قەرەیلان: گەلی کورد بە تێکۆشانی گەریلا کەوتە سەر پێ

168
0
هاوبەشی :

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، ئەم جڤاکە هیوای لەدەستدابوو، لەڕێگەی تێکۆشانی گەریلاوە بەرامبەر دوژمن، تێکۆشانی خۆی بەرزکردەوە.

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، موراد قەرەیلان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە، نرخاندنی بۆ تێکۆشانی گەریلا کرد و لە ١٢ ی ئەیلول بەدواوە باسی گەریلای کرد.

چاوپێکەوتنەکەی موراد قەرەیلان بەم جۆرەیە:

بەر لە گفتوگۆکردن دەربارەی دەستپێکی تێکۆشانی گەریلا لەنێو تێکۆشانی ٤٥ ساڵەی پەکەکەدا، دەتوانن باسی کەشوهەوای سەرەتا بکەن کە لەگەڵ کودەتای سەربازی فاشیستی ١٢ی ئەیلول ئافرێنرا. لە ١٢ی ئەیلولدا چی ڕوویدا، چ ڕێبازێک بەکارهێنرا، چ ڕەوشێکی لە کوردستان ئافراند و بێگومان بناغەی تێکۆشان دژی ئەمە چی بوو؟

پێش ئەوەی بچمە سەر پرسیارەکەت، ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان، پەکەکە، پێش هەمووان لە دامەزرێنەری پارتەکەمان، لە ڕەنجدەری مەزن ڕێبەر ئاپۆ، لە گەلی وڵاتپارێزمان کە هەموو فیداکارییەکی ئەنجامدا، لە دۆستانی گەلەکەمان، لە هاوڕێیانی ناو سەنگەرەکان کە لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشان بەرامبەر دوژمن بەرخۆدان دەکەن، پیرۆز دەکەین. لە یەکەمین شەهیدی مەزنمان حەقی قەرارەوە تا ڕۆژهات و ئەرداڵ کە لە ١ی تشرینی یەکەم چالاکیی مێژوویی ئەنقەرەیان ئەنجامدا، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەمەوە کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕێپێوانی ئازادی، قوربانیان دا و لە تێکۆشانی ئێمەدا جەستەی خۆیان کردە سەنگەر. بەڵێن دەدەین ئەو ئاڵای ئازادییە سەربخەین کە شەهیدان ڕادەستی ئێمەیان کردووە و بۆ هەمیشە خاوەندارێتی لە یادیان بکەین.

بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەت؛ پێکهێنانی کودەتای سەربازی-فاشیستی ١٢ی ئەیلول، شتێکی ئاسایی نەبوو. دەستێوەردانی پلان بۆ داڕێژراو و جددی و هەمەلایەنەی گلادیاتۆری ناتۆ بوو لە پڕۆسەی شۆڕشگێڕی لە تورکیا و کوردستاندا. یەکێک لە ئامانجەکانی سەرکوتکردنی تەڤگەرە چەپ-شۆڕشگێڕییەکانی تورکیا بوو، بەڵام یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ترس بوو لە پێشکەوتنی تەڤگەری ئازادی و دەسپێکی ئاستی گەریلایی ئەم تەڤگەرە.

وەک دەزانرێت ئەوکاتە بە هەوڵە مەزنە ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەرەکە هەوڵیدا تێکۆشان بۆ ئاستی گەریلا بگوازێتەوە. بە تایبەتی بە پێشەنگایەتی هاورێ کەمال پیر و مەعسوم کۆرکماز (عەگید) کە لە گروپی سەرەتایی لە فەڵەستین مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرتبوو، پلانی گەڕانەوە بۆ وڵات دانرا و بە بەرخۆدانی سێوەرەک، ویسترا بگەنە قۆناغی گەریلایی. دوای ئەوەی هاوڕێ کەمال پیر دەستگیرکرا و بەڵگەکان لەسەری کۆکرانەوە، لەم ئامانجە تێگەیشتن، کودەتا بۆ دوژمن گۆڕا بۆ ڕەوشێکی بەپەلە. ڕەنگە پلانی ئەوە هەبووبێت دوای ماوەیەک کودەتا بکەن، بەڵام دوای ئەوەی ئەو بەڵگەنامانەیان دەسکەوت، زووتر کودەتایان کردبێت. بە واتایەکی تر ئامانجێکی تری کودەتا ئەوە بوو کە تەڤگەری ئازادی لە کوردستان نەگاتە قۆناغی گەریلایی. بۆیە کاتێک کودەتا هاتە سەرکار، ڕاستەوڕاست زۆر هێرشی جددی بۆ نەهێشتنی تەڤگەری چەپی تورکیا ئەنجامدا، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی دەیانویست پلانی لەناوبردن لە کوردستان جێبەجێ بکەن، هەوڵیاندا لەڕێگەی لەتکردن و نامۆکردن و پەشیمانکردنەوە و شەڕی سایکۆلۆژییەوە، جڤاک لە تەڤگەری ئازادی دووربخەنەوە و بەتەواوی لەناویان ببەن.

