پەیامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی بۆ چلەی ماتەمینی شەهید دەنیز جەودەت

213
0
هاوبەشی :

 

پەیامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی بۆ چلەی ماتەمینی شەهید دەنیز جەودەت

بۆ بنەماڵەی هێژا و سەربەرزی شەهید دەنیز جەودەت

بەڕێزان هاوڕێیان و هەڤاڵانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان.

سەرەتا بەخەم و حەسرەتێکی زۆرەوە، سەرخۆشیی و هاوخەمیی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی و تەواوی هەڤاڵانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانتان ئاڕاستە دەکەین.

هێژایان، ئێوە دەزانن لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا کە لە ناوچەکەدا هەیە، وڵاتە داگیرکراوەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، ڕۆژ نییە فاشیزم و دوژمنی مرۆڤایەتیی و ئازادیی تاوانێکی تیرۆر یان کۆمەڵکوژیی دەر حەق بە گەل و تێکۆشەران و خەباتکارانمان ئەنجام نەدات، ئەوەش مانای بەهێزی دوژمنانمان نییە بەڵکوو دەرەنجامی پێشکەوتن و فراوانبوونی تێکۆشانی ئازادیی و نەتەوەیی گەلەکەمانە، کە گەیشتووەتە ئاستێکی وا، دوژمن هەموو سنورێکی یاسایی و ئەخلاقیی شەڕی تێپەڕاندووە و پەنا دەباتە بەر کاری تۆقاندن و تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی ئەم بزاڤە نەتەوەیە.

ئاشکرایە بە شەهیدکردنی هەڤاڵان و ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و هەموو ئەو سازیی و ئۆرگانانەی کە خەبات دەکەن بۆ گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ناوچەکە، ئەم تێکۆشانە ناوەستێت و سارد نابێتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بە ڕۆحێکی مەزنترەوە، بە مۆڕاڵێکی بەرزترەوە، بە گرێدانێکی باڵاترەوە بە خوێنی شەهیدەکانمان هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت و ناوەستێت تا بەدی هێنانی خەون و خەیاڵی شەهیدانمان.

شەهید دەنیز جەودەت شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانە، شەهیدی ڕێبازی نەتەوەی دیموکراتی و ئازادیی کوردستانە، شەهید دەنیز بە زیندوویی و ئێستاش کە بەجەستە لەناوماندا نییە بییر و هزر و خەیاڵی ئەو لە بەرزی و شکۆدارییدا دەژیێت، لەو دەرفەتەدا، بە نیگەرانی و بەرپرسیارێتییەوە لە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەپرسین ئەمڕۆ چل ڕۆژ بەسەر شەهیدبوونی هەڤاڵ دەنیزدا تێدەپەڕێت، بەڵام جێی داخە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر قسەیەکی ئەوتۆیان بۆ ڕایگشتی نە کردووە و بکوژیان نەدۆزیوەتەوە، کە ئەوەش بۆ هەولێری پایتەخت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەکەیەکی گەورە و شەرمەزارییە، بۆیە لێرەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەکەین بەرپرسیارانە بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەستن و بکوژان و تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

دووبارە سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بەرامبەر ڕۆحی پاکی شەهید دەنیز جەودەت و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و دیموکراسی کوردستان.

 

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی هاوسەرۆکایەتی

هاوبەشی :