پێشهاتە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگای چارەسەر

212
0
هاوبەشی :

پێشهاتە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگای چارەسەر

“مەحاڵە بە عەقڵیەتی دەوڵەت و نەتەوە-دەوڵەت کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێن. ئەمڕۆ بناغەی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کێشەی فەلەستین و کورد، عەقڵیەتی دەسەڵاتداری و نەتەوە-دەوڵەتە”.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتارێکدا، کە لە رۆژنامەی سەرخۆبوندا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەهۆکار و سەرچاوەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان کردووە لە غەززە و وێڕای ئەو هەڵسەنگاندنە چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو کێشەیە و کێشەی کورد خستووەتەڕوو.

دەقی وتارەکە:

پێشهاتە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگای چارەسەر

لەگەڵ زیادبوونی جیهانگیری سەرمایە، هەموو ئەو شوێنانەی مرڤایەتی تێدا نیشتە جێ بووە و دەستی پێراگەیشتووە، لە لایەن هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری گرنگ دەبن. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا ناکۆکی و کێبڕکێ لە ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمن زیادی کردووە. چونکە ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایە لە ڕێگەی بەکاربردنەوە (ساغ کردنەوە) گەشە دەکات. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی جیهانی هاوچەرخی ئێمە بە کۆمەڵگەی بەکاربەر ناوزەد بکرێت. ئەمە پێناسەیەکی وردە. سیستەمی مۆدێرنیتی سەرمایەداری تێپەڕی قۆناغی کۆمەڵگەی بەکاربەر بووە. ئەمڕۆ لە ئەنجامی پێشکەوتنەکانی زانست و تەکنەلۆژیا، کێشەی بەرهەمهێنان چارەسەر بووە. ئیتر کێشەی بەرهەمهێنان نییە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کێشەکان چارەسەر کراون. بە پێچەوانەوە ئێمە قۆناغێک دەبینین کە کێشەکان زۆرتر کەڵەکە بوون. چونکە سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداری هێشتا باڵادەستە. بوونی مۆدێرنیتی سەرمایەداری بۆ خۆی ڕێگری لە چارەسەری کێشەکان . لە لایەکی ترەوە ئەوەی کە ئێستا بەکاربردن بووەتە ئامرازی سەرەکی سەرمایە و جێگای بەرهەمهێنانی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کێشەکانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا قووڵتر ببنەوە. ئەمەش وەک لەناوبردنی سروشت و لەناوبردنی ئیکۆلۆژی و قەیرانی نیشتەجێبوونی لە سەر هەسارەکەمان خۆی نیشان داوە. کاتێک ئامانجی سەرەکی بەکاربردن بێت، خودی سروشتیش زیاتر دەبێتە بابەتی گفتگۆ. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی داوە، سیستەمی شارستانیەت کە لە ڕێگەی جیاکردنەوەی سوژە و ئۆبژە و قووڵبوونەوەی جیاوازی نێوانیان ئەو دوانە گەشە دەکات، لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا گەیشتووەتە لووتکە و وردە وردە دەگاتە قۆناغێک کە تەنانەت سوبژەش دەبێتە ئۆبژێک. ئێستا لە قۆناغێکی لەو شێوەیەداین. بێگومان ئەمەش بەرفراون بوونی دژایەتی و کێبڕکێ و ململانێ و شەڕی ڕەنگ دەداتەوە. ئەمەش لە شێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕوودەدات. چونکە دژایەتییەکان لۆکاڵی و ناوچەیی نین، گشتگیرن. لە ڕاستیدا ئەم دۆخە دژبەیەکە لە خودی سیستەمەوە سەرهەڵدەدات. هەروەها سیستەم لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە و هەر بۆیەش دۆخی دژایەتی و شەڕ بۆ هەموو شوێنێک پەرەی سەندووە. بێ گومان ئەم دژایەتییانە لە ڕێگەی هەندێک ناوەندەوە ئەنجام دەدرێن. یەکێک لەو ناوەندانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژووی کۆنەوە ناوەندێکی گرنگ بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی دژایەتی و ململانێ. ئێستا هەڵوێستەیێکی بەو چەشنە لە ئارادایە. زیادبوونی دژایەتی و کێبڕکێ لە شوێنەکانی دیکەی وەک ئاسیا لە قۆناغی کۆمەڵگەی بەکاربەردا بەو مانایە نییە کە گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بووەتەوە. بەپێچەوانەوە گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەی تر زیادی کردووە. دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گرنگن چونکە هەڵەی باسێکی لەو شێوەیە ئاشکرا دەکەن.

ڕێبەر ئاپۆ پێشوەختە ئاماژەی بەوە کردوە کە هەموو دژایەتی و ململانییەکانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا بەرێوەدەچن. ئەو پێشهاتانەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، ئەم شتەمان بە باشترین شێوە بۆ پشتڕاست دەکەنەوە. ئەگەر ئەمە نەبوایە پێشکەوتووترین سیستەمی جەنگی جیهان نەدەهێنرایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ئێستادا پێشکەوتووترین بەلەمی جەنگی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. کاتێک پێشهاتەکانی فەلەستین سەریان هەڵدا، ئەمریکا گەورەترین کەشتی جەنگی خۆی هێنایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕایانگەیەندووە، کە ئەوەی دووەمیشیان دەهێنن. بە هەمان شێوە دەوترێت ئینگلتەرا بەلەمی دەریایی خۆی دەهێنێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەورەترین کەشتی دەریایی ئەمریکا بە واتای گەورەترین بەلەمی دەریایی لە جیهاندا دێت. ئەمەش بە واتای روودانی جەنگێکی جددی دێت. هەڵە دەبێت ئەگەر بڵێین ئەمە تەنها بۆ شەڕی ئیسرائیل دژی غەززە و حەماس هاتوون. بێ گومان بوون و ئاسایشی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا و ناتۆ زۆر گرنگە. ئەمانە شتگەلێکن کە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، ئەگەر تەنها لەبەر ئەم هۆکارەش بێت. بەڵام بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و پرسی ئەمنی پرسێکی ناوچەییە. پەیوەندی تەنها بەو جوگرافیایە نییە کە لەسەری بنیات نراوە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کە سەر لەنوێ بووە هۆی پەرەسەندنی کێشەی مێژوویی عەرەب و جوولەکە و سەرهەڵدانی کێشەی فەلەستین، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەوە هەیە. تەنانەت ڕەنگە وتنی “بەستراو” بەس نەبێت. چونکە یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی نەزم و سیستمی دامەزراو [ئەو ئارایشەی کە] لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیلە. یەکەم دەرئەنجامی ئەمەش کێشەی فەلەستینە. لەبەر ئەم یەکە پرسی فەلەستین یەک لەو کێشانەیە کە لە سەرەتای خۆیەوە تا ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوەتەوە. چالاکییەکانی حەماس و دواتر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ناوچەکە، جارێکی دیکە ئەم ڕاستییەی پشتڕاستکردەوە. هێشتا نازانرێت ئەم پێشهاتانە چۆن دەرئەنجامیک لەگەڵ خۆیان دێنن. ئێستا هەمووان باس لەم بابەتە دەکەن و هەوڵدەدەن پێشبینی ئەوە بکەن کە ڕووداوەکان چۆن و بۆچی دەردەکەون یان پەرەدەسەنن. بێ گومان لە ئێستادا پێشبینیکردنی ئەمە ئاستەمە. نازانرێت دەبێتە شەڕێکی وەها کە پەرە بستێنێ و بەربڵاوتر بێتەوە یان تەنها پرۆسەیەک دەبێ بە شەوەیێکی سنووردار بەردەوام دەکات. بەڵام قووڵبوونەوەی دژایەتییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری و قووڵبوونەوەی قەیرانی سیستەمەکە ئەوە نیشان دەدات کە پێشهاتەکان لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕوودەدەن. هەروەها ئەو هەڵوێستانەی کە تاکوو ئێستا [لایەنەکان] نیشانیان داون ئەم راستیەمان بۆ پشتراست دەکەنەوە. لە لایەکی ترەوە ئەم دۆخە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار نابێت و لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بە هەمان شێوە پەرەدەستێنێت. شەڕی ئۆکرانیا نموونەی ئەم یەکەیە.

لەگەڵ هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، جەنگی جیهانی سێیەم بۆ یەکەمجار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕی. بەڵام پێشهاتەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوەندی شەڕەکە جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام وەک ناوەندی شەڕ ماوەتەوە. ئەم پرۆسەیە کۆتایی نەهاتووە. سەد ساڵە شەڕێکی بێ پچڕان لە کوردستان و فەلەستین هەیە. بە هۆی ئەم دوو کێشەیەوە تەواوی ناوچەکە بۆتە گۆڕەپانی شەڕی بەردەوام . تاکە شتی تازە ئەوەیە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری گەیشتووەتە قۆناغی کۆمەڵگەی بەکاربەر و دەرئەنجامەکەیشی بەم رەنگە دەبێت کە هەیە. بەم پێیە ئەو پێشبینی سەرەکی ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم لە ناوچەکانی دیکەی جیهان و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندتر دەبێتەوە و پرۆسەکەش لەسەر ئەو بنەمایە پەرەی سەندووە.

یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی نەزمی دامەزراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ گومان سیاسەتی ژینۆسایدی کردنی گەلی کوردە. پێویستە لە کاتی باسکردنی پرسی فەڵەستین و نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتە نوێیەکان، ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگیردرێت. ئەگینا ناتوانرێت سەرچاوەی کێشەکان و سروشتی پێشهاتەکان و دەرەنجامەکانی بە دروستی تێبگەین. ڕەوتی پێشهاتەکان تەنها بە تێگەیشتن لەم شتانەیە. ئەو نەزمەی لە کوردستان و فەلەستین دامەزرا، لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی ئەو نەزمەی دامەزراوییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کراوە. نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای ژینۆساید کردنی ئەم دوو گەلە دامەزراوە. بۆیە پێشهاتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کوردستان و فەلەستین کاریگەرییان لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. لە کاتێکدا خەباتی هەردوو گەل و نزیکبوونەوەیان لە ئازادی، نەزمی کۆلۆنیالیزمی ژینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهەژێنێت، بارودۆخی پێچەوانە دۆخەکە بەرەو قووڵبوونەوە دەبات. لە لایەکی تریشەوە کێشەی گەلی جوولەکە وەک واقیعێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو بوونی هەیە. ئەمە واقیعێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کێشەی گەلی جوولەکە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان نکۆڵی لێ بکرێت. چارەسەری دروست و هەمیشەیی بۆ کێشەی گەلی جولەکە بەقەد چارەسەری کێشەی کورد و فەلەستین گرنگە. گۆڕینی ئەو نەزمەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نابێت، بە پێچەوانەوە پەرەپێدانی پرۆسەی داهاتوو لەسەر بنەمای دیموکراسی، هەروەها زاڵکردنیەتی بەسەر پەیوەندییەکانی هەژموون و قۆستنەوە و کردنەوەی ڕێگایەکە بۆ پێکەوە ژیانی ئازادانە و یەکسانی گەلان پێک دێت. گرنگە لەم ڕوانگەیەکەوە سەیری کێشەکانی کورد و عەرەب و جوولەکە بکەین. هەموو ڕێبازەکانی تر بە ڕوونی کەموکوڕیان زۆرە و ناتەواون. ناسیۆنالیزمی عەرەبی (لە چوارچێوەی دژە جوولەکەگەریدا) کێشەکە لە گەڕانەوەی جولەکەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت، لە کاتێکدا ناسیۆنالیزمی جوولەکە (زایۆنیزم) کێشەکە لە بوونی عەرەبدا دەبینێت. بەم پێیە بۆ ئەوەی یەکێکیان هەبێت، دەبێت ئەوی دیکەیان نەمێنێت. ئەمە ڕێبازێکی لەڕادەبەدەر هەڵەیە. ئەم ڕێبازانە کە دەرئەنجامی ناسیۆنالیزم و عەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتن، تا ئێستا جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان هیچ ئەنجامێکی دیکەیان بەرهەم نەهێناوە. ئەم ڕێبازانە هۆکاری ئەم هەموو زیانە بە ئازارنەن. لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕێبازە کە ئەنجامی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری، روانگەی دەوڵەت- نەتەو وەک تاکە بژاردە دەخرێتەڕوو. بەڵام لە واقیعدا ئەمە تاکە بژاردەی گەلان نییە. خوێندنەوەیەکی مێژوویی لەم شێوەیەش بە تەواوی هەڵە و بێ بنەمایە. باشترە کێشەکە تەنیا وەک گەڕانەوەی جولەکەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبوونی فەلەستینیەکان سەیرنەکرێت. ڕێبەر ئاپۆ لە بواری مێژوویی ڕەگ و ڕیشە و واقیعی بنەڕەتی هەموو کێشەکان بە کێشەی عەرەبی و جوولەکەشەوە لە گەشەسەندنی مێژوویی خۆیاندا ئاشکرا کردووە. ئەم خوێندنە نوێیەی بۆ مێژوو کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، لە سەر بناخەیەکی زانستی راوەستاوە. توانایی دەرخستنی واقێعی کۆمەڵایەتی هەیە. خوێندنەوەی نوێی ڕێبەر ئاپۆ بۆ مێژوو کە پارادایمی دەسەڵاتداری تێدەپەڕ کردووە و لە پارادایمێکی سۆسیالیستییەوە باس لە پێشهاتە مێژووییەکان دەکات، لە ڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرنگە.

کێشەی مێژوویی عەرەب-جوولەکە لە ئەنجامی پەرەسەندنی شارستانیەتی دەسەڵاتداری سەریهەڵدا. کێشەی عەرەب و جوولەکە، دەرئەنجامی گەشەسەندنی شارستانیەتی دەسەڵاتداریە. ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی پەرەسەندنی مێژوویی خۆیدا بە وردی باس لەم بابەتە کردووە. پەیوەندییەکەی لەگەڵ ململانێی نێوان هۆریەکان و عامۆرییەکان لە مێژوودا ئاشکرا کرد. ئەمانە گرنگن و ناکرێ لە سروشتی کێشەکانی ئەمڕۆ تێبگەین و چارەسەری بۆ دابین بە بێ ئەوەی ئەمانە نەزانیین یان لەبەرچاویان نگرین. بەهۆی ئەم ڕێبازە چارەسەری کێشەکان پەرەپێنادرێت و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە. یەکێک لەو کێشانەی کە بەهۆی ئەم ڕێبازە قووڵتر بووەتەوە، کێشەی عەرەب و جولەکە بوو. تا ئێستا هیچ ڕێبازێک بۆ چارەسەری کێشەی عەرەب-جوولەکە نەبینراوەتەوە. زلهێزەکان وەک دوژمنی یەکتر پێگەیان گرتووە، هەوڵیانداوە بە رێگای عەقڵیەتی مۆدێرنیتە سەرمایەداری و تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. عەقڵیەتی هەردووکیان بەدەست مۆدێرنیتە سەرمایەداری و تێگەیشتنیان بۆ دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەناڵێنێت. بەڵام بنەمای کێشەی عەرەب-جوولەکە کە ئەمڕۆ وەک کێشەی ئیسرائیل-فەلەستین بەرەوڕووی دەبینەوە، عەقڵیەت و ڕێبازی نەتەوە-دەوڵەتییە. ڕێبازی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەر جوگرافیا کۆنەکاندا کە گەلانی عەرەب و جولەکە تێیدا دەژیا، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە. بەبێ زاڵبوون بەسەر ئەم ڕێبازە و تێپەڕ کردنی ئەم روانگەیە، ناتوانرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. لە ڕاستیدا ئەمە نەک تەنها بۆ چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵکو بۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت کێشەی کورد، بابەتێکی بنەڕەتیە بە هەمان شێوە کە دەکەوتەی کێشەی کورد، هەروەها کێشەی فەلەستینیش دەرئەنجامی سیاسەتەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوین. لە قۆناغی پێش جەنگی جیهانی یەکەمدا، روانگەی هێزەکانی مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوین لە سەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو و لە جێگای ئەم ئیمپراتۆریە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی وابەستەی ئەوان بوو. ئەو پەیوەندیەی کە دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئەڵمانیا دایمەزراند، نەیتوانی ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەم پرۆسەیە بگرێت. دوای ئەوەی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا شکستی هێنا، ئینگلتەرا و فەرەنسا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتەوە. کاریگەری و کۆنترۆڵی ئینگلتەرا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەند. جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت پارچە پارچە بووە و کران بە چەند دەوڵەتی وابەستە. کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی نەتەوەییدا دابەش بوو و گەلی کورد تووشی ژینۆساید کرا. ئەمەش لەگەڵ ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورکییە و هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری ڕوویدا. بەمەش لە لایەک گەلی کورد کەوتە بەر ژینۆساید و لە لایەکی تریش دەوڵەتی نەتەوەیی تورک و عەرەب و فارس وابەستەی[زلهێزەکان] کران. هێزەکانی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئەم مێتۆدەی بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکانیان بە گوونجاو دەزانی. کۆمەڵکوژی و تەسفیەکردنی گەلانی وەک ئەرمەنی و ئاشووریش لەم پڕۆسەیەدا و لە دەرەنجامی وەها روانگەێک روویدا. سەرهەڵدانەوەی کێشەی عەرەب و جوولەکە و سەرهەڵدانەوەی کێشەی فەلەستینیش دەرکەوتەی هەمان پرۆسەیە. بێ گومان هەریەکەیان لایەنی تایبەت بە خۆیان هەیە. پێویستە بابەتی گەڕانەوەی گەلی جوولەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم و رووداوەکانی دوای ئەم یەکە ببینین. لەگەڵ پەرەسەندنی مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە ئەوروپا، پۆگرۆم (کۆمەڵکوژی) دژی گەلی جوولەکەش زیاتر بوو. لە ئەنجامدا بیرۆکەی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وەک خاکی باب و باپیرانیان سەیر دەکرێت و دەتوانن لەوێدا دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن لە نێو جولەکەکاندا پەرەی سەند. بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگیانەی کە ئەمە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پەنایان بردۆتە بەر دەستەبەرکردنی پشتیوانی هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری. ئەمەش هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی وەها دۆخێکی کێشەدارە. لەو کاتاییدا بەریتانیا هەوڵی دوخێک دەدات بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر وابەستەی خۆی بێت. ئەمە میتۆدێکی کلاسیکە کە سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم بەکاری دەهێنن. ئەمەش بە کورتی پێی دەوترێت سیاسەتی هاوسەنگکردن و دابەشکردنی حوکمڕانی. هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین بەریتانیا لە ڕوانگەی خۆی سەبارت بە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی عەرەب، لە باروودۆخی گەلی جولەکە بە قازانجی خۆی کەڵک وەردەگرێت. بنەمای نزیکبوونەوەی هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری، پەیوەندییەکە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و بە هەمان شێوە لە گەڵی مامەڵە دەکەن. بێ گومان ئەمە بنەمای تایبەت بە خۆی هەیە و گفتگۆیێکی فراوانتر لەخۆدەگرێت. بۆ نموونە ئینگلتەرا ترسی ئەوەی هەبوو لە شەڕەکەدا ئەمریکا پاڵپشتی ئەڵمانیا بکات بە هۆی ئەو پەیوەندیانەی کە جوولەکەکان لەگەڵ ئەمریکا پەرەیان پێدا دوای ئەوەی لە پۆگرۆمەکانی ڕووسیا هەڵهاتن و چوونە ئەمریکا و بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووپات بوونەوەی وەها رووداوگەلێک بگرن، دەستیان گرنگیدانێکی زیاتر بە کێشەی جولەکەکان. چونکە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕووسیا لایەنگری ئینگلتەرا بوو بەرامبەر ئەڵمانیا. لەم ماوەیەدا ئەو شوێنەی کە زۆرترین پۆگرۆمی جولەکەکانی تێدا ڕوویدا ڕووسیا بوو. لە کۆتاییدا ئەمە ڕووی نەدا و ئینگلتەرا لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا پەرەی سەند. بەڵام گەلی جولەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەردەمی نازییەکان تووشی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی گەورە بوون. لە ئەنجامدا هاتنی جولەکەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کرد. دژایەتی و ململانێی عەرەب و جوولەکەش لەگەڵ هەموو ئەم پرۆسانەدا زیادی کردووە. ئەم دۆخە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل هاتە ئاراوە و تا ئەمڕۆش قووڵتر بووەتەوە.

