بۆش بیر یان ڕۆشنبیر

378
0
هاوبەشی :

نوسینی : ژینا زاگرۆس ، ٢٠٢٣⁄٨⁄١٦

ڕۆشنبیری پەیوەندی بە لایەنی ھۆشەکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەو پەیوەندیەش لەسەر بنچینەی ئایدیا، تێڕوانین و وردکردنەوەی ئایدۆڵۆژیدا خۆی بەیان دەکات. ڕۆشنبیر بەشێک لە کایەی بەرجەستەبونی ھۆشەکیە. لەدەرەوەی ھۆشی گشتی ناتوانرێت باس لە ڕۆشنبیر یان ڕۆشنبیری بکرێت. ڕۆشنبیر چیە و بە کێ دەوترێت ڕۆشنبیر؟ ڕۆشنبیر ئەوانەن کە لەگەڵ ھەلومەرجی ژیان و کایەی سیاسی و دونیابینی نوێ و پێشکەوتۆدا دێنەوە و دەبنە بەشێک لەو کایە ژیاریە پێشکەوتوە. ڕۆشنبیر ھەمیشە پێویستە لە خۆ نوێ کردنەوە و نوێبوەنەوەدابێت. لەگەڵ کۆمەڵگە و دەوروبەر و نەتەوە و خۆشی و ناخۆشی گەل و نیشتیمانەکەیدا بێت و دابڕاو نەبێت لێی.
ھەلومەرجی بابەتی و مەوزوعی و زھنی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە ڕۆشنبیری خودی ھەیە، کەلەسەر بنچینەی ھەلومەرجی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دژی داگیرکاری دامەزرابێت. ئەو ڕۆشنبیریەش پێویست دەکات لە چوارچێوەی پارادایمی سۆسیۆلۆژیای ئازادی و نەتەوەی دیموکراتیکدا بێت. بۆیە ڕۆشنبیریەکی دەرەوەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دیموکراتیکی کوردان، ھەرشت بێت پەیوەندی بە کوردانەوە نیە.
ئێش و ئازار و تێکۆشانی کوردان، بەتێگەیشتن لە ئێش و ئازاری کوردان چارەسەر دەکرێت، نەک بە ھی نەتەوەکانی تر. ئێش و ئازاری ھیچ نەتەوەیەک، یان پێکھاتەیەک وەک،ھی کوردان نیە. ئەگەر خاڵی ھاوبەشیشیان ھەبێت، بەڵام بە ئولگو، نمونە و شێوازەکانی ئەوان چارەسەری پرسەکانی کوردان ناکرێت. ئەوەی گرنگە لەشوێن و جێگەی خۆی بەشێواز و کەرەستەو پێکھاتەکانی خۆجێی چارەسەری پرسەکان بکرێت و ڕۆشنبیریش، پێویستە ھەم وەڵامی ئەو پێداویستیە بداتەوە، ھەم ھەڵێنجراوی کێشە خۆجێی و نەتەوەییەکانی خۆێ بێت.
بەڵام دەبینیت، ئەمڕۆ کۆمەڵێک بەناو ڕۆشنبیر دروستبوون و پەیام دەدەن، کە گوایە کورد ھیچ نیە و ھیچی پێ ناکرێت و خاوەنی ڕۆشنبیری نیە و دەڵێت، “لەسلێمانیا ناتوانین فەلسەفە بەرھەم بێنین، یەعنی ھەموو کورد خەریکی ھیگڵ بێت، یەک جوملە ئیزافە ناکات بەسەرجەم ئەو تەفسیرانەی کە دوو قەڕنە لە خۆرئاوا لەسەر ھێگڵ ھەیە” ئەم کەسە نوێنەرایەتی ڕۆشنبیری ئۆریانتاڵیزمی خۆرئاوایی دەکات، کە تەنیا خۆی نیە، بەڵکو تەیفێکن، کە پشت بە ڕۆشنبیری و فەلسەفەی فەیلەسوف و ڕۆشنبیر و چیرۆک و ڕۆماننوس و خەیاڵچیەکانی وێناکردنی ئەوانی دەرەوەی خۆیان بەگوێرەی خۆیان دەکەن! نەک وەک ئەوەی کە خۆیان ھەن.
