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش، چه‌واشه‌ بكه‌ن و ده‌ستخه‌ڕۆیان بكه‌ن، تاكو راستی تێكۆشانی ئازادی كوردستان كه‌ په‌كه‌كه‌ پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات نه‌گاته‌ مه‌به‌ست. په‌كه‌كه‌ مێژووێكی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ له‌ سیاسه‌ت و تۆڕه‌ سیخوڕیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌ و نه‌یهێشتووه‌ تا ئێستا به‌ مه‌رامی خۆیان بگه‌ن. ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌مێك ئاڵۆزی دروست كردووه‌، ئه‌ویش حیزبێك و ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری به‌ناوی كورده‌وه‌، نمونه‌ی په‌ده‌كه‌، كه‌وتۆته‌ داوی تۆڕی سیخوڕی ده‌وڵه‌تی توركیا‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌ختتر كردووه.

بێ زراوترین و ترسنۆكترین و بێ مۆڕاڵترین هێز و ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تی توركیایه‌‌، بۆیه‌ش له‌لایه‌ن گه‌ل و وڵاتانه‌وه‌ نه‌فره‌تی لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر له‌وان خراپتر و بێ رۆحتر و بێ كه‌سایه‌تی و ترسنۆكتره،‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ سیخوڕ و نۆكه‌ری، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر تاكێك و خێزان و بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ت و گرووپ و باوه‌ڕیه‌ و جیاوازه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ باشوور، مناڵه‌ فریودراو و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوه‌كانی خۆیان له‌ تۆڕه‌ مافیا و سیخوڕیه‌كانی “میت – پاراستن” ده‌ربخه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ هۆكاری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی داگیركه‌ری له ‌كوردستان و له‌ دواڕۆژیش نه‌كه‌ونه‌ به‌ر نه‌فره‌تی گه‌لی كوردستان و شۆڕشگێڕانی.

ده‌بێ هه‌موو مرۆڤێكی كوردستانی ئه‌وه‌ بزانێت، ئه‌و تاكه‌ی په‌كه‌كه‌ و رێبه‌ر ئاپۆ له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی ٤٥ ساڵه‌ی خۆیان ئافراندویتیان له‌ ده‌روه‌ی سه‌ركه‌وتن شتێكیتر ناناسێت، ئه‌وه‌شمان له‌ كه‌سایه‌تی هه‌ردوو هه‌ڤاڵی فیدای “رۆژهات زیلان و ئه‌رداڵ شاهین” دا بینی كه‌ چۆن ئاگریان له‌ ناوه‌ندی ئه‌نقه‌ره‌ باراند و دوژمنیان ژێراو و ژوور كرد. ئه‌وكات رێگه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌م په‌كه‌كه‌ دا له‌ ٤٦ مین ساڵیدا له‌ هه‌ر كاتێكیتردا كراوه‌تره‌‌، ئه‌وه‌ی مردن و سه‌رشۆڕی و رووڕه‌شی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وا بكرێگیرا و سیخوڕ و نۆكه‌ره‌كانن.

هاوبەشی :