لە ڕاستیدا هەنگاوێکی دروست و پێویست بوو بۆ ئەوەی گەلی جوولەکە لە جینۆساید و پۆگرۆمەکانی ئەوروپا ڕزگاریان بێت و بێنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شوێنەیە کە کۆمەڵگەی جولەکە خۆی تێدا کۆدەکاتەوە و گەشەپێدانی مسۆگەر دەکات. ناکرێ گەلی جوولەکە وەک کۆمەڵگا گەشە بکات و بوونی خۆی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت. ڕێبەر ئاپۆ بە ئەنجامدانی شیکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و هەنووکەیی باس لەوە دەکات کە ئەمە ڕاستە. بەڵام داڕشتنی گەڕانەوەی گەلی جوولەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەت و چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆسەکە دەرئەنجام گەلی پێچەوانەی لێکەوتەوە. جگە لە عەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەت، تێگەیشتنە ئایینییە مێژووییەکان و تەنانەت خێڵەکییەکانیش، دژبەریەکانی زیاتر قووڵ کردووەتەوە. بەم شێوەیە چ جای زاڵبوون بەسەر گەلی جوولەکە لە کێشەی بوون و بەدەستهێنانی هەلومەرجێک کە ببێتە هۆی گەشەسەندنیان، وایان لێکرا کە دۆخێکی مەترسیدارتر لەو رابردوویەی کە هەیان بوو ئەزموون بکەن. دەکرێت بەم شێوەیە پرۆسەکە کورت بکرێتەوە. بەسەر هاتی مێژوویی گەلی جوولەکە و پرۆسەی ژینۆساید کە گەلی فەلەستین ئەمڕۆ بەرکەوتەی دەبێت، لە ڕووی نیشاندانی دەرئەنجامەکانی ئەو پلانانای کە بە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری پەرەیان سەندوو، ئەزموون بەخشە. ڕاستتر دەبێت بڵێین ئەمە نموونەییە. چونکە دۆخێکی لەڕادەبەدەر ئازاربەخشە. گەلی جولەکە بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە ئەوروپا تووشی بوو، هاتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرزەوینی فەلەستین نیشتەجێ بوو. هۆکاری ئەوەی کە جولەکەکان تووشی کۆمەڵکوژی بوون و لە ئەنجامدا ژینۆسایدی لێکەوتەوە، شارستانیەتی دەوڵەتگەرا و تێگەیشتنی ئەوە لە دەوڵەت- نەتەوە. بەڵام لە سەر هەمان عەقڵیەت دواجار گەلی فەلەستینە کە تووشی کۆمەڵکوژی و ژینۆساید دەبێت. بەڕاستی ئەمە دۆخێکی نموونەییە و پێویستە ئەزموونی لێ وەرگرین. ڕەنگە هیچ ڕووداوێکی مێژوویی دیکەی وەک ئەمە تایبەت و وانە بەخش نەبێت.

ڕوانگەی نەتەوە-دەوڵەت کێشەکانی قورستر کردووە

لە کێشەی عەرەب و جولەکەدا باشتر دەردەکەوێت کە کێشەکان بە دەوڵەت- نەتەوە چارەسەر ناکرێن و خراپتریش دەبن. دروستبوونی کێشەی کورد و مانەوەی بە بێ چارەسەری، دەرئەنجامی ڕێبازی دەوڵەت- نەتەوەیە. هەروەها ڕێبازی نەتەوە-دەوڵەتیش لە ڕەگی کێشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. بەو پێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تێگەیشتنی نەتەوە-دەوڵەت، هیچ کێشەیەک چارەسەر نەکراوە و هیچ پێشکەوتنێکیش بەدی نەهاتووە. وەک لە پرسی ئیسرائیل و فەلەستیندا دەبینرێت، کێشەی جددی هەیە کە دەتوانێت هەموو ناوچەکە لە هەر کاتێکدا ڕابکێشێتە ناو شەڕەوە. بۆ مەسەلەی کوردیش هەمان شت ڕاستە. عەقڵیەتی دژە کورد و ئەو جۆرە سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی ژینۆساید کە لە دەرەنجامی تێگەیشتنی نەتەوە-دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتە ناو ژینگەیەکی ململانێ و شەڕ و ژینۆسایدەوە. بوونی وەها دۆخێک دەیسەلمێنێت کە هیچ گەشەسەندنێکی ڕاستەقینە نییە و ئەوەی وەک گەشەکردن ڕەنگ دەداتەوە تەنها بابەتێکی رووکەشانەیە. لە لایەکی دیکەوە، تێوەگلانی بەردەوامی هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیزاین و بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندییەکانیان بووە کە خۆی دەرئەنجامی ئەم عەقڵیەتەیە. هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری بوون کە رۆژهەڵاتی ناوینیان لەسەر بنەمای دەوڵەت- نەتەوە داڕشتووە. ئەم میکانیزمە هەنووکەش کاردەکات. ئەگەر گۆڕانکارییەک ڕوویدابێت، ئەوا لە شێوەی دەستێوەردانی ئەمریکا و ناتۆدا بووە کە لە هەندێک ڕژێمدا لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی سیستەمی سەرمایەی جیهانی روویداوە. ئەمەش نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ئیجابی ناکات. نەتەوە-ئاماری نەتەوەیی بەردەوامە لە بوون بە بیرکردنەوە و سیاسەتی باڵادەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پشکی ڕێبازی نەتەوە-دەوڵەت سەبارەت بە قووڵتر کردنی کێشەی فەلەستین یەکلاکەرەوەیە. ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژی ناسیۆنالیزمی جوولەکە نەیتوانی کێشەکە چارەسەر بکات بەڵکو خراپتری کرد. لە کاتێکدا بە جێگای ڕێبازی کۆنەپەرستانەی چارەسەری ، دەیتوانی هەڵوێستی پێچەوانە بگرێتە بەر و بەم جۆرە توانایی گۆڕانکاری بارودۆخەکانی دەبوو. ئەوەی کە دەوڵەت نەتەوەکانی عەرەب بەردەوام بەرگرییان لە دۆزی گەلی فەلەستین نەکردووە خۆی هۆکارێکی گەورەیە کە دۆزی فەلەستینی بەو ئاقارەدا بردوو، بە تایبەتی لە سەرەتای دروست بوونی کێشەکە بەو رەنگە بوو. لەگەڵ دامەزراندنی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەوڵەتە عەرەبییەکان هەڵوێستێکی ڕادیکاڵیان بەرامبەر بە ئیسرائیل گرتەبەر. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و نزیکبوونەوە لە دۆزی فەلەستین فۆرمێکی سیاسی پەیدا کرد. لەگەڵ هاتنە سەرکاری ناسریزم و دواتر بەعسیزم لە سوریا و عێراق، پرسی ئیسرائیل و دۆزی فەلەستین گۆڕا بۆ کێبڕکێیەکی سیاسی. هەروەها ئەم ڕێبازەی دەوڵەتانی عەرەبی ڕێگری لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی فەلەستینی کردووە پێش بەوەی گرتووە کە لە سەرهێڵێکی سەربەخۆدا پەرە بستێنێ. بێ گومان ڕێبازێک کە هەموو شتێک سەبارەت بە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین، هاوسان بکات هەڵەیە. گرنگە ڕووداو و ڕاستییەکان لە چوارچێوەی گەشەسەندنی مێژوویی خۆیاندا بەیەکەوە گرێدراو بن بۆ ئەوەی لە ڕاستییەکان تێبگەین. بەڵام ئەمە نابێت لەم روانگەیەوە بێت کە هەموو شتێک بکات بە یەک. ئەوە عەقڵیەت و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە کە کێشەی فەلەستینی خستە ڕوو. هەروەک دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی ئیسرائیلیش بەدەست عەقڵیەتی ژینۆسایدەوە دەناڵێنێت. وەک چۆن دەوڵەتی تورکیا رووبەرووی گەلی کورد دەبێتەوە، دەوڵەتی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە رووبەرووی گەلی فەلەستین دەبێتەوە. دەوڵەتی تورکییە بوونی خۆی لەسەر بنەمای ژینۆسایدی کورد دادەنێت. بەهەمان شێوە دەوڵەتی ئیسرائیل بوونی خۆی لەسەر ژینۆساید و نەهێشتنی گەلی فەلەستین بۆنیاد ناوە. ئەو ڕێبازەی کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دامەزراوە، ئەم عەقڵیەتەی زیاتر بەهێزتر کردووە. ئەم دوو ناسیۆنالیزمە خۆراکیان بە یەکتر داوە. ناسیۆنالیزمی جوولەکە داوا دەکات فەلەستین بە تەواوی سەر بە ئیسرائیل بێت و بۆ ئەم مەبەستە عەرەب لەناو ببرێت؛ ناسیۆنالیزمی عەرەبیش پێشبینی دامەزراندنی سەروەری عەرەبی لە فەلەستین و لەناوچوونی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەم کارە دەکات. خاڵێک کە ئەم دوو ڕێبازەی نەتەوە-دەوڵەت، کە بە ناسیۆنالیزمی نەریتی و ئایینگەرایی پۆشتەکراوە، گەیشتە ئەو ئاستە، کە کێشەکە بە بێ چارەسەر هێڵدرایەوە و گەلی فەلەستین لە بەرامبەر قووڵبوونەوەی ململانێکەدا تووشی ژینۆساید کرا.