لەسەر بناغەی ئەم پڕۆژە دژە شۆڕشە، هەموو کادیرانی زیندانیکراوی تەڤگەری ئازادی لە زیندانی ئامەد کۆکرانەوە. با وریا بین؛ لە شوێنێکی جیاوازدا نەکرا، بەڵکو لە کوردستان جگە لە گروپێک لە زیندانی دیلۆک، هەموو ئەندامانی پەکەکە لە زیندانی ئامەد کۆکرابوونەوە. وە لەوێش بە سەرکردایەتی ئەوانەی پۆستی ناوەندیان لە تەڤگەرەکەدا گرتە ئەستۆ، وەک شاهین دۆنمەز و یەڵدریم مەرکیت کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تەسلیم بوون، یەکێتی گەنجانی کەمالیستیان پێکهێنا. کەواتە، لەسەر ئەم بناغەیە، دەستیان بە شێوازگەلێکی ئەشکەنجەدان کرد کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەگمەنە. هاوڕێیانی شایەتحاڵ، نرخاندنی زۆروزەبەندیان بۆ کردووە. کتێبی لەسەر نووسراوە، فیلمیش دروستکراوە و بەرهەمی جودا هەن. ئامانجی سەرەکی هەموو کارەکان ئەوە بوو، ناچاریان بکەن بڵێن “من تورکم”، تاوەکو لە کەسێتی ئەو کادرانەدا، تەڤگەرەکە لەناوببەن. ئەمە یەکەم و گرنگترین ئامانجی کودەتایە.

لە بەرامبەر ئەمەشدا بەهایەکی مێژوویی و گەورەی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد هەیە کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵان مەزڵوم دۆغان و فەرهاد کورتەی و محەمەد خەیری دورموش و کەمال پیر پێشخرا. بە واتایەکی تر دژی سیاسەتی بەتورککردن و قڕکردنی دوژمن لە کوردستان ڕاپەڕین و لەنێو هەلومەرجی زینداندا ئەم سیاسەتەیان تێکشکاند. ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە. بناغەی زۆر شت لە بواری تێکۆشاندا دانرا. ئەم بەرخۆدانە پشتیوانییەکی هەرە مەزنی دایە ڕێبەر ئاپۆ تا سەرلەنوێ تێکۆشان دەست پێ بکاتەوە. لە تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی کورددا، ئەم بەرخۆدانە خاوەنی جێگەیەکی مەزنە.

بەمەش پڕۆژەی دووەمیان، پێشخستنی پرۆپاگەندە بوو دژی تەڤگەرەکە. پێشتریش لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمدا، لە ڕێگەی ئایینەوە کاریگەرییان لەسەر کورد دروستکرد و لە هەڵوێستی سەربەخۆیی-نەتەوەیی دووریان دەخستەوە. لەسەر بناغەی گوتاری “با یەکگرتوو بین؛ ئەگەر یەکگرتوو نەبین، مەسیحییەت لێرە حوکم دەکات، ئایینەکەمان لەدەست دەچێت، ئەرمەنستانی مەزن بنیات دەنرێت، وەک موسڵمان، ئێمەی تورک-کورد دەبێت هەموومان یەکگرتوو بین”، بەمەش کورد بووە بەشێک لە شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی موستەفا کەمال ئەتاتورک. واتە لەو سەردەمەدا لە ڕێگەی ئایینەوە کوردیان کۆنترۆڵ دەکرد. پاشان وەک دەزانرێت خیانەتیان لەو بەڵێنانە کرد و پشتیان کردە کوردان.

ئەمجار کودەتای ١٢ی ئەیلول پەنای بۆ هەمان تاکتیک برد. سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ دەیانگوت “ئەو لە بنەڕەتدا ئەرمەنییە”. لەو کاتەدا ئەساڵە وەک تەڤگەرێکی ئەرمەنی هەبوو. ئەساڵە لە وڵاتانی جیاجیای جیهان لە دژی باڵیۆزخانە باڵاکانی تورکیا چالاکیی تیرۆریستی ئەنجام دەدا. ئەمەش هەستیاری دژایەتیکردنی ئەرمەنی لەنێو جڤاکی تورکیادا زیندوو کردبووەوە. دەوڵەتی تورک ئەم پڕوپاگەندەیەی “پەکەکە و ئەساڵە یەکن؛ ئەمە دەستێوەردانێکی ئەرمەنییە” لە هەموو کوردستاندا بڵاوکردەوە. دەوڵەت و کودەتا هەموو دەرفەتێکیان بەکارهێنا بۆ پرۆپاگەندەکردن و دەیانگوت “پەکەکە تەڤگەرێکی ئەرمەنی و کۆمۆنیستییە کە دژی ئیسلامە؛ پڕۆژەیەکە بۆ فریودانی کورد”.