من بە پرسیار و نمونەیەک وەڵامی ئەم جۆرە ڕۆشنبیریە دەدەمەوە، ئایا ھیگل چیە و چی چارەسەرکرد و لە کۆتاییدا چی دامەزراند و بەکوێ گەیشت؟ ڕۆشنبیری ئۆڕیانتاڵیزمی خۆرئاوایی چی بۆ کورد پێبوە و پێیە؟ دووەم بە باسێک لە کتێبی بیرەوەریە پڕ ئازارەکانی کاپیتان حەمەدی مەولودی دەستپێدەکەم لەسەر مامۆستا قانعی شاعیر لە کاتی ھەرەسی کۆماری کوردستان لە مھاباد، کە کاپیتان حەمەد لەو کاتەدا فەرماندەیەکی جەربەزەی کورد دەبێت و مامۆستا دەبینێت و دەگێڕێتەوە “لە ڕێگا شتێکی سەیرم چاو پێکەوت. پیاوێک دوو منداڵی دەگەڵ بوو، منداڵەکانی دەو بەفڕ و کڕێوە و سەرما سەختەدا یەک و کاڵە شڕەیەکیان دە پێدابوو. وەک ئەوە وابوو کە پێڵاویان لەبەر نەبێ. کە چاوم بەو دوو منداڵە کەوت، لە تاوانیان ئاورم گرت. پێشمەرگەکان ھاتن و گوتیان ئەوە “قانع”ە. من نێوی قانع م بیستبوو، بەڵام ئەوە یەکەمین جارە کە چاوم پێی دەکەوت. یەکڕاست چوومە لایان و سڵاو کرد. لە وڵاغەکەم ھاتمە خوارەوە و گوتم:
-کاکە قانع تکا دەکەم منداڵەکانت با سوار بن.
– گوتی نابێ سوار بن. با فێری کوێرەوەری بن.
کوردبوون
بەشێک لە بیرەوەریەکانی
کاپیتان حەمەدی مەولودی
لاپەڕەی ٢٥٥
ئەو ئازار و فێرگەیە چەندە مەزن و سەمبولی فێربون و داڕشتنی چەندین بنەمای فەلسەفی و ڕەنگڕێژ کردنی بەرخۆدان و خۆ ئامادە کردنە بۆ فێربونی “کوێرەوەری”
ئاخر ژیانی چ گەل و میللەت و کەسایەتیەک ئەوەند پڕ ئازارە و خۆئامادەکەریش بێت بۆ فێربونی کوێرەوەری. ئاخر ئەوە ھۆکاری چ فەلسەفەیەک و چ فەلسەفەیەک وەڵامی چارەسەری کێشە و ئازار و کوێرەوەری گەلێک دەداتەوە.
لێرەوە دەچمە سەر وەڵامی ئەو فەلسەفەیەی کە ھیگل ھەیەتی و ئێمەش، چ فەلسەفەیەکمان پێویستە و چ فەلسەفەیەکمان ھەیە؟
ھیگل خوداوەندی فەلسەفەی دەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوەییە. ھیگل ستایشکەری ھێرشی داگیرکاری ناپلیۆن بوو بۆ سەر ئەڵمانیا و لە دوایشدا کە بینی لەگەڵ دونیابینیەکەی ئەودا نایەتەوە گەڕاوە دواوە و کەوتە داڕشتنی بنەماکانی دەوڵەتی پروسی ئەڵمانی و تیئۆریزەی دەوڵەتی یەکگرتویی ئەڵمانی دەکرد. بۆیە ھێگل فەیلەسوفی داڕشتن و دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوەی ئەڵمانیە. ھیگل وەڵامی کێشەکانی ئێمە ناداتەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەت و بەتایبەت دەوڵەتی نەتەوەیی، گەورەترین کێشە و لەناوبەری گەلی کورد و پڕ ئازارترین کێشە ھێنەری سەر کوردانە. بۆیە فەلسەفەی ھیگل وەک دەسکەوتێکی ھۆشمەندی مرۆڤ، کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە، دەتوانرێت لێی بڕوانرێت.