شکستی دەوڵەت- نەتەوەی عەرەبی لە ئامێزگرتنی ڕاستەقینەی دۆزی فەلەستین و دابینکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەسەندنی بزووتنەوەی فەلەستین هەبووە. دوای شکستی دەوڵەت نەتەوەی عەرەبی لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧، بزووتنەوەی فەلەستین دەستی کرد بە بەهێزبوون و دەستی کرد بە کاری ڕاستەقینە سەبارەت بە دۆزی فەلەستین و خەبات بۆ ڕزگاری گەلی فەلەستین. دوای ئەم بەروارە خەباتی گەلی فەلەستین بەهێزتر بووە و لە هەموو جیهاندا دانیپێدانراوە. بزووتنەوەی فەلەستین و خەباتی گەلی فەلەستین دەستی بە پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی فەلەستین بەشداری شەڕی دۆزی گەلی فەلەستینیان کردووە. بێ گومان بنەمای پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین لە ناوچەکە و جیهاندا لەوەدایە کە بزووتنەوەی فەلەستینی ڕوانگەیەکی سۆسیالیستی هەیە. لە زۆرێک لە وڵاتان و بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان و بە تایبەت سۆڤیەتەکان پشتیوانیی وەرگرت. وەک دەزانرێت پەکەکە چووەتە ئەو ناوچانەی کە بزووتنەوەی فەلەستینیان لێ بووە و بە هاوسۆزی لەگەڵ بزووتنەوەی فەلەستین چالاکییەکانی ئەنجامداوە. لەم پڕۆسەیەدا، هەرچەندە پەکەکە تازە قۆناغی دامەزراندنی خۆی تەواو کردبوو، بەڵام لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت لە بەرەکانی پێشەوە شەڕی کرد و وەک بزووتنەوەیەکی گەریلا یەکەم شەهیدی خۆی لەوێ بەخشی. ئەم پەیوەندییە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد دایمەزراندووە، وایکردووە کە خەڵکی فەلەستین و کوردستان تا ئەمڕۆش لە یەکڕیزیدا بمێننەوە.

بە ئایینگەرایی و لیبرالیزم پاکتاوکردنی بزووتنەوەی فەلەستین بە ئامانج گیرا

ئێستا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستین دەکرێت کە دوای کردەوەکانی حەماس بوو بە رۆژەڤ. لە کاتێکدا هەندێ کەس شێوازی چالاکی حەماس بە هەڵە دەزانن و ئیدانەیان دەکەن، هەندێکی تر دەڵێن ئەوە بەو هۆی ئەو سیاسەتەیە کە ئیسرائیل پەیڕەوی لێدەکات. بە زانیاری ناڕاستی چڕ، هەموو شتێک لە ساتەوەخت و ڕووداوەکەدا پاڵدەنرێت و لە راستیەکان دووری دەخەنەوە. ئەمریکا ئایدۆلۆژیای ئایینی پەرەپێدا و پشتگیری لەو بزووتنەوەیانە کرد کە بەم ئایدۆلۆژیایە گەشەیان کرد، مەبەستی سنووردارکردنی کاریگەریی سۆڤیەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازکردنی بزووتنەوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان. ئەم سیاسەتە بوو بە ڕەشنووسێکی یاسایی ئەمریکا و لە ساڵی ١٩٧٧ لە ژێر ناوی “پڕۆژەی پشتێنەی سەوز” جێبەجێ کرا. بەم سیاسەتە کە بە دەستێوەردانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بە فەرمی کرا، بزووتنەوەکان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئایینی پەرەیان پێدرا و لە دژی لاوازبوونی بزووتنەوە سۆسیالیستی و دیموکراتییەکان پشتیوانییان لێکرا. ئەمەش بە مەبەستی لاوازکردنی کاریگەریی سۆڤیەت بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چونکە لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوە جەماوەرییە سۆسیالیستی و دیموکراتییەکان، کاریگەریی ئەمریکا و ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو کەمبوونەوە دەچوو. هەروەها سۆڤیەت بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیانە و پشتیوانیکردنیان خەریکی زیادکردنی نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمریکا و ناتۆ و زلهێزەکانی دیکەی مۆدێرنیتە سەرمایەداری پەنایان بردۆتە بەر پشتیوانی ئایدۆلۆژیای ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوە ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر ئەم بنەمایە ڕوویدا. بزووتنەوەکانی قاعیدە و تاڵیبان کە دواتر وەک گرووپی ئایینی توندڕەو لە ئەفغانستان ئاشکرا بوون، ڕێکخراوێک بوون کە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە پشتیوانی و پەرەیان پێدەدرا. وەک دەزانرێت ئوسامە بن لادن ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی سعودیە. بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت، لەسەر داوای ئەمریکا وەک ئەندامێکی بنەماڵەی شاهانەی سعودیە ڕێکخراوێک دامەزراند و ڕەوانەی ئەفغانستان کرا بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ تاڵیبان دژی سۆڤیەت شەڕ بکەن. هەروەها تاڵیبان لەلایەن سی ئای ئەیى(CIA) لە پاکستان دامەزرا و مەشقی پێکرا و وای لێکردن لە ئەفغانستان دژی سۆڤیەت بجەنگن. لە ئەنجامدا سۆڤیەت ناچار بوو ئەفغانستان بەجێبهێڵێت. ئەم ڕێکخراوانە دەستیان بەسەر ئیدارەی دەوڵەتی ئەفغانستاندا گرت. قاعیدە و تاڵیبان ناسراوترین بزووتنەوەن، بەڵام هەموو بزووتنەوە ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا دامەزراون و پشتیوانییان لێکرا و پەرەیان پێدرا. جگە لە پاکستان و ئەفغانستان، لە ئێران، عێراق، سوریا، کوردستان، تورکیا، لوبنان، فەلەستین، میسر و وڵاتانی دیکەی باکوری ئەفریقا، بزووتنەوە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئایینی پەرەیان پێدراوە و پشتیوانییان لێکراوە. لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت و لاوازبوونی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان لە جیهاندا، ئەو بزووتنەوانەی کە لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئایینیش دامەزرابوون ئەرکی خۆیان تەواو کردووە. دوای ئەم پرۆسەیە پڕۆژەی “ئیسلامی میانڕەو” پەرەی پێدرا بۆ ئەوەی لەگەڵ پایتەختی جیهانی ئەمریکادا بگونجێت. هەندێک بزووتنەوە کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا گرت، وەک تاڵیبان، کاتێک نەچوونە ناو پرۆسەی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە و مانەوەیان وەک هێزێکی سەربەخۆ هەڵبژارد، بوونە ئامانجی ئەمریکا.