لە لایەکی دیکەوە لە گوندەکاندا ئەشکەنجەیان ئەنجامدا. لە هەموو گوندێکدا قوتابخانەی شەوانە بۆ هەموو کەسانی پێگەیشتوو، بە ژنانیشەوە، کرا بە ناچاری بۆ ئەوەی ببنە تورک؛ قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو. بە کورتی لەسەر ئەم بناغەیە پڕۆپاگەندە و سیاسەتی قڕکردن زیاد کرا.

هەنگاوی سێیەم بەهەمان ئامانجەوە بریتی بوو لە داڕشتنی پلانێک بۆ زیادکردنی کاریگەریی ئایین لە جڤاکی کوردستاندا. مەسەلەن، کودەتا ئایەتەکانی قورئانی بڵاودەکردەوە. ئەو بڕگانەی کە دەکرا دژی تەڤگەرەکە بەکاربهێنرێن وەک بڵاوکراوە لە هەموو شوێنێک دابەش دەکران. لەڕاستیدا، سیاسەت لەسەر بناغەی ئیسلامی سیاسی لەو سەردەمەوە لە کوردستان و تورکیا پەرەی سەندووە. بۆ نموونە، بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لەو سەردەمەدا مەزن بوو. پێشتر بوونی هەبووە، بەڵام لەم سەردەمەدا ڕێگەی بۆ خۆشکرا و پەرەی پێدرا. بزووتنەوەی حزبوڵڵا بەتەواوی بەرهەمی ئەم سەردەمەیە. بۆ ئەوەی کورد لە فیکری نەتەوەیی-شۆڕشگێڕ-سۆسیالیستی دوور بخەنەوە، پێشبینیان کرد کە دەبێت هێڵی ئایینی بەهێزتر و زاڵ بکەن؛ بەمەش کودەتا هەم لە چوارچێوەی فشار و توندوتیژی و سەربازی، هەم لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی-سیاسیی شەڕێکی سایکۆلۆژی دژواری پێشخست و کەشێکی دروستکرد کە جڤاکی خستەژێر فشاری هەمەلایەنەوە.

لەم کەشوهەوایەدا گروپەکانی لوبنان مەشق و ڕاهێنان لەگەڵ فەڵەستینییەکان ئەنجامدا، چۆن گەڕانەوە بۆ وڵات؟ لە چوارچێوەی کار و خەباتی سەرەتای گەریلادا بەتایبەت لە بۆتان و دێرسیم و باشوری ڕۆژئاوا و شوێنەکانی تر، هەوڵەکانی ڕێکخستنبوونی سەرەتا چۆن بوون؟

بێگومان لە قۆناغێکی وەهادا گەڕانەوەی گروپەکان بۆ وڵات ئاسان نەبوو. پێش هەموو شتێک لە واقیعدا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئاستەنگی جۆراوجۆر بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوە هەبوون. پێویست ناکات لێرەدا ڕوونی بکەینەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا، کە گەیشتنە وڵات، ئاستەنگ و زەحمەتی زۆر دەرکەوتن. وەک بڵیی کوردستان ببووە زیندانێکی سەرکراوە. بەڵام لە باشوری ڕۆژئاوا، کە پێشتر بنکەمان هەبوو لەوێ، واتە لەسەر هێڵی ڕحا، سەمسور، مەرەش-دیلۆک، دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا بە ئاسوودەیەکی زیاترەوە پەیوەندی لەگەڵ جڤاکەکەمان دروست بکەین. لە قۆناغی 1981-1982 کۆمەڵێک کەس بۆ پاراستنی خۆیان چوونە سەمسور و لەوێ مانەوە. لەسەر ئەم بناغەیە بە ئامانجی چالاکی سەرەتایی گروپی، کار و خەبات لەوێ ئەنجامدرا. لەبەر ئەوەی گۆڕەپانەکەدا دەشت بوو، لە شوێنەکانی وەک ڕحا و دیلۆک ئەنجامێکی زۆر بەدەست نەهات. واتە گروپەکان یەک لە دوای یەک تەسفیەکران. بەڵام لەسەر هێڵی سەمسور گەیشتە ئاستێکی دیاریکراو.