ئەگینا تاک و کۆمەڵگەی کوردی کە بۆخۆی خاوەنی تایبەتمەندی بەرخۆدان و کلتوری مێژویی ژیاریە، پێویستی بە فەلسەفەی دەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوەیی و خۆرئاوایی نیە. دەردی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە خۆرئاواییە ئەوەیە، کە خۆیان وا نیشان بدەن کە خوێندەوارن و دەخوێننەوە. بەڵام کاتێک بەراوردیان دەکەیت بە پێداویستیەکانی وەڵام دانەوە بە کێشەوو گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردی، ئەو کات دەبینیت، نەک خوێندەوار نین! بەڵکو دابڕاویشن لە کۆمەڵگە و ژینگەی نەتەوەیی کوردی و خوێندەواری. ئەوان خوێندەوار و بەرھەمی خوێندەواری خۆشگوزەرانی دەوڵەت و خۆرئاوایین!
ئەوان ناتوانن، بونیادی کۆمەڵگەی کوردی بخوێننەوە و تێی بگەن، بۆیە ناتوانن ئەو دونیابینی و فەلسەفەی کە بەناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادی و بۆ چارەسەری دۆزی کورد لەسەر بنچینەی نەتەوەی دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری، بەڕێز ئۆجەلان تیئۆریزە و پێشی خستوە ببینن. بۆیە ڕۆشنبیریەکەشیان، نەک ڕۆشنبیری نیە، بەڵکو کۆنەپەرستی و بەرگێکی ھاوردەکراوی دەرەکیە، کە دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکان سەد ساڵە لە ڕێگەی گرتن، کوشتن، لەناوبردن و ئاسمیلە کردنەوە دەیانەوێت جێبەجێی بکەن. ئەو ڕۆشنبیریەی ئەوانیش کۆمەک بە سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان و سەپاندنی ھەژەمۆنیەتی خۆرئاوایی دەکات بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت بۆسەر کوردستان.
بێگومان فەلسەفەیەک ئەگەر وەڵامی کێشەکانی نەتەوەیی کورد و چارەسەری پرسەکانی نەداتەوە، ئەوا نەک کۆنەپەرستانەیە، بەڵکو دۆگماتیک و خەیاڵیشە. ھۆکاری بێ بنەمایی و بێ جێگەیی ڕۆشنبیریەکەیان بێگانەییانە بە کۆمەڵگەی کوردی و خزمەتکردنە بە سیاسەتی ئۆریانتاڵیزم.
ئۆریانتاڵیزم چیە؟ ئۆریانتاڵیزم، ئەو سیستەمە سیاسی، فەلسەفی، دەوڵەتی، دەسەڵاتدارەتی و ھەژەمۆنیەتی سەرمایەداری خۆرئاواییە کە دەیەوێت و لە دوای شەڕی جیھانی یەکەمەوە لە ڕێگەی ئینگلیز و فەرەنسیەکان و ئەوروپی و لە دوای شەڕی جیھانی دوھەمیشەوە ئەمریکێەکانەوە بەسەر جیھانیاندا سەپاند. لە لۆزاندا نەخشەی داڕشتنی سیستەمەکەیان ڕاگەیاند و بۆ کوردان بوە بەڵا. بێگومان ئەو ئۆریانتاڵیزمە لێدانی کوشندەی لە کەسێتی و کۆمەڵگەی کوردی داوە. بۆیە ھەرکەس و لایەک پڕوپاگەندەی بۆ بکات خزمەت بەوان و دوژمن بە گیانی نەتەوەیی کورد و کەسێتی خۆیشی دەبێت و دەکات.