لەم چوارچێوەیەدا حەماس بە مەبەستی لاوازکردنی بزووتنەوەی فەلەستین لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دامەزرا و پشتیوانی لێکرا. لەسەر بنەمای ئەم پشتیوانییە حەماس دروست بوو. وەک دەزانرێت حەماس وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ئیخوان پەرەی سەند. ئەو پێکهاتەیەی بە ناوی ئیخوان موسلیمین هەیە، ڕێکخراوێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ پشتیوانی و ئاراستەی دەکرێت. ئیخوان موسلیمین هاوشێوەی بزووتنەوە ئاینیەکانی دیکە، بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی سۆسیالیستی، چالاکیی دژی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی عەرەبی ئەنجامدا و ئامانجی سەرەکیشی ڕێگریکردن بوو لە پەرەسەندنی سۆسیالیزم. ئەوان هیچ هەڵوێستێکیان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و ناتۆ نییە و لەسەر بنەمای پشتیوانیێ کە لەوان دەیکەن بوونیان هەیە. بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی فەلەستین، حەماس لەلایەن سی ئای ئەی و مۆسادەوە وەک لقێکی بزووتنەوەی ئیخوان لە فەڵەستین دامەزرێندا. ئەمە ئەو ئەرکە بووە کە بە حەماس سپێردراوە. هۆکاری ململانێی ئەمڕۆی حەماس لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە کە ئەرکی خۆی تەواو کردووە. ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لە تێکهەڵچوونی ئەلقاعیدە یان تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا. هیچ دەرئەنجامێک نییە بۆ ئەوەی ئەم هێزانە لەم ململانێیانەدا شکست یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن. هەروەک چۆن ئەمڕۆ لە ئەفغانستان. چونکە ئایدۆلۆژیای ئایینی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و ناتۆ لەسەر بنەمای ئەرکێک پەرەی پێدراوە. دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت و لاوازبوونی ڕێژەیی بزووتنەوەکانی گەلی دیموکراسی، ئەو بزووتنەوەیانەی کە بەم ئایدۆلۆژیایە گەشەیان کرد، ئەرکی خۆیان تەواو کرد. لەمەودوا هیچ ڕۆڵێکیان نییە. لە باشترین حاڵەتدا تەنیا دەتوانن بەگوێرەی سیاسەتی ئەو زلهێزانە لەگەڵ زلهێزانێ وەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل و ناتۆ مامەڵە بکەن. چونکە ئەم بزاڤانە لەلایەن ڕێکخراوە سیخوڕیەکانەوە دامەزراون و پەرەیان پێدراوە. پێویستە سەبارەت بە حەماس بەم شێوەیە تێبگەین. بۆیە حەماس هیچ ڕۆڵێکی نییە بۆ ڕزگاری و ئازادی گەلی فەلەستین.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزدا، ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی لە کوردستان دامەزران. کاتێک بزووتنەویەکە لەسەر بنەمای ئازادی لە باکووری کوردستان پەرەی سەند، بزووتنەوەیەکی ئایینی بە ناوی حیزبوڵڵا لە دژی پەکەکە و شۆڕشی کوردستان دامەزرا. ئەم پێکهاتە لەلایەن خودی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرا. دەزانرێت ئەم پێکهاتە کە لەژێر ناوی حیزبوڵڵا دامەزرا چ ڕۆڵێکی هەبووە و چۆن هەزاران نیشتمانپەروەری کوردی کۆمەڵکوژ کردووە. ئەمڕۆش ئەم پێکهاتە لە لایەن دەوڵەتەوە بەردەوامە. بەو پێیەی تورکیا وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە، بزووتنەوە ئاینییەکان لەلایەن خودی دەوڵەتەوە دامەزران و بەڕێوەدەبران. چۆن و بۆ چ مەبەستێک ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراون، بە باشترین شێوە لە دۆخی تورکیادا دەبینرێت و لێی تێدەگەین. لە تورکیا ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی بە فەرمی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی دژە کۆمۆنیزمدا ڕێکخران. خەرجییەکانی لەلایەن خودی سی ئای ئەیەوە دابین دەکرا. ئەو گرووپەی کە ئەمڕۆ حوکمڕانی تورکیا دەکەن، بە تەیب ئەردۆغانیشەوە، کەسانێکن کە لەو کۆمەڵانەدا کار دەکەن یان مەشق و ڕاهێنانیان کردووە. هەروەها فەتوڵڵا گولەن یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دژە کۆمۆنیزم بووە. بە کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ ئەم ئایدۆلۆژیایە جێگای ئایدۆلۆژیای کەمالیستی گرتەوە. دوای ئەم بەروارە وازی لەو دۆخە هێناوە کە دەوڵەت پاڵپشتی دەکات و بەڕێوەی دەبات، ئێستا بووەتە بزووتنەوەیەک کە خۆی دەوڵەت بەڕێوە دەبات. لەم ڕووەوە گرنگە بزانین پەرەسەندنی بزووتنەوەکە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی لە تورکیادا دامەزراوە.

شێوازێکی دیکەی لاوازکردنی بزووتنەوەی فەلەستین پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم بوو. لیبرالیزم لەناو بزووتنەوەی فەلەستین لەسەر بنەمای میتۆدی ڕاگرتنی خەبات و بەدەستهێنانی ئەنجام لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پەرەی سەند و لە ئەنجامدا بزووتنەوەی فەلەستینی کاریگەری خۆی لەدەستدا. لە کاتێکدا گرنگی بە دیپلۆماسی دەدرا، زۆرێک لە کادیرە پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. لەگەڵ دوورکەوتنەوەى بزوتنەوەکە لە بەرخۆدان و لاوازبوونى بزووتنەوەکە لە دەستدانی کادرەکانى، پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت زدیادتر بوو. بەڵام پرۆسەی دیپلۆماسی و پێواژۆی ئۆسلۆ تەڵەیەک بوو بۆ تەسفیەکردنی بزووتنەوەی فەلەستین. بەداخەوە ئەوان کەوتنە ئەو تەڵەیەوە و زیانێکی زۆر بەر دۆزی فەلەستین کەوت. وەک دەزانرێت یاسر عەرەفات دوایین جار لە بارەگای ڕامەڵڵا زیندانی کراوە و لەلایەن کەسانێکەوە دەورە دراوە کە چارەسەریان لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا دەبینی. دواتر لەلایەن ئیسرائیلەوە ژەهراوی کرا و کوژرا. بێ گومان وەرچەرخانی لیبڕاڵی بزووتنەوەی فەلەستین ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی و سیاسی هەیە. دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆسیالیزمی بۆنیادنراو، ئەو بزووتنەوانەی کە لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیای چەپ و سۆسیالیستی و مارکسیزم دامەزرابوون، تووشی وەرچەرخانێکی ئایدیۆلۆژی بوون. لە ڕاستیدا سۆڤیەت خۆی بە هۆکاری ئایدیۆلۆژی هەڵوەشایەوە، بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی دەرەوە. لە کاتێکدا سۆڤیەت دۆخێکی لەو شێوەیەی بەسەردا هاتبوو، چاوەڕوان دەکرا ئەو بزووتنەوانەی کە لەسەر بنەمای سۆڤیەت دامەزراون، تووشی وەرچەرخانێکی هاوشێوە ببن. لە ڕاستیدا بزووتنەوە سۆسیالیستی و دیموکراتییەکان لە هەموو جیهاندا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت کاریگەری نەرێنییان لەسەر بوو. ڕێبەر ئاپۆ بە ئەنجامدانی گۆڕانی ئایدیۆلۆژی و گۆڕینی پارادایم ڕێگریی لەوە کرد کە پەکەکە رووبەرووی وەها چارەنووسێک ببێتەوە. نەک هەر ڕێگری لەمە کرد، بەڵکو لە پارادایمی دەوڵەتگەرایی خۆی جیا کردەوە و پێشەنگایەتی خەباتی یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی لە سەردەمی نوێدا گرتە دەست و بە تێگەیشتنی خۆی لە سۆسیالیزمی نادەوڵەتی کە لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن دامەزراوە توانی هەنگاوی نوێ بهاوێژێ . رێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای شۆڕشی عەقڵیەت قووڵبوویەوە و ئەم یەکەی گۆڕی بۆ چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. ئەگەر گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە لە بزووتنەوەی فەلەستین ڕوویدابا، ئەوا دۆخێکی وە های بەخۆیەوە نەدەبینی و بزووتنەوەی فەلەستینیش لە دۆخی ئێستای خۆیدا نەدەبوو. ئەوەی ئێستا پێویستە پێشخستنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە، بەسەر عەقڵیەتی لە بیرۆکەی دەولەت- نەتەوە بەسەریدا زاڵ بۆ عەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراسی.

ئەو دەسەڵاتەی کە زۆرترین سوودی لەم ناکۆکییەکان دەبات، دەوڵەتی تورکیا بوو

ئەو دەسەڵاتەی که زۆرترین قازانجی لەو پێشهاتانەی که له رۆژهەڵاتی ناوثڕاست ڕوودثدات بردووە، دەوڵەتی تورکە . چونکە دەوڵەتی تورکیا خاوەن پێگەیەکە، کە کاریگەری زۆری هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەرە. بەو پێیەی پێشهاتە نوێیەکان دەبنە هۆی گۆڕانی هاوسەنگیەکان، ئاساییە کە کاردانەوە بەرامبەر بەم گۆڕانکاریانە هەبێ. ئەمەش ئەو دڵەڕاوکێیە کە بەهۆی لەدەستدانی پێگەی مرۆڤ لای کەسێک کە لەم باڵانسانە سوودمەند دەبێت دروست دەکات. ئەگینا ئەم نیگەرانییە بە هۆی پابەندبوون بە هیچ بنەمایەکەوە نییە. ڕەنگە ئەم دۆخە، واتە ڕێبازی سوودوەرگرتن لە هاوسەنگیەکان، بتوانرێت بۆ هەموو دەوڵەتەکان جێبەجێ بکرێت؛ بەڵام پۆتانسێل یان ئەگەری ئەمە لە هەموو شوێنێک و بۆ هەموو دەوڵەتێک وەک یەک نییە. لە تورکیا هەلومەرجێک هەیە کە ئەولەویەت دادەنێت و لەم کارە قازانج دەکات، هەروەها دەرفەتی ژیۆپۆلەتیکی و ژیۆستراتیژیە کە ئەو هەلومەرجە دروست دەکات. تورکیا لە ڕووی ژیۆپۆلەتیکییەوە شوێنێکی گرنگی هەیە. ئەم شوێنە کە تورکیاد لێهەڵکەووتووە گرنگە. دەوڵەتی تورکیا هەر لە دامەزراندنیەوە لەسەر بنەمای ئەم هەڵوێستە سیاسەتی کردووە و هەوڵی داوە پشتیوانی بۆ سیاسەتەکانی بدۆزێتەوە. لەم بوارەدا ئەنجامێکی گرنگی بەدەستهێنا.

پێش هەموو شتێک توانی بەو پشتیوانییەی لە دەرەوە وەریگرتبوو، سیاسەتی ژینۆسایدی گەلی کورد لە نێو خۆی خۆیدا بەڕێوە ببات. چونکە سیاسەتی بنەڕەتی دەوڵەتی تورکیا ژینۆسایدی کوردە. بوونی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە. ئەگەر تا ئێستا توانیویەتی ئەم سیاسەتە بپارێزێت، ئەوا بە رێگای ئەو پشتیوانیانەیە کە لە زلهێزە بیانییەکان و بە تایبەت ئەمریکا و ناتۆ وەریگرتووە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا بەو پاڵپشتییەی کە لە ئەمریکا و ناتۆ وەردەگرێت، دەتوانێت سیاسەتی ژینۆسایدی کوردەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەگەر ئەم پشتیوانییە نەبوایە، دەوڵەتی تورکیا نە لە ڕابردوو و نە لە ئەمڕۆدا نەیدەتوانی سیاسەتی ژینۆسایدی کورد جێبەجێ بکات. بێ گومان زلهێزە دەرەکییەکان بە هۆی گرنگی ژئۆپۆلەتیکی تورکیا پشتیوانی دەکەن.