لە دێرسیم لە ماوەی ساڵانی 1981-1982 کە سەردەمی توندترین ئەشکەنجەی حوکمڕانی کودەتا بوو، هەندێک گروپ پاشەکشەیان کرد بۆ چیاکان بۆ ئەوەی نەگیرێن و خۆیان بپارێزن. لە ساڵی ‘٨٢دا کشێنرانەوە بۆ لوبنان و گروپە پێشەنگەکان لە جێگەیان دانران. لەو کاتەدا گروپە پێشەنگەکانمان لە ئاستی ئەو تیمانەدا بوون کە ئێستا دەمانەوێت پەرەیان پێبدەین. مەبەستم ئەوەیە ٣ یان ٤ کەس بوون. لە شێوازی ئەم گروپانەدا گەڕانەوەی سەرەتا پێکهات.

مێردین لە شوێنە ئاسانەکان بوو بۆ هاتنە ژوورەوە. لە ڕاستیدا مێردین ئەو شوێنەیە کە لە قۆناغی ٨١-٨٢دا هەرگیز لێی دانەبڕاین. بە تایبەتی هێڵی دێرک بەم شێوەیە بوو. بۆتانیش بۆ خۆی باسێکە. پێشتر هیچ بنکەیەکمان لە بۆتان نەبوو. لە جزیر و هەزەخ بنکەیەکی دیار هەبوو، بەڵام لە هێڵەکانی ناوەوە هیچ نەبوو. پێش قۆناغی هەشتاکان هاوپەیمانییەک لە دژی بزووتنەوەکەمان لەژێر ناوی یەکێتی دەسەڵاتی دیموکراتیکدا هەبوو کە لەلایەن ئۆزگوڕلووک یۆلو و کوک و دەدەکەوە پێکهێنرا. لەسەر بناغەی ئەم هاوپەیمانییە کوک لە دژی ئێمە شەڕی کرد. ئەوە خۆی لە خۆیدا یارییەک بوو تا نەهێڵن لە جزیرەوە تێپەڕین. بە واتایەکی تر دوژمن ڕێوشوێنی خۆپارێزی گرتبوو بە تایبەتی بۆ ئەوەی پەکەکە پێی نەخاتە سەر خاکی بۆتان. کەواتە گەورەترین ڕێوشوێن شەڕی کوک بوو. لەو ڕوانگەیەوە لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان خەباتمان هەبوو، بەڵام لە دەوروبەری جولەمێرگ و شەرناخ و هێڵەکانی سێرت و گارزان خەباتێکی زۆرمان نەبوو. بە واتایەکی تر ڕێگری لەمە کرابوو، بۆیە پەرەی پێنەدرابوو. هەر بۆیە ئێمە بۆتانمان نەدەناسی.

بەڵام وەک هەر بابەتێک تر، ئەو نرخاندنانەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٨١ بۆ بۆتان کردوویەتی زۆر سەرنجڕاکێشن. سەرنجی هەموومانی ڕاکێشاوە. بێ ئەوەی بۆتان ببینین عاشقی بۆتان بووین. بۆتان لەسەر جوگرافیایەکی زۆر گرنگ-ستراتیژییە، بازنەیەکە چوار لای کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شوێنێکە کە زاگرۆس و تۆروسی لێ یەکدەگرنەوە، جوگرافیایەکی ستراتیژی هەیە، دیسان زەمینەیەک کە کەمالیزم کەمترین کاریگەری لەسەر داناوە. تەنانەت لە ئاستی بنەڕەتیشدا خاوەنی جڤاکێکە کە تا ڕادەیەکی دیاریکراو کوردایەتی خۆی پاراستووە. بەو نرخاندنانە، ڕێبەر بۆتانی بە “دڵی کوردستان” ناساند و گوتی: “هەرکەسێک خاوەنی دڵی کوردستان بێت، دەبێتە خاوەنی هەموو کوردستان”. لەسەر ئەم بنا‌غەیە وەک تەڤگەر چووینە بۆتان. لەو کاتەدا ڕێککەوتنێک هەبوو لەگەڵ پەدەکە. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانمان لە ڕۆژئاواوە بەرەو باشوور تێپەڕین.

