مۆراڵ و سه‌رۆك
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیی و ئیسلامییه‌كان، كه له سعودیه سه‌باره‌ت غه‌ززه به‌سترا، زۆر سه‌رۆك و شا‌و ئه‌میر قسه‌یان كرد و زۆربه‌ی قسه‌كانیش گله‌یی برایانه بوون له ئیسرائیل، ماوه‌یه‌ك بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد به‌ڵكو خودایه كوردێك له سه‌ر قسه‌كانی دوو سه‌رداری ئێران و توركیا شتێك بڵێت نا، نه‌بوو.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و ڕه‌یسی، وه‌ك دوو سه‌رۆكی توركیا و ئێران گوتیان دوو وه‌زیر بیانگوتبا، یان دووفه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی، ره‌نگه هیچ پێویستی به هه‌ڵوه‌سته نه‌كردبا، لێ ئه‌وان دوو سه‌رۆكی دوو وڵاتی زه‌به‌لاحن كه سه‌دان ساڵه كورد كوشت و بڕ ده‌كه‌ن، ژن و منداڵ ده‌كوژن.
من له كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات، ته‌ماشای لێدوانه‌كانی ئه‌و دووه‌م ده‌كرد، كه هه‌ردوك ئاگریان له هه‌ناوی به‌ربووبوو بۆ غه‌ززه، لێ بوێری ستۆپێكیان نه‌بوو له ئیسرائیل، ئه‌و دووه باسی كوشتنی ژن و منداڵیان ده‌كرد، هه‌ر له‌و سه‌رو به‌نده‌ی پیاوانی ئه‌وان به به‌رچاوی دنیاوه ژن و منداڵی كورد ده‌كوژن، زۆر نییه له ڕانییه فڕۆكه‌ی توركیی دوو خاتونی بریندار كرد، پێشتریش خاتونێكی به ڕومه‌تی له گوندی خۆیان هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره شه‌هید كرد، ئیدی منداڵ كوشتنیش له كورته‌كه‌وه تا كانی ماسی و شه‌نگال و عفرین هه‌رمه‌پرسه.
كاسبكاری كورد ده‌كوژن، كۆڵبه‌ری كورد ده‌ده‌نه به‌ر ڕێژنه‌ی گوللان، ئازادییخوازی كورد له دار ده‌ده‌ن، له سه‌ر وشه زیندانه‌كان پڕده‌كه‌ن له كوردی به‌شه‌ره‌ف، ته‌نانه‌ت مافی بینین له سه‌ردار و سه‌رۆكی كوردان له زیندان قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن، له‌و لاشه‌وه شین و شه‌پۆڕی ژن و منداڵی غه‌ززه یانه.
چه‌ند قشت ده‌ڵێن ئیدانه‌ی كوشتنی ژن و منداڵی بێ‌تاوان ده‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژن و منداڵی كورد تاوانباربن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردبوون تاوان بێت، مۆراڵ بۆ سه‌رباز زۆر گرنگ نییه، لێ بۆ سه‌رۆك گرنگه، چونكه مۆراڵ بۆ سه‌رۆك په‌یوه‌سته به‌شه‌ره‌فه‌وه، سه‌رۆك مۆراڵی له‌ق بێت شه‌ره‌فیشی له‌قه.
چه‌ند شه‌رمه، مرۆڤ برینی دورترببینێت و برینه خوێناوییه‌كانی ده‌ستی خۆی نه‌بینێ.