“داگیرکراوی بابەتی” کە بەڕێز ئۆجەلان باسی دەکات، لە ڕێگەی ئەم گروپە “بۆشبیرەوە” جێبەجێ دەکرێت. کە شانازی بە ڕۆشنبیری خۆرئاواییەکەیانەوە دەکەن. تاکی کورد لە ڕێگەی کاری وەرگێڕان، کۆڕ و زمانی خراپی ئەم چینەوە، بۆ چیرۆک، ڕۆمان، ڕۆشنبیری و کتێبە فەلسەفی و زانستیەکانی خۆرئاواییەوە، مێشکی تاک و کۆمەڵگەی کوردی باشوریان تێکداوە و ئاڵۆزاندوە. بێگومان کاریگەری ئەم گروپە ئاراستە کراوە، خراپکاریە لەسەر کەسێتی و ڕۆحی بەرخۆدان و بەردەوامی کوردێنی زۆر و خراپکارانەیە.
پێویستە تاک و کۆمەڵگەی کورد لەباشور بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکرات، بینینی ئازار و کێشەکانی کۆمەڵگەکەی، چیرۆک و ڕۆمانە خۆجێیەکان و یاداشت و بیرەوەریە پڕ ئازارەکانی کۆمەڵکوژی و کوشتارەکانی کۆمەڵگەکەی خۆی. ڕۆمانەکانی لەخەومدای جەمیل سائیب، ھۆنراوەکەنی قانع، بێکەسی کوڕو باوک، پەشێوەکان، کاپیتان حەمەدەکان، کارەساتی کۆمەڵکوژیەکانی دەرسیم، ھەڵەبجە، یەکەم بۆردومانی سلێمانی بە فڕۆکەکانی ئینگڵیز و ناسینی شێخ مەحمود. ڕۆمانەکانی سەگ وەڕ و پەپولەی ئازادی و زۆری تر کەلە ژمارە نایەن. نۆڕین بۆ بێ چارەیی تێکۆشانی سەد ساڵەی کورد و چارەسەری ئەو بێ چارەییە و پێشکەشکردنی ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکراتیک.
بێگومان ئەوەی دەڵێت، لە سلێمانی فەلسەفە بەرھەم نایەت، ھۆکاری ئەو خۆ نەناسین و خۆ نەخوێندنەوەیە. ئەگینا ژیانی پڕ ئازاری نەتەوەی کورد، ھەر ساتی بونیادی بونیاد نانی فەلسەفەیەکە. شیکردنەوەی دونیابینی چارەسەری نەتەوەی دیموکرات پێویستی بە ھوشیاری کەسێتی ژیانکراو لەگەڵ ئازار و کوێرەوەریەکانی نەتەوە، گەل و کۆمەڵگەکەیەتی. ئەوانەی وەک پیاسە بەگەشتێک بە فڕۆکەی تیژڕەو لە خۆشگوزەرانی خۆرئاواوە دێنەوە و قسەی بێ بنەما دەکەن و باسی ڕۆشنبیری خۆرئاوا دەکەن بەشێک نین لەم کۆمەڵگە و ئازارانە.
بەشداری لەگەڵ ئازارەکان، مەرج نیە تێدا و لەگەڵی بژیت. لانی کەم ھەست بکەیت کە گەلەکەت لە چ ژیانێکدا دەژی و ھاوکاری چارەسەری و خوێندنەوە وبە گوێدا چپانی ڕێگەچارە خۆجێیەکان بیت بە گوێیاندا. ئەو ھەستە دەتکاتە مرۆڤێکی ڕۆشنبیری گەلی خۆت و پشت کردوو لە بێگانە و ڕۆشنبیریە ھاوردەکان.
ژینا زاگرۆس

هاوبەشی :