لە لۆلان ناوەندێکی بڕیاردان هەبوو. لەم زەمینەوە لەگەڵ یەکە پێشەنگەکان پرۆسەی خەبات بۆ بۆتان ئەنجامدرا، بەڵام چەندین زەحمەتی هاتنەپێش. هەندێک لەو هەڤاڵانەی لەو پرۆسەیەدا ژیاون، لەبارەیەوە نوسیویانە؛ هەڵەکردنی ڕێگاکان، هەر بگەڕێ و هەر بگەڕێ و بگەیتەوە هەمان شوێن، جیانەکردنەوەی عەشیرەتە جیاوازەکان و هتد. سەختی جۆراوجۆر لەم شوێنەدا هاتەپێش. دەوڵەتی تورک دەیویست بۆتان بە پاشکەوتوویی بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی قوتابخانە و ڕێگاوبان و هتد دروست بکات، بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات، و دەیویست کۆنترۆڵی سەرۆک عەشیرەتەکان بکات. میت لێرەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. ئەوان لە ڕێگەی سەرۆک هۆزەکانەوە کۆنترۆڵی بۆتانیان دەکرد. گەریلا چوونە ناو بۆتان و پلانی دوژمنیان پووچەڵ کردەوە. لەسەر ئەم بناغەیە چالاکیی گروپە پێشەنگەکان لە بۆتان لە ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە دەستی پێکرد. یەکێک لە گۆڕەپانە سەختەکان گارزان بوو. لەو کاتەدا هەرچەندە جەردوانێتی نەبوو، بەڵام خەڵکی گوندەکە بە چەکەکانیان هاوکاری سەربازەکانیان دەکرد و لە گارزان ئۆپەراسیۆنیان لە دژی تیمە پێشەنگەکان ئەنجام دەدا. هەروەها شوێنهەڵگرەکانی ناوچەکە، ئەوانەی دەیانتوانی شوێنپێی مرۆڤەکان بدۆزنەوە، هاوکاری سەربازەکانیان دەکرد. چونکە دەیانگوت “ئەرمەنییەکان هاتوون و پێویستە هەموو مرۆڤێکی ئیماندار بچنە پاڵ سوپا و بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئەرمەنەکان بکەن” و بەم شێوەیە هێرشی سەربازی و ئایدیۆلۆژی دژ بە گەریلا بەڕێوەدەبرا.

ئەم شێوازە لە بۆتان زۆر ڕووی نەدا، بەڵام تەنانەت لە بۆتانیشدا هەموو کەسێکیان ناچارکرد دەستیان بخەنە سەر قورئان و سوێند بخۆن و بڵێن “کاتێک گەریلا هاتن نانیان پێ نادەین و پەیوەندییان لەگەڵدا ناکەین نابەستین”. بەڵام گەلیش وڵاتپارێزە. بەزۆریش بێت هەم دەستیان خستە سەر قورئان، هەم هاوکاری تێکۆشانیان کرد. بۆیە دۆخی پێکەوە ژیان دروست بوو. بۆ نموونە کاتێک لە فەراشین خەڵکی گوندەکە دەیانبینی هەڤاڵان لە دوورەوە دەهاتن، لە گوندەکە دەردەچوون و گوندەکەیان چۆڵ کرد. لەبەر هەستی نەتەوەیی نەیاندەویست هەواڵ بدەن؛ سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵان و پێدانی خواردن، سوێندیان بە قورئان خواردبوو؛ واتە گەل گوندەکەیان چۆڵ دەکرد، بۆ ئەوەی دژی پارتەکە و دژی دەوڵەت و دژی ئایین نەوەستنەوە. ڕووداوی هاوشێوە ڕوویان دا. هەڤاڵان دەچوونە ئەو گوندەی کە چۆڵ دەکرا، لەوێ پێداویستیەکانیان دابین دەکرد و لەوێ دەڕۆیشتن؛ پاشان گوندنشینان دەگەڕانەوە. لە شوێنەکانی وەک بەستادا ئەشقیا هەبوون. تا کاتێکی دیاریکراو مرۆڤ جیاوازییەکی ئەوتۆی لە نێوان هەڤاڵان و ئەشقیادا نەدەبینی. دوای هەڵمەتی ١٥ی ئاب، کۆمەڵێک ژن چاویان بە هەڤاڵان دەکەوێت؛ هەڤاڵان هیچ گرنگییان پێنادەن و بەردەوام دەبن لە ڕێگاکەیان. پاشان لە بەستادا قسەکانی وەک “ئەم ئەشقیایە وەک ئەوانی تر نییە” بڵاوبوویەوە. بەکورتی، گەریلاکان بەم کێشانەوە لە بۆتان نیشتەجێ بوون و لە ڕاستیدا وەک ئەوەی ڕێبەرێتی لە سەرەتاوە دەستنیشانی کردبوو، بۆتانیان کردە گۆڕەپانێکی سەرەکی. لە پرۆسەی ساڵی ٨٤ دا، یەکە پێشەنگەکان بە خەباتی خۆیان زەمینەیەکی دیاریان پێکهێنا و پەیوەندیکردنیان پێکهێنا و گەیشتنە ئاستێک.