ئیسرائیل یەکێکە لەو هێزە پێشەنگانەی کە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا دەکات. تورکیا بەهۆی ئەو سیاسەتەی کە لە بەرامبەر ئێسراییل پەیرەوی کردوە لە لایەن ئەمریکا و ناتۆوە پاڵپشتی کراوە. ئەگەر ئەم پشتیوانییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، پەیوەندی بە بەردەوامیی ئەم پەیوەندییەوە هەیە. بۆیە پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی تورکیا زۆر گرنگە. ڕۆڵی ئیسرائیل لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا بە ڕوونی ئەم گرنگییە ئاشکرا دەکات. چونکە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پشتیوانییەک بوو کە لە بەرزترین ئاستدا لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ژینۆسایدی گەلی کورددا بۆ دەوڵەتی تورکیا کرا. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو. ئەم پلانە بە هەماهەنگی ناتۆ ئەنجامدرا. لەم ڕووەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر گرنگە. پچڕانی ئەم پەیوەندییە مانای پچڕانی ئەو پشتیوانیەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە زلهێزە دەرەکییەکان وەریدەگرێت و بەم جۆرە هەبوونی دەکەوێتە مەترسییەوە. لە بەر ئەم یەکەیە کە دەوڵەتی تورکیا بە بەیاننامەیەکی سنوورداری وەک کاردانەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕازییە و هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێت. ئەگەر سەرنج بدەن دەوڵەتی تورکیا لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە پێشهاتەکان. ئەمەش بە ڕوونی نیگەرانی ئەو دەردەخات. بەڵام وەڵامەکەی زۆر سنووردار و لاوازە. ئەگەر لەم یەکە بە باشی تێبگەین، هەموو شتێک لەڕووی سیاسەت و سیمای دەوڵەتی تورکیاوە ڕوون دەبێتەوە. چوون هندێ کەس سیاسەت و سیمای دەوڵەتی تورکیا نەناسن، چاوەڕێی ئەوە بوون کە تەیب ئەردۆغان کاردانەوەی توندی هەبێت بەرامبەر بەم دۆخە و هەنگاو کارا بنێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆخەکە بگۆڕێت. بێگومان دۆخێکی وا لە ئارادا نییە. بە هۆی ئەو شەڕە تایبەتەوە کە لە تورکیادا بەرێوە دەچێت ، تێگەیشتن لە ڕاستییەکان قورس دەکات. یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە رادەبەدەر شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت و لەگەڵ ئەمەدا کاریگەری لەسەر تێڕوانینەکان دەبێت. ئەمەش لەم ساڵانەی دواییدا زۆر زیادی کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە. بەڵام بەو پێیەی کەشوهەوای ستەمکاریی بە سووتەمەنی ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزم و فاشیزم دروست بووە، ئەم پرسانە بە ئاشکرا و ڕێکوپێک قسەیان لەسەر ناکرێت و باسیان لێناکرێت. ڕای گشتی تورکیا و ڕۆشنبیرانی تورکیا لەم ڕووەوە کەموو کوورتیێکی زۆریان هەیە . بەکارهێنانی چڕ و پڕی شەڕی تایبەت و ستراتیژییەکانی دروستکردنی تێگەیشتن لە یەک ، دەرئەنجام و نیشاندەری ئەو بەها نزمەیە کە بە کۆمەڵگا دەدرێت. بەڵام کۆمەڵگای تورکیا ناتوانرێت لەسەر ئەم پرسە ڕۆشنبکرێتەوە و ناتوانرێت لەم تەڵە ڕزگاربکرێت. ئێستا زۆرینەیەکی بەرچاوی کۆمەڵگا دەتوانێت وا بیربکاتەوە کە خەمی سەرەکی تەیب ئەردۆغان داهاتووی گەلی فەلەستینە و کار بۆ ئەمە دەکات، وەک ئەوەی تەیب ئەردۆغان لە غەززە بێت. ئەوە چالاکییەکانی ناوەندی شەڕی تایبەتە کە وا لە کۆمەڵگا دەکات بەم شێوەیە بیربکاتەوە. ئەمەش لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، وەک سەرکەوتنێک سەیر دەکرێت و پێشکەش دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا بۆ کۆمەڵگا ئەمە بە واتای سەرکەوتن ناکات، بەڵکو داڕمانە.

دەوڵەتی تورکیا لە قۆناغێکدا دامەزرا کە جیهان بەسەر دوو جەمسەردا دابەش کرابوو و لە نێوان ئەو دوو جەمسەرەدا کۆپلەیەک هەبوو. تورکیە سوودێکی زۆری لەم دەرفەتە سیاسییە وەرگرتووە. دەوڵەتی تورکیا لە هەر دەوڵەتێکی دیکە زیاتر سوودی لەم شتە وەرگرتووە. لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتدا بە هەڵسوکەوتی سیاسی لە هەردوو بلۆکەکە سوودمەند بوو. کاتێک جەمسەرەکان لە ساڵانی ١٩٣٠دا تیژتر بوون و جەنگی جیهانی دووەم هاتە ناوەوە، دەوڵەتی تورکیا جێگەی خۆی لە چوارچێوەی بلۆکی مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەدا گرتەوە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرد، کاتێک ناتۆ دامەزرا، تورکیە بوو بە ئەندامی ناتۆ. وەک دەزانرێت ناتۆ ئەو هێزە بوو کە سیاسەتی جیهانی دیاری کرد و بەو پێیە ستراتیژییەکانی لە قۆناغی دواتردا داڕشت. هەروەها دامەزراندنی ئیسرائیل بڕیار و ستراتیژی ناتۆیە. تەنیا دامەزراندنی ئیسرائیل نییە، بەڵکو ئەو ناوەندەیە کە هەموو سیاسەتەکان بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدا داڕێژراون. بۆیە ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستین پەیڕەوی لێدەکات، ستراتیژی ناتۆیە و بە پاڵپشتی ناتۆ بەڕێوەدەچێت. ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ نەبوایە ئیسرائیل نەیدەتوانی ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکات. هەر وەک سیاسەتەکانی ژینۆسایدی کورد، سیاسەتی ژینۆسایدی فەلەستین بەبێ پشتیوانی ناتۆ مومکین نەدەبوو. وەک دەبینرێت دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیل لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەیەک دەچن.

تورکیا بەھۆی ھەم پێگەی ژئۆپۆلەتیکی و هەر وەها ئەندام بوون لە ناتۆ، سوود لە دژایەتی نێوان دەوڵەتەکان وەردەگرێت. لەبەر ئەم هۆکارانە، تورکیا نایەوێت دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەتەکان کۆتایی پێبێت. چونکە کاتێک دژایەتییەکان کەمتر دەبنەوە، پێویستی بەم کەمتر دەبێتەوە. تورکیا تایبەتمەندی و ڕێبازێکی لەو شێوەیەی هەیە. یەکێک لەو دژایەتیانەی کە تورکیا سوودی لێ وەرگرت، دژایەتی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت بوو. لە سەردەمی شەڕی سارددا سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە. بە پشتیوانی تەواوی ناتۆ درێژەی بە سیاسەتەکانی دا. ئەم پشتیوانییە دوای داڕمانی سۆڤیەت بەردەوام بوو. لەبەرئەوەی جیهان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، واتە جەنگی جیهانی سێیەم و هەرچەندە سۆڤیەت ڕووخا، بەڵام ناتۆ بەردەوام بوو لە پاراستنی بوونی خۆی. پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ، دەرئەنجامی ئەو پاڵپشتییەیە کە بۆ تورکیا کراوە. ئەمەش وەڵامێکی دەوڵەتی تورکیا بوو بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ناتۆدا مامەڵە بکات. چونکە هەموو دەستێوەردانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوەی سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆ وەردەگرن. دوای ڕووخانی سۆڤیەت، ئەم سیاسەتانە لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕوویاندا. بەو پێیەی تورکیە بەگوێرەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ناتۆ مامەڵە دەکات، بەردەوامە لە وەرگرتنی ئەم پشتیوانییە. لە لایەکی دیکەوە تورکیا سوودێکی زۆری لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا وەرگرت. چونکە ئەم شەڕە دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەتەکانی زیاتر کرد. بەهۆی ئەم دۆخەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووسیا و ئەوروپا ئاڵۆز بووە. تورکیا بە ئەندامبوون لە ناتۆ سوودی لەم ژینگە ئاڵۆزە وەرگرت و توانی بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پشتیوانی ئابووری و سیاسی لە ڕووسیا وەربگرێت. هەرچەندە ئەمە دۆخێکی دژبەیەکە، بەڵام ڕووسیا سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو بەهۆی بارودۆخی ناتۆ پاڵپشتیی ئیدارەی تورکیای کرد.

