مەسرور بارزانی چەندی بە بۆریس جۆنسن بەخشیوە بۆ وتارێکی زانکۆکەی؟
لە بەرانبەر یەک وتاری ٤٥ دەقیقەیی لە ئەمریکا، بۆریس جۆنسن ساڵی پار لە ١٧ی نۆڤەمبەر ٢٧٦ هەزار و ١٣٠ پاوەندی بەڕیتانی وەرگرت، واتا ٣٤٤ هەزار و ٢٠١ دۆلار، بە زمانە گشتییەکەی خۆمان ٣٤ دەفتەر دۆلار، لەگەڵ کۆی مەسروفاتی فڕۆکە و مانەوە و خواردنی خۆیی و تیمێکی دو کەسیش. -سەرچاوە رۆژنامەی گاردیەنی بەڕیتانی کە بۆریس جۆنسن بەپێی قانونی بەڕیتانی وەک ئەندام پارلەمان هەر ٢٨ رۆژ جارێک دەبێ داهاتەکانی رابگەیەنێت و بۆ پارلەمانی راگەیاندوە-.
نرخی قسەکردنی بۆریس جۆنسن و هەر بەرپرسێکی تر لە عێراق، بە هۆی پرسی ئاساییشەوە، بەدڵنیایی ئەگەر دو ئەوەندە نەبێ هێندە و نیوە، بەڵام با وا دابنێین هەر ئەو نرخەیە.
ئایا مەسرور بارزانی باشتر نەبو ئەو پارەیە بۆ مامۆستایان خەرج بکات تا ئەو منداڵانەشی وەک کوڕە بەرپرسەکان توانای خوێندنی ئەهلییان نییە بگەڕێنەوە قوتابخانەکان؟
بێگومان من تەنها ئەو بڕەم باسکردوە کە بۆ بۆریس جۆنسن دەبێ تەرخان بکرێ، ئەی تۆنی بلێر و ئەو دەیان بەرپرس و سکۆلارەی تر؟
ئەوان دیدارێک دەکەن بۆ دروستکردنی واقیعێکی ساختە بۆ گەمژاندنی خەڵک، بەڵام تەنها خۆیان پێ دەگەمژێنرێن. لە وتاری درۆ لە سیاسەتدا، هانا ئارێندت دۆخێک باس دەکات کە سیاسییەکان راکانیان وەک حەقیقەت بە خەڵک دەفرۆشنەوە کە لە هەناویدا پڕن لە درۆ. ئەو بیر و رایانەی کە سیاسییەکانی کورد لەو فۆرومەدا پێشکەشی دەکەن، زۆربەیان درۆن. ئەوان واقعێکی ساختەیان دروستکردوە و خۆشیان باوەڕیان بەو واقیعە ساختەیە هێناوە کە وای کردوە واقیعە ساختەکە هەندێک بکاتە کەسانی تاکڕەو و ملهوڕ و کۆمەڵگاش بە دەست سیاسەتەکانیان بتلێتەوە.
بۆیە لێرەدایە گوتنی راستی بە مەترسییەکی گەورە تەماشادەکەن، مەترسییەک کە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییانە ئامادەن هەرچی وێرانکارییە ئەنجامی بدەن. هەمو قسەکانی ئەو بەرپرس و لێکۆڵەر و ئەکادیمییانە لەوێ دەیکەن، نرخی تورێکی قوڕاوی نییە لای کۆمەڵگای کوردیی، بەڵام ئەو بەرپرسانە و لێکۆڵەر و ئەکادیمییانە پێویستییان بەو واقیعەیە ساختەیە هەیە کە پێیان وایە ئەوان نەک هەر دەتوانن کێشەکانی کوردستان چارەسەر بکەن، بەڵکو پڕۆژەیان پێیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. ئەمە لە کاتێکدا، واقعەکە وایە کە کێشەکانی ناو ماڵی خۆشیان پێ چارەسەرنەکراوە و هەر ماڵێکیشیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق توشی دەردەسەری کردوە.