لەو قۆناغەی کە بە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ دەستی پێکرد، گەریلا هەم لەناو خۆیان و چ لەناو جڤاکدا پێشکەوتنی چۆنیان ئافراند؟ دەتوانن بە کورتی لەسەر بناغەی قۆناغەکان شرۆڤەی بکەن؟

پێش هەموو شتێک، لەو کاتەدا زیاتر چەکەرەی کادرەکان لە هەڤاڵانی خوێندکار پێکهاتبوو، کە لە شار یان دەشتەکانەوە هاتبوون. واتە زیاتر لەو هەڤاڵانە پێکهاتبوو کە لە دەشتەکانەوە هاتبوون. بۆیە بێئەزموونی جددی هەبوو بۆ ئەوەی فێری چیاکان و ژیان لە چیا و خۆپاراستن ببن. گەریلای سەرەتایی توانی خۆی لەگەڵ چیاکاندا بگونجێنێت. سەختییەکانی زۆر بوون، بەڵام لە ئاستێکی دیاریکراودا پەرەی بە گونجاندن دا. بێگومان کەسانێک هەبوون کە نەیاندەتوانی ئەو کارە بکەن. دواتر هەندێکیش لە بۆتانەوە هاتنە ڕیزەکانەوە. کاریگەرییان زۆر بوو. بۆ نموونە، پەیوەندیکردنی هەڤاڵانی وەک ئەحمەد ڕێپۆ، زۆر پەیوەندیکردنی زۆر بەنرخ هەبوون. هەرێمی بوو؛ خوێندن و نوسینی نەدەزانی؛ تورکییان نەدەزانی، بەڵام خاک و جڤاکەکەیان دەناسی. ئەم هاوڕێیانە بەشدارییەکی گەورەیان لە گەریلادا کرد. بە کورتی گەریلا سەرەتا خۆی لەگەڵ چیاکاندا گونجاند؛ جڤاکی بە باشی ناسی. بۆ نموونە لەو سەردەمەدا هەڤاڵ عەگید لە بۆتان لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر گوندێتی کرد و شیعرێکی نووسی. ئەم سەرنجەی سەرنجڕاکێش بوو: “مێشکی گوندنشینانی کوردستان لە سەریان نییە، بەڵکو لە چاویاندایە”. مەبەستم ئەوەیە هەرچەند قسەبکەیت باوەڕ ناکات، بەڵام ئەگەر بە چاوی خۆی بیبینێت باوەڕ دەکات. بەڕاستی گوندنشینانی کوردستان ئاوا بوون. بێگومان قسە و ژیانی هەڤاڵانیان لەبەرچاو دەگرت. بەم جۆرە، هەڤاڵان چەندین سەردانی گوندێکیان دەکرد و پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکدا دروستکرد و کاریگەریی گەورەیان جیدەهێشت و گۆڕانکاری ڕیشەییان دەئافراند. واتە گەل باوەڕیان بە هەڤاڵان هەبوو. پەیوەندی و متمانەیەک پەرەی سەندبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵیان لای هەڤاڵان بوو.

بۆچی هەستێکی وا پەرەی سەند؟

دەیانگوت: “ئەمانە سەریان لە دژی دەوڵەت بەرز کردۆتەوە، بەڵام هەموویان دەمرن؛ تەمەنیان زۆر نابێ”. واتە لەبەر ئەوەی هەندێک دڵیان بۆیان دەئێشا، ئیتر نزیکبوونەوەی سۆزداری دەهاتەپێش. چونکە هەموو شۆڕشەکان بەناوی ئازادی کوردەوە لە مێژوودا سەرکوت کراون. لەم ڕووەوە دوژمن چاوترسێنی کردبوون. متمانەی سەرکەوتن بەرامبەر دەوڵەت زۆر لاواز بوو. واتا گوتیان: “تۆ زۆر ڕاستگۆی، زۆر بوێری، ڕاستی قسە دەکەیت، بەڵام هیچ شتێک بە دەردی جڤاکی کورد ناخوات”. بەڵام کاتێک هەڵمەتی ١٥ی ئاب پێشکەوت، هەمووان بە وردی چاودێرییان دەکرد. هەمووان پرسیاریان دەکرد کە ئەمە تا چەند دەخایەنێت. چونکە لەو سەردەمەدا سەرکردەی کودەتا کەنعان ئەڤرەن ئەم وتارە بەناوبانگەی پێشکەش کرد: “ئەوانەی ئەم هێرشەیان ئەنجامدا، گرنگ نییە بچنە ناو چ کونێکەوە، گرنگ نییە لە کام کوچە خۆیان شاردۆتەوە، سوپاکەمان لە ماوەی 72 سەعاتدا گوێیان دەگرێت و دەیانهێنێتە بەردەم دادگا” لەو کاتەدا تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان ئەمەیان ڕاگەیاند. گەلیش مەراقیان بوو بزانن چەند ڕۆژێک یان چەند مانگ دەخایەنێت. چونکە کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد ئەم شۆڕشە لەسەر پێ خۆی بمێنێت.