یەکێک لەو دژایەتیانەی کە تورکیا زۆرترین سوودی لێ وەرگرت، دژایەتی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی بوو. وەک دەزانرێت دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا و ناتۆ، ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەم سیاسەتە بوونی و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا بوو. تورکیە لە ئێستاوە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی دان بە ئیسرائیلدا دەنێت. سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێک کە بە تەواوی لەسەر بنەمای ئایینی جوولەکە بێت بۆ ئەم یەکە ئامادیە دژی گەلی فەلەستین ژینۆساید ئەنجام بدات. ئەمەش سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆیە. ئەو ڕۆڵەی کە بە دەوڵەتی تورکیا دراوە، پشتیوانیکردنە لەم سیاسەتەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە لایەکی ترەوە سیاسەتێکی لەو شێوەیە بە مانای دەستپێکی شەڕێکی بێکۆتاییە لە نێوان جوولەکە و عەرەبەکان . لە ڕاستیدا پرۆسەکە بەم شێوەیە پەرەی سەند. ئەم دۆخە پڕ لە کێشمەکێشە دوای هاتنی جولە بۆ نێو خاکی فەلەستین تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە. ئەو ڕووداوانەی ئێستا ڕوودەدەن، بێگومان بەشێکن لە درێژکراوەکانی ئەم پرۆسەیە. دەوڵەتی تورکیا لە دۆخی ناکۆکی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی سوودێکی باشی وەرگرتووە. بە وەستان لە تەنیشت ئیسرائیل، پشتگیری لە ئیسرائیل و ئەمریکا و ناتۆ وەرگرت. تەنانەت ناوبەناو پشتیوانی لە دەوڵەتانی عەرەبی وەرگرتووە کە لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدان. بێ گومان دەوڵەتی تورکیا بەو هەموو پشتیوانیە کە سیاسەتی ژینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوە دەبات. پێشتر بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سەبارەت بە سیاسەتی ژینۆسایدی کورد چووەتە ناو ئەو پەیوەندیانەوە. هۆکاری ئەوەی کە سەوڵەتی تورکیا چووتە ناو ناتۆی ، کۆمەڵکوژی کوردەکانە. کاتێک هەندێک ڕووداو ڕوودەدەن کە پەیوەندییە سیاسییەکان لە جیهاندا یان لە ناوچەکەدا گرژ دەکەن، هەندێک دەڵێن کە تورکیا دەتوانێت یان پێویستە لە ناتۆ دەربچێت. ئەوانەی ئەمە دەڵێن زیاتر کەسانی دەوروبەری حکومەتن. ئەمانە لێدوانی بێ بنەمان. دەوڵەتی تورکیا هەرگیز لە ناتۆ دەرناچێت. زۆر باش دەزانێت بەبێ ناتۆ ناتوانێ سیاسەتی ژینۆسایدی گەلی کورد جێبەجێ بکات. هەموو کەسێک ئەمە باش دەزانێت، ئەوانەی نازانن ئەو کەسانەن کە ئەڵێن با تورکیا لە ناتۆ دەرکەوێ.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و فەلەستین لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، واقیعی دووڕووی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەی لە زۆر ڕووەوە ئاشکرا کردووە. ئەوەی کە میدیاکانی تورکیا ئەو پرسە بەجۆرێک لە رۆژەڤدا دەهێڵنەوە، لە پەردەپۆشکردنی ئەم دووڕووییە سەرچاوەی گرتووە. هەروەک لەبیرتان بێت دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی گەورەی لەدژی ڕۆژئاوا دەستپێکرد و چالاکییەکەی ئەنقەرەی کردە بیانوو. پێش هێرشەکە، بە ئاشکرا لە ڕێگەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگرییەوە ڕاگەیەندرا کە تەواوی ژێرخان و سەرخانی ڕۆژئاوا ئامانجی ئەوانن و سەرنجیان بەرەو ئەو ئامانجانە ئاراستە دەکەن. و پاشان هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستی پێکرد. وەک لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، هەموو پێکهاتە ژێرخان و سەرخانی بۆردومان کردن و لێیاندراوە. لەوانە بەنداو، دامەزراوەی وزە، نەخۆشخانە، قوتابخانە، نیشتەجێبوون، کۆگای خۆراک، پاڵاوگەی نەوت، کارگە و هتد. لەم هێرشانەدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم هێرشانە هێشتا بەردەوامن. لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات. جیاوازی هێرشەکانی ئەمجارە ئەوە بوو کە توندتر و توندوتیژتر بوون. دوای پێنج ڕۆژ کە دەوڵەتی تورکیا ئەم هێرشانەی دەسپێکرد ، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستی پێکرد. لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی بەرامبەر ڕۆژئاوا هەبوو، تەیب ئەردۆغان بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ شەرمێک بکات، ڕایگەیاند کە پێویستە هێرش بۆ سەر غەززە بوەستێت و شوێنەکان لە ئاسمانەوە لێنەدرێت. بەڵام ئەوەی تەیب ئەردۆغان کردوویەتی جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی نەتانیاهۆ کردوویەتی. لە ڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە لە هی ئەو خراپترە. کەواتە بۆچی دەوڵەتی تورکیا نیگەران بوو لەم دۆخە و چۆن دەیتوانی بە ئاشکرا ئەمە بڵێت لە کاتێکدا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێک بوو کە گەلی کوردی کۆمەڵکوژی دەکرد؟ پێویستە هەموو کەسێک ئەم دوو پرسیارە بکات و وەڵامی دروستیان بۆ بدۆزێتەوە. پاشان ڕاستی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و تەیب ئەردۆغان ئاشکرا دەبێت. هەروەها ئەو دۆخەی کە جەماوەری تورکیا تێدا دەژین.

تاکە هۆکارێک کە دەوڵەتی تورکیای نیگەران کردووە، ئەویە کە کردەوەکانی حەماس پەرەی سەندووە و نازانرێت دەرئەنجامەکانی لە ناوچەکەدا چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەو بیرۆکەیە کە ئەگەری هاوسەنگی نوێ سەرهەڵدەدەن، مەترسی لەسەر سیاسەتی ژینۆسایدی کورد. دەوڵەتی تورکیا لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەگەرێکی لەو شێوەیەدا بکات یان بەدیبهێنێت. بەتایبەت بۆ حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، کە هەموو بوونی خۆی لە ڕێگەی ژینۆسایدی کوردەوە پەرەی پێداوە، دۆخێکی بەو رەنگە لەڕادەبەدەر کێشەدار دەبێت. لەم ڕووەوە ئەم ئەگەرە دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە زۆر نیگەران دەکات. ئەگینا بە پێچەوانەی تەلەفزیۆن و میدیاکاندا، تورکیا نیگەران نییە لەو ئازارەی کە گەلی فەلەستین لە غەززە تووشی بووە و لەدەستدانی گیانی فەلەستینییەکان و ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین لە ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ ئەو هیچ گرنگ نیە. ئەمە تەنیا شاردنەوەی رووی راستەقینەی دەوڵەتە و تەنیا نەرجەکانی چۆنیەتی پەیڕەو کردنی سیاسەتی دەوڵەتە. ئەم سیاسەتە رەزیلانەیە بە هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپەدا زۆر پەرەی سەندووە. لە تورکیا هەموو شتێک شێواوە و تەموومژاوی کاروە بە جۆرێک کە تەنانەت شتێکی ئەو شتە بچووکانەیش کە لە ناوەوە بۆ دەرەوە پێشکەش دەکرێت. بەم شێوەیە کارێک کراوە کۆمەڵگا نازانێت ڕاستیەکان چیین. بەم شێوەیە فاشیزم حوکمڕانی کۆمەڵگا دەکات. لە واقیعدا خەمی دەوڵەتی تورکیا تەنیا چۆنیەتی پەیرەو کردنی سیاسەتی ژینۆساید دژی گەلی کوردە. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بزانێت کە ئەم دۆخە و لێکەوتەکانی سیاسەتی ژینۆساید کردنی گەلی کوردی ناخاتە مەترسییەوە و دەتوانێت سوود لەو ژینگە نوێیە وەربگرێت کە سەرهەڵدەدات، یان ئەگەر بەلێنێکی لەو شێوەیەی پێبدرێت، ئەوا ئەم دۆخە دڵەڕاوکێیە بە تەواوی نامێنێت. لە دۆخێکی وادا کار بۆ پەرەپێدانی زیاتری دۆخی ململانێ و شەڕ دەکات. هەمیشە ئەمە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا بووە. بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کۆتایی بە ململانێی نێوان عەرەب و جوولەکەکان و چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین بێت. لە ڕاستیدا کاتێک لە ساڵانی ڕابردوودا گرژیی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەکان کەم بووەوە و ڕێککەوتن لە نێوانیاندا کرا، دەوڵەتی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەو هۆیەوە تێکچوو. دەوڵەتانی عەرەبی بە خیانەت لە دۆزی فەلەستین تۆمەتبار کرد. بێگومان دەوڵەتانی هەڵوێستی دەولەتانی لە بەرژوەندی دۆزی فەلەستین نەبوو. بەڵام خەمی دەوڵەتی تورکیا دۆزی فەلەستین نییە، بەڵکو کەمبوونەوەی پێویستیی بۆ ئەو وڵاتە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی دژایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایی هاتن بەو پشتیوانیە بوو سەبارەت بە سیاسەتەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیا بەو گرژییەی کە ئێستا دەستی پێکردووەتەوە، تێکناچێت. دەوڵەتی تورکیا ئەگەر بزانێت ئەم دۆخە زیان بە سیاسەتەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد ناگەیەنێت، دەیەوێت ئەمە دۆخە قووڵتر ببێتەوە و کار بۆ ئەمە دەکات. بۆیە نابێت گومانمان لەوە هەبێت کە دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە پێناو ئەم سیاسەتەدا کار دەکەن.