ڕەنگە ساڵانی دوای ئەم هەڵمەتە زۆر زەحمەت بووبن

بە تایبەتی ساڵی ٨٥ ساڵێکی زۆر زەحمەت بوو بۆ ئێمە. بەهۆی ئەو فشارە بەهێزانە و هەندێک خیانەت، لە زۆر شوێن گورزمان بەرکەوت و شەهیدمان دا. لە گارزان نزیکەی هەموو گروپەکانمان تەسفیە بوون، تەنها 2 هەڤاڵ مانەوە. هەروەها لە ئامەد و بینگۆل و زۆر هەرێمی تریش گورزمان بەرکەوت. مەبەستم ئەوەیە زیانێکی زۆرمان بەرکەوت. ئێمە لەو کاتەدا لە سەدا ٧٠-٨٠ی هێزەکەمان شەهیدبوون. خۆی هێزەکە کەم بوو، زۆر نەبوو. واتە قۆناغێکی وەها یەکلاکەرەوە هاتەپێش. چالاکییەکە لە ١٥ی ئاب دەستی پێ کرد، هیوا و ترسێکی زۆری لای گەل دروستکرد؛ هەم چاوەڕوانی و هەم ترس هەبوو، بەڵام دوودڵی “بەڕێوەبردنی تاکتیکەکە وەڵامگۆی قۆناغەکە نەبوو، ڕۆڵی خۆی بە باشی نەگێڕا” لای هەندێک کەس سەری هەڵدا. دەبوو چالاکی بەردەوام بوایە و ئەندامبوونی نوێ پێکهاتبا. ئەمە تەواو نەبوو و لە لایەکی دیکەوە، لە بەرامبەر هێرشی قورسدا گورزی گەورەمان بەرکەوت. لەئەنجامی خیانەتی چەند کەسێکدا، ئەو زانیاریانە گەیشتە دوژمن و زیانی مەزن پێکهات. بۆیە قۆناغێکی پڕ دوودڵی ڕوویدا. لەم کاتەدا هەڤاڵ عەگید لە گۆڕەپانی ڕێبەرێتی بوو بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک بدات. بە تایبەتی دوای گەڕانەوەی هەڤاڵ عەگید و دوای شەهیدبوونی لە بەهاری ساڵی ٨٦، گومانەکان لە تاکتیکەکانی ئاستی فەرماندەیی لەو سەردەمەدا قووڵتر بووەوە. لەم ڕووەوە، دەستوەردانی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆنگرەی سێهەم دەستوەردانێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو. ڕێبەر ئاپۆ جارێکی تر هێڵەکەی دانا و بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕۆڵی گێڕا. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی گەریلاکان دەرکەوتنێکی هەڵمەتئاسا بکەن، ئەمەش قۆناغی دەستپێکردنی هەڵکشانی لە ساڵی ٨٧ ی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەم کاتەدا کێشەی جۆراوجۆری گەریلاکان سەریان هەڵدا. بەتایبەتی دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ عەگید، ڕاسپاردنی بەڕێوەبەری سەرەتایی بۆ شوێنێکی تر، دەستپێکردنی بەڕێوەبەریەکی نوێ، قۆناغێکی لاوازبوونی لە هێڵ و کۆنترۆڵدا پەرەی سەند. ئەوانەی ئەمەیان وەک دەرفەتێک دەزانی، هەوڵیان دەدا تێگەیشتنی خۆیان زاڵبکەن. چوار چەتە کە زۆرتر لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە ڕەخنە و نرخاندنیان لەسەر دەکرا، لەو ماوەیەدا ئەزموون کرا. هەوڵدرا تەڤگەرەکە لە ناوەوە هەڵوەشێنرێتەوە، هەوڵیاندا بە کرداری دەرەوەی هێڵی ڕاست چەواشەکاری بکەن، پراکتیکی کۆنترایی پێشبخەن و تەڤگەرەکە بە شێوەیەکی هەڵە نیشانی جڤاک بدەن. سەرەرای زۆر کردەوەی کەسانی وەک هۆگر کە چەندین عەشیرەت و تەڤگەری دژ بە یەکتری هێنا، سەرەڕای چەندین پراکتیکی هەڵە لە دەرەوەی هێڵ، گەریلا ڕێگایەکی بۆ خۆی دیاری کرد، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دوژمندا تەسفیە نەبوو، بە پێچەوانەوە، هەمیشە وەک تۆپی بەفر گەشە دەکرد و ئەمەش هیوای بە گەل دەبەخشی. بە واتایەکی تر گەل بە چاوی خۆی بینی کە ئەمە وەک شۆڕشەکانی پێشوو نییە، دوژمن ناتوانێت گەریلا بشکێنێت، گەریلا پێشدەکەوێت و هیوا دەبەخشێت. بۆیە بەشداریی گەل لەوەش زیاتر بوو. لە ڕاستیدا قۆناغی شۆڕش لەسەر ئەم بناغەیە دەستی پێکرد. ئەو ژیانەوەیەی ئێمە باسی دەکەین، هەر ئەمەیە. بە واتایەکی تر ئەو جڤاکەی کە هیوای شکاوە، تەسلیم بووە، بێدەنگ بووە و نەیتوانیوە خاوەندارێتی لە خۆی بکات، هەرچەندە سەرەتا بە دوودڵی لە پراکتیکی گەریلا نزیک بووەتەوە، بەڵام کاتێک بینی کە گەریلا تا دێت مەزنتر دەبێت، دڵسۆزتر بوو، هیوای پەیا کرد و کەوتە سەر پێ. ڕاستییەکەی، زیندووکردنەوەی جڤاکێکی مردوو بەم جۆرە پێکهات. ڕێبەر ئاپۆش ئەمەی ناوبرد بە “شۆڕشی ژیانەوە”.

کاتێک دێینە سەر ساڵی ١٩٨٩، ڕەوشەکە وەهایە. قۆناغی شۆڕش لە ساڵانی ٨٩-٩٠ لەسەر ئەم بناغەیە پێشکەوت. واتە گۆڕانکارییەکی زۆر ڕیشەیی لە جڤاکدا دروستکرد. شۆڕش فیکرێکی پێشخست. شۆڕشێکی جڤاکی کرد. لەبری بیرۆکەی فیوداڵی و بەرتەسک، فیکرێکی دیموکراتیک و هاوچەرخی پێشخست.

ئەوەی گرنگە، پێشکەوتنی هەڵوێستی ئازادی ژنانە، کە ڕێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتاوە ڕاوەستەی لەسەر کردووە. بە تایبەتی ئەو کارەی کە هاوڕێ بێریڤان (بەنەڤش ئاگاڵ) لە شاری جزیر ئەنجامیدا زۆر سەرنجڕاکێش بوو بۆ جڤاک. هەڤا، لەیلا، سەعادەت، ڕوکەن و چەندین جەنگاوەری تریش هەبوون، بەڵام لەناو کاری گەلدا، پراکتیکی هەڤاڵ بێریڤان نیشانی دەدا کە ژنی ئازاد چییە. واتە تا ئەو ڕۆژە ژنی کورد لە ماڵەوە قەتیس بوون، نەیاندەتوانی بچنە بازاڕ، نەیاندەتوانی بچنە بەر دەرگای ماڵەکەیان، نەیاندەتوانی قسە لەگەڵ کەسدا بکەن جگە لە خەڵکی ماڵەکە، دەستیان بە کاری سیاسی و کاری ڕێکخستن کرد، لەگەڵ هەمووان قسەیان دەکرد، کاریگەرییان لەسەر ژن و پیاو دەکرد، خۆیان ڕێکخست، دەستیان بە چالاکییە سەربازییەکان کرد، نامیلکەیان دەنووسی و دابەشیان دەکرد، بەم جۆرە پێشەنگایەتییان دەکرد. ئەو پراکتیکەی هاوڕێ بێریڤان لە جزیر لەگەڵ هاوڕێ باران (عادیل ئەسڵان) ئەنجامیدا، لەم ڕووەوە، لەبواری شۆڕشی جڤاکیدا ڕۆڵێکی پێشەنگانە بوو. بەم جۆرە ێکی پێشەنگانە بوو. بەم جۆرە تێگەیشتنە و لەسەر بناغەی گۆڕانی مەزن، شۆڕشی ژیانەوە پێکهات.

سەرەڕای هەموو کێشەکان، گەریلا گۆڕانکاری و گونجاندن و بەرخۆدانی لە کەسێتی خۆیدا کرد، هەروەها گۆڕانکارییەکی هاوشێوەی لەناو جڤاکدا کرد. بۆ نموونە، لە هەموو دەڤەرێکی جیهاندا، تەڤگەرەکان بە داخوازی جودا دێنە گۆڕەپان. ئەم داخوازییانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بابەتی ئابووری و سیاسی دامەزراون. بەڵام لە کوردستان گەل بۆ تەرمی گەریلا دەچوونە گۆڕەپانەکان و بەشداری مەراسیمەکانیان دەکرد. یەکەم مەراسیم لە نسێبین، دواتر لە جزیر لەسەر بناغەی شۆڕش بەڕێوەچوون. واتە هێزی سەرەکی قۆناغەکە گەریلایە؛ سیستەمی فیکر گەریلایە، ڕێبازی ژیان گەریلایە، شێوازی تێکۆشان گەریلایە. ئەم سیستەمە فیکرییە گۆڕانکاری مەزنی لە جڤاکدا دەستپێکرد، بەم شێوەیە لەبری جڤاکێکی بێهیوا و لاواز، جڤاکێکی بەرخۆدەری ئافراند کە چاوی لە پاشەڕۆژ بوو. قۆناغێکی لەم جۆرەی دەست پێ کرد.

هاوبەشی :