لەگەڵ دەستپێکی ئەم ڕووداوانە، ڕەخنەیەک پەرەی سەند کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دڵسۆز نییە و سەبارەت بە پرسی فەلەستین کۆمەڵگە فریو دەدات. ئەم ڕەخنەیە لەلایەن بەشێک لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی تورکەوە دەکرێت. بێ گومان ئەم ڕەخنانە ڕاستن؛ بەڵام بەبێ دەست بردن بۆ واقیعی کورد ناتوانێت کاریگەریی پێویست دروست بکات. به داخه وه به هۆی زاڵ بوونی کاریگەڕی هەست، هەر وەها گوشاری ناسیۆنالیستیەوه ناتوانرێت ڕاستیەکان به تەواوی دەسنیشان بکرێن. لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناتوانرێت پێشهاتی ئەرێنی لە تورکیادا دروست بکرێت. ڕوونە کە ڕۆشنبیرانی تورکیا، چەپ، بزووتنەوە سۆسیالیستی و دیموکراسیەکان لەم ڕووەوە کەموو کوورتیان زۆرە. ئەمەش بواری سیاسەتی دیموکراسی دەگرێتەوە، چونکە پەرەپێدانی ئەم روانگەیە بەرپرسیارێتی ئەوانە. حەقیقەت لە تورکیادا تەنیا لەسەر بنەمای حەقیقەتی کورد دەردەکەوێ و دەتوانین لێی تێبگەین. ڕاستییەکان بەبێ دەست لێدان لە واقیعی کورد دەرناکەون. ئەگەر ڕاستیش بگوترێ، هیچ کاریگەری و دەرئەنجامێکی نابێت. با لە بەیانییەوە تا شەو بگوترێ حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و تەیب ئەردۆغان و بزووتنەوە ئاینییەکانی تورکیا خەمی دۆزی فەلەستینیان نییە، ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگا نابێت. چونکە ئەم دۆخە شاراوەیە. هەمووان دەتوانن بە بەستنی هەموو جۆرە دەمامکێک وا خۆیان نیشان بدەن کە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن. لە رێگای گۆڕینی ئەم روانگەیە و پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلی کورد، و ڕەخنە و پرسیارکردنە لە دەوڵەت و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەکرێت دۆخەکە باشتر روون بکرێتەوەو راستیەکان نیشان بدرێن. ئەگەر لەو کاتەدا کە تەیب ئەردۆغان سەرۆکی فاشیستەکان ئەڵێت: دەبێ بۆردومانی غەززە ڕابگیرێت! ئەگەر لە تورکیا بە دەنگی بەرز گووترابا: “ئەی بۆ بۆردومانی ڕۆژئاوا دەکەیت؟”، ئەوا دەمامکی حکومەت دەکەوت. کۆمەڵگای تورکیا لە ڕاستییەکان تێدەگەیشت و بەو پێیە دۆخەکەی بەرز دەنرخاند. ئەم هەڵوێستەیە کە لە تورکیادا دەرناکەوێ و ئەمەیە کە پێویستە بکرێت.

چارەسەر گەشەپێدانی نەتەوەی دیموکراتیکە

ئێستا، گفتوگۆی چڕ لە سەرانسەری جیهاندا هەیە سەبارەت بەو دۆخەی سەرهەڵداوە کە چ دەرئەنجامێکی دەبێت. بەڵام ئەم باسانە زۆر دوورن لە ئاشکراکردنی بنەمای کێشەکە و چارەسەرەکانی. پێویست بە گفتوگۆیەک دەکات سەرەکی لەسەر بنەمای ئەنجامەکان و ئەو ئەگەرانەی کە ڕەنگە دواتر ڕووبدەن. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری بکەیت، هەموو کەسێک هەوڵ بۆ ئەو شتەی دەدات کە دەیهەوێت بەدەستبهێنێت؛ ئەوانەی زۆرترین دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سەربازییان هەیە زیاتر دەگەنە ئامانجەکانی خۆیان. بە ئاسانی دەتوانرێت ئەم یەکە بگوترێ و باسکردنی هەڵە نابێت. بەڵام ئەگەر بپرسین ئایا هەموو ئەمانە دەتوانن کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەن، وەڵامەکە نەخێرە. ئێستا وەک لەم ڕووداوەدا دەبینرێت، هاوسەنگیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر هەستیارن. لە قۆناغێکی وادا کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوویداوە، دەستکاریکردنی هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێیەک کە پێشبینی ئەنجامەکەی ناکرێ. بێگومان ئەو سیناریۆیانەی خراونەتەڕوو، بەم مانایە جێگەی نیگەرانین. ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕوونە. لە هەموو هەنگاوێکدا دەیەوێت زیاتر پەرە بە ژینۆسایدی فەلەستین بدات. ئاشکرایە کە هەوڵدەدات ئەم ژینگەیە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات. لە ئێستادا بۆردومانی چڕ بۆ سەر غەززە ئەنجام دەدات، بەڵام تا ئێستا نازانرێت کە سنووردار دەبێت یان نا. ئەمریکا و ئینگلتەرا کەشتییە جەنگییەکانی خۆیان هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمانە گەورەترین بەلەمی جەنگین لە جیهاندا. لە لایەکی ترەوە سەبارەت بەم دۆخە ئیدارەی ئەمریکا سەرچاوەیەکی دارایی زۆری تەرخان کردوو. بە وتەی خۆیان، داواکارییەک بۆ زیاد سەرچاوە[مادیەکان] بە قەبارەیەکی بێ وێنە کرا و ئەمەش لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پەسەند کرا. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەشێکی بەرچاو لەم سەرچاوەیە بە مەبەستی خەرجکردنی شەڕی ئۆکرانیایە. بوونی ئێران و ئەو پێکهاتەیەی کە ئێران لە ناوچەکانی نزیک لوبنان و سوریا دایمەزراندووە وەک ئامانج نیشان دەدات. دژایەتییەکان لەگەڵ ئێران دیارن. لە لایەکی دیکەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا، چین بەشداری لە سیاسەت و هاوسەنگیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. چین ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران کە بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت. ڕوونە کە ئەمریکا ئەم دۆخەی بەدڵ نییە. ڕووسیا لە ڕێگەی ئۆکرانیا ڕاکێشرا بۆ ناو شەڕەکە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کاتێک شەڕ کۆتایی نەهاتووە. ئێستا دۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە ئەم شەڕە زۆرتر پەرە بستێنێ. دەوڵەتی تورکیا لە ئێستاوە هەوڵی قووڵکردنەوەی کێشەکان و دروستکردنی کەشێکی ناکۆکی دەدات لە پێناو ئەنجامدانی ژینۆسایدی کورد. ئێستا بۆ هەموو لایەک روونبووەرەوە کە دەیەوێت ڕۆژئاوا داگیر بکات، واتە سیستەمی خۆرێوەبەری دیموکراتیک نەهێلێت. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە داگیرکردنی ڕۆژئاوا و تەسفیەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا سنووردار نییە. ئامانجی دوورخستنەوەی کوردە لە ڕۆژئاوا. هەروەها دەیەوێت ئەو کوردانەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان خۆڕاگرن و پێداگری لەسەر هێڵی ئازادی دەکەن، دووربخاتەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بگات ئامانجی کۆتایی خۆی کە ژینۆسایدی گەلی کوردە. ئێستا دەیەوێت ئەم دۆخە بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت.

ئەمە ئەو دۆخەیە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تێیدایە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جگە لە قووڵبوونەوەی شەڕ، هەرگیز پەنای بۆ هیچ ڕێگایەکی تر نەبردووە. لە هەمان کاتدا مرۆڤەکان پێویستیان بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی خەباتی خۆیان لە سەر بنەمای ئەم واقیعە هەیە. بێگومان ئەوە دەوڵەتەکان نین کە کێشەکان چارەسەر دەکەن، بەڵکو خەباتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. مەحاڵە بە عەقڵیەتی دەوڵەت و نەتەوە-دەوڵەت کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێن. ئەمڕۆ بناغەی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کێشەی فەلەستین و کورد، عەقڵیەتی دەسەلاتداری و نەتەوە-دەوڵەتە. چارەسەر تەنیا بە تێپەڕاندنی ئەمە و لەبری ئەوە پەرەپێدان بە نەتەوەیەکی دیموکرایکە. نەتەوەی دیموکرات شێوازێکی ژیان و چارەسەرەیە کە لەسەر بنەمای سیستەمی دیموکراسی کۆمەڵگە، هەر وەها زال بوونە بە سەر تێگەیشتنی هزری دەوڵەت-نەتەوە. ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە، پەرەد پێ بدرێث تێگەیشتنێکی لەم شێوەیە لە ژیان و سیستەمی چارەسەرکردن. لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشتنی خۆی بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتیک خستەڕوو،ئەم کارەی بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا. پاشان، پێویستە بیر لە چارەسەری نەتەوەی دیموکراسی بۆ کێشەی فەلەستین بکەینەوە کە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەبات بکەین بۆ بەدیهێنانی ئەمە.

گەلی کورد دەیان ساڵە خەباتی ئازادی دەکات. ئەمڕۆ به خەباتی خۆی لە بەرامبه ڕ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و عەقڵیەت و پارادایمه نوێیەی که ڕێبەڕ ئاپۆ پەرەی پێداوه، ئەمەی بردۆته ئاستی نێونەتەوەیی. بە دەستەبەرکردنی یەکڕیزی و هاوپشتی پتەوتر لەگەڵ تێکۆشانەکانی ئازادی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و بەتایبەت خەباتی گەلی فەلەستین، دەکرێت بە ئەنجامێک بگات کە چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان ئاشکرا بکات. هەروەها خەباتی دیموکراسیانەی گەلی جوولەکە لە دژی عەقڵیەتی دەوڵەتی فەرمی زۆر گرنگە. لە هەمووشی گرینگتر ئەویە کە ئەم بیرکردنەوە و خەباتە لە نێو گەلی جوولەکەدا سەرەڕای هەموو تەپڵی شەڕ و جینۆساید پەرە بستێنێت. جگە لەوەش خەباتی گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. دەکرێ بە هاودەنگی و خەباتی هاوبەش کە هەموو ئەمانە لە ڕوانگەی گەلانی دیموکراتیک و پێکەوە ژیانی گەلان پەرەی پێدەدەن و کێشەکان تێپەڕێنین.

هاوبەشی :